بایکۆتی دەنگدان پێویستی بە وشیاریی خەڵکە، کە لە رۆژی دەنگداندا کەس نەچێتە دەرێ، چونکە ئەوان بۆ ساختەکاری پێویستییان بە قەرەباڵغییە، نەک بە دەنگی ئێوە.


جەنابی سەرۆک! بەدوا فیشەک خۆت بکوژە

Tuesday, 08/07/2014, 12:00


مەسعود بارزانی، کەسێکە بەمیرات لەباوکێوە سەرکردایەتی بۆ ماوەتەوە، خۆی کردۆتە دەم ڕاستی گەلی کورد و پەیامی گەلێک لەسەفەرە نادیارەکانیدا کە کەسمان نازانین چۆن و کەی دەڕوات و کەی دێتەوە لەگەڵ خۆیدا دەگێڕێت!
لەم ڕۆژانەدا لەگەڵ ڕۆژنامەیەکی ئەڵمانی (بیڵد ئەم زونتاگ) گفتوگۆیەکی کردبوو لەوێدا خۆی لە بیردەچێتەوە دەڵێ تا دوا فیشەك بەر گری دەکەین.
هەرچەندە کۆمەڵێک تایبەتمەندی لە کەسی سەرکردەدا هەیە، بەڵام ئێمە باسی دوو خاڵ دەکەین: "ئازایەتی، زیرەکی".
کەسی سەرکردە دەبێ ئازابێت، ئەمڕۆکە سەردەمی سپارتاکۆس نییە، کە ئازایەتی بەوە لێکبدرێتەوە شەڕانی بێت، بەڵام سەرکردەی ئازا بەمانای بڕیاردان و نەگەڕانەوە و بیر نەکردنەوە لە ترس، کە بەرژەوەندی خۆی بکەوێتە مەترسییەوە، یان ئەو بڕیاردانە ئایندەیەکی شکست خواردوو نەهێنێتە بەرهەم.
مەسعود بارزانی چونکە لەخەویشدا ئازایەتی بەخۆیەوە نەدیوە، هەرچی دەڵێ دوای چەند کاژمێرێک کۆمەڵێک لە کۆیلەکانی دەوروبەری دێن و قسە پوچەکانی بۆ راست دەکەنەوە و بەحیکمەتی دەزانن. مەسعود کەسێکە هیچ بلانێکی نییە بۆ ئازادیی کورد و سەربەخۆیی کوردستان، دەیەوێت لەسەر لاشەی ٤٠ ملیۆن کورد خێڵێک ئاسودە بکات و کولانەیەکی خنجیلانە بۆ خۆی دروست بکات و ناوی بنێت ئازادی دەوڵەتی کوردی. سەرکردە دەبێت بەغیرەت بێت بەڵام غیرەت لای مەسعود بارزانی نییە، کە دەڵێم مەسعود غیرەتی نییە، لەخۆمە نایڵێم، چونکە لێرەوە کاتی ئەوە هاتوە ڕۆچینە ناو مێژووی ئەم پیاوە و بزانین چۆن و مێژووەکەی چیمان بۆ دەگێڕێتەوە، وەک چۆن ناکرێت لەدەرەوەی مێژوو داهاتوو دیاری بکەین.
ئەم پیاوە لەهەموو دەرکەوتنێکیدا باسی پێشمەرگایەتیمان بۆ دەکات، بەر لە ماوەیەک ووتی من 50 ساڵە پێشمەرگەم، گەرچی قسەکەی زۆر کۆمێدی بوو لەکاتی خۆیدا وەڵامان درایەوە. بەڵام ئەمڕۆ باسی دوا فیشەکیش دەکات.
پێشمەرگە، یان کەسێکی خەباتگێڕ و چەک هەڵگر، لەدوای ئەوەی دەوری دەگیرێت، هەر خۆی دەمێنێتەوە، بۆ ئەوەی بەدیلی نەکەوێتە دەست دوژمن دوا فیشەک بۆ شەهیدبوونی خۆی دەهێڵێتەوە. لەنمونەکانی شەهید "دارای سەعدی بەگ" و ڕەنگە لەناو پێشمەرگەکانی کۆمەڵەدا دەیان نمونەمان دەست بکەوێت، بەڵام لای بنەماڵەی مەلامستەفا ئەوە مەحاڵە روو بدات.
مێژووی ئەم پەنجا ساڵە، کە مەسعود بارزانی باسی دەکات، مێژوویەکە پڕێتی لە راکردن و دوورکەوتنەوە، ئاشبەتاڵ و هانابردن بۆ دوژمنانی گەلەکەی، لەجێگەیەک نەمان بیستوە مەسعود بارزانی و ئەوانەی لەوانەوە نزیکن شەڕێکیان کردبێت، تەنها وێنەیان گرتووە و بڵاویان کردۆتەوە، تەنانەت مەلامستەفاش لەساڵێ ١٩٧٤ کە سەرکردایەتی هێزێکی جەنگەڵی دەکرد تەنها بەشەو دەردەکەوت و بەڕۆژ دەخەوت. ئەمە تۆمەت نییە بدرێتە پاڵ کەس، ئەوانەی بە فیعلی بەشدار بوون لەشۆڕشدا، وەک دەیجورێک بینینی مەلامستەفا دەگێڕنەوە و ئێستا دەیبیستن کە دێن و دەڵێن من لەجێگەیەک بووم مەلامستەفای لێ بووە یان تێپەڕیوە، یان لەوێ بووە.
ئەم پیاوەی کە پڕوپاگەندە دەکات و دەڵێ تا دوا فیشەک دەتەقێنم لەئاشبەتاڵەکەدا خۆی و باوک و براو خێزانەکەی، ئامادەنەبوون ماڵئاوایی لە خەڵکی ستەم دیدەی کوردستانیش بکەن، کەس نەیزانی چۆن ڕۆیشتن و چیان لەو هەموو پارە و پولەی شۆڕش کرد کە "مەحمود عوسمان " بۆمان باس دەکات !؟. پاشان لە شۆڕشی نوێشدا تا دوا فیشەک تەقێنەکەی ئەم بنەماڵەیە، نەدەنگ نەڕەنگی لەکولەکەی تەڕیشدا نەبووە، لە کەسیشمان نەبیستووە مەسعود بارزانی بۆ تاکە جارێک بەشداری شەڕێکی کردبێت، خۆ ئەگەر لەدووریشەوە لەشەڕێکی ڕوانیبێت، وەک مامۆستا زورار لەبیرەوەرێکانیدا باسی بارزانی باوکیمان بۆ دەکات، یەک ڕۆژی ڕەبەق بەدوربین لەچیایەکی دوورەوە لە شەڕێکی ڕووا نیوە، مەسعودیش لەدورەوە بێ ئەوەی لەو دەشت و دەرەی ڕوانیوە.
مەسعود خەو بەجەنگاوەرێکەوە دەبینێت کە قەت پێیناگات و منداڵەکانیشی لەچاوەڕوانی ئەو داهاتووەدان، کە هەر باوەڕ ناکەین پێیبگەن. لە ڕۆژەکانی ڕاپەڕینیشدا مەسعود بۆ شاری موسلێان دانابوو، بەڵام هیچ ڕووی نەدا و لە دهۆک و ئامێدیش خوێن لە لوتی بەعسییەکەوە نەهات و گوللەکانی هەر نەتەقاند بۆیە دەگێڕنەوە تۆڕە بووە و جامادانە سورەکی داوە بەزەویدا ووتوێتی دەچمە هەر کوێ: خەستەخانە.. سەر شەقامەکان.. ماڵان و شارەکان تەنها پێشمەرگەی یەکێتی دەبینم. لە شەڕی ناوخۆشدا مەسعود بە کۆڵی بەعسییەکان هەولێری گرتەوە و دوا گوللەی نەتەقاند، لەشەڕی پارتی کرێکارانیشدا هەر بەهەمان شێوە دوا گوللەی هێشتەو ەو بەرهەمی ئەو شەڕەش هێنانی سوپای تورکان بوو کە سەربازگایەکیان لە بامەڕنی بۆ ئاوادان کردونەتەوە و بووە بە پایگایەکی پتەوی تورکە داگیر کەرەکان.

بەرناردشۆ دەیووت :" گەر پێم بڵێن سەگێک قسە دەکات باوەڕ ناکەم، بەس پێم بڵێن مرۆڤێک دەوەڕێت باوەڕ دەکەم".
چاوپێکەوتنەکەی مەسعود تەنها لە وەڕیینی مرۆڤێک دەچێت کە بەڕناشۆ باوەڕی وابوو مرۆڤ دەتوانێ بوەڕێت.
ئێستا ئێمە باسی زیرەکی و بلیمەتی ئەم سەرکردەیەش دەکەین. دیارە زیرەکی تەنها لە ڕێگەی ڕۆشنبیریی و خوێندنەوەوە نییە، ئەوەتانێ گاندی خۆی دەڵێ کە خوێنەرێکی باشی کتێب نەبووە و زیاتر زانستەکەی لەڕێگەی تێڕامان و ئەزمونی ژیانەوە بووە. لەو چەند ساڵە دوور و درێژەی کە مەسعود خۆی بە پێشمەرگە دەزانێت و خزمەتی کردووە، هیچ رۆژێکی تێدا نییە، نەک نۆ مانگ، کە تێیدا خۆی بەبیرکردنەوەی قوڵەوە سەرگەرم کردبێت. کەللەی مەسعود تەنها پێویستی بە جامانەی سوور بووە، کە سەری تێدا بشارێتەوە، نەک بۆ زانست و تێگەیشتن و بیرکردنەوە بەکاری هێنابێت، منداڵ نۆمانگ خۆی بەوێڵاشی دایکییەوە دەگرێت و مات دەبێت تا دێتە دنیاوە، منداڵ پێویستی بەبیرکردنەوە نییە لەسکی دایکیدا، بەڵام مرۆڤی سەرکردە هەمیشە دەبێت بیربکاتەوە، لە ڕێگەی کردارەکانییەوە دەبێتە سەرکردە، مەسعود لە باوانەوە لەڕێگەی ترسنۆکی ڕۆشنبیرە قسەزل و هیچ لەبارەکانەوە بۆتە سەرکردە و لەخەوی قوڵی نەتەوەیەکی ستەم دیدەدا پێگەیشتووە و خۆی دەوڵەمەند کردووە، قسەکانی مەسعود کە دەیکات هەمووی قسەی کەسێکن هیچ پاشخانێکی بیر کردنەوە و زانست و شۆڕشگێڕیی جێ تێدا نابینیتەوە، بەڵام میللەتێک دەبێت باجی قسەکانی بدات. خیانەت لای مەسعود بۆتە کەلتور و بازرگانی کردن، بازرگانی لای مەسعود و بنەماڵەکەی و ئەندامانی پارتەکەی لەسەرو هەموو موڕاڵێکەوەیە بۆیە بۆ ئەو میللەتە شکست دوای شکست بەرهەم دەهێنن.
ئەوەی جێگەی نیگەرانییە داو فیشەکی مەسعود، نەرووی لە خۆیەتیی، نەرووی لە دوژمن، بەڵکو رووی لە کوردە، چونکە داعش وەک ڕۆژنامەنوسەکەی ئەڵمان لێی دەپرسێت تەنها ٦٥ کیلۆ مەتر لێوەی دوورە، کەواتە فیشەکەکانی قەت ناتەقێنت و هەرگیز خەونی ئازایەتی مەسعود نایگەیەنێتە دوا ویزگەی خەیاڵەکانی.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە