فرمێسكی روِنوو
Friday, 14/05/2010, 12:00
تۆ گوتت: "من ئاشقی سەوداسەر و دینم دەوێ"
من گوتم: "تاكو با ئاواتت بگەی دینم دەوێ"
ھەلكەوێ تاوێكی چاوێكی لە دیدارت بكەم
تابزانی كوانێ بۆ جوانی دڵ و دینم دەوێ
ئەی پەریزادەی ھەولێری*! ئەتۆ ون بووی لەمن
تۆم ھەبێ لە كۆێ پەریزادەو پەری چینم دەێ
تۆ نەدیوی بۆیە شەو چاوم لە ئاسمانێ بڕی
تۆ بەدی كەم، گرشە گرشی مانگ و پەروینم دەوێ
من بە فرمێسكی رونووی كوێستانی كورد پەروەردە بووم
كوڵمی ئاڵ و چاوی كاڵ و سینگی بفرینم دەوێ
خۆشەویستی من كچە كوردێكە پاك و نازەنین
باخەوانە پیرەم و باخی بە پەرژەنم دەوێ
من تەشی رێسێكی وەك كچی مەسعودم* بۆ چیە
كیژی وریای چاوكراوەی فێرە زانینم دەوێ
بۆ دەبێ زیندین لە زیندانم بكا چونكە گوتم:
"ئەز مەمم، خەستەی خەمم، كوشتەی ئەمم، زینم دەوێ؟"
نایەڵن ئاسوودە دانیشم لە داوێنی چیام
قاسپەقاسپی خاسەكەو بێ! گرمەیی مینم دەوێ؟!
ئارەزوومە ھەرچی ئینسانە بە ئازادی بژی
چۆن گەلی داماو و دیل و مات وخەمگینم دەوێ؟!
نامەوێ خوێن برژێ، یا بۆنی كەڵاكی كۆن بكەم
ڕەنگی مێڵاقە و گوڵاًڵە و بۆنی نەسرینم دەوێ
ھەڵپەڕین و پێكەنین دەبزێوێ ھەستی ناسكم
كوا دڵی پڕ ئێش و ئۆف و جەرگی بە برینم دەوێ؟
درزی ئاژن بوو دڵم لە سوێی شەھیدانی نەمر
بەس نیە؟ مەودام بدەن! تۆزكاڵێ تەسكینم دەوێ
جێی گەرم، پاروی نەرم خۆشە، بەڵاَم بۆ مافی خۆم
سێبەری ئەشكەوتی سارد و نوێنی بەردینم دەوێ
بۆ بازاڕی مەزنیخوازی تاڵ بوو وەك كەكرە كە ووتم
لە سەری رەش* پاسەوانی قەسری شیرینم دەوێ؟
دێوی شەڕ سمكۆڵ دەكا لێم و دەبۆڵێنێ، دەڵێ
بۆ لەسەردانی ھەموو ئێوە، تەوەرزینم دەوێ
بۆ فریشتەی داد بە سینەی پڕ لە كینە و داخەوە
ھاتە كوردستان گوتی: ڕەجمی شەیاتینم دەوێ
كەی ڕەوایە بمدەنە بەر گوللە، یا ڕاوم بنێن؟
گەر گوتم كوردم لە كوردستانی خۆم ژینم دەوێ
كورد مەگەر كوندە كە ھەر وێرانە بێ ھێڵانەكەی؟
نیشتیمانی ئاوەدانی جوانی ڕەنگینم دەوێ
زۆر بە ئاواتم كە كوردستانەكەم بی كیشە بێ
ئاشتی خوازم، كوا وڵاَتی پڕ ڕق و قینم دەوێ؟
تا نەھێڵم شوێنەواری نالەباری ێەددامی*
نەگبەتی زۆردارەكان و خۆشی مسكینم دەوێ
ڵاشەڕم، كوا بەد فەڕم، ئەمما لە سەر مافی ڕەوام
دەست و چەك، ئیمان و ھیوا و ھەستی ئاورینم دەوێ
بۆ نەجاتی ئەم گەلە كۆیلە و ھەژار و بێكەسە
گیانی پاك و بیری تیژ و ڕێگە ناسینم دەوێ
بۆ بەگژ داچوونی زۆرداری و ھەژاری و ناھەقی
كارگەر و جوتێری ئاگا و مستی ئاسنینم دەوێ
سەخت و نا ھەموارە ئەم ڕێگایە كوردی كۆڵنەدەر
بۆ خەباتێكی درێژ خایەن گوڕ و تینم دەوێ
دوای نەجات بۆ ئاودانی و خۆشی خاپورە وڵاَت
كۆمەڵێكی چاك و پاك و ڕاست و وردبینم دەوێ
بۆ خەباتی ھاوبەشی یەكسانی توند و تیژی كورد
ڵاوی كارامەی بە جەرگ و كیژی سەنگینم دەوێ
كیژو كوڕ بگرن لە دەورەی گۆڕی سەردەشت* ڕەشبەڵەك
من كە شیگێری شەھیدانم، لە كوێ شینم دەوێ
* ئەم ووشانەن كە گۆراون لە ھۆنراوەكە
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست