کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


كەمپینى (17) ملیۆنی بۆ پاراستنى شوێنەوار و كەلتورى شارستانى كوردستان

Tuesday, 22/01/2013, 12:00


پێناسین
كەمپینى (17) ملیۆنی بۆ پاراستنى شوێنەوار و كەلتورى
شارستانى كوردستان

بیرۆكەى دروستكردنى ئەم كەمپینە بۆ پاراستنى شوێنەوار و كەلتورى شارستانى كوردستان لە وێرانكردنى)قەبرستانى دۆڵى ئەێحابان (لە سماقوڵى لە باكورى كۆیە پەیدابوە كە فەرمانگەى ڕێگەوبانى هەولێر ئەم قەبرستانەى وێرانكرد چ قەبرى ئەێحابەكان و چ كەڵەكە بەردەكانى قەبرى كوژراوە كوردەكان، ئەم قەبرستانە مێژووێكى گەورەی هەبو چونكە مەیدانى شەڕێكى گەورە بو لەنێوان كورد و لەشكرى ئیسلامدا لە ساڵى (22كۆچى= 642زاینی). هەرچەندە ئەمە یەكەمین شوێنەوار نەبوە هاتبێتە وێرانكردن بەڵكو لە ماوەى ئەم بیست و یەك ساڵەى ڕابردوو شوێنەوارێكى یەكجار زۆر كە لە ژماردن نایەت لە سەرانسەرى كوردستان باشور وێرانكراوە لە كاتى حكومەتى هەرێمى كوردستان چ لەلایەن دز و جەردە و قاچاغچیانى دەرەوە و ناوەوە و چ لەلایەن خەڵكى دێهاتەوە ئەوانەى شوێنەوارەكان وێران دەكەن و شوێنەكەیان دەكەنە زەوى و زار و ڕەز و باخ و چ لەلایەن دائیرەكانى حكومەتى هەرێمەوە. بێ گومان ئەمە هەمووى لەنێوبردنى مێژووى كوردە چونكە هەر شوێنەوارێك مێژووێكە و ئەگەر لەنێو بچێ ئەوا هەندێ لە مێژووى كوردستان لە نێوچو كە جارێكى دیكە زیندو نابێ و قەرەبوناكرێ . ئەوەى ڕویداوە ئەنفال كردنى مێژوو شوێنەوار و شارستانى كوردستان بوە كە میللەت و دەوڵەتانى ئەم جیهانە شوێنەوار و كەلتورى خۆیان دەپارێزن و شانازى پێوە دەكەن بێجگە لەمە داگیركەرانى كوردستانیش بەردەوام شوێنەوار و كەلتورى كوردستانیان لەنێوبردوە و لەنێو دەبەن بۆ نمونە پڕۆژەى (GAP) ى توركیا كە بریتى یە لە دروستكردنى (22) بەنداو لە كوردستان كە شەش ئەوەندەى ڕووبەرى پارێزگاى سلێمانى ژێرئاو دەخات و هەرچى شوێنەوار و شوێنە مێژوویەكانە لەنێوى دەبات و ژینگەكەى تێك دەدات و خەڵكەكەش ئاوارە و سەرگەردان دەكات، یەكێك لەو شوێنەوارانە شارى (حەسەن كەیف)ە كە بریتى یە لە هەزاران ئەشكەوت بێجگە لە قەڵات و شورە و چەندین مزگەوت و كەنیسە و پردەكۆنەى كەلە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا شێوەى نەبوە. بێ گومان ئەمە كارەساتێكى گەورەیە .هەر یەك لە توركیا و سوریا و ئێران بەرپرسە بەرامبەر پاراستنى مێژوو كەلتورى شارستانى ئەو پارچەیەى كوردستان كە لەژێر دەستى دایە . دەبێ كورد بەرگریەكى زۆر لە مێژوو شارستانیەكەى بكات و ناڕەزایەتى بگەیەنێتە رێكخراوەكانى ڕۆشنبیرى و مرۆڤایەتى لە جیهان و بەتایبەتى (یونسكۆ) چونكە كەلتورى كوردستان بەشێكە لە كەلتورى جیهانی لەبەر ئەم هۆیانەى سەرەوە ئەم كەمپینە دروست بوە و تا ئێستا حەڤدە (17) ملیۆن كەس بەشدارى تێدا كردوە كە لەمێژووى كورد دا ئەمە گەورەترین هەڵمەتە بەتایبەتى لە بارەى مێژوو كەلتوری شارستانی كوردستان كە بابە تێكی گەورە و ستراتیجی یە لە ئاسایشى نەتەوەیى كوردستانە . ئەم بەشداری كردنە زۆرە و بێ وێنەیە لەبەر ئەوەیە هۆیەكانى ئەم هەڵمەتە (كەمپینە) لەلاى ئەم خەڵكە زۆرە ئاشكرایە و بڕوایان بەوە هەیە كە ئەم كەمپینە بێ لایەنەو لەژێر سێبەرى هیچ حزبێك و لایەنێكى سیاسی نیە وە هەموویان دەزانن شوێنەوار و كەلتور و مێژوو چ لە دیاربەكربێ یان لە سەرەكانێ (خانی گالپا)ى پایتەختی دەوڵەتى میتانی) یان لە دهۆك و هەولێر و سلێمانی و سنە بێ هى هەموو دانشتوانی كوردستانە لە كورد وغەیری كورد، ئیسلام بێ یان مەسیحی و هى ئەندامانى هەموو پارت و دەستەو ڕێكخراوى ڕۆشنبیر و مەدەنی یە ئێمە لەو باوەڕەین ئەگەر ڕاپرسیەك بكرێت لەنێو گەلى كورد یان لەنێو هەموو پارتە كوردستانیەكان و لەوانە خودى یەكێتى نیشتمانى و پارتى دیموكراتى كوردستان پتر لە (90%) دژى وێرانكردنى شوێنەوار و كەلتورى شارستانى كوردستانە دەتوانین بڵێن تەنیا سەركردایەتى هەردوو حزبى دەسەڵاتدار (نەك ئەندامانیان) و هەروەها حكومەتى هەرێم ئەم بابەتەى پشت گوێ خستوە و بەرپرسن بەرامبەر مێژوو.
ڕێز و سوپاسمان هەیە بۆ هەموو ئەو كەس و دەزگا و ڕێكخراوانەى كە ناویان لە نێو یاداشتى ئەم كەمپینە دا نوسراوە كە لەماوەیەكی زۆر كەمدا كۆبونەتەوە لە دەورى ئەم پڕۆژە پیرۆزە وەك سەرجەم زانكۆكانى كوردستانى باشور و زۆربەى فەرمانگەكانى شوێنەواران و ئەوقاف و یەكێتى زانایانى ئیسلام و كەنیسە مەسیحیەكانى كلدانى و كەنیسەى ڕۆژهەڵاتى ئاشورى لە عێراق و یەكێتى مامۆستایان و سەندیكاكانى ڕۆژنامەنوسان و هونەرمەندان و نوسەران و كرێكاران و جوتیاران و سەندیكاى پزیشكان و جیۆلۆجیەكان و بنگەهى لالشى ئێزیدیان و ڕێكخراوەكانى ڕۆشنبیرى پیرخدرى شاهۆ و شێخانى مەردۆخ و ئێلى بەگى جاف و یەكێتى پەرلەمانتارانى كوردستان و سەنتەرى ڕۆشنبیرى بابان و ناوەندی ئاڤێستا و ڕێكخراوەكانى ئافرەتان وهەروەها یەكێتی قوتابیان و خوێندكاران لە سلێمانى و پەیمانگاى تەكنیكى و هونەرەجوانەكان و كۆمپوتەر و وەرزشی لە سلێمانى و كۆمەڵەى كوردستانێكى سەوز و فەرمانگەى ژینگە و ڕێكخراوەكانى ڕۆشنبیرى و مەدەنى لە زاخۆ و دهۆك و ئاكرێ و شنگال و دینارتە و سەنگەسەر و شارەزور و كەلار و خانەقین و كفرى و كۆمەڵەى زیندانی یە سیاسی یەكان و پێشمەرگە دێرینەكان و هەندێ ڕێكخراوى ڕەواندز و سۆران و مەكتەبى كۆمەڵایەتى لە سلێمانى و قادركەرەم و سەنتەرى لێكۆڵینەوەى ستراتیجى لە سلێمانى و چەندانى دیكەش كە ناوى هەموویان لەم پێناسینە جێگەى نابێت هەروەها و پارتە گچكەكان و كەناڵە ئاسمانیەكانیان و هەندێ لە گۆڤار و ڕۆژنامەكان و هەروەها رێكخراوە ڕۆشنبیرى و مەدەنیەكانى كوردستانى ڕۆژهەڵات و كۆنگرا جڤاتا دیموكراتى (KCD) لەگەڵ (850) ڕێكخراوەكەى لە كوردستانى باكور و ڕێكخراوى وەقفى اسماعیل بێشكچى لە ئەستەمبوڵ و كۆنگرەى نەتەوەى كوردستان و هەندێ لە كوردانى دەرەوەى ووڵات و كۆمەڵێَك لە كەسایەتی روشنبیری و سیاسی وەك خەمخۆری گەلی كورد مامۆستا ئیسماعیل بێشكچی لە توركیا.
لە كوردستانا رۆژ ئاڤا مەجلسا گەل وپارتا یەكیتیا دیموكراتی بەشدارن .
ئامانجى ئەم كەمپینە بەرگری كردنە لە مێژوو شوێنەوار و كەلتوری شارستانى كوردستان و پاراستنیەتی لە هەر چوار پارچەى كوردستان بەبێ جیاوازى واتا ئەم كەمپینە لە سەر ئاستی كوردستانا مەزنە ئەمە یەكەم جارە ژمارەیەكى زۆر لە گەلی كورد كۆدەبێ لە دەوری ئەم پڕوژە ستراتیجی یە پیرۆزە كە كارێكى مێژووی گەورەیە.
ئێمە كە نوسیومانە (17) ملیۆن كەس بەشدارن واتا ئەم كەمپینە نوێنەرایەتی (17) ملیۆن كەس دەكات ژمارەی هەر لایەنەك لەگەڵ ناویان لە یاداشتەكەدا نوسراوە تەنیا هەندێكیان ژمارەی خویان نەنوسیوە چەندە. لەو(17) ملیۆنە (2) ملیۆن و (594,743) هەزار خەڵكی كوردستانی باشورە بێجگە لە چەندین لایەن كە ژمارەی خویان بۆ ئێمە نەنوسیوە واتا پتر لە نیوەی دانشتوانی كوردستانی باشور بەشدارن.

كەمپین ناوەكان هەمویان لەگەڵ یاداشتەكەی دەنێرێت بۆ بەڕیزان سەرۆكى هەرێم و سەرۆكى پەرلەمان و سەرۆكى حكومەت و داواكارى گشتى لە وەزارەتى داد و چەند وەزارەتێكى پەیوەندى دار تا شوێنەوار و كەلتورى هەرێمى كوردستان بپاریزن .
یاداشتەكە خۆی بەبێ ناوەكان (62) لاپەڕەیە و باسی كومەڵێك لەو شوێنەوارانەی وێران كراون تیدایە بەوێنەوە.
(1000) دانە لە یاداشتەكە لەگەڵ ناوی بەشداربوان چاپ دەكرێت و دانەی دەدەرێتە لایەنە بەشداربوەكان و كتێبخانەكانی گشتی تا بو مێژوو بمێنێ.
لە بەر ئەوەی ئەم كەمپینە لە سەر ئاستی كوردستانی گەورەیە دانەشی دەدرێتە یونسكۆ .
كەمپین بەردەوام دەبێت تا داواكاریەكانی جێ بەجێ دەكرێت.

دەستەی باڵای كەمپین
14 / 1/ 2013
پەیوەندى كردن بەم ئیمەیلەوە دەبێت: kampenyshwenawar

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە