ئەمنستی کار لەسەر دۆسیەی ئەم سێ کەسایەتییە دەکات: (برایمی کاکە ئەحە و سەید ئەکرەم و کارزان کەریم)
Saturday, 28/01/2012, 12:00
لەچەند مانگی ڕابردوو بەناوی خۆم و گروپی ١٧ شوبات، لە سەر ئەو هەواڵانەی، کە لە ڕۆژنامەکان بڵاوکرایەوە، ئەمنستی بەدواچوون بۆ دۆسیەی برایمی کاکە ئەحە و سەید ئەکرەم دەکات، بۆ ئەو مەبەستەش سەردانی کوردستان دەکەن.
بۆ ئەوەی لە بڵاوکردنەوەی هەواڵەکان و هۆکاری دەرنەچوونی بەیانامەکان بزانرێت، بەندەش وەک کەسێکی ناراستگۆ لە قەڵەم نەدرێت. دۆسیەی ئەو سێ گیراوە سیاسەش دەبێتەوە ناو باس و هەواڵەکان بەتایبەتی وا دۆسیەی برایمی کاکە ئەحە چەند ڕۆژێکی ماوە دەدرێتە دادگا. وەک هاریکارێکی ئەمنستی ئەو زانیاریانە بڵاو دەکەمەوە کە دێر بەدێری لێی بەرپرسم.
١/ دۆسیەی برایمی کاکە ئەحە:رام گەیاند، کە ئەمنستی بەدواچوونی بۆ دەکات. بۆیە بەماوەیەکی کەم ئەمنستی دەستی بەدواچوون کرد و پەیوەندیی بە یەکێک لە پارێزەرەکانی کرد، بەدوور و درێژی پرسیاری لەسەر هۆکار و بارودۆخی زیندانی لێکردوە، خودی پارێزەرەکەی شاهیدە بۆ ئەو مەسەلەیە. ئەمە جگە لەوەی بەخۆم لەگەڵ بنەماڵەی برایەکی کاکە برایمی کاکە ئەحە بە دووردرێژی قسە و باسمان کرد، کۆی ئەو زانیاریانەم گەیاندە دەست ئەمنستی، تا پێشینە و زانیارییەکیان لەسەر ئەو کەیسە هەبێت، چونکە لە بنەماڵەکەی کەسیان نەبوو عەرەبی یان ئینگلیزی بزانێت تا ئەمنستی پەیوەندیان پێوە بکات.
٢/ دۆسیەی سەید ئەکرەم:ئەمنستی ٢ جار لە ماوەی ئەم سێ مانگەدا لەگەڵ بنەماڵە و خێزانەکەی قسە و باسی لەگەڵدا کردون. نامەی بۆ وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ناردووە، وەک پیشە و خووی بەردەوامیی ئەم دەسەڵاتە کۆڵەوارە، هیچ وەڵامیان نەداوەتەوە. لەسەرەتای ئەم مانگەش بە دوور و درێژی قسە و باسیان لەگەل پاریزەرەکەی کردووە.
ئەوەی بووە هۆکاری ئەوەی کە بەیانامەیە لەسەر (برایمی کاکە ئەحە و سەید ئەکرەم) دەرنەچێت. بەداخەوە دەسەڵات فێرە چەواشەیەکی نوێی یاسایی بووە، بەناوی یاساوە تۆمەتیان بۆ دروست دەکات، رێگا بە پاریزەر و دیداری خێزانییشیان دات.
کۆی ئەمانەش دەبێتە هۆکاری ئەوەی ئەمنستی نەتوانی بەیاننامە بڵاو بکاتەوە، چونکە بەپێی یاسا و مافی زیندانی مامەلەیان لەگەڵدا دەکات.
٣/ کارزان کەریم:بەداخەوە تا توانیم، ژمارە تەلەفۆنی باوکی کارزان وەربگرم، کاتێکی یەکجار زۆری ویست، کەمترین خەڵک ئەمانی دەناسی، ئەمە جگە لەوەی شوێن بزر کرابوو، ئەویش، لە سەر کوردستانپۆست تاوانبارکرابوو، کەم کەس دەیتوانی بە ئاشکرا لە کوردستان بەدواچونی لەسەر بکات، نەوەک لە رووداوەکە تێوەبگلێت! هەڵبەتە تا لەگەڵ بنەماڵەکەی و پارێزەرەکەشی قسە نەکرێت، ئەمنستی ناتوانێ لەسەر قسەی هیچ ئەندامێکی خۆشی بەیاننامە دەربکات، چونکە بچوکترین هەڵە لەسەر خودی ڕێکخراوێکی وا جیهانی گران دەوەستێت. بەکورتی دوای تێپەرینی یەک مانگ ئەوکات ژمارە تەلەفۆنی باوکیمان دەست کەوت و بەندە سەرەتا و دواتر بەرپرسی دۆسیەی عێراق بە دوور و درێژی قسە و باسییان لەگەڵدا کرد، بەتایبەتی کە عەرەبییەکی باشی دەزانی لە سەرەتای ئەمسالیشەوە بنەماڵەکەی توانیویانە جارێک کارزان ببینن.
بەپێی دوایین تەلەفۆن لەگەل سەنتەری ئەمنستی بەشی عێراق، ئەوان دەبێت نامەیان بۆ وەزارەتی ناو خۆی حکومەتی هەرێم ناردبێت، کە داوای هۆکاری زیندانی و نەبوونی دیدار و پاڕیزەر لەسەر دۆسیەی کارزان کەریم دەکەن.
هاوکات ئەوەی ئەمنستی بەشی عێراق لە ڕۆژی ٢٤ / ٠١ / ٢٠١٢ بەمنیان راگەیاند، بەهۆی ئەوەی وەڵامی دۆسیەی سەید ئەکرەم لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە نەدراوەتەوە، ئەگەر لە ماوەیەکی نزیکدا وەڵامی ئەم نامەیەش نەدەنەوە ئەوا بەیانامە لەسەر دۆسیە ی کارزان کەریم و سەید ئەکرەم دەردەکەن.هاوکات بەوردیش چاودیری دۆسیەی برایمی کاکە ئەحە لە ٢٠١٢./٠٢/٠١ دەکەن.
هۆکاری نەگەرانەوەش ئەمنستی بۆ کوردستان، کە بریار بوو لە مانگی١٢ بێت، سەرهەڵدانەوەی نارەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی خەڵکی بەحرێن بوو، کە لەهەمان مانگدا سەردانی ئەم ووڵاتەیان کرد، چونکە بەرپرسی دۆسیەی عێراق هاوکات بەرپرسی دۆسیەی بەحرێنیشە.
لە کۆتایشدا دەڵێم بەداخەوە خەڵکی کوردستان بەگشتی و لایەنە ئۆپزسیۆن و ڕیکخراوە و کۆمەڵگا مەدەنیەکان، یەکجار لاواز و سستن لەو جۆرە خەباتە لەگەڵ ناوەندە سیاسیی و مرۆڤدۆستەکان کە ئەمڕۆ کاریگەری گەورەیان هەیە لەسەر بڕیاردانی سیاسیی. کە بەس لەمینبەرەکانی راگەیاندنەوە باس لە گرنگی ئەو مەسەلەیە دەکەن، بەڵام لە بواری پڕاکتیزەکردن و کاتکوشتن بۆی و بەدواچون بۆی یەکجار لاوازن. زۆرم پێ سەیرە، دەلێن جارێک ئیمەێل یان تەلەفۆنێکمان بۆ کردون ئیتر کۆتایی پێ دەهێنن و بەدواداچوونی لەسەر ناکەن.
من پێنج ساڵە لەنزیکەوە لەگەڵ سەنتەری ئەم ڕێکخراوە لە بەشی عێراق هاریکاریانم، بەردەوام پێشێلکاریە مەترسییەکانی دەسەڵاتی کوردیان پێ دەگەیەنم کە لەدەیان نمونەی وەک (سەید ئەکرەم و برایمی کاکە ئەحە و کارزان) لەوەتەی گیراو و شوێن بزرکراون، هەفتانە قسە و باسیان لەگەڵدا دەکەم هیشتاش کۆڵم نەداوە. بۆیە هیوادرم خەڵکی کوردستان و خاوەن کێشە و رێکخراوە مەدەنییەکان بەناردنی ئیمێل و تەلەفۆنکردنێک بەرامبەر کۆی ئەم ڕێکخراوانە نەوەستێ و وابزانێ نوێژەکەی خۆی تەواو کردووە. بەڵکوو ئەم جۆرە کارانە پێویستی بەوەیە بەردەوام چاودێریی بکەیت بەدواداجوونی لەسەر بکەیت و فشاریان بخەینە سەر، ئەویش تا چەند خەڵک زیاتر ئاگادار و زانیاریان بە دروستی پێبدات، ئەوەندە زیاتر دەتوانین لە قازانجی داکۆکی لە خەباتی دیموکراسی و پێشگرتن لەپێشیلی مافی مرۆڤ دابنێن
ئۆباڵی هەموو ئەو ناشیرین بوونانەش لەو ناوەندە سیاسییانە، دەکەوێتە سەر دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی کەلەپێناوی بەرژەندییەکانی خۆیاندا تا ئەو رۆژەی دەبن بە تەڵەکەوە، سڵ لە هیچ ناکەنەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست