كێ دادوەروپارێزەران دادگایی بكات؟
Wednesday, 11/02/2009, 12:00
ئەگەر كەسانی یاسایی لە یاسا دەرچوو وحزبیبوونی خۆیان سەلماندبێت ئەبێ ئیتر ئومیدمان بەكێ بێ ؟
لەماوەی هەژدە ساڵی ڕابردودا هەموومان شاهیدی ئەوەین كە بەرپرسانی هەردوو حزبی دەسەڵات دار لە كوردستاندا بوونەتە هۆكاری كوشتنی دەیان گەنج لە شەڕەكانی ناوخۆداو بەبەرچاوی هەمووشمانەوە داهاتی ئەم وەڵاتەیان كردە موڵكی حزب ، هەر بەرپرسانی ئەم دوو حزبە پاوان خوازەی دەسەڵات بوون حكومەت و سیستم یاسایان كردە قوربانی حزب ،بەهەموو ئەمانە وتمان تاوانیان بەرامبەر یاسا كرد كە هەموو ئەو كردوانەیان نواند و وتمان بەڵێ ئەوان بە ئاشكرا و بەپێی یاسا تاوانبارن ئەدی نازانم ئەی ئەگەر پارێزەرو دادوەرو كەسانی یاسایی حزبی بوون و پێشكەیان كردبێتە قوربانی حزب و سوێندی یاسایان شكاندبێ، ئاكام ئەم بەم كردوانەشێان تاوانباردەبن و سزای یاسایی دەیان گرێتەوە ،ئاخۆ ئەبێ كێ بێت ئەمان دادگای بكات .
چەندین جار لەبۆنە حزبییەكاندا لە سەر دیوارەكانی شاردا لافیتەی زەردوو سەوز وڕەنگاو ڕەنگ بینراون كە ئاراستەى حزبەكانیان كردووەو لەپەراوێزی خوارەوەیدا نوسراوە دادگاى فڵان یان سەندیكاى پارێزەران فیسارە شوێن، ئاخر ئەمە ماڵوێرانی نییە كە یاسایی ناسەكانمان حزبی بن و ئیعازی حزب وەرگرن، كەى و چۆن دەبێ ئەو جۆرە كەسانە ئەخلاقی پیشەیی خۆیان لەدەست بدەن ئیتر چۆن جنتاو كتێبی یاسایی دەگرنە باوەشیان، چۆن روویان دێ بڵێن ئێمە پارێزەر یان دادوەر یان یاسایی ناسین؟!.
لەبیركردنەوەى بەردەوام لەم كردەوە نامرۆییانی ئەو كەسە یاساییانەدا تووشی نەخۆشی دەروونی هاتووین و بەردەوام تێدەفكرین كە ئەگەر ئەوانى یاسایی حزبی بن ،ئەبێ ئیتر كێ حزبی و كەندەڵیستەكانی حزب دادگایی بكات، كێ لەیاسا دەرچووان پەلكێشی دادگا بكات، ئاخر چۆن روویاندێ پیاوانی حزب تاوانبار بكەن بە تێكەڵكەرى حكومەت و حزب، لەكاتێكدا یاسایی ناسەكان خۆیان حزبی بن و لەكوڕانی حزبەوە فەرمان وەربگرن!!!.
بۆیە دەخوازین ئیوەی یاسایی زەڕەیەك بیر لەئەخلاقی پیشەیی خۆتان بكەنەوەو چیتر بۆ پارەو ئەوەى كوردەوارى پێی دەڵێ چڵكی دەست، نەكەنە قوربانیی حزب، چونگە ژیان ناوەستێت و ئەگەر ئێوەى یاسایی لەو كردەوانەتان بەردەوام بن و هەڵوێستتان نەبێ، ئەوا مێژووباكی بەهیچ كەسێك نییەو ڕەش و سپی و تاریكی و ڕووناكی و چاك و خراپ تۆمار دەكات ،كەواتە ئەبێ لەو چەند دێرەی سەروە بگەن كە كاتی ئەوە هاتووە كە سیمبوڵی خۆتان نەڕزێنن و دەست لە حزبیبوونتان هەڵگرن ، چونكە باش بزانن لە مێژوودا هەمیشە دەسڵاتدارانی تاكڕو دیكتاتۆرو ئیمپراتۆرو حیزبەكان لە بەرامبەر یاسادا دۆڕاوە بوون و هەریاسای ناسەكان براوە بوون ، ئیتر نازانم ئیوە بەو شیوەیە بیر دەكەنەوە ؟ یان كەی ئاوا بیر دەكەنەوە ؟.
سەیرە لەسایەی ئیوەی دادورو پارێزەران و یاسایی داڕێژەراندا هەزاران ئەندامی حزب یاسا پێشێل دەكات بەڕووناكی نیوە ڕۆ بەناوی حزبەوە پارەو مەڵكی گشتی دەبەخشێنن كەچی ئیوەش هەر بێدەنگ وچاوپۆشیان لێ دەكەن ، بەڵام بۆ ڕۆژنامەوانێك لەسەر دوو ڕستەی حەقیقەت بەدیان ڕۆژ زیندانی دەكەن و دەیان بەندی یاسای لەسەر زیندو دەكەنەوە ، ئەری بەڕاست ئیوە یاسا ناسن ؟.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست