داڵەكە دواى چەند مانگ و لەسەر شانى كێ دەنیشێتەوە؟
Thursday, 25/03/2010, 12:00
(شەڕى كاندیدەكان بۆ پۆستەكان و ئەگەرى سەرەتایەكى دیموكراسى و گەڕانەوە بۆ شەڕى تائیفى)
راپۆرتى/سەرۆ زەردەشت
هەڵبژاردن، خاڵى سەرەتاى عێراق و كۆتایی ئەمریكا
رۆژێك دواى هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەى عێراق، رۆژنامەى لۆس ئەنجلۆس تایمزى ئەمریكى نووسى " ئەگەر مێژووى جەنگى ئەمریكامان لە عێراق نووسییەوە، ئەوا هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەى 7ى ئازار دوابەشى ئەو چیڕۆكە دەبێت". لێرەوە سەرەتاى دواهەمین ماڵاوایی سەربازانى ئەمریكا لە عێراق دەبێت لەدواى حەوت ساڵ و بەگوێرەى رۆژنامەى چینا دەیلى چاپى ئینگلیزى دواى لەدەستدانى 4373 هەزار سەرباز و خەرجكردنى نزیكەى 700 بلیۆن دۆلار لەم جەنگە بەیەكجارى خاكى ئەو وڵاتە بەجێدەهێڵن، بەپێى رێكەوتنە ستراتیژییە سەربازییەكەى نێوان ئەمریكا و عێراق كە بەرێكەوتنامەى سۆفاSOFA ناسراوە، لەمانگى ئابى داهاتوو ژمارەى سەربازەكانى بۆ 50 هەزار سەرباز كەمدەكاتەوە و لەكۆتایی ساڵى 2011 بەتەواوى هێزەكانى لە عێراق دەكشێنێنەوە، لەگەڵ ئەوەى سەرۆك ئۆباما پیرۆزبایی خۆى لە خەڵكى عێراق و قەوارە سیاسییەكان كرد بەبۆنەى ئەنجامدانى دووەمیت هەڵبژاردنى پەرلەمانى، بەڵام لە ئێستادا دیبەیتێكى زۆر لەناوەندە سیاسى و میدیا ئەمریكى و جیهانییەكان لەئلرادایە كە ئایە هەڵبژاردن بە تەنیا لە عێراق شایستەى ئەوەیە كە ئەمریكا دڵى پێَیخۆشبێت؟ لەمبارەوە رۆژنامەى ۆڵ ستریت جۆرناڵى ئەمریكى دەنووسێت " هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەى عێراق ئاماژەیەكى دڵخۆشكەرە بۆ دیموكراسییەت لە خۆرهەڵاتى ناوەراست"، بەڵام ئەمە تاكە پەیامى میدیاى جیهانى نییە لەبارەى ئەم هەڵبژاردنە پەرلەمانییە، بەڵكوو رۆژنامەى فۆرێن پۆلیسى دەڵێت " پەنجە مۆرەكان بە مەرەكەبى هەڵبژاردن بە تەنیا ئاماژە نین بۆ دیموكراسى"، لێرەشەوە گومان لەسەر هەڵبژاردنەكە قوڵتردەبێتەوە بەوەى كە بتوانێت دەسەڵاتێكى دیموكراسى بەرهەم بێنێت، تەنانەت لەزۆركاتدا بایەخى ئەم هەڵبژاردنە دەچێتە ئاستێكەوە كە بەلاى هەندێك لەچاودێرە جیهانییەكان مایەى پێكەنین و گاڵتەجاڕى بێت، هەروەكوو خاتوو دالیا لیۆیدى رۆژنامەنووسى ناسراوى بەریتانى لە رۆژنامەى لە گۆشەیەكیدا لەرۆژنامەى ئیندیپێندێنتى بەریتانى دەنووسێت " ئایە ئێمە چەندەها سەربازمان ناردە عێراق و چەندەها رۆڵەمان گیانیان بەخشى تەنیا بۆئەوەى كە خەڵكانێك دەیانەوێت دەنگ بدەن؟ بەڕاستى ئەمە مایەى پێكەنینە نەك گریان"، بەڵام گۆردن بڕاونى سەرۆك وەزیرانى بەریتانیا سەرەڕاى ئەوەى بەشدارى وڵاتەكەى لەپاڵ ئەمریكا لە شەڕى عێراق بەبڕیارێكى دروست و راست لەقەڵمدا، بەڵام رەخنەى تووندى ئاراستەى ئەمریكا كرد بەوەى كە پلانى دروستیان بۆ دواى جەنگ و بنیاتنانەوەى دواى جەنگى عێراق نەبووە، ئەم لێدوانەى گۆردن بڕاون لەكاتێكدا هات كە پەرلەمانى بەریتانى ماوەیەك لەمەوپێش تۆنى بلێرى سەرۆك وەزیرانى پێشووترى بانگهێشتى پەرلەمان كرد بۆ لێپرسینەوە لە بڕیارى بەشداریپێكردنى سوپاى بەریتانیا لەجەنگى عێراق.
بەهەر هەموو حیوارە جیاوازەكانەوە پرسیارێك دێتە پێشەوە كە ئەگەر هەڵبژاردن كۆتاى جەنگى ئەمریكا بێت ئەى دەستپێكى عێراق دواى رۆیشتنى سوپاى ئەمریكا چۆن دەبێت؟ ئایا بەشداریكردنى 6000 كاندید و 80 پارتى جیاواز لەهەڵبژاردنەكان بەتەنیا ئاماژەیەكن بۆ دیموكراسى؟ ئایە ئەمریكا تەنیا بۆ ئەنجامدانى دوو هەڵبژاردنى پەرلەمانى و هەڵبژاردنێكى ئەنجومەنى پارێزگاكان بلیۆنان دۆلارى خەرجكرد ؟ یان بەگوتەى دالیا بلۆید بەریتانیا تەنیا بۆ ئەوەى كۆمەڵێك خەڵك دەنگ بدەن دەیان سەربازى بەكوشتدا؟ ئەى دواى هەڵبژاردن چى؟
دواى هەڵبژاردن چى؟
ئەم پرسیارە ناونیشانى راپۆرتێكى پەیامنێرى رۆیتتەرز (میكایل كریستى)یە بۆ ئاژانسى ناوبراو، بەگوێرەى دواهەمین بڵاوبوونەوەى ئەنجامەكانى هەڵبژاردن هەریەك لەلیستى دەوڵەتى یاسا بەسەرۆكایەتى نوورى مالیكى سەرۆك وەزیران و ئیئتیلافى ئەلعێراقییە بەسەرۆكایەتى ئەیاد عەلاوى سەرۆك وەزیرانى پێشووترى عێراق لە كێبڕكێیەكى بەهێزدان و چاوەڕوانى ئەنجامە كۆتاییەكان دەكەن تاوەكوو لەڕێگەى تەوافەقى سیاسییەوە لایەنێكیان حكومەت پێكبێنن، بەڵام عێراق لە ساڵى 2005 ئەزمونیكى شیرینى بەدواى یەكەمین هەڵبژاردنى پەرلەمانییەوە نەچەشت بەوەى كە نزیكەى 5 مانگ پێكهێنانى حكومەت دواكەوت بەهۆى ناكۆكى لایەنەكان لەسەر كاندیدەكانى پۆستى سەرۆكایەتى حكومەت، هەر لەوكاتەشدابوو كە لایەنى كوردى ئیبراهیم جەعفەرى كاندیدى شیعەكانى رەتكردەوە بۆ ئەم پۆستە و ئەمەش وایكرد لەناوخودى ئیئتیلافى گەورەى شیعى ناكۆكییەكى زۆر دروستبێت بۆ دەستنیشانكردنى كاندیدێك بۆ پۆستى سەرۆكى ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق، تاوەكوو لەكۆتاییدا نوورى مالیكى لە حیزبى دەعوەى ئیسلامى كاندیدكرا بۆ ئەم پۆستە.
بەڵام دووبارەبوونەوەى ئەم ئەزمونە لە ئێستادا بەلاى چاوى جیهانەوە مەترسییەكى گەورەیە، هەروەكوو ئاژانسى رۆیتەرزى نێودەوڵەتى ئاماژەى بۆدەكات " دواكەوتنى تەشكیلكردنى حكومەت لەلایەن قەوارە سیاسییەكان وەك ئەوەى لەدواى هەڵبژاردنەكەى 2005 روویدا ریكێكى گەورەیە و لەوانەیە لەغیابى نەبوونى حكومەت گروپە چەكدار و تیرۆرستەكان ئەم دەرفەتە بقۆزنەوە بۆ زیندووكردنەوەى بارگرژى و پێكدادانى تائیفى".
ماوەى پێكهێنانى حكومەتیش لەسەر گرەوى پێكهێنان یان ئەنجامدانى هەر تەوافوقێكى سیاسى وەستاوە كە ئایە كامە لایەن لە هاوپەیمانى دەوڵەتى یاسا و ئیئتیلافى ئەلعێرقییە دەتوانن هاوپەیمانى لەگەڵ هەریەك لە لیستى سێیەم و چوارەم كە هەریەكە لە ئیئتیلافى نیشتیمانى شیعى بەسەرۆكایەتى ئیبراهیم جەعفەرى و هاوپەیمانى كوردستان ببەستن، بۆیە سەرەڕى ئەوەى كە لەم هەڵبژاردنە كورد سەنگى خۆى لە ریزبەندى هێزەكان لەدەستدەدات، بەڵام رۆڵى لەدیاریكردنى سیاسەتى عێراق جێگەى قسەلەسەركردنە، هەروەكوو مارتن چۆلۆڤ لە رۆژنامەى گاردیانى بەریتانى لە راپۆرتێكیدا دەنووسێت " لەگەڵ ئەوەى كە مالیكى و عەلاوى زۆرینەى دەنگەكانى هەڵبژاردن دەبەنەوە، بەڵام لەم نێوەندەدا كورد هێزێكى گرنگەو لەوانەیە بڕیارى كۆتایی لەلاى كوردەكان بێت كە كامیان لە عەلاوى یان مالیكى ببنەوە بە سەرۆك وەزیران".
دیموكراسى دواى هەڵبژاردن
لەساڵى 2003 وە عێراق نزیكەى نیوملیۆن كەسى لەدەسستداوەو جیاوازى و دابەشبوون و تووندوتیژى تائیفى زۆر قووڵبۆتەوە و گەندەڵى تاسەر مۆخ و شادەمارى سیستەمى سیاسى رۆچووە و لەمڕووەوە عێراق دەخرێتەبەراورد لەگەڵ وڵاتێكى وەك سۆماڵ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خەڵكى عێراق داواى ئاڵ وگۆڕى دەسەڵات لەڕێگەى هەڵبژاردنەوە دەكەن، بەڵام هەڵبژاردن دەتوانێت ئەو هەتوانە بەهێزە بێت كە چارەسەرى ئەم هەموو ئیلتیهابەى جەستەى عێراق بكات؟ یان جارێكیدیكە عێراق دەكەوێتەوە ناو شەڕە تائیفییەكانەوە و ئەم دیموكراسییەى ئەمریكا لەڕێگەى لولەى تفەنگەكانەوە هێنایە عێراق لە زۆنگاو و بیابانەكانى باشوور بیردەچێتەوە؟ بەڵام ئەوەى بۆ ئۆ ئێمە گرنگە ئەوەیە كە ئێمە دەكرێت تاچەند گەشبین بین بە داهاتوویەك بۆ ژیانى نەتەوە جیاوازەكان، پیتەر گالبرێسى دیبلۆماتكارى ئئەمریكا كە هاوكاریسیەكى زۆرى كوردەكانى كرد لەبەرهەمهێنانى نەوت لە هەرێمى كوردستان لە كتێبەكەیدا بەناوى (كۆتایی عێراق) دەڵێت " تووندوتیژى كۆتایی ئەو وڵاتەیە كە هەرگیز بە خواستى خۆیان یەكیان نەگرتووە"، پیتەر گالبرێس لێرە بە دوو ماناوە دەیەوێت عێراق پێناسە بكات، مانایەك كە تووندوتیژى هۆكارى كۆتاییهاتنى ئەو وڵاتەیە، مانایەكى دیكە وڵاتێك كە نەتەوەكانى ناتوانن بە خوایشتى خۆیان بەیەكەوە بژین، پەیامێك لەو دیوى دێڕەكەى گالبرێسەوە بۆ ئەمریكا ئەوەیە كە عێراقییەكان دەبێت ناچارى بەیەكەوە ژیان بكرێن، بەپێى ئەم پەیامەى گالبرێس بێت دەبێت چاوەڕوانى چ جۆرە دیموكراسییەتێك لە عێراق بكەین كە ناتوانن بەیەكەوە بژین، لەزۆر كاتدا پێشبینییەكان بەلاى تووندو تیژىو بارگرژییەوە زۆر نزیكترە لەوەى چاوەڕوانى دیموكراسى بین، وەك ئەوەى رۆژنامەى ئەتلەنتیكى ئەمریكى وایبۆدەچێت كە بەیەكدادانى تائیفى زۆر نزیكە، چونكە هەروەك ئەو رۆژنامەیە دەیخاتە روو و دەڵێت" ئامانجەكان زۆر جیاوازن و زۆر جار دژ بەیەكیشن، بۆنمونە ئەگەر تۆ بتەوێت كێشەى كەركووك لەنێوان كورد و عەرەب و توركمان چارەسەر بكەیت بە كام ئاراستە چارەسەرى دەكەى كە هەموو ئەجێنداكان جیاوازن و دژبەیەكن؟"،
بەڵام لەزۆر كاتدا ئەمریكییەكان وای بۆدەچن كە دەكرێت عێراق دیموكراسییەتێك بەخۆیەوە ببینێت نمونەیەك بێت بۆ خۆرهەڵاتى ناوەڕاست، پەیامنێرى رۆژنامەى كریستیان ساینس مۆنیتەر لە عێراق بەناوى (جەین ئەڕاف) لە راپۆرتێكدا بۆ رۆژنامەكەى دەنووسێت كە هەڵبژاردن زادەى هۆشیارى دیموكراسى تاكى عێراق نییە بەڵكوو دیاردەیەكى دەرەوەیە عێراقییەكان ناچاركراون كە پابەندى بن، بۆیە ئەم رۆژنامەنووسە هەڵبژاردن وەك نمونەیەكى دیموكراسى ئەم وڵاتە نابینێت و لەم دووڕیانەوە بە چاوەڕوانییەوە دەمانهێڵێتەوە كە دەنووسێت" دیموكراسى لەدواى هەڵبژاردن رووبەڕووى تاقیكردنەوەى راستەقینە دەبێتەوە". هەندێك لە چاودێرانیش لەگەڵ ئەوەى نكۆڵى لەوە ناكەن كە هەڵبژاردن پرۆسەیەكى دیموكراسییە بەڵام دەڵێن هەڵبژاردن ئاسانترین بەشى دیموكراسییە.
شەڕى كەركووك سەختتر دەبێت
لەگەڵ ئەوەى كە ساڵح موتڵەگى سەرۆكى بەرەى دیالۆگى نیشتیمانى كە لایەنێكى ناو ئیئتیلافى ئەلعێراقییە بوو لەلایەن دەستەى لێپرسینەوە و دادوەرى كە جێگەى دەستەى ریشەكێشكردنى بەعسى گرتووەتەوە بەهۆى لایەنگرى لە حیزبى بەعسەوە لە هەڵبژاردن دوورخرایەوە، ئەویش بەرەكەى خۆى لەسەرجەم پارێزگاكانى عێراق كێشایەوە جگە لە كەركووك، ئەم هەڵوێستەشى بۆ ئەوە بوو كە دەنگى عەرەب لەم پارێزگایە لەبەرامبەر دەنگى كورد بەرزبێتەوە و لەمڕێگەیەوە تەگەرە بخاتە سەر جێبەجێكردنى مادەى 140 ى دەستوورى عێراقى بۆ هاتنەسەرى ئەم پارێزگایەو ناوچە جێناكۆكى لەسەرەكان بۆسەر هەرێمى كوردستان.
ئەنجامەكانى هەڵبژاردنى كەركووك دوور بوون لەگەڵ ئارەزووى كورد بەوەى كە لیستى ئیئتیلافى ئەلعێراقییە لەمشارەدا هاوشانە لەگەڵ هاوپەیمانى كوردستان و رێژەى دەنگ و كورسییەكانیان وەك یەكە، لێرە بەدواوە كورد دەبێت بە نەفەسێكەوە لە كەركووك بجوڵێتەوە بە نەفەسى شەریك، چونكە نەفەسى خانەخۆیی لەمشارەدا تائەندازەیەك بەسەردەچێت ئەگەر تا دوێنێ ئێمە خۆمان بە خاوەنماڵى ئەم شارە زانیبێت، ئەگەر پۆستى پارێزگار و سەرۆكى ئەنجومەنى پارێزگا لەم چەند ساڵەى رابردوودا بەدەستى كوردەوە بووبێت، ئەوا لە داهاتوودا كارتێكى دیكەى بە هێز دەدۆڕێنێت، رۆژنامەى فۆڕێن پۆلیسى ئەمریكى كە تایبەتە بە سیاسەتى دەرەوەى ئەمریكا پێیوایە كە هەر هەڵبژاردنێكى كەركووك وەك سەرژمێرییەك وایە بۆ نەتەوە جیاوازەكانى ئەم شارە، چونكە وەك ئەم رۆژنامەیە باسیدەكات لەم پارێزگا جێناكۆكى لەسەرانە نە خەڵكى عەرەب دەنگ بە كورد دەدات، نە كوردەكانیش دەنگ بە عەرەب و توركمان دەدەن، ئەگەر بەگوێرەى ئەم رۆژنامەیەش بێت كە ئەم هەڵبژاردنە پەرلەملنییە وەك سەرژمێرییەك بۆ ئەم ناوچانە ببینین، ئەوا كورد زۆرینەى رەهاى ئەم ناوچانە لەدەست دەدات.
بوونى ئەسیل نوجەیفى لە لیستى ئەلعێراقییە كە سەرۆكى لیستى حەدباى براوەى هەڵبژاردنى پارێزگاكان بوو لە ساڵى 2009 لە پارێزگاى نەینەوا، ئەوەندەى دیكە ئەگەرى تووند و تیژى نێوان كورد و عەرەب لەم ناوچەیە زیاتر دەكات، چونكە لەگەڵ ئەوەى كە لیستى هاوپەیمانى كوردستان لە پارێزگاى نەینەوا 12 كورسى ئەنجومەنى ئەو پارێزگایەى بردەوە، بەڵام لیستى حەدبا لە هەموو پۆستە ئیدارییەكانى ئەم پارێزگایە لیستى هاوپەیمانى بێبەشكرد، ت تەنانەت دەزگاكانى حكومەتى هەرێمیش رێگەیان بە ئەسیل نوجەیفى نەدا كە بێتە شارۆچكەى مەخمورەوە تا ئاهەنگى سەركەوتنى لیستەكەى بگێڕێت، ماوەك لەمەوپێشیش نوجەیفى كاتێك ویستى بچێتە ناو شارۆچكەى تلكێفى مەسیح و یەزیدى نشینەوە لەلایەن خەڵكى ئەو ناوچەیەوە رێگەى لێگیراو لەدواییدا بەهاوكارى سوپاى ئەمریكا چوونە ناوچەكەوە ، دواتریش نوجەیفى ئەو هەوڵەى وەك هەوڵێكى پارتى پێناسەكرد بۆ تیرۆركردنى ئەو.
هاوكێشەكان لەبەردەم كوردەوە تا دێت سەختتردەبێت و كەركووكیش لە گرەوى بەكدادان نزیكە، تاوەكوو ئێستاش چەندین راپۆرتى نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ چارەسەركردنى ناوچە جێناكۆكى لەسەرەكان خراوەتە روو بەڵام زۆربەیان لەلایەن كوردەوە رەتكراونەتەوە بەوەى كە كورد پشتئەستوورە بە مادەى 140ى دەستوورى هەمیشەیی كە لەپێشتردا مادەى 58ى سەردەمى ئینتیقالى بوو، ئەم مادەیەش داواى ئەوەدەكات كە لەڕێگەى ریفراندۆمێكەوە خەڵكى كەركووك چارەنووسى خۆیان دیاریبكەن كە لە پاڵ حكومەتى ناوەندى دەمێننەوە یان دێنە سەر هەرێمى كوردستان، لەبارەى هەر چارەسەرییەكیش بۆ ەم ناوچانە لە كتێبەكەیدا (كۆتایی عێراق) دیبلۆماتكارى ئئەمریكى پیتەر گالبرێس دەڵێت " هیچ چارەسەرییەك نییە، بەتایبەت لەماوەیەكى نزیكدا".
خەونى تاڵەبانى
تا ئێتا كورد یەك هەڵوێست نییە كە ئایە تالأەبانى بنێرێتەوە بۆ بەغدا، یاخوود ئەوان ململانێى كامە پۆست بكەن، بەلاى لیستى هاوپەیمانییەوە لەسەر زارى سەرۆكى هەرێم (مەسعود بازرانى) یەكلایی بۆتەوە كە كاندیدى ئەوان بۆ پۆستى سەرۆك كۆمار جەلال تاڵەبانییە، لەگەڵ ئەوەشدا هەریەك لە نورى مالیكى سەرۆكى ئیئتیلافى دەوڵەتى یاسساو ئەحمەد ئەبوڕیشەى سەرۆكى ئەنجومەنى سەحوەى ئەنبار پاڵپشتى تاڵەبانى دەكەن بۆ وەرگرتنەوەى ئەو پۆستە، بەڵام بەلاى زۆرێك لە چاودێرانەوە ئەو هەڵوێستەى مالیكى بە پیلانێك دەزانن بۆ ئەوەى كە كوردەكان پاڵپشتى لەو بكەن بۆ دووبارە وەرگرتنەوەى پۆستى سەرۆك وەزیران، جگە لەوەى كە ئەمجارە سەرۆك كۆمار بەبێ جێگر دەبێت و مالیكیش داواى ئەوەى كردووە كە دەسەڵاتى ڤیتۆكردنى یاساكانى پەرلەمان لە سەرۆك كۆمار بسەنرێتەوە.
بەڵام لەسسەرێكى دیكەوە هەریەك لە ئیئتیلافى ئەلعێراقییە كە كاندیدیان بۆ سەرۆكى كۆمار تاریق هاشمییە و هەم ئیبراهیم جەعفەرى سەرۆكى هاوپەیمانى نیشتیمانى شیعى پێیوایە كە سوننەیەك ببێت بەسەرۆكى كۆمار، لەزۆر باردا داناى تاریق هاشمى بۆ سەرۆك كۆمار پەیوەستە بە وەرگرتنى پۆستى سەرۆك وەزیران لەلایەن عەلاوییەوە، چونكە ئەگەر بێت و عەلاوى بۆ سەرۆكى حكومەت دابنرێت ئەوا پۆستى سەرۆكى كۆمار بۆ هاشمى كۆتایی دێت، چونكە ناكرێت هەردوو پۆستى سەرۆكى حكومەت و سەرۆكى كۆمار بۆ ئیئتیلافى ئەلعێراقییە بێت.
بەڵام لەدووڕیانێكى دیكەدا هەریەك لە لیستى گۆڕان و یەكگرتوو كە هێزى ئۆپۆزسیۆنن لە كوردستان پێیانوایە كە پۆستى سەرۆك كۆمار پۆستێكى تەشریفییە و پێویستە كورد هەوڵى پۆستى سەرۆكى پەرلەمان بدات، بەمەش گورزێكى گەورە لە خەونى تاڵەبانى دەوەشێنن، مەحموود عوسمانى سیاسەتمەدارى كورد و ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە خولى پێشووترو كاندیدى ئێستاى هاوپەیمانى كوردستان بۆ خولێكى دیكەى پەرلەمانى عێراق كە كاندیدى خودى سەرۆكى هەرێم بوو پێیوایە كە ئەگەر پۆستى سەرۆكى كۆمار هەر بەم دەسەڵاتە كەمەى خۆیەوە بمێنێتەوە ئەوا بۆ كورد باشترە كە ئەم پۆستە هەر وەرنەگرێت، سەبارەت بە دەسەڵاتى سەرۆكى كۆماریش ئەحمەد ئەبوریشەى سەرۆكى ئەنجومەنى سەحوەى ئەنباڕ رایگەیان كە ئەگەر بێت و كاندیدى سوننەكانیش بێت بۆ پۆستى سەرۆكى كۆمار ئەوا بەم دەسەڵاتەكەمە ئەو وەریناگرێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست