براکەى د. بەرهەمیش دەمی کرایەوە، ئامۆژگارى یەكێتى دەكات
Wednesday, 25/09/2013, 12:00
1514 بینراوە
لە هەڵبژاردتى پێشوودا دكتۆر بەرهەم سەرۆكى لیستى یەكێتى بوو، سەرى زمان وبنى زمانى، هەر كردارشەرتە بوو، بەڵام تا ئەو رۆژەى لە پۆستەكەى نەما، تاكە یەك كرداری نەبوو، نەتوانی دڵى میللەت و حیزبەكەى خۆش بكات. ئەویش ئەوەندەى خەمى پرۆژە و بەرژەوەندیەكانى خۆى بوو، بارتەقاى ئەوە لەخەمى یەكێتى و ئایندەیدا نەبوو. بەڵام ئێستا خۆی کرد بە فریشتە و فریادرەس و خەمخۆرى میللەت ، ئامۆژگارى یەكێتى و هەوادارانى دەكات، كە ئیدى سەردەمى خۆكەڕكردن و خۆخڵافاندن بەسەرچووە، كاتى ئەوەیە بەخۆیاندا بچنەوە و بیر لە شكست و هۆكارەكانى بكەنەوە.
زۆرم لاسەیرە یەكێك نەزانێت و ئاگاى لە بارودۆخ و پۆستى بەرهەم نەبێت، ئەو پیاوە بە ئەفسانە و كاریزما دەزانێت، وا گومان دەكات، كە ئاسمان كون بووە و ئەو زاتەى لێكەوتۆتەوە، قسەكانى هیندە شیرین و خۆشە بە ژەهرەوە دەخورێت، بەڵام راستییەكەى وا نییە ، ئەوە تەنها تەمسیل و خۆنواندن و خۆ بێ بەریكردنە لەو شكست و خیانەت و تاوانانەى یەكێتى، لە ماوەى رابردودا ئەنجامى داوە. لە ئێوە دەپرسم ئایا بەرهەم جێگرى سكرتێرى گشتى نەبوو؟ لەسەردەمى گەندەڵى و زوڵم وستەم و رووداوەكانى 17ى شوبات و 30ى حوزەیران لەگوێى گادا خەوتبو؟ ئاگادارى ئەو هەموو ناڕەوایى وستەمەى حیزبەكەى نەبوو؟ لەوە خەبەردار نەبوو كە سلێمانى تەواو تەواو فەرامۆشكراوە، خەبەرى نەبوو، كە بەناو خانمى یەكەم چۆن یەكێتى خستۆتە ژێر ركێفى خۆیەوە، بەئارەزوى خۆى گەمەى پێدەكات؟ یان ئەویش هاوشێوەى زۆربەى بەرپرسەكان، خەریكى پرۆژەكانى خۆى بوو، هەر ئەو نەبوو بەڕێزێك زەمینى بەدیارى دەنارد بۆ خاوەنى كۆمپانیاى قەیوان؟ هەر ئەو نەبوو بەهەزاران دۆنم زەوى بۆ خۆى تاپۆكرد، خەڵكیش بۆ بستێك زەوى و كولانەیەك حاڵى حەلوەلاى بوو، ئەوەندەى لەسەر فەشەل هێنانى زەواجى براكەى لەگەڵ خوشكى هێرۆدا رق و قین ئەستور بوو، نیوەى ئەوە رقى لە دوژمنان و نەیارانى كورد و حیزبەكەى نەبوو، ئەوەندەى سەرقاڵى تشریب خواردن و كەیف وسەفا بوو لە ڤێلاكەى مێرگەپانى، نیوەى نیوەى ئەوە، گوێبیستى كێشە و گرفت و نەهامەتیەكانى ئەندامانى حزبەكەى و میللەت نەبوو. لە سەرو ئەوانەشەوە، ئەو بوونى بە یەكێتى و قبوڵكردنى ژێردەستەیى، چوونە ژێر ركێفى كەسانى وەكو هێرۆ و كۆسرەت ، گەورەترین شورەیى و عەیبە بوو بۆ ئەو زاتە. گەر راستى دەكرد و كورد دەڵێت ئەوەى بە بێوەژنى ئەتكرد بە كچێنى بت كردایە، هەر ئەو نەبوو نووسینگەى هەبوو، هەرچیەك لەیەكێتى تڕۆ دەكرا و پۆستى لێ دەسێنرایەوە ئەو لاى خۆى داڵدەى دەدا و موچە و پۆستى پێدەدا، تەنها بۆ ئەوەى ببێتە كۆیلە و تەكەتولى. گەر دڵسۆز و راستگۆ بوو، ئەویش با لەسەردەمى قوڵبونەوەى ناكۆكیەكان و جودابونەوەى كەسانى سەركردەو دروستكردنى گۆڕان ،لەخەمى یەكێتى بوایە و ئەو دەنگ وناڕەزایانەى بەهەند وەربگرتایە، بیزاینایە كە لەناو یەكێتیدا بێ سەرو بەرى و قۆرخكارى و فەسادى هەیە، ئەى بۆ جارێك لەجاران نقەى نەكرد؟ئەگەریش بەقسەیان نەكردبایەو وتەو رێنمایەكانى ئەرزشى نەبوایە،ئەوا چەندە جوان وبەرز و پیرۆز دەبوو،كەبیگوتایە لەسەر ئەو شتە من دەست بەردارى یەكێتى بووم، ناخوازم یەكێتى ببێتە لانە ومەكۆى ئەو كەس و رەفتارە ناشایستانە.نەك وەك ئێستا كە لەمن و تۆ باشتر دەزانێت ئیدى یەكێتى بەرەو پایزى تەمەن دەڕوات و بەروبومیشى خەریكە سیس و وشك دەبێت، رۆژانە بێ خێر و زڕ دەبێت. دەیەوێت لەدواساتەكانى تەمەنى یەكێتیدا، خۆى لەو ناڕەوایانە بێ بەرى بكات و، وسڵى خۆى دەربكات، كە ئەمەش جگە لەخۆى هیچ كەسى دیكە باوەڕى پێناكات و شایەتومانى پێ ناهێنێت
لەوەش زیاتر بەڵێنى براى هاوڕایە لەگەڵ بەرهەم، ئەویش كۆمەڵێك سەرنج و رەخنەو تێبینى لەسەر ئەداى یەكێتى هەیەو، لەدوو توێى نوسینێكدا ئەو خەلەل و ناڕاستیانە دەخاتە پێش چاو،كەئەگەر مرۆڤێك نەیناسێت ونەزانێت چ ماڵێكە،خۆى لەدەورى دەگێڕێت وبەغولامى دەبێت،دەڵێت بەخوا باوكم ئەو پیاوە زۆر دڵسۆزى یەكێتى یەو، لەكەسە نەزیهو پاكەكانە،نازانێت كە ئەویش پێشان كەسێكى بێ كاروكاسپى و كۆنە فرۆش بووە، بەڵام لەگەڵ دەركەوتنى بەرهەمى براى ئەویش بەختى خەوتوى رابوو،بەكون فەیەكونێك كرا بە كەسێكى بلیمەت و لێهاتوى یەكێتى و، یەكەوراست نێردرا بۆ ئەمریكا،ك ، بەداخەوە ئەوانەى بوونە هۆى داڕمان وهەرەسى یەكێتى و، وەكومۆرانەو سون كیسەڵە بەربوونە گیانى، لەسەر دەستى بەرهەم و هاوشێوەكانى، رۆژى بەم رۆژە گەیشت، بۆخۆشیان باش دەزانن كە بەرپرسى ئەوەڵ وئەخیرى ئەو دۆڕاندنەى یەكێتى لەئەستۆى ئەوانە لەو نوشستیەدا پشكى شێریان بەردەكەوێت، ئەوان بون خۆڵیان دەكردە چاوى خەڵك و راستیان لێ دەشاردنەوە، كەچى بۆ خۆدەربازكردن، خۆ دزینەوە دێن بەیەك دوودێر پاساونامە ئەیانەوێت رابردو كارە نەرەواكانیان، ئارایشت بكەن و،بەدیوێكى دیكە خۆیان نیشان بدەن. تابتوانن بەهەر نرخێك بێت خۆیان لەوشەرمەزاریە رزگار بكەن.
تێبینى/ كاتى خۆى بەڵینى براى بەرهەم، هاورێى ئاسۆ عومەر سوارەى هونەرمەند بووە، لەبازاڕى راپەرین پێكەوە دوكانى فرۆشتنى كۆنە(بالە) یان هەبوو.