Sunday, 15/12/2013, 12:00
2737 بینراوە
ئاوێنه: تیرۆركردنی رۆژنامه‌نوسان، كه چاوی سێیه‌می خه‌ڵكن، چ مانا‌و مه‌ترسییه‌كی لێده‌خوێنرێته‌وه؟
فاروق ره‌فیق: به‌ڵێ، له‌راستیدا ئه‌وه كوشتن‌و تاوانێكی زۆر گه‌وره‌یه، ئه‌فسانه‌یه‌ك هه‌یه حه‌زده‌كه‌م ئه‌و ئه‌فسانه‌یه رونبكه‌ینه‌وه، ئه‌ویش له‌په‌یوه‌ند به‌شه‌هید كاوه گه‌رمیانییه‌وه. ئه‌وه‌ی كه ده‌كوژرێت ئه‌وه رۆژنامه‌نوس نییه. له‌م وڵاته‌ی ئێمه‌دا، ده‌بێت له‌م ئه‌فسانه‌یه بده‌ین. ئه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی له‌سه‌ره رۆژنامه‌نوس نییه، به‌ڵكو ئه‌وه ئینسانی ئازا‌و بوێره. واته ئه‌وه نییه هه‌رچی ڕۆژنامه‌نوس بو، هه‌ڕه‌شه‌ی له‌سه‌ربێت. حه‌وت هه‌شت هه‌زار رۆژنامه‌نوس هه‌ن كه كاریان بریتییه لهجوانكردنی سیما ناشیرینه‌كانی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته. خانوی كاوهمان بینی له‌خانوه تهنهكهكانی پایته‌خته‌كانی وڵاتانی ئه‌مه‌ریكای لاتین ده‌چێت، به‌ڵام رۆژنامه‌نوس هه‌یه مانگی پێنج هه‌زار دۆلار وهردهگرێتو خانوه‌كه‌ی بایی سه‌د هه‌زار دۆلاره، ئه‌مه وه‌ك داهۆڵی لێهاتوه بۆ ریكلامكردن بۆ قات له‌و ته‌له‌ڤیزیۆنانه‌ی له‌پاره‌ی نه‌وته‌كه دێته‌ده‌ر. چۆن ئه‌م دوانه ده‌كه‌ی به‌یه‌ك؟ ئایا ئه‌م رۆژنامه‌نوسه له‌مه‌ترسیدایه؟ نه‌خێر له‌مه‌ترسیدا نییه. هه‌زاران رۆژنامه‌نوس هه‌ن له‌مه‌ترسیدا نین. ئه‌مانه هیچ مه‌ترسییه‌ك له‌سه‌ر ژیانیان نییه، ئه‌مان بون به‌به‌شێك لهسیستمهكهو بون به‌به‌شێك له‌و گه‌نده‌ڵیه‌ی له‌سیستمه‌كه‌دا هه‌یه، ئه‌مه چۆن تێكه‌ڵ به‌یه‌ك بكه‌ین، بڵێین ئه‌مه ژیانی له‌مه‌ترسیدایه؟ سه‌ید ئه‌كره‌م هه‌مو رۆژێكی مه‌رگه، ئه‌مه رۆژنامه‌نوس نییه، ئه‌مه گه‌وره‌ترین گه‌نده‌ڵیی ئاشكراكردوه له‌ماوه‌ی 22 ساڵی رابردودا. خه‌ڵكی ئازا‌و بوێر لهخهتهردان، جوانترین وتارێك له‌ناو هه‌مو ئه‌و ئینشایانهدا خوێندبێتمه‌وه كه له‌دوای ئه‌و روداوه دڵته‌زێنه‌وه بڵاوكراونه‌ته‌وه، وتاری گه‌نجێك بوه له‌ماڵپه‌ڕی پێنوسهكان له‌كه‌نه‌داوه به‌ناوی هێمن-ه‌وه. ئه‌م گه‌نجه خاڵێكی وتوه كه هه‌مو ئایكۆنه‌كانی كورد نه‌یانوتوه. ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه خه‌ڵكی بوێر لهخهتهردان نه‌ك ئازادی، نه‌ك رۆژنامه‌نوس. به‌ڕاستی وایه. واته ئه‌مه كۆمه‌ڵێك په‌خشانی ناخۆشن، وه‌ك ئه‌وه‌ی بڵێی دیموكراسی له‌خه‌ته‌ردایه. دیموكراسی نییه تا لهخهتهردابێت، ئازادیی نییه تا لهخهتهردابێت. هه‌زاران رۆژنامهنوسمان هه‌ن لهجامخانهیهكدا سه‌رقاڵی رازاندنه‌وه‌ی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته ناشیرینه‌ن.
ئاوێنه: تێرۆركردنی كاوه گه‌رمیانی، یه‌كه‌مین كرده‌وه‌ی له‌وشێوه‌یه نیه‌و ره‌نگه دواجاریش نه‌بێت، پێتوانیه ئه‌مه هه‌وڵێكه له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه بۆ به‌رده‌وامیدان بهڕهوڕهوهی ده‌سه‌ڵاتی خۆیان؟
فاروق ره‌فیق: ئه‌گه‌ر رێگه‌م بده‌یت ده‌مه‌وێت وێنه‌یه‌ك سه‌باره‌ت بهشههیدبونی كاوه گه‌رمیانی بكێشم، كه تا ئێستا كه‌س قسه‌ی لهسهرنهكردوه، كاوه گه‌رمیانی خاڵی په‌یوه‌ستكردنی تێرۆری به‌عسه له‌گه‌ڵ تێرۆری كوردی، واته فاشیزمی به‌عسه له‌گه‌ڵ فاشیزمی كوردی. كاوه گه‌رمیانی هاوسه‌ره‌كه‌ی قوربانیی ئه‌نفاله‌و كه‌سی نه‌ماوه، ئه‌مه تا ئه‌نفالی هه‌شت، به‌ڵام له‌ئه‌نفالی نۆدا كه بریتییه له‌سه‌رتاپا ئه‌زمونی حوكمڕانی كوردی، كاوه به‌ده‌ستی تێرۆریستێكی كورد ده‌كوژرێت. ئه‌مه په‌یوه‌ستكردنی فاشیزمی به‌عسه به‌فاشیزمی كوردییه‌وه. شه‌هیدبونی كاوه گه‌رمیانی گه‌وره‌ترین په‌یامی پێیه بۆ ئێمه، به‌وه‌ی كه ئیتر ئێمه واز له‌م گوتاره شه‌رمنه، لاوازه، بێبنه‌مایه، بهێنین كه كه‌مێك ئازادی‌و دیموكراسی هه‌یه، ئه‌م ئه‌زمونه له17ی شوباتدا كه‌وت. كاره‌ساتی گه‌وره ئه‌وه‌بو كه په‌یامه‌كانی 17 شوبات نه‌گه‌یشتن، ئه‌وه‌بو ئۆپۆزیسیۆنێك هات له‌سه‌ره‌وه ناڕه‌زاییه‌تییه‌كانی كپكرد، به‌دیاریی هه‌موی برد بۆ ده‌سه‌ڵاتێك بۆ ئه‌وه‌ی به‌شداری پێبكات لهكێكی ده‌سه‌ڵاتدا، ئه‌مه تاوانه گه‌وره‌كه‌یه كه ئۆپۆزیسیۆن كردویه‌تی. ده‌نا خۆ خه‌ڵكێكیش له‌ڕۆشنبیران، كه ئێستا ده‌بێت خه‌ریكی پێناسه‌كردنه‌وه‌ی ئه‌م چه‌مكه بین، خه‌ریكی جوانكردنی ئه‌م شكستهبون، ده‌نا له 17ی شوباتدا ئه‌م ئهزمونو ده‌سه‌ڵاته هاڕه‌ی كرد. ئه‌و تێرۆره‌ی كه له 17ی شوباتدا به‌رجه‌سته‌بو، ئه‌وه‌یه كه له‌م كوشتنانهی دواییشدا هه‌یه‌و هیچ شتێكی تازه ڕوینه‌داوه، پێمسه‌یره خه‌ڵك توشی شۆك ببێت. ئێمه یان زاكیره‌مان لاوازه‌و دوێنێمان له‌بیر نییه، ده‌نا ئه‌مه هه‌مان روداوی 17ی شوباته كه ده‌سه‌ڵاتی كوردی نواندویه‌تی، ئێمه ده‌بێت له‌سه‌ر تێرۆری سیاسی قسه‌بكه‌ین كه یه‌كێكه له‌ڕه‌هه‌نده‌كانی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته، ئه‌م رژێمه سته‌مكاره، دیكتاتۆره كه ئه‌زمونی كوردییه.
ئاوێنه: ده‌سه‌ڵات چی ده‌ست ده‌كه‌وێت له‌مه‌ی كه تۆ به‌ناوی تێرۆری سیاسییه‌وه باسی ده‌كه‌یت؟
فاروق ره‌فیق: سروشتی رژێمه‌كه ئه‌وه‌یه كه خه‌ڵك بكوژێت. ئه‌م رژێمه له‌به‌رئه‌وه‌ی درێژكراوه‌ی به‌عسه، ئه‌مانه قوتابییه به‌ئه‌مه‌كه‌كانی به‌عسن، سیاسیی كورد نه‌یتوانیوه به‌عس تێپه‌ڕێنێت، سیاسیی كورد نه‌یتوانیوه مۆدێلی حزبی تۆتالیتاری تێبپه‌ڕێنێت. حزبی كوردی حزبێكی شمولی تۆتالیتارییه، كه‌سی دیموكرات‌و لیبراڵت نییه، ئه‌وه ئه‌فسانه‌یه كه‌سێك باسی دیموكراسی بكات. نه‌پارتی دیموكراتی كوردستان، دیموكراته، نه یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، سۆشیالدیموكراته. كۆمه‌ڵێك توخمی تۆتالیتاریی‌و پاشماوه‌ی بهعسو فاشیزم له‌م حیزبه كوردیانهدا هه‌ن. به‌ته‌نها گه‌نده‌ڵی نییه، تۆ ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی قسهنهكهیت، به‌ڵام سه‌ربه‌خۆبیت، ئه‌وا هه‌ڕه‌شه‌ی له‌سه‌ر ئه‌م ده‌سه‌ڵاته. ئه‌م ده‌سه‌ڵاته ده‌یه‌وێت له‌خێزانه‌وه ده‌ستپێبكات تا ده‌گاته قوتابخانه، دواجار مزگه‌وتیش، ئه‌م حیزبه ده‌یه‌وێت تاكێكی ملكه‌چی گوێڕایه‌ڵی مێشكپوتی پوچ به‌رهه‌مبهێنێت، كه به‌به‌رده‌وامی توشی داڕمان‌و سه‌رسوڕمان ببێت به‌رامبه‌ر به‌و سیاسییانه. هه‌ر ئه‌مه‌ش پڕۆژه‌كه‌ی به‌عس بو، كه ده‌یویست كاره‌كته‌ری ئینسانی كورد تێكبشكێنێت. سه‌ركرده‌كانی كورد دژی سه‌ربه‌خۆیی تاكن، نایه‌نه‌وێت ئینسانێكی سه‌به‌خۆ دروستببێت. له‌ده‌ره‌وه‌ی حزب‌و مزگهوتو خێزان دنیابینی خۆی هه‌بێت، ئه‌مان له‌م كه‌سه سه‌ربه‌خۆیه رۆحیان چوه.
ئاوێنه: په‌یامه‌كانی تێرۆركردنی كاوه له‌م ساته‌دا چین؟
فاروق ره‌فیق: یه‌كێك له‌په‌یامه‌كانی ئه‌وه‌یه كه تێرۆری سیاسییه، كه لێره‌دا ده‌مه‌وێت پێناسه‌یه‌كی تێرۆر بكه‌م. كه ده‌كرێت له‌چه‌ند ڕه‌هه‌ندێكه‌وه سه‌یری بكه‌ین، وه‌كو ترس یان په‌رچه‌كردارێك بۆ بونی هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك. یاخود ستراتیژێكی سیاسییه به‌مه‌به‌ستی ئامانجی سیاسیی. قۆناغێكیش هه‌یه پێیده‌وترێت "قۆناغی تیرۆر" ئه‌مه‌ش په‌رته‌وازه نییه تا تێرۆرێك لێره بكرێت‌و پاش چوار پێنج ساڵی تر تێرۆرێكی تر بكرێت. ئێمه لهتێرۆركردنی شه‌هید كاوه‌دا پێمانناوه‌ته دوای 17ی شوباتهوهو به‌م تێرۆرهشهوه پێمانناوه‌ته قۆناغێكه‌وه كه قۆناغی تێرۆری پێده‌وترێت. ئه‌مه‌یه خه‌ڵكێك به‌رده‌وام دوباره‌ی ده‌كه‌نه‌وه كه كاوه دوایین كه‌س نابێت، كه من بۆخۆم زۆرتر ده‌ترسم له‌م قسانه. دیاره مه‌به‌ستم خودی خۆم نییه، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه له‌ڕوی ستراتیژ‌و ئه‌ته‌كێتی بیركردنه‌وه‌وه هه‌ڵه‌یه تۆ بڵێیت كاوه دوایین كه‌س نابێت. واته ئه‌بێت هه‌مومان چاوه‌ڕێ بكه‌ین كه‌سێكی تر بكوژرێت، میلله‌تی زیندو ئه‌وه ده‌كات؟ میلله‌تی زیندو چاوه‌ڕێ ده‌كات تاكو بزانێت ده‌كوژرێت؟ یاخود ده‌ڕژێته سه‌ر جاده‌و كۆتایی به‌م رژێمه سته‌مكاره دیكتاتۆره تێرۆریسته بهێنێت كه ئێستا فه‌رمانڕه‌وایه له‌كوردستاندا. ئه‌وه هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌و ڕه‌وایه‌تیدانه به‌تێرۆر. له‌بری ئه‌وه ده‌بێت بڵێین كاوه دوایین كه‌سه كه ده‌كوژرێت. كه‌واته ده‌گه‌ینه ئه‌وه‌ی كه تێرۆر به‌كارهێنانێكی سیستماتیكییانهی ترس‌و تۆقاندن‌و كوشتنه له‌پێناو كۆمه‌ڵێك ئامانجی سیاسی‌دا. واته یه‌كێك له ڕه‌هه‌نده‌كانی شه‌هیدكردنی كاوه گه‌رمیانی بریتییه له‌مه، كه تێرۆری سیاسییه‌و بێده‌نگكردنی كه‌سێكی نه‌یارو ناڕازییه، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سه سه‌ربه‌خۆیه نه‌ك له‌به‌رئه‌وه‌ی رۆژنامه‌نوسه. ئه‌م كه‌سه له‌كۆمه‌ڵێك قۆناغدا سه‌لماندویه‌تی كه خاوه‌نی ره‌ئی خۆیهتیو ئازایه، ته‌نانه‌ت شه‌ڕكردنی له‌گه‌ڵ حزبی شیوعی كه هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره ده‌كات ئه‌م كوڕه‌ی به‌شه‌ق كردوه‌ته ده‌ره‌وه له‌باره‌گاو ئێستاش ده‌یكات به‌شه‌هیدی خۆی، بۆ ئه‌وه‌ی پاره‌ی زۆرتری پێ وه‌ربگرێت له‌ده‌سه‌ڵات. گه‌نده‌ڵترین حزب له‌كوردستاندا حزبی شیوعییه، كه به‌به‌رده‌وامی له‌گه‌ڵ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌دا بوه‌و له‌شه‌ڕی ناوخۆوه له‌گه‌ڵ ئیسلامییه‌كاندا لهمیرنشینهكهی یهكێتییو پارتییان خواردوه. ئێستاش ده‌یانه‌وێت ئه‌م ئازا‌و بوێره بكه‌ن به‌شه‌هیدی خۆیان كه له‌هه‌مو حیزبی شیوعیدا كه‌سێكی وای تێدا نییه. كه ئه‌مه به‌ڕاستی كێشه‌یه ئه‌م كه‌سانه بكه‌یته شه‌هیدی خۆت، كاوه گه‌رمیانی شه‌هیدی كه‌س نییه، خۆی نه‌بێت. كه‌سێكی سهربهخۆبو بۆیه شه‌هیدكرا.
ئاوێنه: هه‌رێمی كوردستان به‌كۆی هێزه سیاسییه‌كانیه‌وه له چاوه‌ڕوانی پێكهێنانی كابینه‌ی هه‌شته‌مدان، پێتوانیه ئه‌م كه‌یسه‌ی كاوه له‌لایه‌ن هه‌ندێك له‌م هێزانه‌وه بۆ سه‌ودای سیاسیی به‌كاربهێنرێت؟
فاروق ڕه‌فیق: كه‌یسی شه‌هید كاوه كۆتایی هێنا به‌ئۆپۆزیسیۆن، پێشتریش ئۆپۆزیسیۆن مه‌رگی خۆی ڕاگه‌یاندبو كه ده‌چێته ناو ده‌سه‌ڵاته‌وه. ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ش ئه‌مه‌یه كه تێرۆری سیاسیی سه‌ر ڕێگا خستوه، ئه‌م تێرۆره‌ی له‌كوردستاندا هه‌یه، تێرۆرێكی په‌رته‌وازه نییه، به‌ڵكو سیستماتیكییه بۆ كوشتنی ئینسانی ئازا‌و بوێر. ئه‌م به‌ناو ئۆپۆزیسیۆنه ده‌چێته ناو ئه‌م حكومه‌ته‌وه؟ به‌وه‌رگرتنی یه‌ك دو وه‌زاره‌ت ده‌یه‌وێت چی له‌پێكهاته‌ی ئه‌م حكومه‌ته بگۆڕێت؟ ئه‌و تێرۆره‌ی له‌كوردستان هه‌یه بونیادییه، واته له‌پێكهاته‌ی سیاسیی ئه‌م رژێمه‌وه هاتوه، ده‌ستكاریكردنی ئه‌م پێكهاته‌یه له‌لایه‌ن ئۆپۆزیسیۆنه‌وه وه‌همه. ئۆپۆزیسیۆن كه‌وت. ئێستا شه‌ڕه‌كه له‌سه‌ر كێكه‌كه‌یه، له‌سه‌ر نه‌وته. من كه باسی ئۆپۆزیسیۆن ده‌كه‌م مه‌به‌ستم له‌گۆڕانه، كۆمه‌ڵ‌و یه‌كگرتو هیچ كات ئۆپۆزیسیۆن نه‌بون، كاتی خۆیشی به‌شێكی دانهبڕاوبون له‌سیستمه‌كه. دوه‌م، ئه‌مانه دو هێزی سه‌ر به‌ده‌ره‌وه‌ن. یه‌كێكیان سه‌ر بهئیخوانی جیهانییه‌و ئه‌وی دیكه‌شیان له‌لایه‌ن ئیتڵاعاته‌وه فه‌رمانی بۆ دێت، بۆیه ئه‌م هێزه هیچ كات ئۆپۆزیسیۆن نه‌بوه. ئێمه كێشه‌كه‌مان له‌گه‌ڵ گۆڕانه، گۆڕانه كه ئۆپۆزیسیۆن بو، به‌ڵام ئه‌وه له‌ڕابردودا بو، ئه‌ویش پشوی كورت بو، له‌به‌ر كۆمه‌ڵێك هۆكار كه ده‌بێت له‌ئاینده‌دا قسه‌ی له‌سه‌ر بكه‌ین.
ئاوێنه: تۆ به‌جۆرێك له‌جۆره‌كان ئۆباڵی تێرۆركردنی كاوه گه‌رمیانیت خسته ئه‌ستۆی ده‌سه‌ڵات، به‌ڵام له‌ئێستادا زۆرێك له‌به‌رپرسان ئیدانه‌ی ئه‌و كاره دهكهنو ته‌نانه‌ت لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه پێكهێنراوه له‌سه‌ر ئه‌و كه‌یسه. ئه‌مه پێچه‌وانه‌ی وته‌كانی تۆ نییه؟
فاروق ڕه‌فیق: ئه‌مه هه‌موی فێڵه و خۆڵكردنه چاوی خه‌ڵكه. من له‌نێچیرڤان بارزانی وه‌كو سه‌رۆكی حكومه‌ت له‌كابینه‌كانی ڕابردوشدا ده‌پرسم كێ سه‌ید ئه‌كره‌می زیندانی كردوه كه ڕۆژانه ڕوبه‌روی تێرۆر ده‌بێته‌وه؟ نێچیرڤان بارزانی نه‌یگرتوه؟ ئێستا له‌سه‌ر كاوه هاتۆته ده‌نگ، ئه‌مه چۆن سه‌رۆك حكومه‌تێكه؟ راپۆرته‌كه‌ی كوردستانپۆست ده‌بێت به‌جدیی وه‌ربگیرێت، بۆ ئه‌م كه‌سانه ناگیرێن؟ یاخود سه‌رۆكی هه‌رێم چۆن سه‌رۆكێكه؟ كه له‌هه‌شت ساڵی رابردودا ئه‌دای خۆی باش نه‌بینیوه، چۆن سه‌رۆكایه‌تی وڵاتێك ده‌كه‌یت كه تێرۆری تێدایه، كه نوسه‌رو رۆژنامهنوسو كه‌سی بوێر ده‌كوژرێت لێیدهدرێتو دادگایی ده‌كرێت؟ تۆ چۆن سهرۆكێكیت؟ ئه‌گه‌ر جدییت فه‌رمو كۆتایی پێبهێنه. ده‌زگایه‌كی په‌ككه‌وته‌ی بێكهڵكت هه‌یه به‌ناوی دادگاوه، به‌كاری بهێنه. به‌س تۆ كه وهزیرهكهت كۆنه‌به‌عسی بێت، ده‌توانێت چی بكات؟! به‌ڵام ئاوه‌كه له‌سه‌رچاوه‌وه لێڵه. ئه‌م سیاسییانه خۆڵ ده‌كه‌نه چاوی خه‌ڵك‌و له‌به‌رامبه‌ریشدا خه‌ڵك پێیانخۆشه خۆڵ بكرێته چاویانو درۆیان له‌گه‌ڵ بكرێت‌و بگهوجێنرێت. ئه‌مه‌ش له‌به‌رئه‌وه‌ی ئیراده‌ی داگیركراوه، ده‌نا چۆن به‌م لێدوانانه خۆش ده‌بێت، به‌یانی له‌بیرده‌چێته‌وه، تێرۆری كه‌سێكی دیكه ئه‌وه‌ی كاوه له‌بیر ده‌كات، ئه‌م سه‌ركردانه‌ی كورد سایكۆلۆژی ئه‌م حه‌شاماته‌ی كوردیان باش خوێندۆته‌وه بۆیه ئه‌مه ده‌كه‌ن، بۆیه تێرۆری تر ده‌كه‌ن، من رۆژانه گوێم لێده‌بێت ده‌وترێت كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه زیندوه، كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه نازیندوترین كۆمه‌ڵگه‌ی دونیایه، كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه كوێی زیندوه؟ نهوهیهكت هه‌یه هه‌موی خه‌سێنراوه، له‌گه‌ڵ رێزم بۆ كوره ئازا‌و كچه جوانه‌كانی ئه‌م وڵاته ئه‌وانه‌ی كه خاوه‌نی ئیراده‌ن، وه‌ك كاوه‌و كۆمه‌ڵێك نوسه‌رو رۆژنامه‌نوس. به‌ڵام زۆربه‌ی نه‌وه‌یه‌كه له‌خێزانه‌وه به‌ملكه‌چی هاتۆته‌ده‌ره‌وه بۆ قوتابخانه‌و قوتابخانه‌ش هه‌مو ئیراده‌ی داگیر دهكاتو ده‌ینێرێت بۆ حیزب، حیزبیش لهئینسانیهت دایدهماڵێتو ده‌ینێرێت بۆ مزگه‌وت، ئه‌ویش ره‌وانه‌ی سوریای ده‌كات كه خۆی بۆ مه‌سه‌له‌یه‌ك بكوژێت كه هیچ په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه نییه. كه‌واته ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه كێشه‌ی گه‌وره‌ی بونیادیی هه‌یه.
ئاوێنه: دادگا شوێنێكه بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی كه‌یسی له‌م شێوه‌یه‌ی كاوه، یاخود ئامرازێكه به‌ده‌ست ده‌سه‌ڵاته‌وه بۆ ونكردنی دۆسیه‌كان؟
فاروق ڕه‌فیق: به‌دڵنیاییه‌وه بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی كه‌یسه‌كان نییه‌و دادگا یه‌كێكه له‌گه‌نده‌ڵترین دامه‌زراوه‌كانی ئه‌م وڵاته، ئامرازێكه به‌ده‌ست ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه بۆ سه‌ركوتكردنی خه‌ڵك، من‌و تۆ هه‌ڵه‌یه‌ك بكه‌ین به‌یانی ده‌گیرێین، ته‌نانه‌ت خۆم به‌هه‌ڵه دادگاییكرام، من ئه‌و رۆژه تێگه‌یشتم كه دادگا له‌وڵاتی ئێمه‌دا شكستخواردوترین دامه‌زراوه‌یه كه منی به‌هه‌ڵه حكوم دا، دوایی هه‌ڵه‌كه‌ی خۆیان راستكرده‌وه‌و كۆپییه‌كی راستكردنهوهكهیان نه‌دامێ، كه ئه‌مه له‌دنیادا نییه، من تاوانم به‌رامبه‌ر كراوه، ئه‌م دامه‌زراوه‌یه ئامڕازی ده‌ستی ستهمكارهكانهو كاتی خۆی كۆمه‌لێك كوڕهئاغاو كوڕه شێخ بون هاتونه‌ته ناویه‌وه، ئه‌مانه بۆیه بون بهپارێزهرو یاسایان خوێندوه، بۆئه‌وه‌ی زهویو كشتوكاڵه‌كه‌ی ژێرده‌ستیان له‌ده‌ست ده‌رنه‌چێت. ئه‌مانه بۆ مافی ئینسان نه‌چونه‌ته ئهوێو داكۆكی لهئازادییهكانی تۆ بكه‌ن. ئه‌م ده‌زگایه شكستخواردوترین ده‌زگایه‌و ده‌بێت خه‌ڵك رێزی لێنه‌گرێت. ده‌بێت یه‌كه‌م شتیش چاوی لێببڕێو ده‌ستكاری بكرێت‌و هه‌ڵبوه‌شێته‌وه ئه‌م ده‌زگایه‌یه. ئه‌م ده‌زگایه له‌خزمه‌تی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌دایه. یه‌ك كه‌یسی بۆ چاره‌سه‌ر ناكرێت. كه ده‌شڵێن لیژنه دروست ده‌كرێت ئه‌وه بۆ خۆڵكردنه چاوی خه‌ڵكه، لهئهمریكاو كه‌نه‌دا كه تاوانێك ده‌كرێت، لیژنه دروستده‌كرێت؟ تۆ كه دادگا‌و داواكاری گشتیت هه‌بێت لیژنه‌ت بۆ چییه؟ داواكاری گشتی ئه‌گه‌ر له‌وڵاتێكدا بێت كه یاسای تێدا به‌رقه‌راربێت ناڵێم سه‌روه‌ربێت ناوی كه‌س هاتوه له‌كه‌یسی شه‌هید كاوه‌دا، هه‌مویان ئێستا گیرابون، ناڵێین تاوانبارن، دهگیرێنو لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت. كه‌واته دادگا ئامرازێكی سه‌ركوتكردنی ئازادیخوازهكانهو بۆ شێواندنی یه‌كسانییه دژ بهیاكسانیو له‌م وڵاته دژ به‌هه‌قیقه‌ت ئیش ده‌كات.
ئاوێنه: میدیای ئه‌هلی بۆچی كۆتایی هاتوه؟
فاروق ڕه‌فیق: ئه‌م میدیایه هێواش هێواش سیستمه‌كه گرتیه خۆی، كاكه رۆژنامه‌یه‌ك بهریكلامی یه‌كێك له‌به‌هێزترین كۆمپانیای په‌یوه‌ندییه‌كان بڕوات به‌ڕێوه‌و ئه‌و كۆمپانیایه‌ش هی ده‌سه‌ڵات بێت، ته‌سه‌ور ده‌كه‌یت ره‌خنه له‌ده‌سه‌ڵات بگرێت؟ میدیای ئه‌هلی ژماره‌یه‌ك خه‌ڵكی تێدایه كه سیاسییه‌كان بردیاننه لای خۆیان، كۆمه‌ڵێك له‌وانه‌ی سه‌رپه‌رشتی به‌شێك له‌و میدیایه ده‌كه‌ن خانه‌نشینكراون، ئه‌مانه بون به‌به‌شێك لهرژێمهكهو ناتوانن ره‌خنه‌گری گه‌وره‌بن، ژیانی ئه‌مانه‌ش هیچ كاتێك له‌خه‌ته‌ردا نییه. هه‌روه‌ها ته‌له‌فزیۆنه‌كانیش دوای روداوه‌كانی 17ی شوبات ئێمه پێمانوتن ئه‌م كاره‌ساته به‌سروشتی مه‌كه‌ن، هه‌ندێ له‌ته‌له‌فزیۆنه‌كان به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی ئۆپۆزیسیۆن هه‌ندێ ده‌موچاوی ناشیرینی ده‌سه‌ڵات هه‌یه وتمان مهیانهێننه سه‌ر شاشه‌كان، ئه‌وان هێنایان بهقاتو بۆینباخه‌وه، له‌كاتێكدا ئێمه قه‌زیه‌مان هه‌بو له‌سه‌ر ئه‌وانه. میدیای ئههلیو ئۆپۆزیسیۆن هێواش هێواش ملیان دا به‌وه‌ی ئیدی پرسیاری گه‌وره نه‌كه‌ن. پێش ئه‌م روداوه یه‌كێك لهئایكۆنهكانی سه‌حافه‌ی كوردی وتی له‌هه‌ولێر جاده‌وبانی باش هه‌یه، لێره ئازادی هه‌یه، ئه‌گه‌ر ئێمه ئازادی ئێره به‌رین بۆ هه‌ولێرو جاده‌وبانی هه‌ولێریش بهێنین بۆ ئێره ئه‌وا هیچ موشكیله‌یه‌كمان نامێنێت، بۆ نه‌گبه‌تی ئه‌و، كاوه شه‌هیدكرا، ئه‌زانی ئه‌مه هاڕه‌ی به‌و قسه‌یه‌ی كرد، ئه‌مه چ رسته‌یه‌كه تۆ بڵێیت له‌هه‌ولێر جاده هه‌یه‌و له‌سلێمانی ئازادی هه‌یه؟ ئێمه یه‌ك وڵاتمان هه‌یه پێكهاته‌یه‌كی حكومڕانیمان هه‌یه كه گهندهڵو شكستخواردوه. ده‌بێت بیر لهمیدیایهكی ئه‌ڵته‌رناتیڤ بكرێته‌وه كه له‌كه‌سانی ئازای وه‌ك كاوه پێكهاتبێت نه‌ك لهخانهنشینكراوهكان.
ئاوێنه: زۆرجار گله‌یی ئه‌وه ده‌كرێت كه كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ به‌سه‌ری دێت، سبه‌ی بیری ده‌چێته‌وه، پێتوانیه ده‌سه‌ڵاتیش سودی له‌م خاڵه لاوازه وه‌رگرتوه؟
فاروق ره‌فیق: پێشتر باسمكرد، ئه‌و كه‌سانه‌ی ئێستا پێیانده‌وترێت سیاسی، كه كورد قه‌د رابه‌رو سه‌ركرده‌ی نه‌بوه‌و ئه‌وه‌ی هه‌بوه به تۆبزی بوه، سایكۆلۆژیای تاكی كوردیان خوێندوه‌ته‌وه‌و بۆیان ده‌ركه‌وتوه كه بیری كورته‌و تێكشكاوه‌و دوێنێ له‌بیرده‌كات، كاتێك كه‌سێك تاوانێكی به‌رامبه‌ر ده‌كات لێی خۆشده‌بێت، له‌وانه‌ش له‌به‌عس خۆش بوه، ته‌نانه‌ت ئه‌نفال له‌بیركراوه، هه‌ڵه‌بجه له‌بیركراوه، له‌كاتێكدا كه‌سێكی جوله‌كه هۆڵۆكۆست له‌بیرناكات، به‌ڵكو هه‌مو ساڵێك بهفیلمو رۆمان‌و لێكۆڵینه‌وه‌ی نوێ ده‌یهێنێته‌وه بیری كه چی تراژیدیایه‌كی به‌رامبه‌ر كراوه، ئێمه هه‌مو تراژیدیاكانمان له‌بیركردوه. بۆیه سیاسیی كورد ئاگای له‌م خاڵه هه‌یه‌و سبه‌ینێ به‌ناوی دروستكردنی كابینه‌ی هه‌شت، خه‌ڵكیش هه‌مو ئه‌مانه‌ی بیرده‌چێته‌وه، ته‌نانه‌ت ئۆپۆزسیۆنیشی بردۆته ناو گه‌مه‌كه‌وه كه مه‌رگی ئۆپۆزسیۆن خۆیه‌تی، له‌به‌رئه‌وه خه‌ڵكیش ئه‌مه‌ی بیرده‌چێته‌وه. ئێستاش ده‌نگۆی ئه‌وه هه‌یه كه‌ناڵه‌كانی ته‌له‌فزیۆن زیادبكه‌ن بۆ حه‌وت هه‌شت دانه‌ی كۆمیدی، بۆ گه‌وجاندنی هاونیشتمانی ئێمه، كاتێكیش خه‌ڵكی سه‌یری ئه‌م به‌رنامانه ده‌كات، ئیدی حه‌وسه‌ڵه‌ی نیه بیر له‌شه‌هید كاوه بكاته‌وه. بۆیه له‌دواییدا كه كه‌سه ئازا‌و بوێره‌كان تیرۆرده‌كرێن، مه‌سه‌له‌كه ده‌بێته كێشه‌ی خێزانێكو چه‌ند دۆستێك.
ئاوێنه: كه‌واته چی بكرێت بۆئه‌وه‌ی چیتر كه‌سه بوێره‌كان به‌و ئاسانیه نه‌بنه قوربانی، له‌كاتێكدا وه‌ك خۆت ده‌ڵێیت، دادگا نه‌بێت به‌رگریت لێبكاتو كۆمه‌ڵگه بێده‌نگ بێت‌و ده‌سه‌ڵاتیش خه‌مسارد؟
فاروق ره‌فیق: لێره‌دا ده‌بێت من بوه‌ستم، ئه‌م پرسیاره پێیده‌وترێت پرسیاری یه‌ك ملیۆن دۆلاری، چونكه ماوه‌ته‌وه سه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر ئه‌مه هه‌لومه‌رجه‌كه بێت كه‌واته چی بكه‌ین، من هه‌رگیز نامه‌وێت داڕێژه‌ری به‌رنامه‌یه‌ك بم بۆ كۆمه‌ڵگایه‌ك‌و بڕوام به‌وه نیه كه‌سێك رۆڵی پێغه‌مبه‌رایه‌تی ببینێت. من ئه‌وه ده‌زانم كه ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه ته‌ندروست نیه، ده‌بێت ئیشی بۆ بكه‌ین بۆئه‌وه‌ی ته‌ندروست بێت. ده‌بێت له په‌روه‌رده‌و خێزان‌و رۆشنبیری‌و كلتوری كوردیدا ئیشبكهین. ده‌بێت واز له‌م ئینشا بێكه‌ڵكانه بهێنینو كاربكه‌ین بۆ دروستكردنی بیركردنه‌وه‌و كلتورێكی ره‌خنه‌گرانه، ئه‌مه كایه‌كه‌ی منه، ره‌نگه سیاسیه‌كی بوێری عاقڵ سه‌رهه‌ڵبداو بڵێت سیاسه‌تیش ده‌ستكاری ده‌كه‌ین، ره‌نگه مامۆستایه‌كی زانكۆش بڵێت ده‌ستكاری په‌روه‌رده ده‌كه‌ین، ره‌نگه كه‌سێكی تریش بڵێت ده‌ستكاری ئه‌وه ده‌كه‌ین كه پێی ده‌وترێت كۆمه‌ڵگه‌ی مهدهنیو ئێستا بونه‌ته به‌شێكی دانه‌بڕاو له‌سیستمه‌كه. ئێمه كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی زیندوو ته‌ندروستمان نیه، ئه‌م كۆمه‌ڵگه نه‌خۆشه ده‌بێت ده‌ستكاری بكه‌ین، چونكه ئه‌م سیاسیه نه‌خۆشانه به‌رهه‌مده‌هێنێت یاخود كۆمه‌ڵێك رۆشنبیری نه‌خۆش بهرههمدههێنێتو كه‌متر مرۆڤی سهربهخۆو ئازا به‌رهه‌مده‌هێنێت، بۆیه ده‌بێت خه‌ریك بین چۆن چاك بێت. من كوردم‌و ئه‌م بۆچونه رهخنهییهشم له‌و په‌ڕی دڵسۆزیهوهیهو وه‌ك مرۆڤێكی كورد بریندارمو ده‌زانم چۆن كه‌رامه‌تی تاكی كوردی روشێنراوه له‌لایه‌ن دوژمنانیو ئێستاش له‌لایه‌ن چه‌كداره‌كانی سیاسیی كورده‌وه، ده‌مه‌وێت كه‌سه ئازا‌و بوێره‌كان كۆببنه‌وه بۆئه‌وه‌ی سنورێك بۆ ئه‌م كه‌رامه‌ت روشاندنهی مرۆڤی كورد دابنێین.
کوردستانپۆست: ئەم دیمانەیەی د. فاروق رەفیق کە رۆژنامەی ئاوێنە لەگەڵیدا کردووە، لەبەر گرنگی ناوەرۆکەکەی ئێمە بۆ جارێکی دیکە لە کوردستانپۆستدا بڵاوی دەکەینەوە.