کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بەغدا چ پەیامێكی بەهەرێم دا؟

Monday, 16/02/2015, 12:00






كێشە و ناكۆكیەكانى نێوان هەرێم و بەغدا مێژوویەكى هەیە، لەهەر تێك نەگەیشتنێكدا دەستێكى سیاسی لە پشتەوە بووە.

خەڵكى كوردستان دوای بەڕێكردنى ساڵێكى پڕ لەنەهامەتى و ناخۆش، بە ئومێدەوە تەماشای ساڵی نوێیان كرد كە هەرێم لەو قەیرانە داراییە قورتاری دەبێت و كێشەى زۆرینەى هاوڵاتیان كە مووچەیە بەیەكجاری بنبڕ دەبێت، كە هەژموونى بەسەر تەواوى پێكهاتەكان و هاونیشتمانیان لە تەڕەفرۆشەكەوە بگرە تا تەكسیەك هەیە.

دڵخۆشی خەڵك لەوەدابوو لێدوانەكان مژدەبەخش بوون، لێدوانێك باس لەوە بكات كە تا كۆتایی مانگى شوباتى2015 كۆتایی بە قەیرانى دارایی دێت..لێدوانێك باس لەوە بكات مووچەى فەوتاوى فەرمانبەران دوو مووچە بەسەر یەكەوە دەدرێت و لەماوەى ئەو دوو مانگە دا كێشەى مووچە نامینێت. لەوەش دڵخۆشكەرتر ئەوەبوو بەرپرسانى هەرێم و خودی هەندێ لەبەرپرسانى بەغدا وتیان: لەماوەى ئەو هەفتەیەدا یەك بەش لەدوازدە بەشی بوودجەى هەرێم دەگات و پەسندكردنى بوودجەش هێندەى دیكە گومانەكانى ڕەواندەوە كە تەواو كۆتایی بەقەیرانى دارایی دێت.

وەلێ نە دوو مووچەى بەسەر یەكەوە درا، نە ئەو قسانەش ڕاست دەرچوون كە دەیانووت لەم هەفتەیەدا بەشە بوودجەى هەرێم دەگات و كەس ناتوانێ گرەنتى دەرچوون لەو كێشانە بدات.

ئەو هەموو قسانەى لێرە و لەوێ كران گەیشتە ئەو ئاستەى وەفدێكى باڵای حكومەتى هەرێمى كوردستان لە 15/2/2015 سەردانى بەغدای كرد و دوای زنجیرەیەك دانیشتن، لە دوا كۆنگرەى ڕۆژنامەوانى سەرۆكى ئەنجومەنى وەزیرانى كوردستان، بێ پەروا ئاماژەى بەوەدا كە لەگەڵ بەغدا رێككەوتوون بەڵام كێشەى پارە هەیە و بەغدا پارەى نیە.

لێرەدا ئەم لێدوانە ئەوەمان دەداتە دەست كە:

1- بەغدا دەیەوێ لەبەرامبەر لێدوانەكانى مەسعود بارزانى سەرۆكى هەرێم سەبارەت بە حەشدی شەعبی كە (حەرەس قەومى) ساڵانى شەستەكانمان دێننەوە یاد كە چ كاولكاری و ماڵوێرانیەكیان بەسەر خەڵكى كوردستان هێنا، بەهەمان بەرگ و لەناوێكى دیكە هەمان شت لە كەركووك دووبارە بكەنەوە، ئەوەش بۆ تاران مایەى قبوڵكردن نیە بۆیە پاساو بۆ نەبوونى پارە لە بانكەكان دەهێننەوە.

2- پەرلەمانتاران بەئاشكرا دەیانوت: بەشە بودجە لەم هەفتەیە، ئەو هەفتەى داهاتوو دەگاتە هەرێم تەنها رێكاری یاسایی ماوە، لەوەشدا ئەو پرسیارە سەرهەڵدەدات: ئاخۆ كە ئەو پارەیە لەسەری رێكەوتن كەئامادەیە بۆچی ئەوها كت و پڕ پارەكە نەما؟

3- بەپێی دانیشتنەكانیش هەرێمیان ناچار كرد كە بڕیار بدات مانگانە 400تا500هەزار بەرمیل لە ڕۆژێكدا هەناردەى دەرەوە بكات كە بۆ مانگى 4ی هەر ئەو ساڵە رێژەى بەرهەمهێنان بۆ 550هەزار بەرمیل بەرز بكاتەوە، ئەوەش بۆ كورد باش نیە.

4- لەو گەمە سیاسیەدا دەردەكەوێ عەبادى و نوری مالیكى بەیەك شێوە بیر دەكەنەوە ئەویش پیادەكردنى ئەجێندای دەرەكى (ئێران)ە و هیچی تر، ئەوە ئێرانە هەر بەرهەڵستیەك بەرامبەری بكەی لەلایەكى دیكە گورزى خۆی دەوەشێنێ.



5- كورد پێویستە بە وتارێكى یەكگرتوو و بریارێكى حەكیمانە وەڵامى خۆی بۆ هەموو پرسەكان هەبێت، با چیتر بەرژەوەندى حزب لەسەری بەرژەوەندى گشتى دانەنێین، ئەوە مێژووە ڕوحم بەكەس نەكات و هەقیقەتى خۆی نیشانى هەموان دەدات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە