چی ماوە بكرێت تاوەكو شكستى تەواوەتی پارتی و یەكێتى بەچاوی خۆمان ببینین؟؟؟
Friday, 13/09/2013, 12:00
1759 بینراوە
وەك هەمووان ئاگادارن، پارتى و یەكێتى وەكو پیشەی هەمیشەییان، هەروەها وەكو ئەزموونی حوكمڕانییان لە گەندەڵى و دزی و ناپاكیدا، فێرن بەوەی كە تا سەر یاری بە موقەددەساتی میللەت بكەن بەوەی سەرەڕای دزینی سەرلەبەری سامانی ماددی و نەوت و پارەو خۆراكی سەرجەم دانیشتووانی كوردستان، ئەشیانەوێت بە هەمان شێوەی شتە ماددیەكان كە كەڕو كاسی كردوون دیسانەوە دەست بۆ تەزویر و ساختەكاری و فرت و فێڵ ببەن و لە ڕۆژی هەڵبژاردندا بە ئارەزووی خۆیان لە ڕێگای چەندین شێوازی ساختەكارییەوە كەمێك لە ئابڕووی تكاوو پۆرتی شكاویان كۆبكەنەوە، پلانی ئەوەیان هەیە كە تا لە توانایاندا بێت لێپرسراوی بنكەكانی دەنگدان لە لایەنگرانی خۆیان بێت، جگە لە پەنابردنە بەر بەكارهێنانی پێناسەی ساختە و بەكارهێنانی پێناسەی مردووان و پێناسەی كەسانی خەیاڵی و خەڵكانی ئەو ناوچانەی كە شمولی دەنگدان ناكەن یان لە خواروی عیراق و تەنانەت لە ووڵاتانی دەوروبەریشەوە خەڵك بهێنن بۆ سەر سندووقەكانی دەنگدان، هەروەها لە ڕێگای كۆمیسیۆنەوە ئەیانەوێت كۆنترۆڵی تەواوی جیاكردنەوەی دەنگەكان بكەن هەرچەندە ئەمانە هیچیان دادیان نادات و فریایان ناكەوێت... بەڵام داوامان لە سەرجەم هاونیشتمانیانی كوردستان بە سەرجەم چین و توێژە دلسۆز و كەسایەتی و لایەن و قەوارە سیاسییەكان و نوێنەرانی حیزبەكان ئەوەیە كە ووریا و چاو نەترس بن و چاوپۆشی نەكەن لە هیچ جۆرە كارێكی نەشیاوی لەم جۆرە، تكایە بە هیچ شێوەیەك بوار نەدەن ئەو لایەنەی پشت بە تەزویر و ساختەكاری دەبەستێت بواری ئەوەی هەبێت جارێكی تر یاری بە ئیرادەی گەل بكات و جارێكی تر بتوانێت نوێنەرایەتیتان بكات، چونكە ئەم جۆرە كارانە بێزراوو قێزەوونن هەم لای خەڵك و هەم لای خواش.. هەركەسێك بوار بەم جۆرە كارانە بدات و لێی بێدەنگ بێت لای خوا دەبێزرێت.
هەروەها داوامان لە لێپرسراوانی بنكەكانی دەنگدان و ئەندامان و لێپرسراوانی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان ئەوەیە كە بە پاكی و دڵسۆزی و ئەمانەتەوە پرۆسەكە بەڕێوە بەرن، ئەركی ئێوە زۆر پیرۆزە و ئەگەر بە ڕێك و پێكی و بە پاكی ئەنجامی بدەن، میللەت لە سایەیدا ئەحەسێتەوە و ویژدانی خۆشتان ئاسوودە دەبێت بۆ هەتا هەتایە، ئەنجامدانی هەر جۆرە كارێكی نەشیاو بۆ هەر لایەنێك و لەپێناوی هەر شتێكدا بێت كاتییەو ئەو لایەنەش ئەگەر دەربچێت هەر بۆ ڕۆژی دوایی پێكەنینی پێتان دێت و بێ منەت دەبێت لەبەرامبەر كارەكەتاندا، وە لە دواییدا ویژدانتان ئازارتان دەدات و پەشیمانی دادتان نادات.. وە داواشمان لە قەوارە سیاسییەكان ئەوەیە كە سەرەڕای ووریایی و هەڵوەستەی وورد و دانانی چاودێر و نوێنەری پاك و جددی و بە ئەزموون، هەوڵی هێنانی چاودێرانی نێو دەوڵەتی بدەن بۆ ئەوەی لە نزیكەوە ئاگادار بن تا كاتتان لە بەردەستدا ماوە. هەموو خەڵكی كوردستان ئەو ڕاستییە باش دەزانن و لە بیریان نەچووە كە لە هەڵبژاردنەكانی پێشووشدا ئەم حیزبانە ئەگەر تەزویریان نەكردایە ئێستا ڕۆژگارمان بەم شێوەیە نەدەبوو.