پێشنیارێك بۆ دامەزراندنى كۆمیسیۆنى باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانى كوردستان
Thursday, 03/07/2014, 12:00
ئەمڕۆ 3/7/2014لەپەرلەمانى كوردستان لەسەر پێشنیاری بارزانى، كاتژمێر12ی نیوەڕۆ كۆبوونەوەیەكى نائاسایی ئەنجامدرا، سەرەتای كۆبوونەوەكە دەنگدان بوو ئاخۆ كۆبوونەوەكە بەداخراویی و نهێنى بەڕێوە بچێت یان بە ئاشكرا، لەوەیشدا لەرێی دەنگدانەوە77ئەندام پەرلەمان بەرامبەر بە6ئەندامى پەرلەمان دەنگیان بە داخراوەیی كۆبوونەوەكەدا و لەرێی ڕاگەیاندراوى پەرلەمان و سەرۆكایەتى هەرێمەوە ئەوەیان ڕاگەیاند كە كۆبوونەوەكە جەختى لەسەر ئەوە كردۆتەوە دەبێ ریفراندۆم گشتپرسی ئەنجام بدرێ و پێشمەرگە بەهیچ شێوەیەك لەو ناوچانە ناكشێتەوە كە تێیدا جێگیركراون..لەو ڕوانگەوە جەوهەری كۆبوونەوەكە بۆ یەكلایی كردنەوەى ئەو بارودۆخە و بەتایبەت بارودۆخی هەرێم دەبێ پەلە بكرێ لە دامەزراندنى كۆمیسیۆنێكى سەربەخۆی هەڵبژاردنى كوردستانى كە ئەركیان سەرپەرشتیكردنى هەڵبژاردنەكانى داهاتووى هەرێم دەبێ بۆ پەرلەمان و سەرۆكایەتى هەرێم و ئەنجومەنى پارێزگاكان كە لەتەك ئەوەشدا ئەركیان سەرپەرشتیكردنى ڕاپرسی و ریفراندۆم دەبێ لە كەركوك و تەواوى هەرێم، بۆ كارابوونى ئەو كۆمیسیۆنە پێشنیار دەكەم:
1-تەوافوقێكى نیشتیمانى لەسەر بكرێ بە بەشداری تەواوی لایەنە سیاسیەكان چ ئەوانەى لەحكومەتى هەرێم بەشدارن، چ ئەوانەى دەنگى پێویستیان نەهێناوە.
2-كەسەكان ئەوانەبن كە لەو پۆستە گرینگەدا هەر ئینتیما و بۆچوون و ئایدۆلۆژیایەكیان هەبێ لەبەردەم گەل و نیشتیمان بێ لایەنانە ڕەفتار بكەن لەكاتێكدا بینیمان لەرابردوودا كۆمیسیۆن بێ لایەنى خۆی نەپاراستبوو.
3-دەسەڵاتەكانیان لەرێی پەرلەمانەوە رێكبخرێ و هیچ حزب و لایەنێك بۆی نەبێ دەست لە ئیش و كارەكانى وەربدات.
4-ئەو كۆمیسیۆنە كار بۆ پەیداكردنى دۆست لەدەرەوە پەیدا بكات نەخاسمە لەهەمبەر ئەو كارانەى سەرپەرشتی دەكات بتوانێ زۆرترین رێكخراوى كۆمەڵگەى نیودەولەتى و یوئێن و وڵاتان و ڕاگەیاندنەكانى دنیا بانگێشت بكات.
5-بەغدا ئەوەى بۆی بلوێ كار بۆ شكستپێهێنانى ئەو كۆمیسیۆنە دەدات لەكاتێكدا بەپێی یاسای هەرێمایەتى و فیدرالیدا تەنها یەك كۆمیسیۆنی باڵا هەیە، ئەوەیش هێندەى دیكە پەیوەندكانى هەولێر و بەغدا قووڵ دەكاتەوە لەكاتێكدا لەرێی میدیاكانەوە بینیمان كۆمكارانى عەرەبی دژایەتى خۆیان بۆ هەر هەوڵێكى ڕاگەیاندنى دەوڵەتى كوردستانى دەربڕی و ئەوەیش مەترسیەكە ئەگەر ئەو وڵاتانە دەستەجەمعبن بۆ تێكدانى ئەو پرۆسەیە لەرێی داعش و ئەوانى ترەوە جگە لەوەى ڕەنگە ئەمریكایش پشتیوانى لەهەوڵێكى لەو جۆرە نەكات، بۆیە وریایی سەركردایەتى سیاسی كورد دەبێ بەجۆرێ رەفتار بكات بۆ ئەم قۆناغە وانیشانى دەرەوە بدات كورد نایەوێ جیابێتەوە بەڵكو دەیەوێ ئەو ماددە دەستوورییە جێ بەجێ بكات ئەویش ناوچە كوردستانیە كێشە لەسەرەكان و شەرعیەتدان بە گەڕانەوەى بۆ داهاتوودا ئەركى سەربەخۆیی و بوونە دەوڵەت خۆش دەكات.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست