سالار عه‌زیز بکوژیی ئه‌بو به‌کر عه‌لی شاعیر نییه!
Saturday, 21/08/2010, 12:00
به‌ڕێزێک به‌ناوی (هاوڕێیه‌کی به‌کر عه‌لی) له‌سه‌ر تیرۆرکردنی ئه‌بو به‌کر عه‌لی شاعیر نووسیوێتیی و له‌وێدا سالار عه‌زیزی به بکوژی راسته‌قینه داناوه، گوایه سالار رایسپاردووه ئه‌و کاره بکه‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و به‌ڕیزه ناهه‌قی کردووه، که‌وا نه‌بووه، لێره‌دا من ده‌مه‌وێت رووداوه‌که راست بکه‌مه‌وه، که به‌و شیوه‌یه نه‌بووه ئه‌و باسی ده‌کات، لێره‌دا ده‌ستخۆشیش ده‌که‌م چ بۆ ئه‌و که‌سه، چ بۆ ئه‌وانیش که لاپه‌ڕه له‌سه‌ر تاوانه زۆره‌کانی پارتیی و یه‌کێتیی هه‌ڵده‌ده‌نه‌وه که زیاتر له 70 ساڵه به ناوی کوردایه‌تی و رزگارکردنی کوردستان ده‌رهه‌ق به خه‌ڵکی کوردستان کردوویانه، ئه‌مه‌ی ئه‌مڕۆش ده‌یبینین سه‌ره‌نجامی ئه‌و خه‌باته چه‌کدارانه‌یه‌یه، که ئیستا هاتوونه‌ته ناو شار و له دوژمن و داگیرکه‌ر زیاتر له‌گه‌ڵ ئه‌و خه‌ڵکه‌دا خراپه‌کاری ده‌که‌ن. هه‌ڵبه‌ته سالار عه‌زیز وه‌کو زۆربه‌ی به‌رپرس و لێپرسراوه‌کان، هه‌قی خۆیه‌تیی له دادگایه‌کی عادیلانه‌دا وه‌ک که‌سێکی به‌رپرس لێپرسینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا بکرێت، ئه‌میش وه‌ک ئه‌وانی تر ده‌ستیان هه‌یه له‌م رۆژه ره‌شه‌ی بۆ کوردیان دروستکرد و شه‌ره‌ف و که‌رامه‌تی ئه‌و خه‌ڵکه‌یان شکاند، ده‌ستکه‌وته‌که‌ش بۆ کورد ئه‌وه‌یه که ئه‌مڕۆ له رێگای خۆ ده‌وڵه‌مه‌ندکردن و زه‌ویی داگیرکردن و چاوپۆشییکردن له‌و خیانه‌تانه‌ی سه‌رۆکه‌که‌یان ئه‌نجامی ده‌دات. چوونه سه‌رگرده‌که و لافی گۆڕانکارییلێدان مه‌رجی خاوێنیی ده‌روون و بیرکردنه‌وه و مێژووی پاکیان نییه.
ئه‌وه‌ی ئه‌و به‌ڕیزه نووسیوێتی هه‌مووی راسته، ته‌نها ئه‌وه نه‌بێت که ده‌ڵیت:
(
.... ... ... سالار عزیزیش توڕه‌بوو ئه‌وه‌بوو به‌ته‌قه‌کردن له‌و خه‌ڵکه بڵاوه‌یان پێکردن و ڕاویان نان هه‌ر بۆیه سالار عزیز به‌رامبه‌ر ئه‌بو به‌کر علی به یه‌کێک له پیاوه‌کانی خۆی ووت که ناوی (جه‌لال حه‌مه‌ی مام قادر) بوو ناسراوبوو به(جه‌لال عه‌لی بزن) لێپرسراوی (فه‌وجی محافه‌زه) بوو داوی که‌وت و له کۆڵانه‌که‌ی لای باخی گشتی شاری سلیمانی، دوو سێ فیشه‌کی نا به‌ناوی ده‌میه‌وه و جه‌سته‌ی سارد کرده‌وه).
راستییه‌که‌ی ئه‌مه‌یه:ئه‌و کاته‌ی خه‌ڵکه‌که چووبوونه به‌رده‌م پارێزگای سلێمانی، له‌و کاته‌دا سالار عه‌زیز له به‌کره‌جۆ بوو، واته ئه‌و ئاگای له‌مه نه‌بووه و فه‌رمانی واشی ده‌رنه‌کردووه، که دوای به‌کر عه‌لی شاعیر بکه‌ون، به‌ڵکو چه‌کداره‌کانی به‌رده‌می پارێزگا، له خۆیانه‌وه و به فه‌رمانی لێپرسراوه‌که‌یان که ناوی هاتووه ئه‌و که‌وته ته‌قه‌کردن به ئاسماندا، ئه‌بو به‌کر عه‌لی چاونه‌ترسانه رابه‌ری ئه‌و خۆپیشاندانه‌ی ده‌کرد، به شیوه‌یه‌ک بڕیاری دابوو به ته‌قه‌کردنه‌که‌ش پاشه‌کشه نه‌کات، تا ئه‌و کاته‌ی زانی چه‌کداره‌کان ئه‌میان کردووه به نیشان، دوا جار ده‌وری چۆڵ ده‌بێت و به ته‌نها ده‌مێنێته‌وه، را ده‌کات و جه‌لالی عه‌لی بزن، دوای ده‌که‌وێت و ده‌یکوژێت، بۆ زانیارییتان جه‌لالیش له شه‌ڕی نێوان پارتیی و یه‌کێتیی کوژرایه‌وه. له کاتی ئه‌م رووداوه‌دا وه‌ک وتم له به‌کره‌جۆ بووه، به شایه‌تی خالید ره‌زا، که ئه‌و چه‌ند جار شایه‌تی بۆ داوه.
ئینجا با بێینه سه‌ر مه‌سه‌له‌یه‌کی تر، که په‌یوه‌سته به‌و رووداوه: ده‌بێت لێره‌دا پرسیار ئاڕاسته‌ی سالار عه‌زیز بکرێت، که کاتێک گه‌ڕایته‌وه و رووداوه‌که‌یان بۆ گێڕایته‌وه، که‌وا ئه‌و که‌سه شه‌هید کراوه، ئه‌ی تۆ چیت کرد؟ بۆ لێپرسراوی فه‌وجه‌که‌ت نه‌گرت؟ بۆ هێشتته‌وه و نه‌تاندا به دادگا؟ ئه‌مانه هه‌مووی پرسیاری جیدیین و لێره‌دا ده‌بێت به‌شێکی تاوانه‌که بدرێ به کۆڵی سالار عه‌زیزدا؟
ماوه‌یه‌کی زۆر به سه‌ر ئه‌و رووداوه‌دا تێپه‌ڕیوه، تا ئیستا ده‌ماو ده‌م، به نووسینیش ئه‌م کاره‌ساته باسده‌کرێت، ئه‌ی بۆچی سالار عه‌زیز ده‌نگی لێوه‌نه‌هاتووه و ئه‌وه‌ی که من نووسیومه له‌سه‌ری، ئه‌ویش روونکردنه‌وه‌یه‌کی وای نه‌دا؟ بۆ کاتی خۆی ئه‌و رووداوه قه‌وما، نه‌چوو سه‌ردانێکی ئه‌و ماڵه شه‌هیده بکات و سه‌رخۆشییان لێبکات، بۆیان روونبکاته‌وه ئه‌م نه‌یکوشتووه و کاره‌ساته‌که وا نه‌بووه؟ یان بۆ سه‌باره‌ت به‌و رووداوه وه‌کو پارێزگا نووسینێکی ره‌سمی ده‌رنه‌کرد و ئه‌مه‌ی باسبکردایه؟
هه‌موو ئه‌مانه پرسیارن، سالار عه‌زیزیش لێره‌دا ده‌بێته تاوانبار؟ ئاخر خۆ هه‌ر له‌و ساڵه و له‌و مانگه‌دا که‌سایه‌تییه‌کی دڵسۆز و شه‌ریف، که هه‌موو خه‌ڵکی سلێمانی خۆشیان ده‌ویست، ئه‌ویش (عه‌لی بۆسکانی) بوو، له‌لایه‌ن (جه‌بار فه‌رمان)ی پیاوکوژ و تاونباره‌وه شه‌هید کرا، ته‌نها له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی وتبووی
ئه‌م شه‌ڕه‌ی نێوان پارتیی و یه‌کێتیی له‌سه‌ر پاره‌یه! له‌وه زیاتر هیچی تری نه‌ووتبوو.
من وه‌ڵامێکم پێێه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه، که سالار عه‌زیز و به‌رپرس و لێپرسراوه‌کان، بۆیه داوای لێبوردن ناکه‌ن، چونکه ئه‌و خه‌ڵکه به بچووک و کۆیله‌ی خۆیان ده‌زانن، چۆن ئاغایه‌ک داوای لێبوردن له بچوکه‌که‌ی ده‌کات؟ ئه‌وان ئه‌و مێژووه ناشرینه‌ی هه‌یانه، ده‌زانن له سه‌رو خۆشیانه‌وه ناشرینتر، بارزانیی و تاڵه‌بانییه، که ده‌یان و سه‌دان تاوانی وایان ئه‌نجامداوه و که‌سێک تا ئیستاش هێلکه‌ی ناوگه‌ڵیانی نه‌گرتووه، به پێچه‌وانه‌وه هه‌موو ئه‌م تاوانانه به کوردایه‌تیی و به پیاوه‌تی بۆیان نووسراوه، ئیدی بۆچی سالار عه‌زیز له سه‌ر که‌سێکی وه‌ک ئه‌بو به‌کر بێته پێشه‌وه و جه‌وامێرانه روونکردنه‌وه‌ی له‌سه‌ر بدات، به‌ڵکو له ناخه‌وه پێشی خۆش بووه و ئه‌م رووداوه‌ی به پیاوه‌تیی و به ده‌سه‌ڵاتی ره‌های خۆی داناوه، تا خه‌ڵکی به ترسه‌وه له نێوچه‌وانی بڕوانن و بڵێن تووخنی مه‌که‌ون کاکه سالار ده‌تانکوژێ، ئه‌مانه ئه‌گه‌ر هه‌موو شتێک بن، سیاسیی نیین، سیاسه‌ت راگرتنی به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی له پێش هه‌موو شتێکه‌وه‌یه، ئه‌م سایاسییانه‌ی ئێمه نه رووناکبیرن، نه خوێنه‌وارن، به‌و مانایه‌ی که له دوای راپه‌ڕینه‌وه بڕواناکه‌م لاپه‌ڕه‌ی کتێبێکیان هه‌ڵدابێته‌وه، ئه‌مانه که‌سانێک نه‌بوون خاوه‌نی پره‌نسیپ و موڕاڵی کۆمه‌ڵاتیی و سیاسیی بووبن، بۆیه حاڵی ئه‌م خه‌ڵکه‌یان وای لێهات.
له کۆتاییدا داوام له کوردستانپۆست ئه‌وه‌یه، ناونیشانی ئه‌و نووسینه‌ی، که سالاری تێدا تاوانبارکراوه، بگۆڕێت به (کێ ئه‌بو به‌کر عه‌لی شاعیری تیرۆرکرد؟) هه‌روه‌ها له بری وێنه‌ی سالار عه‌زیز وێنه‌یه‌کی گونجاوتری بۆ دابنێ... با ئێمه‌ش ناهه‌قی به‌رامبه‌ر به مێژوو نه‌که‌ین.
بۆ خوێندنه‌وه‌ی نووسینی ئه‌و هاوڕێیه‌ی ئه‌بو به‌کر عه‌لی، کلیکی ئه‌و نووسینه‌ی خواره‌وه بکه:
کێ ئه‌بو به‌کر عه‌لی شاعیری تیرۆرکرد؟
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست