بەرپرسان رووناكى نابینن..!!
Sunday, 20/12/2009, 12:00
هەولێر
بەرپرس لە مەملەكەتەكەى ئێمە واتە جام رەش كردن خۆشاردنەوە لە خەڵك،واتە تێكەڵ نەبون بە خەڵك و دوورەپەرێزى لێیانەوە(وەكو بڵێى لە مەریخەوە دابەزیبن)،واتە زۆربونى سكرتێرە و پەردە و دانانى چەند پرسگەیەك و زۆربونى (كۆبونەوەكان)،ئیتر رەش و سپیەكان و لەیەكتر جیاناكرێتەوە و كێشەكان بە هەڵواسراوى دەمێنێتەوە وەكو ئیستا دەیبینین بچوكترین كێشە و نەخۆشى بە دەیان قوربانى كۆتاى دێت.
ئاخر ئەوان نەبونەتە بەرپرس تاكو ئەو وڵاتە نقوم بوە لە ئەزمە و كێشە و گرفت كەم بكەنەوە بەڵكو لەلایەن حیزبەوە دەست نیشان كراوە بۆ پاراستنى بەرژەوەندییەكانى خۆى و حیزبەكەى ،یاخود پاداشتى بەرپرسێكى باڵاترە ...!
وەرن بەیەكەوە سەیرى ئەو معادلانە بكەن،بێجگە لە كوردستان لە چ وڵاتێكى دونیا بیستوتانە ئاوەڕۆ لەدوایى قیرتاوكردنى شەقامەوە بێت،وەكو شەقامەكانى هەولێر،نەخۆشخانە پێش كردنەوەى وێران بێت ولە كەلاوەیەك بچێت،قوتابخانە چوار وانەى تیا نەخوێندرێت و دووچارى داروخان و دارمان ببێت،لە چ وڵاتێكى ترى دونیا جگە لە كوردستان ئەو هەموو كارەساتەى هاتووچۆ و قوربانیەتان بینیوە..،چەندین نمونە لەم بارەیەوە لەبەردەستمان دایە كەسان و لایەنێك نیە بۆ بەداواداچون و لێكۆڵینەوە، گەورەترین كێشەى ئێمە ئەوەیە بەدواداچون و لێكۆلینەوە و لێپرسینەوە نیە،چونكە دز و ساحێب ماڵ هاوبەشن،جێبەجێكارى پرۆژە ئەگەر چاودێریكەرى پرۆژەكە خۆى و خانەوادەكەى نەبێت بێ شك كوڕە خەزورى یان كوڕە پورى ئەو پەڕەكەى دۆست و ئازیزیەتى.بۆیە ئەگەر بودجەى هەموو عێراقیش بۆ كوردستان سەرف بكرێت ئەگەر گیرفانى بەرپرسان كون نەكرێت هەنگاوێك ناچینە پێشەوە!
بۆ وڵاتێكى ئەفغانستان بەو وێرانیەى خۆى ئیستا 15 كاتژمێر خەڵكەكەى كارەبایان هەیە،زۆرێك لەوڵاتانى دونیا لەهەوڵدان تا دورگەكانیان تەخت بكەن و شوێنى نیشتەجێبون و سەكەنى بۆ خەڵك فەراهەم بكەن و خزمەتگوزارییەكانى بگەیەنن،بەڵام لاى ئێمە لە دەشتى پان و بەریندا مەترێكت پێڕاوا نابینن و ئەگەریش بەرپرسێكت ناسى و شانس یاوەرت بوو لە زستاندا لەنێو قوڕ و لیتە و لە هاوینیشدا لەنێو تۆ ز و خۆڵ و لە بێ ئاوییدا دەخنكێیت و دەبێت پەلەبكەیت بەرپرسێك بهێنیتە دراوسێى خۆت،لەپاش ساڵى دووهەزار و پێنجەوە یابان رێگاوبانەكانیان هێندە پێشكەوتون پێویستیان بە ترافیك لایت نەماوە هەمووى پرد و نەفەقەیە،لە مانگى رابردوو لە كۆریا لەبەر ئەوەى كەمتەرخەمى لە چارەسەركردنى مناڵێك كراوە بەرێوەبەر و دكتۆر و كارمەندانى نەخۆشخانە توندترین سزا دران،بەڵام لەوڵاتى مندا دكتۆر دەبێتە عزرائیل و كەسیش بەلایداناچێت.
باشە تاكو ئیستا بەرپرسانى ئەو وڵاتەى ئێمە لەخۆیانەوە نەپرسیوە لە وڵاتێك كە زۆرترین دەستى كاركەرى گەنج و ئەكتیڤى لەبەردەستایە،زۆرترین و باشترین سامانى سروشتى لەبەردەستایە،زۆرترین ئیمكانیاتى ماددى لەبەردەستایە،بۆچى خاوەنى هیچ بەر هەمێك نین ! ئەگەر یەك هەفتە سنورەكان دابخرێت لە برسان دەمرین،خۆ گیرفانى خەڵك خۆش بێت وڵاتانى دونیا نەماوە تیادا نەگەڕابن چۆنە بیرێكیان بۆ نەهاتوە دەستى كارى ئەو وڵاتە و سامانە سروشتیەكەى بخەنە گەڕ.
بە پێچەوانەى زۆرێك لە بۆچوونەكان من پێم وایە دەسەڵاتى سیاسى لە دوایى راپەرینەوە زۆر عاقڵانە و سیاسیانە مامەڵەیان كردووە! ئەگەر نا چۆن دەیانتوانى (18)ساڵ سەروەت و سامانى ئەو خەڵكە لەتاریكیدا گووم بێت و خەڵكیش لە نێو ئازارى نەبوونى و برسیەتى و سەرگەردانیدا رابگرن!؟ ئەگەر عاقڵانە مامەڵەیان نەكردبێ،چۆنە دوایى (18)ساڵ لە حكومەت و پەرلەمان ، كەچى تاكو ئیستاش (ئاو و كارەبا و جادە و ئاوەڕۆ و نەخۆشخانە و قوتابخانەیان) لەخەڵك كردووە بە كێشە و بەردەوام خەڵكى پێوە سەرقاڵ دەكەن؟!
ئەگەر ژیرانە هەنگاویان نەبڕیبێ،ئەوە چۆنە رۆژانە ناعەدالەتى و زوڵم و زۆردارییەكان بەبەرچاوى هەموومانەوەیە كەچى شەقامەكان نابینیت پڕ بێت خۆپیشاندان و نارەزایەتى و پێیان بڵێین ئەو وڵاتە بۆ ئاوایە؟!
لەماوەى دوو دەیەى رابردوو دەكرا كارى زۆر باشتر و چاكتر بكرایە و دەیان كێشە و گرفت و كارەسات دووچارى خەڵك نەبوایە،بەڵام عەقڵیەتى بەرێوەبردنى دەسەڵاتى سیاسى رێگەى نەداوە و نەیانكردوە،بۆیە بە هەزارەها دۆلار بۆ بێدەنگ كردنى نوسەران و رۆژنامەنوسان و روناكبیران سەرف دەكەن، دامودەزگاى سیخوڕى و نهێنى بەسەر جموجۆڵە تایبەتیەكانى تاكەكان دادەنێن،رێكخراو و دەستە و كۆمەڵەى جۆراو جۆریان لەناوەندەكاندا دورست كردووە،دەزگاى پەخش و بڵاوكردنەوەى گەورە گەورەیان لەبەردەستایە و لە هەموو جانبەكانیش لە هەوڵدان بۆ گەورەكردنى كەس و پرۆژە و كار و هەڵوێستەكانى خۆیان ،بەڵام لەبەر ئەوەى كێشەكان بە هەڵواسراوى ماوەتەوە و دەستى خستۆتە بیناقاقاى گەردنى خەڵك و خەڵكى كوردستان ،بۆیە بەردەوام توڕەبونێكى قوڵ بە سیماو ئاكاریدا هەستى پێدەكرێت.
تاكاتێكیش سیستەمى بەرێوەبردن لەدەستى حیزب و میزاج و بەرژەوەندى كەسەكان بێت،ناتواندرێت هەنگاوێك بۆپێشەوە برۆین و رۆژ لەدواى رۆژیش بەرەو كێشە و كارەساتى گەورەتر بەرەو روو دەبین و خەڵكى هەژار و كەمدەرامەتیش دەبێت باجەكەى بدەن.
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست