کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بڕیاری‌ داخستنی‌ دادگای‌ باڵای‌ تاوانه‌كانی‌ عێراق دانیشتوانی‌ ده‌ڤه‌ری‌ پشده‌ر نیگه‌ران ده‌كات

Tuesday, 07/06/2011, 12:00


ئه‌مڕۆ (دوشه‌ممه‌) قایمقامی‌ قه‌زای‌ پشده‌ر و ناوه‌ندی‌ داكۆكیكردن له‌ زیانلێكه‌وتوانی‌ پشده‌ر گۆنگره‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌وانیان سازكرد له‌دژی‌ بڕیاری‌ داخستنی‌ دادگای‌ باڵای‌ تاوانه‌كانی‌ عێراق كه‌ له‌ رابردودا ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق ره‌زامه‌ندی‌ له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌ربڕی‌ و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش به‌یاننامه‌یه‌ك به‌ هه‌ردو زمانی‌ كوردی‌ و عه‌ره‌بی‌ بڵاوكرایه‌وه‌ و ئاماژ به‌وه‌شكرا كه‌ ئه‌گه‌ر هیچ وه‌ڵامێكیان ده‌ست نه‌كه‌وت، ئه‌وا له‌ داهاتودا هه‌ڵوێستی‌ دیكه‌ ده‌گرنه‌به‌ر.
رژێمی‌ به‌عس له‌سه‌رده‌می‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ خۆیدا چه‌ندین تاوانی‌ گه‌وره‌ی‌ دژی‌ خه‌ڵكی‌ عێراق به‌گشتی‌ و گه‌لی‌ كورد به‌تایبه‌تی‌ ئه‌نجامدا، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا رۆژی‌ 24/4/1974 به‌چه‌كی‌ قه‌ده‌غه‌كراوی‌ ناپاڵم بۆردومانی‌ شاری‌ قه‌ڵادزێی‌ كرد كه‌ له‌وكاته‌دا زانكۆی‌ سلێمانی‌ له‌و شاره‌ بو، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ 147 كه‌س شه‌هید بون و به‌شدان هاوڵاتی‌ دیكه‌ش بریندار بون.
حه‌سه‌ن عه‌بدوڵا قایمقامی‌ پشده‌ر له‌لێدوانێكی‌ رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ سه‌رده‌می‌ رژێمی‌ به‌عسدا ده‌ڤه‌ری‌ پشده‌ر راگوێزراوه‌، ئه‌وه‌ش ده‌چێته‌ چوارچێوه‌ی‌ تاوانی‌ جینۆساید كه‌ ده‌رهه‌ق به‌ خه‌ڵكی‌ ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ كراوه‌، له‌ماوه‌ی‌ رابردوشدا به‌هه‌وڵی‌ كۆمه‌ڵێك كه‌سی‌ خۆبه‌خش توانرا ئه‌مه‌ بكرێته‌ كه‌یسێك و له‌دادگای‌ باڵای‌ تاوانه‌كانی‌ عێراق كاری‌ له‌سه‌ر بكرێت.
قایمقامی‌ قه‌زای‌ پشده‌ر ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد كه‌ له‌ رابردودا چه‌ندین شه‌یاتحاڵ له‌و دۆسیه‌یه‌دا ئیفاده‌یان لێوه‌رگیراوه‌ و ته‌نها ئه‌وه‌ ماوه‌ ئیفاده‌ له‌ تاوانباران وه‌ربگیرێت، كه‌ ئه‌وانیش بریتین له‌ (فه‌رحان موتڵه‌گ جبوری‌ و سوڵتان هاشم و سابر ئه‌لدوری‌) و له‌ ئێستادا له‌لایه‌ن هێزه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكاوه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر كراون.
پاش روخانی‌ رژێمی‌ به‌عس له‌لایه‌ن، ئه‌نجومه‌نی‌ كاتی‌ حوكم له‌ عێراق بڕیاری‌ ژماره‌ی‌ (1)ی‌ له‌ رێكه‌وتی‌ 10/12/2003 دا ده‌ركرد و به‌پێی‌ ئه‌و بڕیاره‌ش دادگای‌ باڵای‌ تاوانه‌كانی‌ عێراق دامه‌زرا، به‌وهۆیه‌وه‌ چه‌ندین تاوانبار له‌و دادگایه‌ به‌سزا گه‌یه‌نران و به‌شێك له‌و تاوانبارنه‌ی‌ كه‌ده‌ستیان هه‌بو له‌ كوشتن و خاپوركردنی‌ هه‌زاران گوند و شارۆچكه‌ و به‌تایبه‌ت راگواستنی‌ 26/6/1989ی‌ ده‌ڤه‌ری‌ پشده‌ر، به‌ سزا گه‌یه‌نران، به‌ڵام چه‌ند كه‌سێك له‌و تاوانبارانه‌ تاوه‌كو ئێستا به‌سزای‌ یاسایی‌ نه‌گه‌یشتون و له‌ئێستاشدا به‌هۆی‌ رێككه‌وتنی‌ سیاسییه‌وه‌ هه‌وڵی‌ داخستنی‌ ئه‌و دادگایه‌ ده‌درێت.
حه‌سه‌ن عه‌بدوڵا وتیشی‌: هه‌مو هه‌وڵه‌كانی‌ خۆمان ده‌خه‌ینه‌گه‌ڕ له‌پێناوی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ئه‌و دادگایه‌ دانه‌خرێت تاوه‌كو سه‌رجه‌م تۆمه‌تباران به‌ سزای‌ یاسایی‌ خۆیان ده‌گه‌ن، ئه‌گه‌ر پێویستیشی‌ كرد ئه‌وا ئێمه‌ ده‌چینه‌ به‌رده‌م په‌رله‌مانی‌ عێراق و مانده‌گرین، هه‌ربۆیه‌ داوا له‌ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی‌ كوردستان و ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق ده‌كه‌ین كه‌ ئه‌م هه‌وڵه‌ په‌ك بخه‌ن.
جێی‌ ئاماژه‌یه‌ رۆژی‌ 4/5/2011 ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق ره‌زامه‌ندی‌ پیشاندا له‌باره‌ی‌ داخستنی‌ دادگای‌ باڵای‌ تاوانه‌كانی‌ عێراق به‌هۆكاری‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ نه‌فه‌قاتی‌ ئه‌و دادگایه‌ زۆره‌.
هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه‌ پارێزه‌ر جه‌لال قادر ئه‌ندامی‌ ده‌سته‌ی‌ داكۆكیكار له‌زیانلێكه‌وتوانی‌ قه‌ڵادزێ‌ رایگه‌یاند: ئێمه‌ ناڕه‌زایی‌ خۆمان ده‌رده‌بڕین دژی‌ ئه‌و بڕیاره‌ی‌ كه‌ دراوه‌ بۆ داخستنی‌ دادگای‌ باڵای‌ تاوانه‌كانی‌ عێراق.
وتیشی‌: ئێمه‌ چاوه‌ڕوان بوین ئه‌و دادگایه‌ چاو به‌و دۆسیه‌ی‌ ئه‌و تاوانه‌ گه‌ورانه‌دا بخشێنێته‌وه‌ كه‌ دژ به‌ خه‌ڵكی‌ ده‌ڤه‌ری‌ پشده‌ر كراون، وه‌ك بۆردومانی‌ شاری‌ قه‌ڵادزێ‌ و راگواستنی‌ دانیشتوانه‌كه‌ی‌، به‌ڵام بڕیای‌ داخستنی‌ ئه‌و داگایه‌ بڕیارێكی‌ سیاسییه‌ و هه‌وڵێكه‌ بۆ رازیكردنی‌ لایه‌نه‌ شۆڤێنییه‌كان.
وتیشی‌: ئه‌و بڕیاره‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران بۆ داخستنی‌ دادگای‌ باڵای‌ تاوانه‌كان، پێچه‌وانه‌ی‌ ماده‌ی‌ 134ی‌ ده‌ستوری‌ عێراقه‌ كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات پێویسته‌ كاره‌كانی‌ ئه‌و دادگایه‌ به‌رده‌وام بێت تا كۆتایهاتنی‌ ئه‌ركه‌كانی‌، هه‌روه‌ها ئیحاله‌كردنی‌ ئه‌و دۆسیانه‌ بۆ دادگای‌ ئاسایی‌ پێمان وایه‌ كه‌مكردنه‌وه‌یه‌ له‌ به‌ها و گه‌وره‌یی‌ تاوانه‌كه‌ و بۆ رزگاركردنی‌ كۆمه‌ڵێك تاوانباره‌، ئه‌وه‌ به‌ هه‌وڵێكی‌ شۆڤێنیانه‌ی ده‌زانین بۆ ئه‌وه‌ی‌ كۆمه‌ڵێك له‌و تاوانبارانه‌ی‌ كه‌تاوانی‌ گه‌وره‌یان كردوه‌ دژی‌ گه‌لی‌ كورد به‌سزای‌ یاسایی‌ نه‌گه‌ن، بۆیه‌ ئێمه‌ ئه‌مڕۆ هاتوین بۆ قایمقامیه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی‌ لایه‌نی‌ په‌یوه‌ندیدار ئاگادار بكه‌ینه‌وه‌ و پشتگیریی‌ زیاتر كۆبكه‌ینه‌وه‌، هه‌ر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش به‌یاننامه‌یه‌كمان به‌ هه‌ردو زمانی‌ كوردی‌ و عه‌ره‌بی‌ بڵاوكرده‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌م به‌یاننامه‌یه‌ش هیچ كاردانه‌وه‌ی‌ نه‌بو به‌دڵنیاییه‌وه‌ بیر له‌هه‌ڵوێستی‌ دیكه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌.
محەمەد عوسمان
Khalid Ahmed Asinger
www.asinger.co
محەمەد عوسمان

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە