کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


عەقید كوك: ئێمە رێگە نادەین بارەگای پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان لەكەركوك دابخرێت

Tuesday, 09/06/2009, 12:00


شاندێكی ئەمریكییەكان بەسەرپەرشتی فەرماندار عەقید كۆك سەردانی بارەگای پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستانیان كرد. شاندە كە لەلایەن بەرپرسی پەیوەندییەكان محمەد عەلی، ئەندامانی ئەنجوومەن شیرین عەبدوڵڵا، ئازاد رەشید وئەكبەر شەمسوڵڵا پێشوازیان لێكرا. سەردانەكە كاتژمێر چواری دوای نیوەڕۆ پێكهات. لەسەرچەند مەسەلەی گرنگ گفتوكران، لەوانە داخستنی بارەگای پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان لەكەركوك بەئەمری وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری ئەمنی نیشتمانی، شێوازی تێكۆشانی پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان وئەو فشارانەی لەسەر پارتی چارەسەری بەرێوە دەچێت. فەرماندار عەقید كۆك كە سەرپەرشتی شاندەكەی دەكرد، گوتی، لەو كاتەوەی كە من هاتوومەتە شاری كەركوك هیچ شتێك لەسەر پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان نەگوتراوە وپارتێكە خاوەن بەرنامەو كاری دیموكراتییەو لەشاری كەركوك. هەروەها ئەوەشی گوت، كەپارتی چارەسەری بارەگای داناخرێت و من ئەو بابەتە لەگەڵ لایەنە ئەمنییەكانی شاری كەركوك گفتوگۆ دەكەم وچونكە پارتی چارەسەری دووجار بەشداری هەڵبژاردنی كردووەو پارتێكی یاساییە. لەسەر ناوی پارتی چارەسەری رێكخستنی كەركوك بەرپرسی پەیوەندییەكان بەرێز محمەد عەلی گوتی؛ هیچ لایەنێكی ئەمنی لەشاری كەركوك بەتایبەتی ناتوانێت بسەلمێنێت كە یەك ئەندامی پارتەكەمان نەك پشتگیری تیرۆر یەك قسەی خەڵكیشی لەسەر بێت. پارتی چارەسەری لەساڵی 2003وە لە كەركوك بارەگای هەیەو خاوەن خزمەتێكی زۆرە، ئەو زیاتر لە شەش ساڵەكەس شتی لەسەر ئێمە نەبووە، پەیوەندیمان لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەكان و رێكخراوە دیموكراتییەكاندا باشەو لەو هەڵبژاردنەی هەرێمی كوردستانیشدا پشتگیریمان بۆ لیستی هیوا كردووە. بەڵام بەبیانووی پشتگیریمان بۆ ئەو لیستە، موسادەقەكەی لێ وەرگیراوەتەوە. عەقید كۆك گوتی، من بەدوادا چوون دەكەم و پشتگیری لەبۆچوونەكانتان دەكەم.
شایانی باسە دانیشتنەكە نزیكەی یەك كاتژمێری خایاند وهەر دوو لا جەختیان لەسەر پێشخستنی پەیوەندییەكانیان كردەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە