کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


گۆڕانه‌که‌ی کاک نه‌وشیروان تمام شد، گۆڕانخوازه‌کان ئێوه‌ش بڕۆنه‌وه‌ ماڵی خۆتان

Friday, 07/10/2011, 12:00


هەر لەسەرەتای دەستپێکی خاڵی دوەمی جوڵاندنی بزوتنەوەی گۆڕان لە پێش وەخت ، لەو دەمەوە پێشبینی دەرەنجامی ئەم خاڵە کۆتاییەی ئێستای گۆڕان دەکرا. لە لایەن خوێندنەوە فیکریەکانەوە بە ئاشکرا دیار بو کە ئەم بزوتنەوەیە بە ئاقارێکی زۆر مەترسیداردا ڕێدەکات. دەگاتە ئاستێك کە لە پێشوەختدا دەمەیەت، لەوێشەوە بە لێواری پوکاندنەوەکانا شۆڕ دەبێتەوە، کەوا ئێستا بەڕونی دەرەنجامی ئەو بزوتنەوەیە دەبینرێت. ئیدی هەر هەژگە هەژگێکی لا بەلای غەشیمانە تازە هیچ دایی ئەو بزوتنەوەیە نادات.... لەو پوکاندنەوە خێرایە قوتاری ناکات . هه‌ر وه‌ک ئه‌حمه‌د هه‌ردی ده‌ڵێت: (بەدەستی خۆت کە جامت خستە سەر لێوت غەشیمانە گەر زەهریشی تیا بو بینۆشە خەتای خۆتە بیزانە) .
دەرەنجامی ئەم ئەجەلی پوکاندنەوەیەش لەوێوە سەرچاوە دەگرێت کە بزوتنەوەی گۆڕان لە دەسپێکی خاڵی دوەمەوە لە غروریەوە بێئاگا لەوەی کە بەرپرسیارێتیەکی گەورەیی مێژویی لە ئەستۆیدایە و پێویستە مامەڵەیەکی حەکیمانە دور لە ئالودەبونی غروری لەتەکدا بکات. دەبوایە ئەوەی لا ڕونبوایە کە بە دەنگەوە چونی پرۆسەی گۆڕان ئەرکێکی ئێجگار قورسە پێویستە کارو کردەوە، هزری نوێخوازی بەرپەچدانەوەلە ڕویەکی جواندا دەستنیشان بکات هەموشیان لە ئامانجێکی دیاردا یەکبخات ..، چونکە بە تەنیا لە مینبەرێکی میدیایی بێپسپۆڕ لە گردێکی پڕ لەقسەی نەستەق و نوکتەبازیەوە بزوتنەوەیەکی گەورە بەڕێوە ناچێت هیچ بەلای داواکردنی مافە ڕەواکانی خەڵکیدا ناگوزەرێت، بە نوشست بۆ دەگەڕێتەوە. زۆر بەوردی دەکەوێتە بەرشاڵاوی چاوتێبڕین و پلانگێڕی ئەو هێزەی کە ئەم بە مانشێتی دەیگۆڕین دەیگۆڕین بەڕویاندا دەوەستێتەوە کە ئەوانەش دەسەڵاتی پارتی و یەکێتین، تەنانەت لەگەڵ ئەوانەشی کە بزوتنەوەکە بەهاوەڵیان دەزانێ و هاوپەیمانیان لەگەڵدا دەکات ئەوانیش حزبە بچوکەکانن. لێ بەداخەوە غروری زاتی و غروری و بێئاگایی و هاوپەیمانێتی تێنەگەیشتوانە، لێك جیانەکردنەوەی کارو کردەوە و خۆلادان لە هزری نوێخوازی، دور کەوتنەوە لە هەڵوێستی جوامێری، پەنا بردنە بەردەم فاکتەرە دوفاقیەکان ئەم گۆڕانە شپرزەیەی ئێستای لێدەکەوێتەوە ئەوەتا بە خەروارێک هەڵەی کەڵەکراوەوە کۆچی دوایی کرد ئێستاش لە جێی خۆیدا لە هزرێکی ویژدانیەوە پێی بڵیین گۆڕان کۆتایی هات..!
ئاواش لێرەدا دەمەوێت بەناو هەندێ لە هەڵەکانی گۆڕاندا گوزەر بکەم..؛!
گۆڕان لەو دەمەی کە خاڵی یەکەم بۆ دوەمی تێپەڕاند، لەو خاڵەوە ئاسانکاری کرد بۆ غوڵامە فاسدە ئینقلابچیە کۆنە یەکێتیە دەرکراوەکان ئیدی لەوێوە بزوتنەوەی گۆڕان واژۆی لەسەر کۆتایی هێنانێکی هێواشی پێشوەختی خۆی کرد، بە بێ ئەوەی دەرکی پێبکات خۆی لە هەمو هزرێکی نوێخوازی و بەدور گرت، ڕوحی بەرەنگار بونەی ناعەدالتی و ناڕەوایی و مافزەوتکردنی تاکی کۆمەڵی لە خۆیدا خاڵی کردەوە، ئەوەشی لەو ماوەیەدا دەگوزەرا بێجگە لەباڵۆنە بەتاڵی مناوەرەیەکی میدیایی زیاتر هیچی تر نەبو. چونکە لە دەستپێکردنی خاڵی دوەمەوە گۆڕان خۆی هیچی پێنەبو، هیچ ئایدیایەکیشی نەبو . ئەمە لای خودی دەسەڵاتیش ئاشکرا بو بۆیە هەرگیز نەیاندەویست بزوتنەوەی گۆڕان لەناو گۆڕەپانی سیاسیدا دور بخەنەوە، بە پێچەوانەوە دەیانویست خۆیانی پێ مەحکەم تر بکەن. لەگەڵ ئەوەشدا ئەوان ئەزمونێکی درێژخایانیان هەیە لە دورخستنەوەی مەترسی لەخۆیان جا لەشێوەی خۆتەسلیم کردن بێت بەو هێزانەی لەخۆیان گەورەترن یان بە هەڵهاتن وەیان بە پەلاماردانی ئەو هێزانەی لەخۆیان بچوکترن ... دەسەڵات لەڕێی هەڵسەنگاندنەوەکانیانەوە بە تەواوەتی لە پێکهاتەی ئەو دەستەو تاقمەی چمکی بزوتنەوەی گۆڕانیان گرتبوە دەست شارەزابون ... دەیانزانی ئەوانە نەنوێخوازن نەپێشکەوتوخوازن نەهەڵوێستێکی سابت نە فیکرەیەکیان لەوان زیاتر پێیە و تەواویشیان بەرژەوەند پەرستن و هەندێکیشیان بە عاتفە بونەتە گۆڕان ڕێژەیەکیشیان فاسد. کەواتە ئەوان بەسانایی دەتوانن سەوداو مامەڵەی خۆیان لەگەڵ ئەو بەرژەوەند پەرست فاسد و گۆڕانە نەگۆڕاوانە بکەن، هەر هەڵایەکیش لای ئەوانەوە بێت ئەوا جێی مەترسی و زیانبەخشی نیە بەڵکو بە تەراویحێکی سیاسی کلاسیکی پێناسەی دەکەن ...!
دەسەڵات دەیزانی ئەوەی گۆڕان دەیەوێت کاری لەسەر بکات بە تەنیا لیژنەیەکی نەزاهە دەتوانێت ئەو کارە ئەنجام بدات ... کەواتە ئەو بزوتنەوە گەورەیە بەو هەمو بەرفراوانیەوە لە هزرو کارو داواکانیا هێندە بچوکە دەوری لێژنەیەکی نەزاهە دەبینێت .
یەکێك لەهەڵەکانی تری بزوتنەوەی گۆڕان ئەوەبو کە هاوپەیمانیەکی تەواو غەشیمانەی لەگەڵ حزبە بچوکەکاندا کرد. لەبەر ئەوەی هیچیشی پێنەبو حزبە بچوکەکان هەر زو زانیان ئەم هاوپەیمانیەی گۆڕان کە لەگەڵیاندا بەستویەتی هاوپەیمانیەکی غەشیمانەیە هەربۆیە هاوکێشەکەیان هەڵگێڕایەوە گۆڕانیان بەو هەمو بەرفراوانیەوە خستە بۆسەوەو لە بەرژەوەندی خۆیان گۆڕانیان بەکارهێنا، خۆیان لەو بازنە بچوکەی کە بەدەوریانا کێشرابوناویشەوە خەریک بو دەپوکانەوە خۆیان لەو پوکاندنەوەیە دەرباز کرد، کەمێك خۆیان هەڵئاوسان و چونەوە مەیدان لەوێشەوە لەبەردەم دەسەڵاتدا بەنرخی ڕۆژ نرخی خۆیان بەرزکردەوە تەنیا لەبەر ئەوەی کەمێك دۆلاری زێدەتر بخەنە سەر بوجەکەیان. ئەمە زۆرەو تا نوسینێکی تر وازی لێدێنم.
لەلایەکی تر هەڵە مێژوییەکەی نەوشیروان مستەفا..!
ئەوەی کەمێك مێژوی خوێندبێتەوە ئەوەی لا ئاشکرایە کە نەوشیروان مستەفا بەدرێژایی تەمەنی سەرسەخت ترین دوژمنی بنەماڵەی بارزانی و خودی بارزانی بوە تەنانەت لە یاداشتە چاپکراوەکەیدا بە ناونیشانی (لە کەناری دانوبەوە تا خڕەی ناوزەنگ) لەیەکێك لە بڕگەکانیدا دەڵێ : بارزانی (زۆر زۆڵ بوە) کە بەکارهێنانی ئەم وشە لە ڕوی ئەدەبیاتەوە لە نوسینی یاداشدا زۆر زەحمەتە بەکار بهێنرێت لێ ئەو بێگوێنەدا یاسای ئەدەبیاتی یاداشت نوسینەوە ئەم وشەیەی بەکارهێناوە هێندە سەرسەخت بوە بەرامبەریان، کەچی ئێستا هەر وەک ئەو نەبوبێ بۆ ماوەی چوار کاتژمێر دەچێتە پرسەی خێزانی ئەو کەسەی کەخۆی بەزۆڵ ناوزەندی کردوە. لەگەڵ ئەوەشدا هەر خۆی دان بەوەدا دەنێت کە ناچێتە پرسەو بۆنەی هیچ کەسێکەوە، هەر وەک خۆی کە لەهەمان کتێبدا لەبڕگەیەکی تریدا ئاماژە بەوە دەدات کە لەو دەمەی بۆمبەکەی سانەوی کوردستانی کچانی بەسەردا ساغ دەبێتەوە لەهەمو پرسەو بۆنەکان بێبەش بوە. ئەی ئەم هاوبەشی کردنی پرسەیە چ خێربو ....! وەیاخود چ ڕەوایە چوار سەدهەزار دەنگ بکەیتە قوربانی چوار کاژمێری پرسەیەك . لێرەدا باس لە دانیشتنە قەیسەریە دوقۆڵیەکە ناکەم لە تەوەرەیەکی تر دەدوێم.
هەر وەک ئاماژەم پێداوە و خۆشی هەر وا دەڵێ: نەوشیروان مستەفا سەرسەخت ترین دوژمنی بنەماڵەی بارزانی بوە بەدرێژایی تا تەمەنی سەرگردەکەی کە تەواوی دوژمنکاریەکانی بەپێی ئەو سەردەمانە لە ڕوی مەعریفیەوە هیچی لەجێی خۆیدانەبوە لەگەڵ ئەوەشدا سەدان ڕۆڵەی خەڵکی هانداوە لەسەر ئەو هزرە دوژمنکارانەی خۆی لەبەر ئەوەش ئەو هزرە دوژمنکاریانە لەجێی خۆی نەبوە چونکە لەو سەردەمەدا بنەماڵەی بارزانی هیچ دەسەڵاتێکیان نەبوە نە سەروەت و سامانی وڵاتیان پێبوە نە بڕیاری چارەنوسازی نەتەوایەتیو نیشتمانیان لابوە نە دەزگای ئاسایش و موخابەرات و نەدەزگای کوشتارو تۆقێنەریان هەبوە نە خاوەنی سەرچاوە نەوتیەکانی کوردستان بون . کەچی بە پێچەوانەوە ئێستا بنەماڵەی بارزانی تەواو خاوەنی هەمو ئەوانەن لەتەکیدا زوڵم دەکەن زەوت دەکەن دەکوژن خوێنی تاکی کوردی بەشمەینەت لایان حەڵاڵە، وڵات بەهەدەر دەدەن ئەوەی دەبێت نەکرێت ئەوان دەکەین . پێویستە ئێستا نەوشیروان مستەفا هەڵوێستی هەبێت بەرامبەریان نەک دوژمنیش بەڵکو تەنیا دژیان بێت لەسەر کارە دزێوەکانیان قسەی هەبێت کەچی ئێستا بە پێچەوانەوە دۆستایەتیان دەکات کە ئەم دۆستایەتیەی لەجێی خۆیدا نیە لە هەمان کاتشدا دوژمنایەتی جەلال تاڵەبانی دەکات کە نزیکەی چل ساڵ هاوخەباتی بوە و ڕۆژانێکیش دەیوت ئەگەر فیشەکێ بۆ سنگی جەلال تاڵەبانی بێت من خۆمی دەخەمە بەر ...لە کۆتاییدا دەڵێم ئەرێ ئەم هەمو دوفاقیانە بۆ ئەم سیاسەتە کەس لێتێنەگەیشتوە بۆ...؟ دەفەرمو گۆڕان کۆتایی هات کۆچی دوایی کرد گردەکە چۆڵکەن ئەیکەین بە چەڵتوک و گەنم . هیچیش ئامادەنین گۆێ لە موناجاتە بێسەروبەرەکانیشتان بگرین.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە