خۆشەویستی ئاین و نیشتیمان
Monday, 26/11/2012, 12:00
هەندێک کەس پێی وایە پابەند بوون بە ئاین و خوداپەرستی ئەبێتە هۆکاری دورکەوتنەوە لە خۆشەویستی و دڵسۆزی بۆ نیشتیمان، یاخووت هەیە پێی وایە ئەگەر ئاین پەروەر بین ئەبێت دەست لە نیشتیمان هەڵگرین و نابێت خۆشەویستی و (ولاو) مان بۆ نیشتیمان هەبێت، چەندان بیروبۆچونی تر هەن لەو بارەیەوە کە پێویستیان بە توێژینەوەو گفتوگۆ لەسەر کردن هەیە.
لەگەڵ رێزمدا بۆ ئەوانەی پێیان وایە پابەند بوون بە ئاین یان ئاین پەروەری ئەبێتە هۆی دورکەوتنەوە لە خۆشەویستی نیشتیمان، بۆ ئەوەی هەم لەو هەڵوێستە خۆیان ڕاست بکەنەوەو بتوانن ئاشنای ناخی ئاین پەروەران بن و بزانن ئاخۆ پابەند بوونی ڕاستەقیینە بە ئاین ئەو شێوازەیە کە ئەوان لێی تێگەیشتتوون یان پێویستیان بە خۆڕاستکردنەوە هەیە، بۆیە بە پێویستم زانی ئەم چەند وشەیە پێشکەش بە ئەوان و خوێنەران بکەم لەم ساتە دا کە خۆشەویستی نیشتیمان لای هەندێک کەس کاڵ بۆتەوە، وە هەروەها بۆ ئەوەی هەڵوێستی خۆشم بخەمە روو زیاتر روون بێتەوە ئاخۆ پابەند بوونم بە ئاین بووەتە هۆکاری دابڕانم لە خۆشەویستی و دڵسۆزی بۆ نیشتیمان یان دڵسۆزی و خۆشەویستیم بۆ نیشتیمان زیادی کردووە.
بێگۆمان چەندەی ئاین پەروەربین، لە ئاین نزیک بین سۆزمان بۆ نیشتیمان زیاتر ئەبێت، زیاتر هەست بە خۆشەویستی نیشتیمان ئەکەین، چونکە ئەو ئاینە فێری کردوین و فێرمان ئەکات و پێمان ئەڵێت نیشتیمان چییە و ئەبێت چۆن بین بۆی. ڕوون و ئاشکرایە من کە خۆم بە ئاین و نیشتیمان پەروەر ئەزانم لە نیشتیمانی کوردستان چاوم بە دنیا هەڵێناوەو بە قەدەری خودا هەتوومەتە ئەم جیهانە، ڕاستە لەم نیشتیمانە ئاشنای ئاین بووم، بەڵام ئاین پیناسەی نیشتیمانی بۆکردوم و هەر ئاینیش نیشتیمانی پێناساندوم و خۆشەویستی نیشتیمانی بۆ باس کردوم، ئەو ئایینە فێری کردوم ئاخۆ نیشتیمان چییە و چەندە پیرۆزەو ئەبێت چۆنبم بۆ نیشتیمان.
کاتێک ئەم بینن لە میحراب خزمەتکارێکی ئاین و مزگەوتم جگە لەوەی ئەرک و فەرمانێکی ئاینی و ئەرکی سەرشاننمە، دڵخۆشم کە ئاین پەروەرم و لە میحرابم، چونکە ئەو میحراب و مینبەرە لەگەڵ ئەوەی شوێنی خوداپەرستیمە و بەختەوەر و سوودمەندیشی کردووم، زۆر شتی بەسودیشی فێرکردوم، یەکێک لەو سودانەی لە میحراب ئاشنای بووم وای لێکردوم مەردبم نەترس و گیان لەسەردەست، درێخی نەکەم لە خزمەتی ئاین و نیشتیمانم، جوامێر و نەترس هەمیشە ئاین پەروەرو نشتیمان پەروەربم. کاتێک ئەڵێم ئاین پەروەرم لە خزمەتی ئاین و میحراب و مزگەوتم، ئاواش وتومەو ئەڵێم نیشتیمان پەروەرم لە خزمەتی نیشتیمان ومیللەتم.
ئەمەوێت هەموو لایەکیش بزانن من نەتەوە پەرست و خاک پەرست نیم، بەندەی خودام بەندەی هیچ کەسیش نیم، سوپاس بۆ خودا لەگەڵ ئەوەی بەندەی خودام ئاین پەروەرم، نیشتیمان پەرەوەریشم، هەرچەندەی ئاین پەروەربم، نیشتیمان پەروەریشم، ساتێک پشت لە نیشتیمان ناکەم و میللەت فەرامۆش ناکەم، چونکە هیچ جیاوازییەک نابینم لە نێوان خۆشەویستی و دڵسۆزی بۆ ئاین و نیشتیمان، چەندەی بڵێن ئاین پەروەرم وخۆشەویستیم بۆ ئاین هەیە، ئەم خۆشەویستیەش نەبووتە بەربەست بۆ خۆشەویستی نیشتیمان و خۆشەویستییەکی زۆریشم بۆ نیشتیمان هەیە، هەر ئەو ئاینە فێری کوردوم و ئاشنای خۆشەویستی نیشتیمانی کردوم. وەک چۆن بۆ خودا پەرستی لە میحراب و مزگەوت ئامادە بووم و ئامادەم، ئاواش بۆ پاراستنی نیشتیمان ئامادە بووم و ئامادەم، چۆن سەربەرزم بە ئاینەکەم و شانازی پێوە ئەکەم ، شانازیش بە نیشتیمانەوە ئەکەم، ئامادەبووم و ئامادەم بەهەموو شێوەیەک پارێزگاریان لێبکەم و لە خزمەتیاندابم، چونکە بوون و سەربەرزی من بە سەربەرزی ئاین و نیشتیمانەوەیە.
کاتێک لە میحراب و مزگەوت، گیان لەسەردەست و گیان فیدا ئامادەم بۆ ئاینەکەم بەهەمان شێوەش بۆ نیشتیمان ئامادەم، چونکە ئاین و نیشتیمان دوو چەمکی گرینگی پێکەوە گرێدراون لە ژیاندا، هیچ هێزێک ناتوانێ لەیەکیان جیا کاتەوە، هیچ هێزێک ناتوانی لە خۆشەویستی ئاین و نیشتیمان دورم خاتەوە، هەمیشەش وتومەو ئەیڵیمەوە پیرۆزترین ئاینم هەیەو سەربەرزم بە ئاینەکەم و شانازیم پێوەکردوەو شانازی پێوە ئەکەم، خۆشەویسترین نیشتیمانم هەیە شانازیم پێوە کردوە و شانازیشی پێوە ئەکەم، تا لە ژیانیشدابم خۆم بە خزمەتکاریان ئەزانم و هیچ کات درێخیم نەکردوەو درێخی ناکەم لە خزمەت و دڵسۆزی بۆ ئاین و نیشتیمان.
بە شانازیشەوە ئاین بە تایبەتمەندیەکی گرینگی ژیان ئەزانم، نیشتیمانیش بە باوەشێکی میهرەبان ئەزانم بۆ خۆم و نەتەوەکەم، هەرچەندە ئێستا من لە سۆزی نیشتیمانەکەم دورم و ناتوانم وەک باڵندەش بەسەریدا رێبکەم بەڵام هەرخۆشم ئەوێت، دڵنیام لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەتوانم لەناو خاک و نیشتیمانی خۆم خزمەتی ئاین و نیشتیمان و نەتەوەکەم بکەم و لە نزیکەوە دڵسۆزی و خۆشەویستی خۆمیان بۆ دەرببڕم و ئاهی ئازادی و خۆشی لەگەڵ میللەتەکەم بنۆشم، نامەوێت لێرەدا باسی خۆشەویستی هیچیان بەسەر هیچیانەوە بکەم بەڵام ئەمەوێت ئەوە بڵێم سوێند بە خودا نیشتیمانەکەی خۆم خۆشتر ئەوێت زیاتر لە گیانم، ئەوەش بیروبۆچونێکی خۆمەو لێی پەشیمان نەبوومەو لێی پەشیمان نیم
کاتێکیش لێرەدا لەگەڵ ئاین بۆ نیشتیمانەکەم ئەدوێم بۆ ئەوەی هیچ هێزێک بیر لەوە نەکاتەوە ئاین لە نیشتیمانمان جیا کاتەوە وە هەروەها بۆ ئەوەی ئەوانەی خۆیان بە ناحەزی نیشتیمانەکەمان ئەزانن و چاویان بە تێکۆشان و پێشکەوتن بۆ ئازادی نیشتیمانەکەمان هەڵنایەت با بزانن هەرچەندەی ئاین پەروەربین و لە میحراب بین بە دڵنیاییەوە خۆشەویستیمان بۆ نیشتیمان زیاتر ئەبێت و زیاتر ئامادەین و ئامادە ئەبەین بۆ پارێزگاری کردن لە نیشتیمان. گۆمانیش لەوە دانییە ئاین پەروەرانی نیشتیمانی ئێمە هەرچەندەی ئاین پەروەربن، لە ئاین نزیک بن خۆشەویستیان بۆ نیشتیمان زیاتر ئەبێت، زیاتر هەست بە خۆشەویستی نیشتیمان ئەکەن.
بەو هیوایەی هیچ هێز و لایەنێک بە بوونی هەوڵ و تێکۆشانی ئێمە بۆ ئازادی نیشتیمان و خۆشییەکانی میللەتمان دڵتەنگ نەبن، وەک چۆن ئێمەی میللەتی کورد دڵ تەنگ نەبوین و دڵتەنگ نابین بە خۆشی و ئازادی میللەت و نیشتیمانە داگیرکراواکانی تری جیهان، چۆن گەلانی تر ئاین و نیشتیمان و نەتەوەیان خۆش ئەوێن، ئێمەش ئاین و نیشتیمان و نەتەوەی خۆمان خۆش ئەوێت، مافی خۆمانە بە ئازادی بژین و ئازادانە لەسەر نیشتیمانی خۆمان مافمان هەبێت، خۆمان خاوەنی زمان و کلتوری ڕەسەنی خۆمانبین.
داوای ئێمەش وەک میللەت و نەتەوەیەک لەم جیهاندا تەنها مافی بوون و ژیانە وەک گەلانی تری جیهان نە زیاتر، بە دڵنیاییشەوە هەرچی لە تواناماندابێت بە پێی توانای خۆمان لە هەوڵ داین و لە هەوڵدائەبین بۆ بەدەست هێنانی مافەکانمان و مافی بوون و ئازادی نیشتیمان و خۆشبەختی نەتەوەکەمان،هیچ هۆکاریکیش نابیتە هۆی دورکەوتنەوەمان لە خۆشەویستی ئاین و نیشتیمانمان.
نەسرەدین ڕەببانی
لەندەن/ بریتانیا
25/11/2012
Email:
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست