نه‌وشیروان مسته‌فا ناوچه‌ی سه‌وز بۆیاخی شین ده‌کات
Sunday, 20/04/2014, 12:00
2136 بینراوە
- ئه‌م هه‌ڵبژاردنه یه‌کێتی راده‌وه‌شێنێت
- مام جه‌لالێک دروست نه‌که‌ن له‌گه‌ڵ گۆڕان قسه ئه‌که‌ن
- سیاسه‌تی ده‌ستکه‌وت و تاڵانیی سه‌رناگرێت
- فاکته‌ره‌کانی دروستبوونی یه‌کێتی به‌ره‌و نه‌مان ئه‌چن
- باوهڕههبوونیان به یه‌کێتی به‌سته‌وه به هاتنه‌وه‌ی مام جه‌لاله‌وه
- ده‌نگدان بۆ تازه‌کردنه‌وه‌ی ملکه‌چییه.*****************************************
یه‌کێک له فاکته‌ره راگره‌کانی یه‌کێتی نیشتیمانیی کوردستان کۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌ران بوو. کۆمه‌ڵه به فکر مارکسی لینینی و ماتۆڕی یه‌کێتی بوو. ئه‌م ماتۆڕه‌ش به نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌گه‌ڕا که سکرتێری کۆمه‌ڵه‌که بوو. ئه‌م کۆمه‌ڵه‌یه ساڵی 1992 له کۆنگره‌ی یه‌که‌می یه‌کێتیدا هه‌ڵوه‌شێنرایه‌وه و رۆڵی ته‌واو بوو. به‌مه‌ش به‌شێکی ماددیی گرنگ له بینای یه‌کێتیدا نه‌ما.
هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵه یان به‌رده‌وامبوونی، له ده‌ستی نه‌وشیروان مسته‌فادا بوو. ئه‌مه‌ش ئه‌وه دوباره ده‌کاته‌وه که پارت و هێزه کوردییه‌کان له‌گه‌ڵ سه‌رۆکه‌کانیان له یه‌کتریی جیا ناکرێنه‌وه. هه‌ر بۆ نموونه، ساڵی 1975 جوڵانه‌وه‌ی چه‌کداریی کورد به بڕیاری رابه‌ره‌که‌ی مه‌لا مسته‌فا هه‌ڵوه‌شایه‌وه. په‌که‌که تا ئێستا نه‌یتوانیووه سه‌رێکی سه‌ربه‌ست له عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان که له به‌ندیخانه‌ی تورکیادایه دروست بکات. پارته‌کان له راستییدا گوزارشت له رابه‌ر ده‌که‌ن نه‌ک له ئایدۆلۆجیی. لێکترازانی یه‌کێتی نه ئه‌نجامی هه‌ڵوێستی جه‌ماوه‌ره له پیسخۆریی نه بڕوابوونه به گۆڕان، به‌ڵکو له بنه‌ڕه‌تدا ورده‌کاریی پیربوون و له به‌رچاو ونبوونی مام جه‌لاله. بینای پارته‌کان وایه له‌گه‌ڵ رابه‌ردا پیر ئه‌بن، لاواز ئه‌بن و له‌ناو ئه‌چن.
نه‌وشیروان مسته‌فا که‌سێکی به ئاگایه له‌م گه‌مه‌یه‌ی کورددا که پێی ده‌وترێت سیاسه‌ت. کاک نه‌وشیروان ده‌یزانی کوردوتهنیی "دوو به‌ران له مه‌نجه‌ڵێکدا ناکوڵێن." له‌شێک ناتوانێت به دوو سه‌ر بڕوات. بۆیه ده‌بوو یه‌کێتی ته‌سلیم به مام جه‌لال بکات. چونکه خاوه‌نی رێکخراوه‌که‌و په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌کانی یه‌کێتی مام جه‌لال بوو. ئه‌م یان ده‌بوو ملکه‌چی مام جه‌لال بێت یان ده‌بوو بڕواته‌وه ماڵی خۆی. ناوبراو ناوبه‌ناو له هه‌ردوو حاڵه‌ته‌که‌دا ده‌ژیا. له کۆتاییدا له رێگای دامه‌زراندنی کۆمپانیای وشه‌و لیستی خۆیه‌وه له هه‌ڵبژاردنه‌کاندا جوڵانه‌وه‌یه‌کی خۆی دروست کرد.
رووداوی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵه ئه‌و پرسیاره نه‌کراوه‌شی به‌جێ هێشت ئه‌ی ئایا که‌ی یه‌کێتی رۆڵی ته‌واو ده‌بێت و هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه؟ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره له‌و قسانه‌ی سه‌ره‌وه‌دا ده‌رده‌که‌وێت. دوای نه‌مانی کۆمه‌ڵه، له یه‌کێتی هه‌ر ئه‌وه‌نده مایه‌وه که له‌گه‌ڵ مام جه‌لالدا له یه‌کتریی جودا نه‌بنه‌وه. ئایا دوای مام جه‌لال یه‌کێتی چی به‌سه‌ر دێت؟
ئه‌و که‌سه‌ی که به ئاسانیی سه‌رانی ناو یه‌کێتی ملیان بۆ که‌چ ده‌کرد که‌سی دووه‌می یه‌کێتی نه‌وشیروان مسته‌فا بوو. ئه‌ویش ده‌یزانی دوای مام جه‌لال رێکخراوێکی بۆ ده‌مێنێته‌وه که دروستکردنی رێکخراوێکی تر ئاسانتره له خه‌یاڵی نۆژه‌نکردنه‌وه‌ی یه‌کێتی. چونکه له دوای راپه‌ڕینه‌وه ئیتر فه‌لسه‌فه‌ی سیاسیی یه‌کێتی بوو به "تاڵانیی و ده‌ستکه‌وت". زۆربه‌ی کادیره‌کانی یه‌کێتی وه‌کو قیتار له سکه ده‌رچوون. له‌و بڕوایه‌دام نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌ستی له زۆربه‌یان شتبێت که بتوانرێن کۆنترۆڵ بکرێن و رێکبخرێن. وه‌کو سویدییه‌کان ده‌ڵێن "به‌شێک نه‌بیت له چاره‌سه‌ر، به‌شێکیت له گرفت." زۆربه‌ی کادیره‌کان خرانه بارێکی واوه که بۆ ئه‌وه نه‌ده‌بوون شتێکی تریان پێ بکرێت جگه له‌وه‌ی که به‌سه‌ریدا که‌وتبوون له پاره‌په‌یداکردن و پیسخۆریی. بۆیه به‌شێک ده‌بوون له گرفت له‌وه‌دا که کاک نه‌وشیروان له یه‌کێتی ئه‌م گۆڕانه‌ی ئێستا دروست بکات.
خه‌بات به ده‌ستکه‌وت
یه‌کێتی به مێژوویه‌ک له قوربانیدان و تێکۆشانی خه‌ڵک هاته پێشه‌وه‌و به کانسه‌ری پیسخۆریی کرمێ بوو. هه‌موو ئه‌و خه‌باته‌ی کردبووی گۆڕیه‌وه به "ده‌ستکه‌وت". ئه‌م ده‌ستکه‌وته‌شی به پێی مه‌زاجی ده‌سته‌ڵاتدار که‌م و زۆر له رێگای موچه، زه‌وی، ئیمتیاز‌و پۆسته‌وه دابه‌ش کرد به‌سه‌ر ئه‌ندامان و هه‌وادارانی خۆی دا. شێخ له‌تیفی مه‌لیک مه‌حمود ده‌رباره‌ی ئه‌م جۆره ناهه‌موارییه له زه‌مانی ئینگلیزه‌کاندا وتوویه‌تی: " وه‌کو ئه‌و گه‌نمه ژه‌هراوییه وایه که جوتیار ئه‌یدا به مشک." واته، ئه‌توانم له‌م باره‌یه‌وه بڵێم: "مرۆڤ به شتێک ئه‌شکێت نه‌یبێت ناژی." ده‌ستکه‌وت دیوی دووه‌می خۆی ته‌واو کرد: "تاڵانیی". به کورتییه‌که‌ی هه‌ده‌فی "ده‌ستکه‌وت و تاڵانیی" هه‌موو هێڵه سوره‌کانی موراڵیان به‌زاند. سه‌وزبوونی ژماره‌یه‌ک کۆمپانیای ده‌سته‌ڵاتدار له دوای خۆیه‌وه سروشتێکی ئه‌تکراو، قوتابخانه، خه‌سته‌خانه، دائیره، بانک و په‌روه‌رده‌ی وێرانی به‌جێ هێشتووه. به شێوه‌یه‌کی چه‌وت پاره له ده‌ستی ژماره‌یه‌ک پاره‌داری پیسخۆردا کۆبۆته‌وه که به ئاره‌زوی خۆیان و بۆ خۆیان خه‌سته‌خانه، هوتێل، قوتابخانه، پڕۆژه‌ی خانوبه‌ره‌و بازاڕی لێ دروست ده‌که‌ن. لێره‌دا کێشه‌که ئه‌وه نییه که من باسی ناهه‌قیی ده‌که‌م، به‌ڵکو ئه‌وه‌یه که ئایا سیاسه‌تی "ده‌ستکه‌وت و تاڵانیی" که مێژوویه‌ک له تێکۆشانی پێ دراوه سه‌رده‌گرێت؟ وه‌ڵام: نه‌خێر. ده‌سته‌ڵاتی کوردیی بنی پاپۆڕه‌که‌ی کون کردووه ماسی لێوه ده‌گرێت.
کۆنتراکت پێویستییه‌کی سروشتییه
ده‌سته‌ڵاتداران شتێک هه‌یه ئه‌بێت روون بێت لایان: کۆمه‌ڵگا له بنه‌ڕه‌تدا له‌سه‌ر بناغه‌ی کۆنتراکتێکی نه‌نوسراوه دروست بووه. جه‌ماوه‌ر ده‌سته‌ڵاتێک له خۆی دروست ده‌کات بۆ ئه‌وه‌ی بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیی به‌کار بێت. سیاسه‌ت به واتای پیاده‌کردنی سیستێمێکی ئیداریی بۆ به‌ڕیوه‌چونی کۆمه‌ڵگا پێویستییه‌کی سروشتییه. که‌واته، نه‌بوونی ئه‌م سیاسه‌ته بۆ خۆی قه‌یرانێکی گه‌وره‌یه. ئه‌مه چ جای ئه‌وه‌ی که ده‌سته‌ڵاتێک دروست ببێت نه‌ک ئه‌م پێویستییه سروشتییه دابین بکات، به‌ڵکو پێش بنێت به‌سه‌ر هه‌موو کاره‌کته‌رو بههاکانیداو ببێت به مه‌ترسیی. هه‌موو سامانی نه‌ته‌وه‌یی، ده‌زگاو دائیره‌کان، بڕیار‌و چاره‌نوسی گه‌لێک به شێوه‌یه‌ک بکه‌وێته ده‌ستی ژماره‌یه‌ک که‌سه‌وه که منداڵه‌کانیشیان بتوانن یاریان پێ بکه‌ن. ئێمه ئه‌بێت حسابی رهشهوڵاخمان بۆ کرابێت کاتێک که ئه‌و هه‌موو درۆیه‌مان بۆ ده‌که‌ن. ئه‌گینا کام هه‌ڵبژاردن؟ کام دیموکراتیی؟ ده‌وڵه‌تی کوردیی یان بازرگانیی؟ چاکسازیی یان ده‌سته‌ڵات و پاره‌ی نه‌وت؟
یه‌کێتی به‌نده به مام جه‌لاله‌وه
ئه‌و فاکته‌رانه‌ی که "یه‌کێتی"یان دروست کرد تا هاتوون ده‌وریان ته‌واو بووه. یه‌کێک له‌و فاکته‌رانه‌ی که په‌یوه‌ندیی به ئێستای یه‌کێتییه‌وه هه‌یه شه‌خسی مام جه‌لال خۆیه‌تی. به‌شێکی زۆری لاوازبوونی یه‌کێتی و به‌هێزیی گۆڕان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ به‌ساڵاچونی مام جه‌لال و دیارنه‌مانیشی یه‌کێتی خستۆته مه‌ترسییه‌وه‌و گۆڕانی بۆ هه‌لی جێگرتنه‌وه‌ی خۆی داناوه. که‌واته، له ناو هاوکێشه‌که‌دا یه‌کێتی مایه‌وه سه‌ر ئه‌وه‌ی که به‌ندبێت به خودی مام جه‌لاله‌وه. به‌م حسابه بێت له دوای مام جه‌لال یه‌کێتی نامێنێت. ئه‌وه‌ی که ماوه‌ته‌وه یان ده‌مێنێته‌وه پاشماوه‌ی یه‌کێتی ده‌بێت نه‌ک یه‌کێتی. پاشماوه‌ی یه‌کێتییش ژماره‌یه‌ک ده‌سته‌ڵاتداره که نوێنه‌ری هیچ هێڵێکی سیاسیی نین، له زانستی سیاسه‌ت نازانن. بێ ئاگان له ئاکامه‌کانی نه‌بوونی سیاسه‌ت به واتای پاراستن و به‌ڕێوه‌بردنی کۆمه‌ڵگا. ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت که بۆ راگرتنی ئه‌مڕۆی یه‌کێتی تاکه کۆڵه‌که ئه‌و کۆڵه‌که‌یه‌یه که ده‌خرێته جێگای مام جه‌لال. به‌ڵام ئایا که‌سێک هه‌یه بتوانێت جێگای مام جه‌لال بگرێته‌وه؟
یه‌کێتی له ته‌یاره‌یه‌ک ده‌چێت مام جه‌لال بردیه ئاسمان. ئه‌وانه‌ی ئێستا تیایدا مه‌ستن نه ئه‌زانن چۆن ئه‌م ته‌یاره‌یه چۆته ئاسمان نه ئه‌زانن بینیشێننهوه. له دوای مام جه‌لاله‌وه سێ ده‌سته‌ڵاتداری یه‌کێتی ناوه‌ندێکیان له‌سه‌رو مه‌کته‌بی سیاسییه‌وه بۆ بڕیار دروست کرد. به‌ڵام وه‌کو پێشتر نوسیبووم که ئه‌مه سه‌ر ناگرێت. چونکه سروشتی کێشه‌که ئه‌وه‌یه که که‌سێکی به‌هێز چاپوکانه جڵه‌وی یه‌کێتی بگرێته ده‌ست و گۆڕانکاریی خێرا بکات. به‌ڵام هیچ کام له‌و سێ که‌سه هه‌ر یه‌که به گوێره‌ی خۆی دور بوو له‌م هه‌نگاوه‌وه. له غیابی مام جه‌لالدا راست ئه‌وه بوو به زووترین کات ئه‌م هه‌نگاوه بنرێت و بۆشایی مام جه‌لال به زیاده‌وه پڕ بکرێته‌وه. به‌ڵام له جیاتی ئه‌مه به شێوه‌یه‌کی ناڕاسته‌وخۆ له رێگای باسکردنی هاتنه‌وه‌ی مام جه‌لاله‌وه باس له‌وه کراوه که دوای مام جه‌لال هیچ توانایه‌کی تر نییه. سه‌رئه‌نجام ده‌سته‌ڵاتدارانی یه‌کێتی چاره‌نوسی یه‌کێتیان دایه ده‌ست هیوای هاتنه‌وه‌ی مام جه‌لال. باوه‌ڕبوونیان به یه‌کێتی خسته سه‌ر باوه‌ڕبوون به گه‌ڕانه‌وه‌ی مام جه‌لاله‌وه. ئنجا ئایا جه‌ماوه‌ر تا چ راده‌یه‌ک باوه‌ڕی به هاتنه‌وه‌ی مام جه‌لال هه‌یه بۆ رابه‌ریی یه‌کێتیی؟ جه‌ماوه‌ر چه‌ندیان باوه‌ڕ به هاتنه‌وه‌ی مام جه‌لال هه‌یه بۆ رێبه‌ریی هه‌ر ئه‌وه‌نده‌شیان باوه‌ڕ به یه‌کێتی ماوه.
وه‌کو پێشتر ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته نوسیبووم، "زه‌مه‌ن بۆ هه‌ر شتێک سه‌عاتی خۆی راده‌گرێت." ده‌سته‌ڵاتدارانی یه‌کێتی له تیپێکی فوتبۆڵین ده‌چن که گۆڵێکی زۆریان لێ کرابێت، بڕوایان به بردنه‌وه نه‌مابێت و چاوه‌ڕێ بن فیکه‌ی ته‌واوبوونی یارییه‌که رزگاریان بکات. دوباره هه‌روه‌کو پێشتر ده‌ستم بۆ راکێشاوه: "هه‌ر شتێک سه‌ری لێ ده‌رنه‌که‌یت، سه‌رتی لێ ده‌رده‌کات." سه‌رنه‌که‌وتنی هه‌وڵه‌کانی ئێران بۆ دروستکردنی مام جه‌لالێک ئیتر روو له‌وه ده‌کات ئاوهڕوو له نه‌وشیروان مسته‌فا بده‌نه‌وه. دور نییه له داهاتوویه‌کی نزیکدا بگهینهی ئه‌وه‌ی که بڵێین: "نه‌وشیروان مسته‌فا ناوچه‌ی سه‌وز بۆیاخی شین ده‌کات."
دیوارێکی تری یه‌کێتی له‌سه‌ر زه‌وی دروستبوونی حکومه‌تی هه‌رێم راوه‌ستاوه. له دوای (19/03/2003)ه‌وه ناوچه‌ی حکومه‌تی هه‌رێم درایه ده‌ست پارتی و یه‌کێتی. یه‌کێتی وه‌کو خاوه‌نی ناوچه‌ی سه‌وز ده‌زگاکانی حکومه‌ت و داهاتی ناوچه‌که‌ی به‌رکه‌وت. ئه‌گه‌ر ئه‌م ده‌سته‌ڵاته‌ی له ده‌ست بێته ده‌ره‌وه ئایا یه‌کێتی چی لێ ده‌مێنێته‌وه؟
یه‌کێتی گۆڕان به مه‌ترسیی ده‌زانێت
کوردستان کۆمه‌ڵگایه‌کی دیموکراتیی نییه. هه‌ڵبژاردن بۆ ره‌واییدانه‌وه‌یه به ده‌سته‌ڵات. جه‌ماوه‌ر ده‌نگ ئه‌دات بۆ تازه‌کردنه‌وه‌ی ملکه‌چیی خۆی نه‌ک بۆ به‌شداریی له بڕیاردا. ده‌سته‌ڵاتداری داگیرکا‌ر هه‌ڵبژاردن بۆ ئه‌وه ده‌کات ده‌نگی بۆ بده‌ن. زه‌حمه‌ته لای قبوڵی بکات به شێر‌و خه‌تی ده‌نگدان ده‌ستبه‌رداری خۆی و سامانی بێت. داموده‌زگا ده‌وڵه‌تییه‌کان سه‌ربه‌ست نین. بۆیه له‌م جۆره هه‌ڵبژاردنه‌دا ده‌سته‌ڵات ده‌ستاوده‌ست ناکات. ده‌سته‌ڵاتداری داگیرکا‌ر له‌و مه‌زاجه‌وه ئه‌قڵی به‌کار ده‌هێنێت که خاوه‌نی موڵک و خه‌ڵکه. بۆیه ئاساییه کاربه‌ده‌ستانی یه‌کێتی هه‌ر خۆیان به خاوه‌نی نیوه‌به‌ش بزانن. ئه‌وه‌ی ئێستا له نێوانی یه‌کێتی و گۆڕاندا روو ده‌دات ململانێی نه‌وشیروان مسته‌فایه له‌گه‌ڵ تارمایی مام جه‌لال بۆ بردنه‌وه‌ی کۆنترۆڵی ناوچه‌ی سه‌وز. بۆیه ئاساییه که کاربه‌ده‌ستانی یه‌کێتی هه‌ست به مه‌ترسیی نه‌مان بکه‌ن له به‌رامبه‌ر به خهنیمهکهیاندا. سه‌رئه‌نجام هه‌ڕه‌شه بکه‌ن و باسی قبوڵنه‌کردن بکه‌ن. ره‌گی ئه‌م دووبه‌ره‌کییه‌ی یه‌کێتی له ره‌نگی سه‌وزو شین‌دا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هه‌ڵبژاردنی مه‌ڵبه‌نده‌کان ساڵی 2006. ئه‌و کاته مام جه‌لال وتی: "ئه‌وه چییه کردوتانه به فشه. لاچن با لێتان نه‌که‌م کشه." پێش هه‌ڵبژاردنیش به چه‌ند رۆژێک نه‌وشیروان مسته‌فا له رۆژنامه‌ی "هاوڵاتی"دا وتی که ئه‌و ئاگای له ته‌که‌تول نییه. لایه‌نگرانی مام جه‌لال له هه‌ڵبژاردنه‌کاندا بردیانه‌وه. به‌ڵام مام جه‌لال به‌خشنده‌یی پیشان دا‌و که‌سی به هیچ جۆرێک سزا نه‌دا.
خورتبوونی گۆڕان له‌سه‌ر حسابی یه‌کێتییه. له جه‌نگ بگه‌ڕێته‌وه هه‌ڵبژاردن به‌زه‌برترین ده‌ستیاوه بۆ یه‌کلاییکردنه‌وه. وه‌رگرتنی پۆسته‌کانی یه‌کێتی له لایه‌ن گۆڕانه‌وه ئه‌و دیواره‌ش له یه‌کێتی ده‌ڕوخێنێت که له‌ناو حکومه‌تی هه‌رێمدایه.
به منداڵیی ده‌یان گێڕایه‌وه ئه‌میر ئه‌رسه‌لان شمشێرێکی تیژ له دێوه‌که ئه‌دات. به‌ڵام دێوه‌که هه‌ستی پێ ناکات و هه‌ر دێته پێشه‌وه. تا ئه‌میر ئه‌رسه‌لان به دێوه‌که ده‌ڵێت: "کافر خۆت راوه‌شێنه!" دێ‌و که خۆی راده‌وه‌شێنێت ده‌بێت به دوو که‌رته‌وه. یه‌کێتی له هه‌ڵبژاردنه‌کانی پێشودا شکستی خوارد. به‌ڵام به بێ ئه‌وه‌ی هیچ گۆڕانێک له خۆی و باره‌که‌دا بکات ده‌چێته‌وه ناو هه‌ڵبژاردن. بۆیه له‌وه ده‌چێت له هه‌ڵبژاردنی ئه‌م جاره‌دا خۆی رابووه‌شێنێت.
جه‌هل پێنج ده‌می هه‌یه
جوله‌که‌کان ده‌ڵێن: "مرۆڤ دوو چاو، دوو گوێ و یه‌ک ده‌می هه‌یه." واته، مرۆڤ ئه‌بێت دوو جار ببینێت، دوو جار گوێ بگرێت ئنجا جارێک قسه بکات. به‌ڵام منیش لێره‌دا ده‌ڵێم: جه‌هل پێنج ده‌می هه‌یه.
له کاتێکدا کاربه‌ده‌ستانی یه‌کێتی له ته‌یاره‌که‌دا خۆیان به شه‌رابی ده‌ستکه‌وت و تاڵانیی مه‌ست کرد، نه‌وشیروان مسته‌فا له زه‌ویدا له ئه‌سپه‌که‌ی ته‌رواده‌دا به‌شه سیاسییه‌که‌ی یه‌کێتیی له‌ناو ناڕه‌زایی جه‌ماوه‌ردا رێکخسته‌وه. له کتێبێک‌دا بۆ منداڵانی سویدیی جارێک خوێندمه‌وه باسی له‌وه ده‌کرد که ئایا برسییه‌ک ماسی ده‌وێت یان فێری ماسیگرتنی بکه‌ن؟
نه‌وشیروان مسته‌فا دانی به‌خۆیدا گرت و ماسیگرتنه‌که‌ی هه‌ڵبژارد به‌ڵام کاربه‌ده‌ستانی یه‌کێتی سه‌ری خۆیان دایه ده‌ست ئاره‌زویان و خۆیان له ماسی هه‌ڵکێشا. ماسیش زوو بۆگه‌ن ئه‌کات.
ناسر حه‌فید
2014-04-20
[email protected]