کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئایا (گۆڕان) دژی سەرمایەداریە؟ ئایا (گۆڕان) نوێنەری هەژاران و بێكارانە؟

Tuesday, 10/01/2012, 12:00


(ی. ن. ك) بە چ ئاستێك دژی سەرمایەداریە، (گۆڕان) یش بەو ئاستە دژی سەرمایەداریە .. (گۆڕان) هیچ پەیوەندیەكی بە خواستی ڕۆژانەی هەژاران و بێكارانی ئەم كۆمەڵگایەوە نەبووەو نیە .. (گۆڕان) حیزبی ئەو ڕۆشنبیرانەیە كە چركە دەژمێرن بۆ نزیكبوونەوە لە پلەوپایەی سیاسی، ئەو ڕۆشنبیرانەی لە دوورو نزیكەوە ئاگاداری ژیانی هەژاران و بێكاران نین، ئەو ڕۆشنبیرانەی نەزعەو مەیلی فەردیی خۆیان دەخەنە جێگای خواستە كۆمەلایەتیەكانی هەژارانی ئەم كۆمەڵگایە، ئەو ڕۆشنبیرانەی قاتەكانیان بە ئوتوكراوی لە كەنتۆرەكانیاندا هەڵواسیوەو چاوەڕێن بەو زووانە لە شاشەی تەلەفزیۆنەكانەوە، وەك وەزیرو گزیر دەركەون، چاوەڕێن هەروەك نوێنەرە پەرلەمانیەكانی (گۆڕان)، ئیمتیازات دابارێ بەسەریاندا، بەپاسەوان چوار دەوریان بگیرێت و چەندان سەیارەو سایەق لەبەر ماڵەكانیاندا ڕابگیرێت.
(گۆڕان) لەسەرەتاوە تا ئیستا نەیتوانیوەو ناشتوانێت لە كووچەو كۆلانە هەژارەكانی دەوروبەری شارەدا جێی خۆی بكاتەوە كە لە هەموو پێداویستیە گرنگەكانی ژیان بێبەشن. وە تەنیا ئەوەیشی بە بەس زانیوە كە لە (KNN) ەوە، هەروەك تەلەفزیۆنەكانی یەكێتی، ڕەخنەكانی ئاراستەی شارەوانی بكات لەسەر چەند كۆلانێكی قیرتاو نەكراو، وە یان شەوانە بە (زمانی ژمارەكان) لە كەناڵەكەیانەوە، لە ئەسڵی ناكۆكیەكانی نێوان دەسەلات و هەژاران دوورمان بخاتەوە، ئەو ناكۆكیانەی نە بە بەشداری كردن لە پەرلەماندا چارەسەر دەكرێن و نە بە ماددەی 140، ئەو ناكۆكیە قوولانەی هەر لە ساڵی 2006 دا، مانگرتنی كرێكارانی كارگەی چیمەنتۆی تاسلوجەی لێكەوتەوە، ئەو كرێكارانەی بە داوای بەرزكردنەوەی مووچەكانیان، هەر ئەو دەمە بە ئاگایان هێناینەوە لەسەر ئاستی نزمی ژیان و گوزەرانی خەڵكی لە كوردستاندا. لەو دەمەیشەوە تا ئیستا، سەرمایەی ئەوانەی دەستیان بە خوێنی ئەو كرێكارانە سوور بوو، گەیشتۆتە دوا نهۆمی ئاسمان، وە لەبری كارگەیەكی چیمەنتۆ بوونەتە خاوەنی چەندان كارگە، لە بری چەند بینایەكی چوار نهۆمی، بوونەتە خاوەنی چەند بینایەكی 30 نهۆمیی وەك ئوتێلی شاری جوان لە سلێمانی كە تەنها سەرمایەی ئەو پرۆژەیە بە 120 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت . وە ئەو ناكۆكۆكیانەی بەردەوام قووڵ دەبنەوە، لە قووڵپەی خوێنی ئەو كرێكارانەوە سەرچاوە دەگرێت كە تا دێت ئاستی گوزەرانیان نزمتر دەبێتەوە، ئەو كرێكارانەی هەرگیز خواستەكانی خۆیان لەڕیزبەندیی بەرنامە 7 خاڵی و 11 خاڵی و 21 خاڵیەكانی (گۆڕان) دا نابیننەوە. (گۆڕان) هەرگیز نوێنەری ئەوانە نەبووەو نیە. (گۆڕان) گۆڕانی چەند دەموچاوێكە بە چەند دەموچاوێكی تر، (گۆڕان) داوایە بۆ گۆڕان لە ژیانی سەركردەكانی گۆڕان خۆیان و كادرەكانیاندا نەك لە ژیانی ئابووری و كۆمەلایەتی كۆمەڵگادا، ئیتر چ لە كوردستان چ لە تونس و میسر، ئەو گۆڕانەی هەرگیز ڕوو نادات بەبێ دابەشكردنەوەی سامانی نیشتمانی لە بەرژەوەندی هەژاران و بێكاران، ئەو سامانەی بۆتە سەرمایەی ژێر دەستی دەسەلاتداران و چەند سەرمایەدارێك كە خزمەتكاری بەردەرگای حیزبەكانن. (گۆڕان) هەرگیز خۆی بە نوێنەری هەژاران نەزانیوە، بەڵكو خۆی بە نوێنەری هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵگا ناساندووە. (گۆڕان) خۆی بۆ هەڵبژاردن و دەنگ كۆكردنەوە ئامادە دەكات، چاوەڕێیە چ خاوەن كارگە چەوسێنەرەكان و چ كرێكارە چەوساوەكانی ژێر دەستیان، وەك یەك دەنگی بۆ بدەن. (گۆڕان) هەرگیز ناتوانێت ووشەیەك دژی سەرمایە بڵێت، وە هیچ بەرنامەیەكیشی نەبووەو نیە بۆ لێدان لە بەرژەوەندی سەرمایەدارەكان. هەر ئەوەیشە (گۆڕان) و بەرنامەكەی، دەخاتە ڕیزی بەرنامەی هەر حیزبێك لە حیزبەكانی تر. وە هەر ئەوەیش هەوێنی بیركردنەوەی جەماوەرە بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەی تر بۆ بەرگری لە بەرژەوەندیەكانی خۆیان، ئەو بەرژەوەندیانەی هەرگیز لەگەڵ بەرژەوەندیی هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵگادا كۆناكرێنەوە. ئەو بەرژەوەندیانەی دەربڕی دابەشكردنێكی چوونیەكی سامانی نیشتمانیە بەسەرماندا. هیچ بزووتنەوەیەكیش ناتوانێت دەربڕی ئەو بەرژەوەندیە بێت (بزووتنەوەی سۆشیالیستیی خۆڕسك) نەبێت، بزووتنەوەیەك كە لە كووچەو كۆلانە هەژارەكانەوە سەرهەڵدەدات نەك لە نێوەندی ڕۆشنبیرە چاو برسیەكانەوە، بزووتنەوەیەك كە لە هەژاری و كەمدەرامەتی و بێكاری و گرانیی پێداویستیە گرنگەكانی ژیانەوە سەرچاوە دەگرێت و جەنگێك دەخووڵقێنێت كە دەسەلات لەبەردەم ئیرادەی یەكگرتووی هەژاران وبێكاراندا، بە چۆكدا دێنێت.
دەبا چیتر بە وەهمی (گۆڕان) ی دەموچاوەكان نەخەڵەتێین! سیستمی ئابووری و سیاسی چ جیاوازیەكی بەخۆوە دی لە نێوان دەموچاوی نێچرڤان و بەرهەم ساڵحدا؟ 
دەبا چیتر بە وەهمی (چاكسازی) نەخەڵەتێین! چاكسازیەكانی دەسەلات چی لە ژیانی هەژاران و بێكاران گۆڕی؟
دەبا چیتر بە وەهمی (دادگایی) كردنی تەقەكەران نەخەڵەتێین! دەسەلات یان نیە یان پێویستی بە تەقەكەرو پیاوكوژو بەندیخانەیە هەروەك گۆرانی بێژو شاعیرو پیا هەڵدەر.
دەبا چیتر چارەنووسی خۆمان نەدەینە دەست ئەو حیزب و سەركردانەی زیاتر لە نیو سەدەیە، چ لە شاخ و چ لە شار، سیستمێكی بیرۆكراسی و مشەخۆریان بەسەر كۆمەڵگادا سەپاندووە! 
دەبا (مەجالسە هەڵبژێردراوەكانی جەماوەر)، واتە بزووتنەوەی سۆشیالیستیی خۆڕێك، كە (خۆبەڕێوەبردن) دەخاتە جێگای بیرۆكراسیەت و مشەخۆری، لەسەر زەویەكان و لە كارگەكاندا، لە قوتابخانەو لە زانكۆكاندا، لە سوپاو لە فەرمانگەكاندا، بكەینە ئامرازی خەباتی ئایندەمان! 
دەبا چیتر دروشمی (ارحل) نەمانخەڵەتێنێت! با چاو لە (بزووتنەوەی سۆشیالیستیی خۆڕسك) ی خەباتگێڕانی یۆنان و ۆڵ ستریت و لەندەن بكەین كە نە حیزب لە پشتیانەوەیەو نە سەركردە! بزووتنەوەی ئەو جەماوەرە خەباتگێڕەی دژ بە سیستمی كاركردن، سیستمی سەرمایەداری، وە لە پێناوی دابەشكردنەوەیەكی ئینسانیانەی سامانی كۆمەلایەتیدا، دێنە سەرشەقامەكان.
بەم ئیمەیڵە پەیوەندیمان پێوە بكەن: [email protected] 
ئەندامی لیژنەیەك لە لیژنەكانی 17 ی شوبات

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە