سه‌لاحه‌دینی موهته‌دی له‌باره‌ی ئه‌حمه‌دی موفتیزاده ده‌دوێ
Friday, 06/02/2009, 12:00
1602 بینراوە
سه‌لاحه‌دینی موهته‌دی: " ئه‌حمه‌دی موفتیزاده باوه‌ڕی به‌بوونی ماددیانه‌ی بهههشتو جه‌هه‌ننه‌م نه‌بوو"
ئاماژه: ئه‌حمه‌دی موفتیزاده که‌سایه‌تی کاریزمی هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی ڕابردووی کوردستان‌و سوننه‌ی ئێران، به‌لای هه‌ندێکه‌وه ههڵدهکێشریت بۆ ئاستی په‌یامبه‌رێک. له‌لای هه‌ندێکی دیکه‌ش نزمدهکرێتهوه بۆ ئاستی پیاوێکی خیانه‌تکار. گۆڤاری لڤین بۆ تیشکخستنه سه‌ر که‌سایه‌تی موفتیزاده له زمانی یه‌کێک له دێرینترین هاوڕێکانییه‌وه که ساڵانێک دۆستێکی نزیک‌و ساڵانێکیش نه‌یاری سه‌رسه‌ختی یه‌کدی بوون بڵاو ده‌کاته‌وه که ئه‌ویش سه‌لاحه‌دینی موهتهدییه. موفتیزاده سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی زاوای موهته‌دی بووه ساڵانێکیش له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵه [زه‌حمه‌تکێشان] ئێران ڕووبه‌ڕوو بووه‌ته‌وه که [عه‌بدوڵڵا موهته‌دی] براکه‌ی سه‌لاحه‌دین سه‌رۆکایه‌تی ده‌کرد.
کاک ئه‌حمه‌دی موفتیزاده کوڕی مه‌لامه‌حمودی موفتیی شاریی سنه‌یه، له بنه‌ڕه‌تدا خه‌ڵکی گوندێكی لای پاوه‌ن. دواتر گواستوویانه‌ته‌وه بۆ سنه‌و له‌وێ مه‌لا مه‌حمود بووه‌ته موفتیی کوردستان. مه‌لا مه‌حمود چوار کوڕی هه‌بووه، له‌نێو هه‌موویاندا کاک ئه‌حمه‌د زیره‌کترو وریاترو ههڵکهوتوتر بووه، ته‌نانه‌ت من له خۆیم بیستووه، کاتێک که هێشتا مووی لێ نه‌هاتووه، له‌ودیو ده‌رگاوه گوێی له باوکی بووه که وانه‌ی به فه‌قێکان وتووه‌ته‌وه له‌و ده‌رسانه‌دا که باوکی بۆ مه‌لای دوا ساڵی مه‌لایه‌تی شهرحکردووه. ئه‌م ئه‌و راڤه‌یه‌ی باوکی به‌دڵ نه‌بووه‌و چووه‌ته ژوره‌وه‌و وتویه‌تی ئه‌گه‌ر ئیجازه بده‌ن من به جۆرێکی دیکه تێیده‌گه‌م. باوکی پێیوتووه به‌ڵام ئه‌م وانانه قورسنو هی کۆتا ساڵی مهلایهتین، کاتێک رێگه‌یان پێداوه راکانی خۆی بڵێت، ئه‌وه‌نده به‌جوانی راڤه‌ی کردوون که ئیتر له‌وه به‌دواوه، باوکی به‌شێک له ده‌رسی حوجره‌که‌ی ده‌سپێرێته ئه‌و. ئه‌م رووداوه کاک ئه‌حمه‌د خۆی بۆی گێرامه‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له دواترداو له کاتی هاورێیایهتیمدا له کاک ئه‌حمه‌دم بینی، له زیرهکیو تێگهیشتنو به خه‌رجدانی عه‌قل، به‌ڵگه‌ی راستی ئه‌و رووداوه بوو.
کاک ئه‌حمه‌د به‌شی زۆری خوێندنی لای باوکی له سنه بووه، دوای ئه‌وه بۆ خوێندن هاتووه‌ته هه‌ڵه‌بجه، ئه‌و سه‌روبه‌نده کاتێک بوو که له‌ژێر فشاری ده‌وڵه‌تی عهرهبیو هه‌روه‌ها له‌ژێر فشاری دانیشتووانی سوننه‌مه‌زهه‌بی ناو ئێران، ده‌وڵه‌تی ئێران ره‌زامه‌ندیی دابوو که کورسییه‌کی وانه‌ی فیقهی مه‌زهه‌بی سوننه له زانکۆی تاران بۆترێتهوه له کۆلێژی ئیلاهیات. شێخولئیسلامی سنه(سه‌ید مه‌حه‌ممه‌دی سنه) یه‌که‌م که‌س بوو که دانرا ئه‌و ده‌رسه به شاگردانی بڵێته‌وه، دواتر باوکم دانرا وه‌ک یاریده‌ری، ئه‌وکاته ئێمه له کوردستانه‌وه هاتبووینو له ته‌ورێز نیشته‌جێ ببووین. پاشان مامۆستایه‌ک له به‌لوچستانه‌وه بانگکرا که فیقهی مه‌زهه‌بی ئیمامی حه‌نه‌فی بڵێته‌وه‌و له‌کۆتاییشدا مه‌لا مه‌حمودی موفتی ده‌ستنیشان کرا که باوکی کاک ئه‌حمه‌دی موفتیزاده بوو. وانه‌کان له‌نێوان ئه‌و چوار که‌سه‌دا دابه‌شکران، باوکم وانه‌ی ته‌فسیری قورئان‌و حه‌دیسی وه‌رگرت، مه‌لا مه‌حمود موفتی وانه‌ی فیقهی به‌راوردی وه‌رگرت، سه‌ید مه‌حه‌ممه‌دی شێخولئیسلام فیقهی شافعیی ده‌وته‌وه، هاتنی مه‌لا مه‌حمودی موفتی بۆ تاران، ده‌رگایه‌کی دۆستایهتیو ئاشنایه‌تیی کرده‌وه له‌نێوان بنه‌ماڵه‌ی ئێمه‌و بنه‌ماڵه‌ی موفتی. براکانی مه‌لا مه‌حمودی موفتی دوو که‌سی خوێنده‌وار بوون، که یه‌کێکان دوکتۆر محه‌ممه‌د سدیقی موفتی بوو، که دکتۆرای ئه‌ده‌بی فارسی هه‌بوو. ئه‌وه‌ی دیکه‌شیان، دوکتۆر عه‌بدولره‌حمانی موفتی بوو، که دکتۆرای له ئه‌ده‌بی عهرهبیو فارسی‌دا هه‌بوو. برایه‌کی دیکه‌شیان هه‌بوو کاتێک که مه‌لا مه‌حمود له سنه نه‌ده‌بوو، له جێگای ئه‌و مه‌سه‌له‌ی فه‌توای له سنه به‌ئه‌ستۆ ده‌گرت. د. عه‌بدولره‌حمانی موفتی له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک ئهفیبو نووسه‌ردا له تاران له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه، به‌تایبه‌تی له‌لایه‌ن سازمانی ئه‌منییه‌تی ئێرانه‌وه، راسپێردران بۆ ده‌رکردنی رۆژنامه‌یه‌ک به زمانی کوردی. سازمانی ئه‌منییه‌ت ده‌یویست گۆڤارێک به زمانی کوردی ده‌ربکات، چونکه له شه‌سته‌کانی سه‌ده‌ی رابردوودا کوردستانی عێراق شۆرشی ده‌سپێکرد، ده‌وڵه‌تی ئیران ده‌ترسا ئه‌م شۆرشه بتهنێنێتهوه بۆ ناو ده‌وڵه‌تی ئێران‌و له زۆر لاوه ره‌خنه له ده‌وڵه‌تی ئێران ده‌گیرا که میلۆنان کوردی تێدا ده‌ژی، که‌چی خوێندن به زمانی کوردی نییه، نووسین به زمانی کوردی نییه، کتێب به زمانی کوردی چاپناکرێت. بۆیه بڕیاریان دا رۆژنامه‌یه‌ک به زمانی کوردی ده‌ربکه‌ن، بۆ ئه‌م رۆژنامه‌یه چه‌ند که‌سیان به نهێنی بانگ کرد که کوردی زمان بوون، له‌وانه شێخ عابیدی سیراجه‌دین، که کوڕی شێخ مه‌ولانا برازای شێخ عوسمان سیراجه‌دین، یه‌کێک بوون له‌وانه‌ی که بانگکران. هه‌روه‌ها شوکروڵڵای بابان که زانکۆی ته‌واوکردبوو و بێژه‌ر بوو له رادێوی تاران له به‌شی کوردی. یه‌کێکی دیکه‌ی خه‌ڵکی شیمالی کوردستان له ناوچه‌ی کرمانجنشینی کوردستان، به‌ناوی شێخ کارلو بانگکراو بهرێوبهرهکهشی مامۆستایه‌کی زۆر زانای سنه بوو که مامۆستای زمانی فارسی‌و عه‌ره‌بی بوو. به‌ڵام کورێکی خراپی ده‌زانی، ئه‌ویش عه‌بدولحه‌میدی به‌دیعولزه‌مان بوو که کرا به خاوه‌نی ئیمتیازی رۆژنامه‌که. جگه له‌مانه، سێ که‌س له بنه‌ماڵه‌ی موفتی بانگکران(د.مه‌حه‌مه‌د سدیق، د.عهبدولرهحمانو کاک ئه‌حمه‌دی موفتیزاده).
هه‌رچه‌نده ئه‌و رۆژنامه‌یه که ناوی کوردستان بوو، له‌لایه‌ن سازمانی ئه‌منییه‌ته‌وه به‌و مه‌به‌سته ده‌رکرا، که رۆژنامه‌یه‌کی کوردیی ده‌وڵه‌تی بێت‌و ره‌خنه‌ی ئه‌وه‌ی نه‌یه‌ته سه‌ر، ده‌وڵه‌ت کهبڵاوکراوهی کوردی قه‌ده‌غه کردووه. به‌ڵام ئه‌م بڵاوکراوه‌یه کاریگه‌رییه‌که‌ی به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌وه بوو که حکومه‌ت ده‌یویست، چونکه له‌لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه ئه‌وه‌نده به گه‌رمی پێشوازیکرا، که مه‌ئمورانی ده‌وڵه‌ت خۆیان راپۆرتیان بۆ تاران نووسی که ئه‌م رۆژنامه‌یه مه‌ترسی دروستکردووه له‌سه‌ر ئه‌منییه‌تی ده‌وڵه‌ت. که رۆژنامه‌که ده‌رده‌چوو له ناوچه‌کانی کوردستاندا، خه‌ڵک سه‌ره‌ی بۆ ده‌گرت. ده‌بێت ئه‌مه‌ش بڵێم، که ئه‌و کۆمه‌ڵه خوێنده‌واره بۆ ئه‌م کاره پرسیان به باوکم کرد‌و باوکم هانیدان که ئه‌م کاره بکهنو لێی په‌شیمان نه‌بنه‌وه. هه‌ر هیچ نه‌بێت ئه‌و بڵاوکرایهوهیه به‌رابه‌ری زمانی کوردی به‌رامبه‌ر زمانی فارسی ده‌سه‌لماند له ده‌وڵه‌تی ئێران‌دا.
دوای ئه‌وه‌ی کاک ئه‌حمه‌د له‌گه‌ڵ ته‌واوی بنه‌ماڵه‌که‌یان هاتن بۆ تاران، ئه‌وکاته ئێمه‌ش ماڵمان له تاران بوو، موفتیزاده تازه له هه‌ڵه‌بجه‌وه گه‌ڕابووه‌وه بۆ سنه. له‌و سه‌فه‌ره‌یدا بۆ هه‌ڵه‌بجه، کاک ئه‌حمه‌د زیاتر به‌ره‌و فیکری نه‌ته‌وه‌یی چووبوو، به‌ڵام هادی برای به‌ره‌و فیکری شیوعییه‌ت چووبوو.
ئه‌م سه‌فه‌ره‌ی موفتیزاده بۆ هه‌ڵه‌بجه، له ناوه‌راستی په‌نجاکانی سه‌ده‌ی رابردوو بووه، هه‌رچه‌ند کاک ئه‌حمه‌د موسڵمان بوو و نوێژ‌و رۆژووی ده‌گرت، به‌ڵام موسڵمانێکی زۆر ئازادیخواز بوو. هیچ به‌ڵگه‌یه‌ک نییه که بیسه‌لمێنێت له‌و سه‌فه‌ره‌یدا ئاشنایه‌تی به فیکری ئیسلامیی به‌تایبه‌تی ئیخوان موسلیمین په‌یدا کردووه.
من وه‌ختێک بینیم که ئه‌و هات بۆ تاران‌و به‌رگی مه‌لایانه‌ی له‌به‌ردا بوو مه‌لایه‌کی گه‌نجی زۆر ڕووحسووکو خوێن‌شیرینی تا بڵێیت باڵابه‌رزو وێچوو، زۆر قسهزانو ده‌مهه‌راش. زۆر زوو له‌گه‌ڵ باوکم ئاشنایه‌تی په‌یداکرد، به‌ر له‌وه‌ی له‌گه‌ڵ من ئاشنا بێت، هه‌رچه‌نده ئه‌و ته‌مه‌نی بۆ ئه‌وه ده‌بوو که له‌گه‌ڵ مندا ئاشنا بێت، به‌ڵام به‌هۆی زانستی ئاینییه‌وه هاتوچۆی باوکمی زۆر ده‌کردو زۆر زوو له‌گه‌ڵ باوکم ئاشنا بوو. زۆریشی پێنه‌چوو، له تاران ئه‌م جلوبه‌رگه مه‌لایانه‌ی دانا‌و جلوبه‌رگی ئه‌فه‌نی له‌به‌رکرد. هه‌ر ئه‌و هاتوچۆیانهو ئه‌و په‌یوه‌ندییه گهرمو گوڕه‌ی له‌گه‌ڵ باوکم په‌یدایکرد، کارێکی وایکرد زۆر بچێته دڵی باوکمه‌وه که خۆی ده‌یوت به مامۆستا‌و باوکی خۆمی دهزانمو باوکیشم ئه‌وی زۆر خۆشده‌ویست. هێنده‌ی کوڕه‌کانی خۆشده‌ویست، دوای ئه‌وه زۆری پێنه‌چوو داوای خوشکی منی کرد‌و کاک ئه‌حمه‌د بوو به زاوامان. کاک ئه‌حمه‌د له باوکمدائهو جۆره مه‌لایه‌ی ده‌بینی که ئه‌و خۆی گه‌ره‌کی بوو و له سنه بوونی نه‌بوو. به ده‌لیلی ئه‌وه‌ی باوکم له بنه‌ڕه‌تدا مه‌لا نه‌بوو، راسته زانستی شه‌رعی خوێندبوو، به‌ڵام هه‌رگیز مه‌لایه‌تیی نه‌کردبوو، پیاوێکی سیاسی بوو، له هه‌ره ئه‌ندامه کاراکانی کۆمه‌ڵه‌ی (ژ.ک) بوو. دواتر که کۆماری کوردستان دامه‌زرا، وه‌زیری ده‌ره‌وه بوو‌و له حکومه‌تی قازی مهحهممهددا، ئه‌دیبێکی زۆر به‌توانای زمانی فارسی‌و مامۆستایه‌کی زۆر به‌توانای زمانی کوردی بوو. یه‌کێک له‌و که‌سانه بوو که شاعیره گه‌وره‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه، وه‌کوو هه‌ژار، هێمن، حه‌قیقی، خاڵهمینو زه‌بیحی ده‌ڵێن: "ئه‌و مامۆستای ئێمه بووه له ده‌ره‌وه‌ی کۆماری کوردستانداو ئێمه هه‌ر شیعرێك یان په‌خشانێک که نووسیبێتمان، کاتێک پێشانی کاکه رهحمانمان نه‌دابێت، بڵاومان نه‌کردووه‌ته‌وه."
باوکم جگه له‌مانه‌ی، هه‌ستی کوردایه‌تی زۆر به‌رز بوو، له‌مانه بوو زیاده‌ڕۆیی ده‌کرد له کوردایه‌تیدا، زۆر سهغیو ماڵخۆشیش بووه، هه‌میشه ماڵمان پر بوو له میوان. ئه‌م ته‌بیعه‌ته ڕاست ئه‌و شته بوو که کاک ئه‌حمه‌د پێی خۆش بوو و له مه‌لاکانی تردا نه‌یده‌بینی. له‌به‌رئه‌وه چ له‌باری دینی‌و چ له‌باری سیاسییه‌وه، چ له‌باری ئهخلاقیییهوه بووه موریدێکی موخلیسی باوکم. جگه له‌وه‌ی زاوای بوو، شاگرد‌و موریدیشی بوو، ئه‌وه رێگه‌ی خۆشکرد که من له‌گه‌ڵی ببمه براده‌ر. من خوێندکار بووم له کۆلێژی یاسا له تاران، که به‌رله‌وه‌ی خوشکم ماره بکات، بووین به ئاشنا، زۆر به‌خێرایی هاوڕێیه‌تییه‌که‌مان په‌ره‌یسه‌ندو پته‌و بوو، وایلێهات بووین به باشترین هاوڕێی یه‌ک. خزمه‌کانی منیش که زۆربه‌یان شاعیر‌و ئه‌دیب بوون، وه‌ک سواره‌ی ئیلخانیزاده که ئامۆزامه له‌گه‌ڵ ئه‌وانیش بوو به هاورێو دۆست. سه‌رئه‌نجام کاک ئه‌حمه‌د به قه‌ولی خه‌ڵکی ئه‌و سه‌رده‌مه، له بنه‌ماڵه‌ی موفتی هاته ده‌ره‌و هاته نێو بنه‌ماڵه‌که‌ی ئێمه‌وه، به ساڵێکیش مه‌گه‌ر جارێک یان دوو جار سه‌ری ماڵی خۆیانی دابێت. یان له تاران له ماڵی ئێمه بوو یان له بۆکان، له حالێک‌دا ئه‌وان ماڵیان له سنه بوو.
کاک ئه‌حمه‌د خه‌تی خۆش بوو، کوردییه‌کی زۆر باشی دهزانیو ئهدیبو لێکۆڵه‌ره‌وه‌یه‌کی باش بوو بۆ شێعری کوردی، ئه‌وه هۆکار بوو بۆ ئه‌وه‌ی زیاد له خزمایهتیو هاوڕێیه‌تی، له‌باری شێعر‌و له‌باری ئه‌ده‌بیشه‌وه له‌یه‌ک نزیکبینه‌وه. پاشان نۆره‌ی کاری سیاسی هات، ئێمه رێکخراوێکمان هه‌بوو بهناوییهکێتیی خوێندکارانی کوردستان له زانستگای تاران که له‌لایه‌ن خوێندکاره کورده‌کانی زانکۆی تارانه‌وه دروستکرابوو. له راستیدا هه‌ر له سه‌ره‌تای چوونمان بۆ زانکۆی تاران، (سنه‌یی، سابڵاغی، بۆکانیو مه‌هابادی) زوو یه‌کتریمان دۆزییه‌وه‌و ده‌ستمانکرد به‌وه‌ی که بگه‌رێین به‌دوای ئه‌وه‌دا، چه‌ند خوێندکاری کورد له زنکۆی تاران هه‌یه کۆیبکه‌ینه‌وه؟ تا ئه‌وکاته هیچ رێکخراوێک بۆ خوێندکارانی کورد نه‌بوو، نه به‌ئاشکرا نه به‌نهێنی. ئه‌وه یه‌که‌مین رێکخراوی خوێندکاریی کورده که له ساڵی 1959 دامه‌زراوه. ئه‌مه زۆر به‌خێرایی په‌ره‌یسه‌ند، ئه‌م رێکخراوه رێکخراوێکی نهێنی بوو، ئه‌گه‌ر ئاشکرا بووایه، هیچکامان له ئیعدام که‌متریان نهدهدینی. چونکه داوای سه‌ربه‌خۆیی کوردستان‌مان ده‌کرد، وه‌ک له ماده‌ی یه‌که‌می بڕوای ئێمه هاتبوو که کورستان یه‌ک نیشتیمانه‌و کورد یه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌و چاره‌سه‌ری کێشه‌ی کورد، ناکرێت به‌بێ دروستبوونی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی یه‌کگرتوو. ئێمه زۆر به نه‌هێنی دامانمه‌زراند، به‌ڵام زۆر به‌خێرایی په‌ره‌یسه‌ندو بیرم نایه‌ت له‌و کاته‌دا له زانستگاکانی تاران‌دا، یه‌ک خوێندکار مابێت که سه‌ر به‌و رێکخراوه نه‌بووبێت. مه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ی که خۆمان سڵمان لێیان ده‌کرده‌وه‌و لێیان دڕدۆنگ بووین‌و وهرماننهدهگرتن، ده‌نا هه‌موو خوێندکاره‌کان به راسته‌وخۆ یان ناراسته‌وخۆ سه‌ربه‌و رێکخراوه بوون‌و له‌گه‌ڵی بوون. ئه‌م رێکخراوه له سه‌ره‌تادا سه‌ربه‌خۆ بوو، به‌ڵام له‌ساڵی1960 بۆ1961، ئێمه توانیمان په‌یوه‌ندی بگرین به‌و کوردانه‌ی ئێرانه‌وه که له عێراق بوون، به‌تایبه‌تی ئه‌ندامانی مه‌کته‌بی سیاسی حیزبی دێموکرات که بریتی بوون له ئه‌حمه‌د تۆفیق، سلێمانی موعینی‌و ئه‌وانی دیکه. ئێمه له رێگه‌ی ئه‌مانه‌وه، په‌یوه‌ندیمان گرت‌و خۆمان وابه‌سته کرد به حیزبی دێموکراته‌وه، ده‌نا تا دره‌نگانێک ئێمه هه‌ر سه‌ربه‌خۆ بووین. ئه‌م چالاکییه سیاسسه توندوتیژه‌ی که من تێیکه‌وتبووم، که هه‌م ئه‌ندامی دامه‌زرێنه‌ری یه‌کێتیی خوێندکاران بووم، هه‌م ئه‌ندامی کۆمیته‌ی به‌ڕێوبه‌ری تارانی حیزبی دێموکرات بووم، به‌شی هه‌ره‌زۆری کاته‌کانمی ده‌برد. بۆیه هه‌ر به پچڕ پچڕ فریا ده‌که‌وتم، وانه‌کانم بخوێنم. ئه‌م چالاکییه سیاسییه کاک ئه‌حمه‌دیشی راکێشا به‌ره‌و هاوکاری له‌گه‌ڵ ئێمه. له‌دوای ئه‌وه‌وه، ئێمه په‌یوه‌ندی خۆمان روونکرده‌وه له‌گه‌ڵ حیزبی دێموکرات، چونکه ئه‌حمه‌د تۆفیق سه‌ردانی تارانی کرد‌و له رێگه‌ی ئه‌وه‌وه رێکخراوه‌که‌مان گرێدا به حیزبی دێموکراته‌وه. له‌دوای ئه‌مه‌وه کاک ئه‌حمه‌دیش بوو به ئه‌ندام له رێکخستنی حیزب‌دا له ساڵی1961. من له ساڵی 1962 زانکۆم به‌جێهێشت به نوێنه‌رایه‌تیی کۆمیته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ریی حیزب‌و کۆمیته‌ی به‌رێوه‌به‌ریی یه‌کێتیی خوێندکاران، نێردرام بۆ کوردستانی عێراق، پێویست بوو من بێمه کوردستانی عێراق راپۆرتێک له‌سه‌ر ئێره بنووسم که تازه شۆرش ده‌ستیپێکردبوو. راپۆرتێکیش له‌سه‌ر حیزبی دێموکرات بنووسم، چونکه دهنگۆمان پێده‌گه‌یشت که له‌ناو خۆیاندا ناکۆکن له‌گه‌ڵ یه‌کترو دوای ئه‌وه‌ی که ئه‌مانه‌م کرد، ده‌بوو بڕۆمه ئه‌وروپا، کۆمه‌ڵه‌ی خویندکارانی کورد له ئه‌وروپا که ئه‌و کاته عیسمه‌ت شه‌ریف سه‌رۆکی بوو و دکتۆر که‌ماڵ فوادیش سکرتێری بوو، پرۆژه‌یه‌کیان هه‌بوو، پرۆژه‌که‌ش ئه‌وه بوو که یهکێیتییهکی سه‌رتاسه‌ری بۆ خوێندکارانی کورد دروستبکرێت له‌هه‌موو رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راستدا، به جۆرێک عێراق‌و ئێران‌و تورکیا‌و سوریا لقێک بن، لقێکیش له ئه‌وروپا بێت. ئه‌م پێنج لقه پێکه‌وه یهکتییهکی یه‌کگرتوو بۆ خوێندکارانی کورد دروستبکه‌ن له سه‌رتاسه‌ری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست، ئه‌مه زۆر بابه‌تی زه‌وقی ئێمه بوو، له‌به‌رئه‌وه نامه‌و نامه‌کاری له‌نێوانماندا هه‌بوو، پێمان راگه‌یاندن ئێمه رازین به‌و پرۆژه‌یه‌و به‌شداری دهکهینو نوێنه‌ری خۆشمان ده‌نێرین. من کرام به نوێنه‌ر که بچم به‌شداری بکه‌م له‌و کۆمیته‌ی بهرێوهبهرییهی سه‌رتاسه‌ری له ئه‌وروپا. به‌ڵام ده‌بوو له‌پێشدا بچمه عێراق‌و ئه‌و دوو راپۆرته بنووسم بۆ لێژنه‌ی تارانی حیزبی دێموکرات‌و یه‌کێتیی خوێندکارانی کورد. چونکه ئێمه له تاران ده‌مانبیست له‌ناو کۆمیته‌ی به‌رێوه‌به‌ری حیزبی دێموکرات له کوردستانی عێراق، ناکۆکی‌و جێاوازی هه‌یه. ئه‌و وه‌خته ئه‌حمه‌د تۆفیق بوو، سلێمانی موعینی بوو، قادر شه‌ریف بوو، قاسملۆ تازه ده‌رکرابوو له عێراق‌و چووبووه‌وه ئه‌وروپا. ئه‌و که‌سانه له کوردستانی عێراق بوون، که‌سانێکی وه‌کو د. مه‌وله‌وی، غه‌نی بلوریان، عه‌زیز یوسف‌و جه‌لیل گادانی له زیندان بوون له تاران، له‌نێوانی ئه‌وانیشدا جیاوازی هه‌بوو. بۆیه بڕیاریان دا که‌سێک بنێرن، ته‌حقیق بکات له سه‌رچاوه‌ی ناکۆکییه‌که، بۆ ئه‌وه‌ی به ئه‌ندازه‌ی توانای خۆی هه‌وڵبدات بۆ چاره‌سه‌رکردنیان، به‌ڵام من که هاتم بۆ کوردستانی عێراق، هه‌م شۆڕش گه‌رم بوو، هه‌م من گه‌نج بووم، هه‌م ناکۆکییه‌کان له‌وه زیاتر بوون که به من چاره‌سه‌ر بکرێن له‌ناو حیزبی دێموکرات. بۆیه من خۆم که‌وتمه ناو گێژاوه‌که‌وه، له‌به‌رئه‌وه کاری دووه‌مم ئه‌نجامنه‌دا. سێ ساڵ لێره مامه‌وه، له‌و ساڵانه‌ی که من له کوردستانی عێراق بووم، کاک ئه‌حمه‌د ئه‌ندامێکی چالاکی حیزبی دێموکرات بوو له‌و کۆمیته‌یه که له تاران کاریده‌کرد، چونکه من هاتم بۆ ئێره، راپۆرتێکم له‌سه‌ر حیزبی دێموکرات نووسی بۆ کۆمیته‌ی خۆمان، ئه‌مه خۆی بوو به سه‌رچاوه‌ی ئالۆزییه‌کی دیکه. بڕێک وتیان ئه‌م راپۆرته راسته‌و ئێمه ئه‌و کابرایهمان بۆیه ناردووه که راستییه‌کانمان پێبڵێت. ده‌بێت ئه‌و حه‌قیقه‌تانه‌ی ئه‌و وتوویه‌تی له‌به‌رچاوی بگرین‌و کاری پێبکه‌ین، که کاک ئه‌حمه‌د یه‌کێک له‌وانه بوو. به‌شێکی دیکه وتیان نه‌خێر ئه‌وه خۆی تووشی دووبهرکایهتیو ئیختیلاف بووه لایه‌نگریی کردووه‌و ئێمه گوێنادهینێ ئه‌و ڕاپۆرته. له‌به‌ر ئه‌وه کۆمیته‌که‌ی تاران بوو به دوو کومیته‌وه، که‌سانی وه‌کوو کاک ئه‌حمه‌دی موفتیزاده، کاک سواره‌ی ئیلخانیزاده که هه‌م خوێندکار بوو هه‌م ئامۆزام، که‌سێکی وه‌کوو سمایلی شه‌ریفزاده، ئه‌وانه له‌و کومیته‌یه بوون که پشتیوانیی راپۆرته‌که‌ی منیان ده‌کردو که‌سانی دیکه هه‌بوون که له دژیی بوون، که به‌شه ره‌سمییه‌که بوون.
له نه‌ورۆزیی 1964 که من ئه‌و کاته له کوردستانی عێراق بووم، هێرشێکی پۆلیسی زۆر گه‌وره بۆ سه‌ر کوردستان کرا بۆ دهسگیرکردنیی ئه‌ندامانی هه‌موو ڕێکخراوه‌کان، که تاران‌و ناوچه‌کانی دیکه‌ی کوردستانیشی گرته‌وه. له‌م هێرشه‌دا سه‌دان که‌س گیران، هه‌م ئه‌وانه‌ی لایه‌نگریی منیان کردبوو، هه‌م ئه‌وانه‌ی که بێلایه‌ن بوون، گیران. له‌ناو ئه‌وانه‌ی که گیران، کاک ئه‌حمه‌دی موفتیزاده بوو. کاک ئه‌حمه‌دی موفتیزاده له زیندان هه‌م به جورئهتو شه‌هامه‌ته‌وه قسه‌ی کرد‌و به‌رگریی له خۆی کردبوو، هه‌م له‌وه‌ش گرنگتر ئه‌وه‌یه که له زیندان، هۆکاری یهکگرتووییو یه‌کڕیزییو یه‌ک هه‌ڵوێستیی زیندانیه‌کان بووه. چونکه وه‌کوو سروشتی ئه‌و، هه‌موو جۆره گرتنانه له‌و کاتانه‌دا گله‌یی په‌یدا ده‌بێ، یه‌کێک باسی که‌سێک ده‌کات یان تۆڕێک که‌شف ده‌کات، ئه‌وانه‌ی تر لێی تووڕه ده‌بن. کاک ئه‌حمه‌د ڕۆڵێکی باش‌و ئیسلاحیانهی هه‌بوو له یه‌کڕیزیی زیندانیه‌کاندا، وا بزانم ماوه‌ی مانه‌وه‌یان له زیندان حه‌وت مانگی خایاند. چوونکه که من گه‌رامه‌وه، ئه‌و له زیندان هاتبووه ده‌ره‌وه‌و له‌گه‌ڵ خوشکم له تاران ده‌ژیا. ئه‌و ماوه‌یه منداڵێکیشیان بوو‌و ناوی نامحهممهد ژیان. من هه‌میشه پێم ده‌ووت کاک ئه‌حمه‌د تۆ به هۆی ئه‌و ناوه‌وه، ویستووته دین‌و دنیا تێکه‌ڵ بکه‌ی، ویستووته ژیانی کوردیه‌که بڵێت‌و محه‌ممه‌دی ئیسلامیهکهشی له‌گه‌ڵ بکه‌وێت.
کاک ئه‌حمه‌د دوای هاتنه ده‌روه‌ی له زیندان، زۆری پێنه‌چوو گه‌رایه‌وه بۆ سنه. به‌تایبه‌ت دوای مه‌رگی باوکیی له سنه زۆر هه‌وڵیان دا جێگه‌ی باوکیی پێبدهنو ئه‌م ببێته موفتی کوردستان. به‌ڵام خۆی زهوقو ئاره‌زووی له‌و کاره نه‌بوو. یه‌كێکیان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خۆی گه‌نج بوو، یه‌کێکی دیکه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی حه‌زیی به مه‌لای تهقلیدییو سوننه‌تی نه‌بوو. ئه‌و کات راسته کاک ئه‌حمه‌د موسڵمان بوو، نوێژی ده‌کردو رۆژووی ده‌گرت، به‌ڵام به هیچ جۆرێک له‌گه‌ڵ ئه‌م ئیسلامه سهلهفیو سۆفیگه‌راییه نه‌بوو، که دواتر له کوردستان دروست بوو و خۆشی یه‌کێک له کاربه‌ده‌ستانی بوو له کۆتاییه‌که‌ی دا.
کاک ئه‌حمه‌د ئیجگار فیکرێکی ئازاد‌و کراوه‌ی هه‌بوو، به‌تایبه‌تی ئێمه‌ش که له ده‌ورووبه‌ریی بووین، هه‌موو رۆژێک موجادهلهمان بوو، جه‌ده‌لی فه‌لسه‌فیمان هه‌بوو له‌سه‌ر میتافیزیک، به‌هه‌شت، خوا، عهداڵهتو سۆسیالیزم. زۆر به راشکاویی هه‌موو لایه‌ک قسه‌ی خۆمان ده‌کردو دۆستایهتیو خزمایهتییشمان هه‌ر وه‌ک خۆی مابووه. ئاغا ئه‌حمه‌د ته‌نانه‌ت باوڕیی به بهههشتو جه‌هه‌ننه‌م نه‌بوو، به‌م وجوده مادییه‌ی که ئێستا باسی ده‌کرێت، وه‌ک ئه‌وه‌ی ده‌وترێت دۆزه‌خ ئاگری تێدایه. به‌هه‌شتیش باخیی تێدایه. ئه‌و ده‌یوت ئه‌وانه هه‌ر بۆ تێگه‌یشتنی خه‌ڵکن، له نموونه‌ی خۆشی‌و نموونه‌ی ناخۆشی. ده‌نا وجودی ماددی‌و ده‌ره‌وه‌ی زیهنی مرۆڤیان نییه، ته‌نانه‌ت له ئه‌سڵی مه‌سه‌له ئاینییه‌که‌دا تووشی کێشه ببوو. ده‌یوت: بۆ ڕزگار بوونی مرۆڤ، حه‌تمه‌ن زه‌رور نییه مرۆڤ شه‌هاده‌تی هێنابێت. ده‌شیوت: ئه‌گه‌ر مرۆڤ کاره‌کانی له ژیاندا ئه‌وه‌نده کاری باش بێت‌و به قازانجی خه‌ڵك بێت، که مرۆڤایه‌تی قازانجی لێبکات، خوا ده‌یباته ئه‌و به‌هه‌شتی خۆی. واته تووشی ئاسووده‌یی ویژدانی ده‌کات. ئاغا ئه‌حمه‌د له نوێژ‌و ڕۆژوودا، ئه‌و سه‌ختگیرییه‌ی نه‌ده‌کرد، ده‌یوت: هه‌موو که‌س خۆی ده‌زانێت ئایا ده‌توانێت ڕۆژوو بگرێت یان نا. ئه‌گه‌ر ده‌زانێت ناتوانێت رۆژوو بگرێت، نه‌یگرێت.
هه‌روه‌ها باوڕیی به تهڵاقو سوێندخواردنو ژنبهژنو وه‌لی موجبیر، هیچ کام له‌وانه نه‌بووه‌و ده‌ورووبه‌ره‌که‌ی کاک ئه‌حمه‌دیش که ئێمه بووین، هیچمان ئه‌وه نه‌بووین پیاوێکی موتهعهسیبی تهنگنهزهر بتوانێت له‌گه‌ڵمان هه‌ڵ بکات. به‌ڵام خۆی کاک ئه‌حمه‌د پیاوێکی زۆر کراوه بوو، ته‌نانه‌ت له‌و هاوڕێیه‌تی شه‌خسیشدا له‌گه‌ڵ کوڕه‌کانی ئامۆزایی من به گاڵته شه‌ڕه‌جنێوی ده‌کرد، به جنێو یه‌کتریان شڕ ده‌کرد، شهڕهشهقیان ده‌کرد، له‌مسه‌ری دیوه‌خان بۆ ئه‌و سه‌ری دیوه‌خان، یه‌کتریان ده‌دایه به‌ر شه‌ق، ئه‌وه له کاتێکدا که زانایه‌کی گه‌وره بوو.
من ساڵی 1968 گیرام، چونکه شۆڕشیی چه‌کدارانه له‌و ساڵانه‌دا ده‌ستی پێکرده‌وه، سمایلی شه‌ریفزاده، سلێمانی موعینی، مه‌لا ئاواره، مینه شه‌مو مه‌لا مه‌حمود زه‌نگه‌نه، ئه‌مانه بزووتنه‌وه‌ی چه‌کدارییان ده‌ست پێکرده‌وه‌و ئێمه‌ش له زانکۆ بووین، جارێکی دی یه‌کێتی خوێندکارانی کوردمان دروستکرده‌وه. بۆیه که ئه‌م حه‌ره‌که چه‌کداریه ده‌ستی پێ‌کرد، ئێمه به توندوتۆڵی پشتگیریمان لێکردو وای لێهات بووین به یه‌ک حه‌ره‌که‌ت. ئێمه باڵی مهدهنیو سیاسی بووین، ئه‌وانیش باڵی عه‌سکه‌ری بوون.
به‌ڵام وه‌ختێک ئه‌م حه‌ره‌که‌ته تێکشکێنرا له ساڵی 1968 سه‌رکرده‌کانی شه‌هید کران‌و گیران‌و هه‌ندێکیان گه‌ڕانه‌وه بۆ کوردستانی عێراق، ئینجا ده‌ستیانکرد به گرتنی ئێمه، ئه‌مجاره‌یان که من گیرام، زیاتر له دوو سێ هه‌زار که‌س گیران. بۆیه زیندانییه‌کان جێگایان نه‌ده‌بووه، له‌به‌ر ئه‌وه ئێمه‌یان برد بۆ سه‌ربازگه‌ی جه‌ڵدیان له‌لای ئه‌و شاره‌یه که ئێستا پێیده‌ڵین پیرانشه‌هر. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه بۆ یه‌که‌مجار دوای شه‌ش حه‌وت مانگ که ڕێگه‌ی سه‌ردانم درا، کاک ئه‌حمه‌د بۆ زیندان بۆ لام هات، له قسه‌کانیشدا هه‌ستم کرد که گۆڕانێکی فیکریی به‌سه‌ردا هاتووه، وا تێده‌گه‌م که ناوه‌ڕاستی 1969 بوو. چونکه له قسه‌کانیدا ئاماژه‌ی به‌وه ده‌کرد، که ده‌بێت پێداچوونه‌وه به ڕابردوودا بکهینو ده‌بێت بزانین که‌موکووڕیمان چی بووه. به بڕوای ئه‌و، که‌موکووڕیمان ئه‌وه بووه که به ئه‌ندازه‌ی پێویست، شه‌ریعه‌تی ئیسلاممان له‌به‌ر چاو نه‌گرتووه، هه‌ر ئیسلام ده‌توانێت ڕزگارمان بکات، بۆ من ئه‌وه سه‌یر بوو، گۆڕانکاریی بوو. خۆ من ده‌مزانی کاک ئه‌حمه‌د پیاوێکی موسڵمانه‌و نوێژ دهکاتو رۆژوو ده‌گرێت، به‌ڵام هه‌رگیز ئیسلامی وه‌ک ئامرازێکی سیاسی به‌کار نه‌ده‌برد بۆ ئامانجه‌کانی، خۆی موسڵمان بوو، به‌ڵام لایه‌نگریی ئیسلامی سیاسی نه‌بوو. له‌م دیداره‌دا که له زیندان له‌گه‌ڵ منی کرد، تێگه‌یشتم گۆڕانێکو لادانێک له بۆچوونه‌کانی پێشوویدا هه‌یه، ئیتر دوای زیندان من له تاران نیشته‌جێ بووم، کاک ئه‌حمه‌د له‌گه‌ڵ خوشکه‌که‌مدا هاتن بۆ تاران بۆلامو ماوه‌یه‌کی زۆریش له ماڵی ئێمه له تاران ماینه‌وه، خوشکم نه‌خۆشیش بوو، ئیتر به هۆی ئه‌ویشه‌وه ئێمه زۆربه‌ی کات پێکه‌وه بووین. هه‌ر زیاتر ده‌مدیت کاک ئه‌حمه‌د له بۆچوونه‌کانی پێشووی پاشگه‌ز ده‌بێته‌وه‌و به‌ره‌و بۆچوونه ئیسلامییه تونده‌که ده‌چێت، ئه‌م له ساڵی 1970-1971 ئه‌م حاڵه‌ته حه‌وت هه‌شت ساڵ به‌رده‌وام بوو تا ساڵی 1979، تا ئه‌و کاته‌ی شۆڕشی ئیسلامی ده‌ستیپێکرد.
له‌م ماوه‌یه‌دا، په‌یوه‌ندیمان نه‌پچڕاند، هه‌م ئه‌و ده‌هات بۆ لای من، هه‌م منیش ده‌چووم بۆ لای ئه‌و. ئه‌و کاته من ئیقامه‌ی ئیجباریم له تاران ته‌واو ببوو‌و له بۆکان داده‌نیشتم، به‌ڵام له راستیدا دوو شت وایانکرد، که ئێمه تا راده‌یه‌ک له یه‌کتری دوور بکه‌وینه‌وه، یه‌که‌میان: خوشکم هۆکاری په‌یوه‌ندی بوو له نێوانمانداو خوشکیشم له‌و ساڵانه‌دا مرد، ئیتر ئه‌و په‌یوه‌ندیه خزمایه‌تییه به‌و جۆره نه‌ما. به‌ڵام له‌وه گرنگتر ئه‌وه بوو تا ده‌هات کاک ئه‌حمه‌د ڕه‌خنه‌کانی له‌سه‌ر ئێمه له‌سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی سیاسی، له‌سه‌ر سۆسیالیزم تووندتر ده‌بوو. خۆ نایشارمه‌وه ره‌خنه‌کانی منیش له‌سه‌ر ئیسلامی سیاسی‌و له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که ئیسلام بکرێته به وه‌سیله‌یه‌ک بۆ گه‌یشتن به قودره‌ت، تووندتر دهبووو له‌وه به‌دواوه گفتوگۆکانمان که‌م که‌م ئازادی‌و یه‌کتر قه‌بووڵکردنی تێدا نه‌ده‌ماو تووندوتیژانه ده‌بوو، تا وای لێهات له سێ ساڵی کۆتاییدا، واته 1976-1979 ره‌نگه ساڵی جارێک یه‌کترمان نه‌دیبایه، یان ئه‌و ده‌هاته بۆکان یان من ده‌چوومه سنه.
کاک ئه‌حمه‌د ئه‌م ئاڵوگۆڕه‌ی له خۆڕا بۆ نه‌هات، ئیلهامی غه‌ربیش نه‌بوو له ئێران‌دا، حه‌ره‌که‌تی سیاسی ڕووی له گه‌شه‌کردن کردبوو. ئێران هه‌میشه وڵاتێک بووه ئۆپۆزسیۆنی تێدا بووه، ئه‌و ئۆپۆزسیۆنه‌ش وه‌ک ئۆپۆزسیۆنی وڵاتانی دیکه نه‌بووه، که که‌س نه‌توانێت قسه بکات. خه‌ڵک که ده‌گیرا، دوایی ده‌هاته ده‌ره‌وه ده‌ستی به کار ده‌کرده‌وه. ئه‌م بارودۆخه هه‌میشه له ئێران‌دا، بوونی هه‌بووه، به‌ڵام کێ ئه‌م بارودۆخه‌ی به‌ده‌سته‌وه بوو؟ دوو هێزی گه‌وره له ئێران، یه‌که‌میان چهپهکانو دووه‌میان به‌ره‌ی میللی، واته خه‌ڵکی ناسیۆنالیستی ئێرانی که لایه‌نگرانی موسه‌دق بوون. به‌ره‌ی میللی گه‌وره‌ترین حیزبی ئۆپۆزسیۆن بوو له ئێران‌دا، پاش ئه‌وان چه‌په‌کان به‌هێز بوون، به‌ڵام له‌ناو خۆیاندا یه‌کگرتوو نه‌بوون. له ئێران مه‌سه‌له‌ی کورد گرنگ بوو، به‌ڵام کورده‌کانیش ده‌که‌وتنه ژێر کاریگه‌ریی حه‌ره‌که‌ته گشتییه‌که‌ی ناو ئێرانه‌وه. ئه‌مه له کوردستاندا ده‌ستی به‌وه کرد که زیادبکات‌و په‌ره‌بسه‌نێت، له ساڵی 1963 یه‌که‌مین خۆپیشاندانی سه‌ر به ئیسلامییهکانو سه‌ر به خومه‌ینی له ئێران‌دا ده‌ستیپێکرد، ئه‌مه سه‌ره‌تای به‌هێزبوونی حه‌ره‌که‌تی ئیسلامی بوو له ناو ئێران‌دا. ئه‌م حه‌ره‌که‌ته هه‌ر ده‌چووه پێش‌و چه‌ند که‌سایه‌تییه‌کی گرنگیش له ئێران‌دا به‌ده‌رکه‌وتن، که یارمه‌تیده‌ر بوون لهبهرهوهپێشچوونی ئه‌م حه‌ره‌که‌ته ئیسلامییه له ئێران‌دا، له‌وانه: ئایتوڵڵا تاڵه‌قانی، که مه‌لایه‌کی رۆشنبیر بوو یان موهه‌ندیس بازرگان که مه‌لا نه‌بوو، مامۆستای زانکۆ بوو دکتۆرای هه‌بوو، به‌ڵام موسڵمان بوو. ئه‌وان شتێکیان هه‌بوو به ناوی یه‌کێتی ئه‌ندازیارانی موسڵمانه‌وه، ئه‌مانه له مزگه‌وته‌کان کۆ ده‌بوونه‌وه به بۆنه‌ی جهژنیو بۆنه ئاینییه‌کانه‌وه، زۆر باش له‌م بۆنانه سوودیان وه‌رده‌گرت، هه‌موو کات به ناوی ئه‌م بۆنه ئاینییانهشهوه خه‌ڵکیان کۆ ده‌کرده‌وه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی باسیان نه‌ده‌کرد مه‌زهه‌ب بوو، به‌ڵکو ده‌ستیان ده‌کرده قسه‌ی سیاسی‌و مخاله‌فه‌ت له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ت، ئه‌وه‌ش به دڵی هه‌موومان بوو. له‌به‌ر ئه‌وه‌ش زۆری گه‌نجه‌کانی ئێران به‌شداریان له‌م کۆبوونه‌وانه‌دا ده‌کرد، نه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی باوڕیان به ئایدۆلۆژیه‌تی ئیسلامی هه‌بوو، به‌ڵکوو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م کۆبوونه‌وانه هۆکارێک بوون بۆ مخاله‌فه‌ت له‌گه‌ڵ نیزامدا. ئه‌مه ره‌وتی ئیسلامی له ئێران‌دا به‌هێز کرد. جا ئه‌م حه‌ره‌که‌ته له خۆپێشاندانی خوێناوی ساڵی 1963وه ده‌ستی پێ‌کرد، به‌و هۆیه‌وه خومه‌ینی ده‌رکرا له وڵات‌و چووه تورکیا‌و پاشان چووه نهجهفو پازده ساڵ له‌وێ مایه‌وه، ئه‌م سه‌ره‌تایه تا ساڵی 1979 که ئیتر شۆڕشه‌که سهریگرتو ئیسلامییه‌کان هاتنه سه‌ر گۆڕه‌پانه‌که، بزووتنه‌وه‌یه‌کی هێواش دروست بوونی ئیسلامییه‌کان بوو. ئه‌م حه‌ره‌که‌ته دوای چه‌ندین ساڵ، ره‌نگدانه‌وه‌ی خۆی له‌ناو کوردستانیش په‌یدا کرد له ساڵانی 1967-1968 ورده ورده گه‌رای ئه‌وه ده‌بینرا له کوردستان که هه‌ندێک که‌س ده‌یانووت ده‌بێ ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ههبێتو ده‌بێت ده‌وڵه‌ت شه‌ریعه‌ت به‌ڕێوه‌به‌رێت، که تا ئه‌وکاته ئه‌و جۆره بیرکردنه‌وانه نه‌بوون. ئێمه له کوردستان هه‌موومان موسڵمان بووین، به‌ڵام که‌س داوای وای نه‌ده‌کرد، ئه‌مه له واقیعدا ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و حه‌ره‌که‌ته بوو که له تاران ده‌ستی پێ‌کرد.
موفتیزاده یه‌کێک بوو له‌وانه‌ی که که‌وته ژێر کاریگه‌ریی ئه‌م شه‌پۆله‌وه، ئیدی وازی له حیزبی دێموکڕات هێناو وازیشی له خه‌باتی میللی نه‌ته‌وه‌که‌ی هێنا، تا ئه‌وکاته پێم شک نایه‌ت که ئاغا ئه‌حمه‌د په‌یوه‌ندی به ئیخوان موسلیمنهوه هه‌بووبێت، به‌ڵام مه‌یلی هه‌بوو. ئێمه زۆر جار له‌سه‌ر تیۆره‌کانی حه‌سه‌ن به‌ننا پێکه‌وه قسه‌مان ده‌کرد، که کاتێک عه‌بدولناسر هه‌وڵی تیرۆری درا ئیخوان موسلمین تاوانبار کران‌و چه‌ند که‌سێکیان لێ‌گیرا، ئێمه هه‌موومان دژی ئه‌م تیرۆر‌و ته‌قه‌کردنه بووین. چونکه ده‌مانوت عه‌بدولناسر دژی داگیرکه‌ر خه‌بات دهکاتو بۆ ئازادی میلله‌تانی رۆژهه‌ڵات تێدهکۆشێتو کوشتنی زیان له کۆی خه‌باتی دژه‌داگیرکه‌ر ده‌دا له ناوچه‌که‌دا. به‌ڵام موفتیزاده پشتیوانی لێده‌کرد، ئیتر به‌گشتی سه‌ید قوتب وه‌ک تیۆرسینێکی ئیسلامی، کاک ئه‌حمه‌د زۆر کاریگه‌ر بوو پێی‌و زۆری له‌سه‌ر ده‌ڕۆیشت. هه‌ر ئه‌ویش هۆکاری سه‌ره‌کی ئه‌وه بوو که سه‌ید قوتب له‌نێو کۆمه‌ڵگه‌ی کورده‌واری ئێران، به‌تایبه‌تی به‌شه سوننییه‌که‌ی ناوبانگ په‌یدا بکات، به‌ڵام تا ئه‌و جێگه‌یه‌ی من له هاوڕییه‌تی خۆماندا دهمزانیو ده‌مبیست، په‌یوه‌ندییه‌کی ڕێکخستنی نه‌بوو له‌نێوانیاندا، به‌ڵکو په‌یوه‌ندییه‌که فیکری بوو. کاک ئه‌حمه‌د له کۆتایی ساڵانی 1967-1968 له بزووتنه‌وه میللییه ڕزگاریخوازییه‌که‌ی کوردی ورده ورده دوور که‌وته‌وه‌و که‌وته پشتیوانیکردن له حه‌ره‌که‌تێکی ئیسلامی، تا ده‌هات ئه‌م پشتیوانیکردنهی له حه‌ره‌که‌تی ئیسلامی به‌هێزتر دهبووو تێکه‌ڵی له‌گه‌ڵ حه‌ره‌که‌تی میللی که جاران تێیدا بوو و زۆریش چالاک نه‌بوو، لاوازتر ده‌بوو. کاتێک له ساڵی 1978-1979 که ئیتر دیار بوو حه‌ره‌که‌ته ئیسلامییه‌که جڵه‌وی شۆڕشی ئیرانی پێیه. کاک ئه‌حمه‌دیش په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ ئه‌م حه‌ره‌که‌ته په‌یدا کرد، تا ئه‌وکات له‌گه‌ڵ حه‌ره‌که‌تی ئیسلامی ئێرانیش به‌شێوه‌ی ڕێکخستن په‌یوه‌ندیی نه‌بوو، به‌ڵام له‌وه به‌دواوه ورده ورده که ئیتر دیار بوو حه‌ره‌که‌تی ئیسلامی ده‌بێته خاوه‌ن داهاتووی ئێران، کاک ئه‌حمه‌د په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ گرتن‌و ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی که خۆی له نامه‌که‌یدا ده‌یڵێت، له‌پێشدا له‌گه‌ڵ خومه‌ینی نه‌بوو، به‌ڵکوو له‌گه‌ڵ ئایه‌توڵڵا شه‌ریعه‌تمه‌داری دابوو. کاک ئه‌حمه‌د به بۆنه‌ی مه‌رگی سواره‌ی ئیلخانیزاده‌وه که ئامۆزای من‌و هاوڕێی خۆی بوو، هات بۆ بۆکانو له‌وێوه چووین بۆ مه‌هاباد، له‌وێ پرسه‌یه‌کی گه‌وره گیرا، کاک ئه‌حمه‌د وتارێکی زۆر توندوتیژی دژی ده‌وڵه‌ت به‌یانکرد، زۆری خراپه‌ی ڕژێم وت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی بۆ ئێمه جێی داخ بوو، له‌سه‌ر بیروباوه‌ڕی هاوبه‌شی خۆمان که ساڵانێک پێکه‌وه کارمان بۆ ده‌کرد، زۆر که‌م قسه‌ی کرد، له‌سه‌ر مافی کورد، کوردایه‌تی، دیمۆکڕاسی، ناڵێم هه‌ر باسیی نه‌کردن، به‌ڵام خۆی که‌م لێداو ئه‌وه نیشانه‌یه‌کی گه‌وره بوو بۆ ئێمه که ئاراسته‌ی به‌ره‌و ئه‌ولا گۆڕاو له‌دوای ئه‌و وتاره توندوتیژیی کاک ئه‌حمه‌دیشه‌وه، حکومه‌ت دوو کاری کرد؛ یه‌که‌میان: من که سه‌رپه‌ره‌شتیی کۆبوونه‌وه‌که‌م ده‌کرد، به حیساب که‌سی دیاری ناو پرسه‌که بووم، منیان گرت‌و بردمیان له سنه زیندانیان کردم. که کاک ئه‌حمه‌د چووه بۆ سنه، دوای وتاره‌که بانگیان کردبوو بۆ لێکۆڵینه‌وه، له‌وێ کاک ئه‌حمه‌د له کۆبوونهوهیهکهیدا که ئوستاندارو سه‌رۆکی سازمانی ئهمنیو فه‌رمانده‌ی له‌شکرو ئه‌و که‌سانه‌ی دیکه‌ی تێدا ده‌بن که پێیان ده‌وت کۆمیته‌ی ئه‌منیه‌ت، له‌وێدا به پێی راپۆرتی ئه‌و لێژنه ئه‌منیه که به‌رزیان کردۆته‌وه بۆ حکومه‌ت له تاران‌و له دواتردا له کاتی تێکچوونی نێوانی کاک ئه‌حمه‌د له‌گه‌ڵ حکومه‌تی خومه‌ینی بڵاویانکرده‌وه، له‌گه‌ڵ نامه‌یه‌کی خۆیدا که ده‌ڵێت: من پێشنیار ده‌که‌م پشتگیری ئایه‌توڵڵای شه‌ریعه‌تمه‌داری بکرێت، چونکه زانایه‌کی میانڕه‌وو له‌سه‌ره‌خۆیه لایه‌نگری ڕووخانی ده‌وڵه‌تی شا نییه، به‌ڵكوو هه‌ر لایه‌نگری ئه‌وه‌یه که شه‌ریعه‌ت زیاتر گرنگی پێبدرێت‌و یاسای دژی شه‌ریعه‌ت له وڵات به‌ڕێوه نه‌چێ، ئێوه لایه‌نگری ئه‌وه بکه‌ن. ئه‌گه‌ر وا بکه‌ن جه‌ماعه‌تی خومه‌ینی که ئێستا خه‌ریکن به توندوتیژی کارده‌که‌ن، بێده‌سه‌ڵات ده‌بن.
ئه‌وکاته خومه‌ینی نه‌هاتبووه بۆ ئێران، ته‌قریبه‌ن هه‌ر به‌م ناوه‌رۆکه‌وه، نامه‌یه‌که‌ی نووسیوه که ره‌سمی نامه‌که‌شی له‌و کتێبه‌دا که حکومه‌ت له‌سه‌ری بڵاویکرده‌وه هه‌یه، له‌وێشدا ئه‌مه ده‌ڵێت، به‌ڵام له نامه‌یه‌کدا هه‌ر هه‌ر به وه‌سیه‌ت ده‌ڵێت: من پیاوێکی موسڵمانم، من ته‌نها ئه‌وه‌م ده‌وێت که یاسای دژی شه‌ریعه‌تی ئیسلام له مه‌جلیس بڕیاری له‌سه‌ر نه‌درێت‌و ئایه‌توڵڵای شه‌ریعه‌تمه‌داری که مه‌رجه‌عێکی ته‌قلیده، حورمه‌تی بگیرێت، به‌ڵام له کوردستان هه‌مووی وه‌کوو من بیر ناکه‌نه‌وه؛ ئێمه دوو ده‌سته‌ین ئێوه لێتان تێکنه‌چێ من موسڵمانمو داوای ئیسلامه‌تیتان لێدهکهمو له‌گه‌ڵ کۆمۆنیزم موخالیفم. به‌ڵام جه‌ماعه‌تێک هه‌ن له‌وێدا ناوه‌کانیان ده‌بات؛ سه‌لاحه‌دینی موهته‌دی، فوئادی مسته‌فا سوڵتانی، فاتیحی شێخ ئیسلامییه‌و ناوی شه‌ش حه‌وت که‌سی دیکه ده‌بات، که ئه‌و پێیوایه ئه‌مانه گرنگن‌و ناوی عه‌بدوڵڵای موهته‌دی ده‌هێنێت، هه‌رچه‌نده عه‌بدوڵڵا ئه‌وکاته منداڵکار بوو، به‌ڵام له سه‌رکردایه‌تی حیزبه‌که‌ی خۆیاندا بوو. نووسیویتی یه‌که‌مینیان چهپنو باوڕیان به ئیسلام نییه، دووه‌میان داوای سه‌ربه‌خۆیی کوردستان، من دژی ئه‌وه‌م، سێیه‌م ئه‌مانه ڕێگه‌ی گه‌یشتن به‌و ئامانجه، به شه‌ڕی چهکداریو پارتیزانی‌و پێشمه‌رگایه‌تی دهکهنو ئێمه دژی ئهوهیشین. ئێمه خه‌باتی سیاسی ئارام دهکهینو ده‌شمانه‌وێت له چوارچێوه‌ی ئێران‌دا بمێنینه‌وه‌و ئیسلام به‌رقه‌رار بێت، ئیسلامێکی میانڕه‌و ئه‌م نامه‌شیان له‌سه‌ر بڵاو کرده‌وه.
له‌وه‌ڕا کاک ئه‌حمه‌د که‌وته سه‌ر ئه‌وه‌ی بۆ دژایه‌تی ئێمه باکیی نه‌بوو، کۆمه‌ک وه‌ربگرێت، چ هه‌ر ئه‌م کاک ئه‌حمه‌ده که له وه‌ختی شادا، ئه‌مه‌ی کرد که حکومه‌تی خومه‌ینی هاته سه‌رکار به هه‌مان ستراتیژه‌وه، باکیی نه‌بوو سوود له حکومه‌ت وه‌ربگرێت بۆ لێدانی حه‌ره‌که‌تی سیاسی. چونکه کاک ئه‌حمه‌د به‌و ئه‌نجامه گه‌یشتبوو، که حه‌ره‌که‌تی ڕزگارییخوازی کوردستان مونحهریفهو لایداوه‌و دژی ئیسلامه‌و ده‌بێت دژایه‌تیی بکرێت. گه‌یشتبووه سه‌ر ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی ناسیۆنالیزم له‌گه‌ڵ ئیسلام ناگونجێت‌و دژایه‌تی له‌گه‌ڵ ئیسلام هه‌یه. بۆیه له کوردستاندا که بزوێنه‌ری سه‌ره‌کی شۆڕشه‌که‌ی ناسیۆنالیزمی کوردیه، ده‌بێت لێی بدرێت، تا ئه‌مه لێیندهرێت، ئهلتهرناتیڤهکهی که بریتیه له حه‌ره‌که‌تی ئیسلامی، ناتوانرێت په‌ره‌ی پێبدرێت‌و ده‌یوت ئایدۆلۆژیای ئیسلامی، سه‌ره‌نجام ده‌بێت جێگه‌ی ئایدۆلۆژیای ناسیۆنالیزم بگرێته‌وه. به‌ڵام ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی به ناواقیعبینییهکی سیاسی‌دا تێپهڕیو پێیوابوو له ئێران‌دا که شیعه له‌سه‌ر کاره، له‌ناو شیعه‌شدا خومه‌ینی که تووندڕه‌وترین شیعه‌یه. چونکه خه‌ڵکه‌که‌ی خومه‌ینی زۆر له‌و میانڕه‌وتر بوون، که‌سی وه‌کوو مونته‌زری، که‌سی وه‌کوو تاڵهقانیان هه‌بوو. به‌ڵام خومه‌ینی تووندترین که‌س بوو له دژی سوننه، ئاغا ئه‌حمه‌د پێیوابوو ده‌کرێت له ئێران‌دا دوو ڕابه‌ر هه‌بن؛ یه‌کێکیان خومه‌ینی رابه‌ری شیعهکانو بۆخۆشی رابه‌ری سوننه‌کان بێت. بۆیه له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه له‌گه‌ڵ غه‌یره کوردی سوننی رێککه‌وت، له‌گه‌ڵ حه‌ره‌که‌تی بلوجیو حه‌ره‌که‌تی تورکهمهنو له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی بهندهرانی باشوری ئێران که سوننینو به‌یه‌که‌وه رێکخراوێکیان دانا به‌ناوی شورای مه‌زهه‌بی سوننی، که ناوه کورتکراوه‌که‌ی شمس بوو. له‌و شورایه‌دا کاک ئه‌حمه‌د له هه‌موویان ناسراوترو قسهزانترو وریاتر بوو، خه‌باتیشی کردبوو ئازاش بوو.
کاک ئه‌حمه‌د وه‌کو زانایه‌کی ئایینی کاریده‌کردو ماوه‌یه‌ک رۆژنامه‌ی کوردستانیان له تاران ده‌رکرد، له‌و ماوه‌یه‌ی که له تاران بوو، په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ خوێندکاره کورده‌کانی زانکۆی تاران په‌یداکرد، خه‌ڵکێکی زۆر ده‌یناسی. له‌به‌رئه‌وه کاک ئه‌حمه‌د ئه‌وه نه‌بوو له‌پڕێک ببێت به کوڕێک، مێژوویه‌کی هه‌بوو له بنه‌ماڵه‌یه‌کی ناسراو بوو. موفتیزاده له سنه‌دا ببوو به قوتبێک، به مه‌رجه‌عێک. به‌ڵام شۆڕشی ئیسلامی ئه‌وه‌نده‌ی دیکه‌ی به‌رزکرده‌وه، چونکه شۆڕشی ئیسلامی هه‌موو مه‌لایه‌کی گرته‌وه، هه‌ندێک مه‌لا خۆیان زه‌مینه‌یان تێدابوو وه‌کوو مامۆستا شێخ عێزه‌دین له مههابادو موفتیزاده له سنه. ئه‌وانه خۆیان خه‌باتیان کردووه، کوردایهتیو سیاسه‌تیان کردبوو. به‌راستی زانا بوون، له‌به‌رئه‌وه حه‌قی خۆیان بوو ئه‌گه‌ر به‌رزبکرێنه‌وه. زۆر مه‌لای بێکهڵکو هیچنهزانو نه‌خوێنده‌واریش به‌رزبوونه‌وه. له یه‌که‌مین خۆپێشاندانه‌کانی که له شاره‌کانی کوردستانی ئێران کران، موفتیزادهو گروپه‌که‌ی به‌گه‌رمی به‌شدارییان کرد، ئه‌وه بووه هۆی ئه‌وه‌ی که له‌ناو خه‌لکدا زیاتر ناوبانگیان په‌یداکرد. هه‌ندێکی دیکه‌ی په‌یوه‌ندیی به ژیانی شه‌خسی خۆیه‌وه هه‌بوو، موفتیزاده ژیانێکی زاهیدانه‌ی بۆ خۆی هه‌ڵبژارد، ئێمه ئه‌وکاته ئیرادمان لێ دهگرتو ده‌مانوت ئه‌م شتانه بۆ ڕیاو خۆده‌رخستنه، بۆ نموونه: له‌سه‌ر فه‌رش دانه‌ده‌نیشت، به‌م دواییانه پڵاوی نه‌ده‌خوارد، له‌کاتێکدا ئێمه ده‌مانناسی له پێشتردا، زۆر زۆرخۆر بوو و نهوسنیش بوو(به گوزارشته هاوڕێیانهکهی). هه‌ر به‌وه‌ش له ناو خۆماندا گاڵته‌مان له‌گه‌ڵ ده‌کرد. که‌مێک به‌م دواییانه نانێکی رهقو ماستی ده‌خوارد، ئیتر ئه‌م زوهده‌ی بۆخۆی به‌رچاویی کرد، ئه‌م حاڵه‌ته‌و شۆڕشه‌که‌شی له ئێران‌دا که بوو به شۆڕشی ئیسلامی‌و حه‌ره‌که‌تی کوردستان له‌و کاته‌دا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی حه‌ره‌که‌تێکی یان چه‌پ بوو یان میللی‌و حه‌ره‌که‌تی ئیسلامی نه‌بوو. بۆیه کاک ئه‌حمه‌د بره‌وی په‌یدا کرد، چه‌پ له‌و کاته‌دا دوو حیزبی هه‌بوو، یه‌کێکیان کوردستانی بوو، که کۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستان بوو، ئه‌ویتریان کۆمه‌ڵه‌ی چریکی فیدائیانی خه‌لق بوو. له‌دواتردا ئه‌وه‌ی که به سه‌ختی به‌ره‌نگاری کاک ئه‌حمه‌د بووه‌وه، له‌قی کوردستانی چریکی فیدائیانی خه‌لق بوو. نه‌ک کۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستانی ئێران. تا کۆتاییش کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕان موناسهباتێکیان هه‌ر راگرت‌و حورمهتیشیان ده‌گرت، یه‌ک له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خه‌ڵکه‌که‌ی کۆمه‌ڵه، کورد بوون‌و خه‌ڵکی کوردستان بوون‌و دۆست‌و ئاشنای یه‌کتری بوون. عه‌بدوڵڵا که سه‌رۆکی کۆمه‌ڵه بوو، خۆی ژنبرای کاک ئه‌حمه‌د بوو، به‌ڵام ئه‌وه‌ی که تووندوتیژ بوو به‌رامبه‌ر به کاک ئه‌حمه‌د، چریکی فیدائیانو چه‌په‌کانی دیکه‌ی ئێران(په‌یکار) بوون.
راسته کاک ئه‌حمه‌د خۆی چه‌ند ساڵێك به‌ره‌و ئیسلامی سیاسی هاتبوو، به‌ڵام توندڕهویو زیاده‌ره‌وی ئه‌م هێزه چه‌پانه‌ش به چریکی فیدائیو په‌یکاره‌وه، ئه‌وه‌نده‌ی دیکه پاڵی به کاک ئه‌حمه‌ده‌وه نا که دژایه‌تی جووڵانه‌وه سیاسییه‌که بکات‌و له‌سه‌ر ئیسلامگهراییهکه ساغ ببێته‌وه. نه‌ک ته‌نها ئه‌وه‌ش، به‌ڵکو پاڵ بدات به حکومه‌تی خومهینییهوه، ته‌نانه‌ت کاتێک کاک ئه‌حمه‌د کونفرانسێکی به‌ناوی کۆنفرانسی بوزورگی ئیسلامی له سنه گرت، داوای کرد خودموختاریی ئیسلامی به کوردستان بدرێت. مه‌به‌ستی له خودموختاری ئیسلامی، ئه‌وه بوو با خودموختاریهک بدهنو ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی بده‌ن به من، حکومه‌ت ئه‌مه‌شی بۆ نه‌کرد. خۆ ئێمه‌ی تێدا نه‌بووین، هه‌ر خۆی بوو، پێموا بوو قاسملۆ یه‌ک دوو سه‌عاتێک به‌شداریی کردبێت، به‌ڵام ئه‌م کۆنگره‌یه دێموکڕاتی له‌گه‌ڵدا نه‌بوو. به‌شێوه‌یه‌کی گشتی دێموکرات دژایه‌تی کاک ئه‌حمه‌دیان نه‌کرد، چونکه له سنه‌دا دێموکرات زۆر لاواز بوو، له‌به‌ر ئه‌وه دێموکرات له سنه‌دا کێشه‌ی ده‌سه‌ڵاتی کاک ئه‌حمه‌دی نه‌بوو، چونکه به نیازی حاکمییه‌تی سنه نه‌بوو. ته‌نها حیزبه چهپهکانو جه‌ماعه‌تی موفتیزادهی تێدا بوو. ئه‌گه‌ر موفتیزاده له مه‌هاباد بووایه، شه‌ڕه‌که دێموکرات ده‌یکرد. من مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه کاک ئه‌حمه‌د وا دوورکه‌وته‌وه، دژایه‌تی هه‌موو جووڵه‌یه‌کی کرد. که وه‌ختێک خۆی داوای خودموختاریی ئیسلامیی کرد‌و ده‌وڵه‌تی ئیسلامی نه‌یدایه، هێشتا ده‌ستی له ده‌وڵه‌ت ههڵنهگرتو لێی دوور نه‌که‌وته‌وه. ناواقعبینیی کاک ئه‌حمه‌د له‌وه‌دا بوو پێیوا بوو له حکومه‌تی شیعه‌ی ئێران‌دا به‌رامبه‌ر به خومه‌ینی، که پیاوێکی ده‌مارگیر بووه، رێگه‌ی پێده‌ده‌ن خومه‌ینی ڕابه‌ری شیعه بێت‌و ئه‌و رابه‌ری سوننه بێت. ئه‌وه بۆچوونه کوشهندهکه بوو له زیهنی ئه‌وداو هه‌ر ئه‌وه‌ش به کوشتی دا. چونکه شیعه بیکوژێت، ئه‌و قسه‌یه‌ی بۆ نه‌که‌یت، کاک ئه‌حمه‌د هه‌وڵی خۆی دا بۆ نزیکبوونه‌وه‌ی له ده‌وڵه‌ت، به‌ڵام ده‌وڵه‌ت هیچ ئیمتیازێکی پێنه‌دا، خودموختاری ئیسلامیشی نه‌دایه، هیچ شتێکی له‌گه‌ڵ نه‌کرد. پاشان کاک ئه‌حمه‌د هاته‌وه سنه، پێشمه‌رگه دروستبوو و شۆڕش ده‌ستیپێکرده‌وه، حکومه‌تیش پێشمه‌رگه‌ی موسڵمانی دروستکرد، که شتێکی زۆر خراپ بوو له‌ناو خه‌ڵکداو به جاش ناوبانگیان ده‌رکرد. کاک ئه‌حمه‌د بۆخۆی پێشمه‌رگه‌ی موسڵمانی دروستنه‌کرد، چونکه خۆی ئه‌هلی ئه‌وه نه‌بوو، به‌ڵام وه‌کو مه‌رجه‌عێکی سوننی پشتگیری کرد. که شه‌ڕی کورد له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ت له هاوینی ساڵی 1979 له کوردستانی ئێران هه‌ڵگیرسا، هه‌میشه له به‌شی سوننه‌نشین بۆ گرتنی جه‌ژنی ره‌مه‌زان له‌گه‌ڵ حکومه‌ت جیاوازیان هه‌بوو، هه‌میشه شیعه یه‌ک رۆژ دره‌نگتر جهژنیاندهکرد، به‌ڵام خه‌ڵک نه‌ده‌چوون، خه‌ڵك خۆشی نه‌ده‌ویستن. ئه‌و مه‌لایانه‌ی که له‌گه‌ڵ مه‌ککه‌و مه‌دینه جه‌ژنیان ده‌کرد، له‌ناو خه‌ڵکی دا خۆشه‌ویست بوون. کاک ئه‌حمه‌د خۆی یه‌کێک له‌وانه بوو، شێخ عێزه‌دین له مه‌هاباد یه‌کێکی تر بوو. ئه‌م دووانه به‌ناوبانگ بوون، ئه‌مانه که ده‌یانوت جه‌ژنه، ته‌له‌فۆن بۆ هه‌موو شاره‌کان ده‌کراو ده‌کرا به جه‌ژن. به‌ڵام ئه‌و ساڵه‌ی که ئێمه پێشمه‌رگه بووین، له شاخ بووین، مامۆستا شێخ عێزه‌دین وه‌کوو هه‌میشه به‌یانی بڵاو کرده‌وه له شاخ‌و داوایکردو وتی:سبه‌ینێ بکه‌ن به جهژنو هه‌رچی خه‌ڵکی شاره به ده‌سته‌جه‌معی بچن بۆ سه‌ر قه‌بران بۆ زیاره‌تی شه‌هیدان له‌و رۆژه‌دا. به‌تایبه‌ت له شاری سنه، به گوێره‌ی وته‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی که هاتنه ده‌ره‌وه له‌دواتردا، ژماره‌ی خه‌ڵکه‌که نیزیک به سه‌ت هه‌زار که‌س بوو، واته خه‌ڵکی دێهاتیش هاتنه ناو شاره‌وه‌و بوو به خۆپێشاندانێکی گه‌وره ئیتر حکومه‌ت جورئه‌تی نه‌کرد ته‌قه‌ی لێبکات‌و ده‌ستی لێبوهشێنێت، خه‌ڵک زۆر به ئارامی، به‌ڵام له ڕیزی یه‌کگرتوودا، به پانایی شه‌قام تا سه‌ر قه‌بران چوون‌و هاتنه‌وه. ئه‌وه بوو به خۆپێشاندانێکی زۆر گه‌وره‌و پێشمه‌رگه‌ش له ده‌ورووبه‌ری شاردا هه‌بوو، له‌و کاته‌دا کاک ئه‌حمه‌د وتی:نه‌خێر سبه‌ینێ جه‌ژنه. بۆ یه‌که‌مجار له ته‌مه‌نی خۆیدا، له‌گه‌ڵ حکومه‌تی تاران‌و له‌گه‌ڵ شیعه جه‌ژنی گرت، به‌هۆی ئه‌وه‌وه رۆژی دواتر له مزگه‌وتی دارالاحسان که مزگه‌وتی جامیعه‌ی سنه‌یه، ئه‌وانه‌ی ئاماده‌ی نوێژی جه‌ژن بوون، له‌دوای کاک ئه‌حمه‌ده‌وه له 100 که‌س که‌متر بوون. ئه‌مه ده‌ریخست که ئاغا ئه‌حمه‌د له به‌ربه‌ره‌کانی دایه له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی کورد‌و تووشی شکست هاتو له‌ناو خه‌ڵکدا شکا. بۆیه له‌م مزگه‌وته‌دا خواحافیزی کردوو وتی:وادیاره خه‌ڵکی سنه مه‌یله‌و په‌یوه‌ندیان به ئیسلامه‌وه نه‌ماوه، من له‌نێو میلله‌تی وادا نابم. خۆ نه‌یوت ده‌وڵه‌ت خراپه، وتی: میلله‌ته‌که مه‌یلی ئیسلامیان نه‌ماوه. له دواییدا وتی: جا‌و الاسلام غریبا، وێار غریبا. (ئیسلام له سه‌ره‌تاوه به غه‌ریبی هاتووه‌و ئێستاش دووباره غه‌ریب ده‌بێته‌وه.) له‌وێدا وتی: من تازه له‌م شاره‌دا نابم. که وتی من تازه له‌م شاره‌دا نابم له‌به‌ر ئه‌وه نه‌بوو بتۆرێت، له‌به‌رئه‌وه بوو که توانای مانه‌وه‌ی نه‌بوو له‌باری سیاسییه‌وه، تۆ موخالیفهیهکی بزووتنه‌وه‌یه‌کی گه‌وره‌ت کردبێت، دوێنی ئه‌و بزووتنه‌وه میللییه سه‌د هه‌زار که‌سی کۆکردبێته‌وه، ئه‌مڕۆ بۆ تۆ سه‌د که‌س بێت مزگه‌وت، ئاخر ناتوانێت بژیت. له ژیانی خۆی نیگه‌ران بوو، له‌به‌رئه‌وه هه‌ر له‌وێ خواحافیزیی کرد‌و چووه کرماشان‌و ناوده‌ستی ده‌وڵه‌ت. خۆ نه‌هاته ناو شاخ‌و میلله‌ت، ئه‌گه‌ر له حکومه‌ت توڕه بوو، ده‌بووایه بهاتایه‌ته شاخه‌کان، به‌ڵام نه‌خێر! شاری سنه‌ی به‌جێهێشت، که شاری سنه له رۆژی ئه‌و خۆپێشاندانه‌دا به‌ته‌واوه‌تی که‌وته ده‌ستی میلله‌ت. ده‌وڵه‌ت چووه‌وه پاسگاو سه‌یته‌ره‌کانی خۆی، میلله‌ت هاتنه سه‌ر شهقامهکانو قسه‌یانده‌کرد. گه‌نجه‌کان دروشمیان دهنووسیو که‌س نه‌بوو بڵێت وامه‌که‌ن، تا سه‌رئه‌نجام وایلێهات پێشمه‌رگه‌ش هاتنه‌وه ناو شار‌و سنه به‌بێ شه‌ڕ گیراوشارهکانی دیکه‌ی وه‌کو سابڵاغ‌و بۆکان به شه‌ڕی خوێناوی گیران به‌ڵام سنه ئه‌م خۆپێشاندانه‌ی چه‌ند رۆژ له‌وه‌پێش، هه‌یمه‌نه‌و ده‌سه‌ڵاتی کوردی چه‌سپاندبوو له‌ناو شاردا، تازه هیچی له‌گه‌ڵ نه‌ده‌کراو شار به‌ده‌ستی کورده‌وه بوو، هه‌رچه‌نده فه‌رمانگه‌کان به‌ده‌ستی حکومه‌ته‌وه بوون، بۆیه که پێشمه‌رگه هاته‌وه ناو شار، شهر نه‌قه‌وما. ده‌زانم که له کاتی هاتنه‌ناوه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌دا بۆ ناو شاری سنه، چه‌ند که‌س له لایه‌نگرانی کاک ئه‌حمه‌د کوژران، به‌ڵام نازانم له‌و رووه‌وه له شه‌ڕی یه‌که‌می سنه یان شه‌ڕی دووه‌می سنه‌دا بوو، دوای ئه‌وه که پێشمه‌رگه چووه‌وه ناو شار، به‌شی زۆری کوردستان ئازاد کرا جگه له کرماشان‌و ناوچه‌ی هه‌ورامان. به‌ڵام ئه‌و شته راست نییه که نه‌گرتنی پاوه‌و کرماشان، په‌یوه‌ندی به به‌رگری لایه‌نگرانی موفتیزاده‌وه هه‌بێت، چونکه حکومه‌ت شه‌ڕی کرد نه‌ک لایه‌نگرانی کاک ئه‌حمه‌د. لهپاوهدا حکومه‌ت شه‌ڕێکی زۆر قورسی کرد، پێشمه‌رگه‌یه‌کی زۆری کوشت، پێشمه‌رگه‌ش له پاوه هێچ ئاماده‌ییه‌کیان نه‌بوو، له‌و شه‌ڕه‌دا مسته‌فا چه‌مران وه‌زیری به‌رگری خۆی سه‌رپه‌رشتیی ده‌کرد، من نازانم خه‌ڵکی پاوه چه‌ند هاوکاریی حکومه‌تیان کردووه، به‌ڵام ده‌زانم شه‌ڕی راسته‌قینه حکومه‌ت کردی نه‌ک خه‌ڵک. ته‌نها شه‌ڕێک بوو له سه‌رتاسه‌ری کوردستان که حکومه‌ت وه‌زیری به‌رگری خۆی بۆی بۆ نارد، که پیاوێکی زۆر به‌تواناو زیره‌ک بوو له شه‌ڕی پارتیزانیداو له‌گه‌ڵ فه‌له‌ستینییه‌کان راهێنانی کردبوو. له لوبنان ئه‌ویان نارد شه‌ڕی پاوه‌ی کرد. بۆیه ئه‌م شه‌ڕه نه په‌یوه‌ندیی به ئیخوانه‌وه هه‌بوو و نه په‌یوه‌ندیی به لایه‌نگرانی موفتیزاده‌وه هه‌بوو. به بڕوای من کوشتنی لایه‌نگرانی موفتیزاده له سنه، له شه‌ڕی دووه‌می سنه دابوو. ئه‌ویش دوای ئازادکردنی سنه له‌لایه‌ن پێشمه‌رگه‌وه، نزیکه‌ی ساڵێک پێشمه‌رگه له‌و شاره‌دا مایه‌وه. له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ت که‌وتبووینه گفتوگۆ‌و پاشان له 28ی گه‌لاوێژ ساڵی 1980 خومه‌ینی فه‌رمانی ده‌رکردو وتی: " خه‌ڵکینه ئێستا کۆمه‌ڵێک ژنومنداڵی موسڵمان له مزگه‌وتێکی شاری سنه که‌وتوونه‌ته گه‌مارۆی کۆمه‌ڵێک کافره‌وه. خه‌ڵکینه له‌هه‌ر جێگه‌یه‌کی ئێرانن‌و هه‌ر چه‌کێکتان به‌ده‌سته‌وه‌یه، ههڵیبگرنو ڕوو بکه‌نه سنه بۆ ڕزگارکردنی ژن‌و منداڵی موسوڵمانان، ئه‌ی له‌شکری ئێران به‌هه‌موو توانای خۆتانه‌وه هێرش ببه‌ن، منیش که خومه‌ینیم له‌م کاته‌وه خۆم فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزی چه‌کداریی ئێرانم، ئه‌وه فه‌رمانم پێکردن." ئه‌مه شه‌ڕی دووه‌می سنه‌ی ساز کرد، شه‌ڕی یه‌که‌م پێیده‌وترێت شه‌ڕی سێ مانگه، له شه‌ڕێ دووه‌مدا به دووری نازانم ئه‌و کۆمه‌ڵه لایه‌نگره‌ی موفتیزاده له‌شه‌ڕدا کوژرابن. ئه‌م شه‌ڕه له‌ناو سنه‌دا زیاتر له 20 رۆژ به‌رده‌وام بوو. ده‌وڵه‌ت به‌هه‌موو هێزو توانای خۆی‌و به ته‌یاره‌و تۆپه‌وه له‌ناو شاردا، له‌ناو گهڕهکهکانو بازاڕ‌و کوچه‌کاندا خه‌ڵك سه‌نگه‌ری لێدا، له‌سه‌ر بانه‌کان زیخ دانران. له‌دوای ئه‌م بیست رۆژه، هێزی پێشمه‌رگه‌و جه‌ماوه‌ری سنه، بڕیاریان دا شار چۆڵبکهنو چه‌ند هه‌زار که‌سێک له خه‌ڵکی شاری سنه که پێنج بۆ حه‌وت هه‌زار که‌س ده‌بوو، هاتنه ده‌رێ له شار، به‌مجۆره حکومه‌ت ده‌سه‌ڵاتی شاری سنه‌ی به‌ده‌سته‌وه گرت‌و له‌و کاته‌وه تا ئێستا سنه به ده‌ستی ده‌وڵه‌ته‌وه‌یه. به‌ڵام وه‌ها شاره‌که خوێناوی ببوو، وه‌ها کوژراو زۆر بوو، وه‌ها نێوانی دهوڵهتو میلله‌ت دژایهتیو دوژمنایه‌تی تێکه‌وتبوو، که کاک ئه‌حمه‌د خۆی تازه جورئه‌تی نه‌کرد بێته‌وه ناو شاری سنه. کاک ئهحمهدێك که له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ت بووه‌و پشتیوانیی له خومه‌ینی کردووه‌و موخاله‌فه‌تی خۆپێشاندانه‌کانی خه‌ڵك بووه‌و سنه‌ی به‌جێهێشتووه‌و چووه کرماشان، ئێستا نه‌یوێرا بێته‌وه‌و حکومه‌تی تارانیش له ده‌ستی پێشمه‌رگه ڕزگاری ببوو و به‌و شه‌ڕه خوێناوییه پێشمه‌رگه‌ی ده‌رکردبوو، تازه کوردێکی دیکه‌ی نه‌ده‌هێنایه‌وه له سنه‌ی دایبنێتو کێشه‌ی بۆ دروست بکات، کاک ئه‌حمه‌د کێشه‌ی بۆ حکومه‌ت دروست ده‌کرد، داوای مافی سوننه‌و خودموختاریی ئیسلامیی ده‌کرد، ئه‌و ماوه‌یه‌ی که کاک ئه‌حمه‌د له کرماشان مایه‌وه، شورای شه‌مسی دروستکردو له‌گه‌ڵ په‌یڕه‌وانی ئه‌هلی سوننه یه‌کیگرته‌وه. ده‌وڵه‌تی ئێران ته‌حه‌ممولی هیچ چالاکییه‌کی سیاسی نه‌ده‌کرد؛ ته‌نانه‌ت ته‌حه‌ممولی شیعه‌ی موخالیفی خۆی نه‌ده‌کرد. ئه‌و هه‌مووه ئایه‌توڵڵا گه‌وره‌یه‌ی شیعه لێدرانو ده‌ستبه‌سه‌ر کران‌و خانه‌نشین کران. نه‌خوازه کوردی سنه. له‌به‌رئه‌وه حکومه‌ت نیگه‌ران بوو له دامه‌زراندنی شورای شه‌مسی کاک ئه‌حمه‌د، بۆیه کاک ئه‌حمه‌دیان گرت، ئه‌وکاته ئێمه له شاخ‌و کێو بووین‌و له ده‌ره‌وه بووین، ئه‌و له کرماشان گیرا.
کاک ئه‌حمه‌د له زیندان ئه‌شکه‌نجه‌یه‌کی یه‌کجار وه‌حشیانه کرا، وه‌هایان لێکردبوو ئێسقانو گۆشتیان تێکه‌ڵ کردبوو. نه‌ک جارێک، به‌ڵکو سه‌د جار هه‌موو جارێک چاکیان ده‌کرده‌وه‌و بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن جارێکی دیکه ئه‌شکه‌نجه‌ی بده‌ن، به‌ڵام کاک ئه‌حمه‌د له زیندان به‌رگرییه‌کی باشی کرد‌و له زیندان ناو‌و ناوبانگێکی گه‌وره‌ی بۆخۆی په‌یدا کرد له ده‌ره‌وه، نازانم چیان لێدهویست که ئه‌شکه‌نجه‌یان ده‌کرد، حه‌تمه‌ن زانیارییه‌کی تایبه‌تیان لێویستووه که نه‌یداوه به‌ده‌سته‌وه، کاتێک به‌ریاندا له مردن نزیک ببووه‌وه، کوڕه‌که‌ی خۆی که خوشکه‌زامه، سڵاوی کاک ئه‌حمه‌دی بۆ دایکم ده‌هێناو وتی که باوکم به‌ڕێوه‌یه. دایکم کاک ئه‌حمه‌دی زۆر خۆشده‌ویست. ئه‌وکاته باوکم نه‌مابوو، من خۆم دوای زیندان کاک ئه‌حمه‌دم نه‌بینی. به‌ڵام ئه‌وانه‌ی که چووبوونه لای ده‌یانوت کاک ئه‌حمه‌د وه‌کوو قابڵاغێک وایه، له‌ناوه‌وه لاشه‌ی تێکشکاوهو دیاره من دوور بووم‌و زۆر خه‌مم بوو. به‌ڵام ئه‌و ره‌فتاره‌ی به‌رامبه‌ر کاک ئه‌حمه‌د کرا، زۆر وه‌حشیانه‌و نامرۆڤانه بوو. کاک ئه‌حمه‌د که هاته ده‌ره‌وه، ماوه‌یه‌کی که‌م ژیا، ده‌وڵه‌ت ده‌یزانی ده‌مرێت. به‌ڵام ئیستا که تۆ سه‌یری رابردوو ده‌که‌یت، ئه‌م کاک ئه‌حمه‌ده زیره‌که بهزیهنه ئه‌دیبه کوردیزانه قسه‌زانه بهجورئهتو به‌جه‌رگه کوردپه‌روه‌رو نیشتیمانپه‌روه‌ره، هه‌زار حهیفو هه‌زار خه‌سار که خۆی خه‌سار کرد، ئێستا بۆ میلله‌تی کورد وه‌ک ئه‌وه‌یه گه‌نجینه‌یه‌کت هه‌بێت یان ئاڵتونێکت هه‌بێت، له‌ده‌ستت بکهوێتو بکه‌وێته شوێنێکه‌وه تازه خه‌سار بووبێت. ئاغا ئه‌حمه‌د گهنجیینهیهکی گرانبه‌ها بوو له‌ده‌ستمان چوو، ئه‌و ئه‌وکاته له ده‌ستمان نه‌چوو که ئه‌شکه‌نجه کراو له‌دوای ئه‌شکه‌نجه گیانی سپارد، ئاغا ئه‌حمه‌د ئه‌و وه‌خته له ده‌ستمان چوو که بزووتنه‌وه‌ی ڕزگارییخوازی کوردی بهجێهێشتو به‌ره‌و دروستکردنی ئیسلامی سیاسی‌و به‌رقه‌رارکردنی شه‌ریعه‌تی ئیسلامی گرت له‌ناو ئێران‌دا. ئه‌کاته ئه‌و خۆی خه‌سار کرد، به‌ڵام هه‌موو ئه‌و قسانه‌ی که موخالفییهتی له‌به‌رامبه‌ر کاک ئه‌حمه‌د ده‌یکه‌ن، ئه‌گه‌ر له‌باری ئهخلاقیو سنعهتو ئازایهتیو زیرهکیو عه‌قڵی بیکه‌ن‌و ره‌خنه‌ی لێ‌بگرن، هه‌مووی هه‌ڵه‌یه. ئاغا ئه‌حمه‌د وره‌یه‌کی زۆر باش بوو، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش به‌ڕاستی‌و وجودێكی به‌که‌ڵکی پیرۆز بوو. ئیتر ئه‌و وجوده پیرۆزه‌مان له‌ده‌ست دا، شۆڕشی کوردستان له ده‌ستی دا.
ئه‌گه‌ر ئاغا ئه‌حمه‌د ئێستا مابووایه، هێزێکی ئیجگار گه‌وره ده‌بوو بۆ گۆڕین‌و ئاراستهکردنو جێگیرکردنی شۆڕشی کوردستانیش، به‌ری به زیاده‌ڕه‌ویی ئاینیی ده‌گرت به مه‌یلی ئیسلامی خۆیه‌وه، که کابرایه‌کی موسڵمانی جێگه‌ی ڕێز بوو، ده‌یتوانی یه‌کێک له رابه‌رانی ئه‌م شۆڕشه بێت، به‌داخه‌وه ئاغا ئه‌حمه‌د تووشی غرورێکی سیاسی زۆر بوو و چوو مفاوزهی له‌گه‌ڵ حکومه‌تدا کرد‌و ده‌یویست حکومه‌ت ڕابه‌ریی ئه‌و به‌سه‌ر سوننه‌دا بسپێنێت. به‌مه‌رجێک شه‌خسی خومه‌ینی تا مرد، فه‌رمانی یه‌ک ئیمام جومعه‌ی سوننه‌ی نه‌نووسی، که ده‌بوو ئه‌و بیکات. چونکه پێیوابوو ئه‌هلی سوننه نوێژیان دروست نییه، بۆیه فه‌رمانی هه‌موو ئیمام جومعه‌کانی کوردستان مونته‌زری نووسیونی، تا ئه‌وکاته جێگری خومه‌ینی بوو، کابرایه‌کی ئاوا چۆن رابهریتی سوننه قبوڵده‌کات. ئێمه به هه‌موو لایه‌که‌وه هاوارمان لێکرد، بیست جار چووینه ماڵ، هه‌ر یه‌ک نموونه بگێڕمه‌وه: له شاری مه‌هاباد له‌سه‌ره‌تای ئازادکردندا، دوو جه‌ماعه‌تی لێ‌بوو(چهپو ئیسلامی)ده‌یانویست له جێگه‌ی وێنه‌ی شا، ئاڵایه‌ک بچه‌قێنن. به‌ڵام کام ئاڵا سوور یا سه‌وز؟ له‌سه‌ر ئه‌مه بووه کێشه، به‌ڵام مامۆستا شێخ عێزه‌دین هاتو چووه سه‌ر په‌یکه‌ره‌که، ئاڵا سه‌وزه‌که‌ی ههڵگرتو ماچی کرد، دوایی ئاڵا سووره‌که‌شی له‌ده‌ست کوڕێکی وهرگرتو ماچی کرد، له‌په‌نای یه‌کتری دانان‌و وتی ئه‌وه ده‌بێت به‌یه‌که‌وه ئه‌م دوو ئاڵایه بژین‌و پێکه‌وه بڕوێنه‌وه. ئیتر ئاوێک به ئاگره‌که‌دا کراو له مه‌هاباد شه‌ڕێکی له‌م بابه‌ته دروست نه‌بوو. خه‌ڵک وتی نموونه‌که‌ی مامۆستاعێزهدین نموونه‌یه‌کی ته‌واوه، من له هه‌موو ده‌وره‌ی خومه‌ینی یکجار چوومه تاران، چونکه قاچاغ بووم. ئه‌مجاره‌ش به نه‌هێنی چووم. کاک ئه‌حمه‌دیش له تاران بوو، دانیشتین، من پێشنیارم پێکردو وتم: " کاک ئه‌حمه‌د له سنه دووبه‌ره‌کایه‌تی زۆره، ورن ڕێک که‌ون، منیش قسه‌تان له نێواندا ده‌که‌م." وتم: " شورایه‌ک دابنێن، تۆ ببه سه‌رۆکی شورای کوردستان(سنه). له‌ناو شوراکهشدا له هه‌موو ده‌سته‌و تاقمه‌کان نوێنه‌ر داده‌نێن، ئیتر به‌مجۆره هه‌موو یه‌کگرتوو ده‌بێت." که‌چی له‌وڵامدا وتی: " ئه‌و فێڵه‌ی له مامۆستا شێخ عیزهدینت کردووه، خه‌یاڵت هه‌یه له منیشی بکه‌یت، من وا لێبکه‌یت که ئاڵای سووری کۆمۆنیسته‌کان ماچ بکه‌م، منیش به‌و ده‌رده ببه‌ی که شێخ عیزهدینت برد، ئێستا هه‌موو چهپو کۆمۆنیسته‌کان پشتیوانی لێده‌که‌ن." زۆرم هه‌وڵدا وتم: " کاک ئه‌حمه‌د ئه‌وه خراپ نییه که چهپو کۆمۆنیسته‌کان پشتیوانی لێده‌که‌ن، ئه‌وه ئیمتیازێکی گه‌وره‌یه که هه‌موو لایه‌ک پشتگیریت لێبکه‌ن، تۆش ده‌که‌ین به سه‌رۆک، که چهپو نهتهوهییو ئیسلامی له‌ژێر سه‌رۆکایه‌تی تۆدابن." وتی: " نا، نا، ئه‌وه فریوی مامۆستا شێخ عێزهدینت داوه، فریوی من مه‌ده، ئه‌هلی ئه‌وه نیم." له‌به‌ر ئه‌وه ده‌یانجار که خۆم شاهید بووم، هه‌موو لایه‌نه‌کان ئه‌م داوایان له کاک ئه‌حمه‌د کرد، که‌چی ئه‌و قبوڵی نه‌بوو. راسته کاک ئه‌حمه‌د یه‌کێک له رابه‌ره گرنگه‌کانی گه‌لی کورد بوو، به‌ڵام رابه‌ری موتڵه‌ق نه‌بوو که ئیدی که‌سی دیکه نه‌بێت قسه بکات‌و حیزبی دیکه مافیان نه‌بێ چالاکی بکه‌ن. ئه‌م کێشه‌ی ئه‌وه بوو، که له‌باری تیۆرییه‌وه به‌و قه‌ناعه‌ته گه‌یشتبوو که بزووتنه‌وه‌ی ناسیۆنالیستی‌و چه‌پ، دژی ئیسلامگهراین، چونکه له کوردستاندا بزووتنه‌وه‌ی ناسیۆنالیستی‌و چه‌پ، ڕهگو ڕیشه‌یان هه‌یه‌و ده‌بێت له‌سه‌رتادا له ناو ببرێن. بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگه بۆ ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامی خۆشبکه‌یت، بۆیه که ده‌ڵێم موفتیزاده خه‌سار بوو، راست ده‌که‌م. به‌ڵام نه‌ک ئه‌وکاته‌ی له زینداندا ئه‌شکه‌نجه درا، به‌ڵکوو ئه‌وکاته لایداو به‌ره‌و ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی چوو، دژی خواسته‌کانی بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕی کورد. جا دوایی بایداوه بۆ شهمسو ئه‌هلی سوننه، تازه حکومه‌ت له‌گه‌ڵی نه‌ده‌کرد. ئه‌وکاته‌ی په‌نجاهه‌زار پێشمه‌رگه حازر بوو به قسه‌ی بکا، ئه‌وکاته هیچی نه‌کرد، تازه به پهنانشینی له کرماشان و‌ڵامیان نه‌دایه‌وه. هه‌ر به گوێشیان نه‌کردو گرتیشیان، ئه‌شکه‌نجه‌شیان دا‌و شه‌هیدیشیان کرد. هه‌زار ره‌حمه‌ت له قه‌بره‌که‌ی، هه‌زار جار یادی به‌خێر. من هه‌رگیز له ژیانما دۆستی وا نزیک‌و خۆشهویستو بهقیمهتم نه‌بووه‌و بۆ مه‌رگی هیچ که‌سیش، وه‌کوو مه‌رگی ئه‌و، پێی کاریگه‌ر نه‌بووم. بۆ لادانی هیچ که‌سیش به هێنده‌ی لادانی ئه‌و به‌داخه‌وه نه‌بووم ئه‌مه سه‌رگوزشته‌ی سیاسی موفتیزاده بوو.
*ئاماده‌ی کردووه.