کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


تـاجــيــــرى فــاجـــيــــر

Monday, 02/03/2015, 12:00


له‌بازاڕی دۆلاره‌که‌وه ‌ :
حكومه‌ت قه‌رزارى هاوڵاتييه‌كه‌ ئیتر یا(بازرگان ، به‌ڵێنده‌ر) ه‌ ، يه‌ك مليار ديناريان بۆ نووسيووه‌ به‌ يه‌ك (چه‌ك) ى بانكيى ...ئێ ته‌بعه‌ن كه‌ ئه‌چێت بۆ بانق ، ئاڕێك ى قه‌ڵه‌و ئه‌ده‌ن له‌ڕووى كاكى بازرگان ، نائومێد و سفر و هيچ به‌ده‌سته‌وه‌ دێته‌ ده‌ره‌وه‌..
ئه‌ويش قه‌رزارى خه‌ڵکه‌ ، چارى نييه ، بازاڕى دۆلاره‌که‌ نه‌بێت ..
ئه‌مما بازاڕى دۆلاره‌که‌ ، فه‌ جيهانێكى تره‌ ، رێسا و ياساى خۆى هه‌يه‌ ..
بازرگانى خاوه‌ن (چه‌كى بانقيى) بێ پاره‌ ؛ ناچاره‌ بكه‌وێته‌ موعامه‌له‌وه‌ ، سه‌ره‌تا چه‌که‌که‌ (جيڕۆ ئه‌كات ، واته له‌ پشتى چه‌که‌که‌ى دووجار ئيمزا ئه‌كات)..
چه‌که‌که‌ی ئه‌فرۆشێت ، ئه‌مما به‌چه‌ند؟ چۆن؟ کێ چه‌کێک ئه‌کڕێت که‌ هه‌تا (ئيشعارون ئاخه‌ر) ئه‌بێ یاله‌يلى بڵێ به‌باڵایا ؟
ئه‌مه‌ش رۆمانێكى خه‌ماوى و خه‌ياڵاويه‌ ..ئه‌گه‌ر موشترييه‌كى دۆزيه‌وه‌ ئه‌وا سێ و دووى لێناكات و ناوى خواى لێدێنن ..
ئه‌و چه‌كى بانقى پێییه‌ و پاره‌ نووسراوه‌كه‌ى ناوى (دينار) ه..
جا وه‌رن سه‌يرى ئه‌م موعامه‌له‌ سه‌ير و سه‌مه‌رانه‌ى بازاڕى دۆلاره‌كه‌ بكه‌ن :
سه‌ره‌تا ئه‌ڵێن : دينارت لێئه‌کڕين ، دۆلارت ئه‌ده‌ينێ .. باشه‌ ئه‌ى دۆلار چۆن حيساب ئه‌كه‌ن ، ئه‌ڵێن ئێمه‌ دۆلارى ئێستاى خۆمان بۆ تۆ حيساب ئه‌كه‌ين به‌ (1650) دينار..
یه‌عنی :
1,000,000,000 دابه‌شى 1650 = 606 هه‌زار دۆلار..نه‌خێر شه‌ش سەد هه‌زار دۆلارت ئه‌ده‌ينێ .. واته 60 ده‌فته‌ر دۆلارى گه‌ڵا سه‌وز ..
له‌كاتێكدا كه‌ دۆلار ئه‌فرۆشن (جارجار ئه‌شڵێن ئه‌يشكێنينه‌وه‌) به‌ 1650 دينار ، خۆى له‌هه‌مان كات و ساتدا به‌ 1250 ديناره
واته‌ 1,000,000,000 دينار دابه‌شى بكه‌ به‌سه‌ر 1250 ديناردا ، ئه‌كاته : هه‌شت سەد هه‌زار دۆلار .. واته‌ هه‌شتا ده‌فته‌ر..
بازرگان و به‌ڵێنده‌رى داماو هه‌ر له‌ڕێوه‌ هه‌شتا ده‌فته‌ر دۆلارى فرۆشتووه‌ به‌ شه‌ست ده‌فته‌ر (خه‌رمان به‌ره‌كه‌ت) ..
ئه‌و دۆلار فرۆشه‌ش که‌ بيست ده‌فته‌رى قازانج كردووه هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ى دينارى هه‌يه‌ ، ته‌نها ئه‌توانێت چه‌كيى بانقيه‌که‌ی که‌ کڕيوويه‌تی بيخاته سه‌رحيسابه‌كه‌ى و هيچى تر..بۆی نييه داوای پاره‌ بکات ، چونکه‌ نییه‌ ؛ ئه‌گه‌ر پاره‌ش هات ئه‌وا بۆی نییه‌ هه‌مووی راکێشێت..! ئه‌و ته‌نها ئه‌توانێت ، ئه‌و چه‌که‌ بانقييه‌ی که‌ کڕيويه‌تی بيكات به‌ پێنج به‌شه‌وه‌ و دوو سەد مليۆن دوو سەد مليۆن چه‌ك بنووسێت بۆ خه‌ڵكى تر .. ئه‌وانى تريش هه‌مان مامه‌ڵه‌ ده‌كه‌ن به‌ چه‌كێكى بانقيى بێ پاره‌ و بێ هيوا وبێ دڵنيايى ..
راستییه‌که‌ی حكومه‌تى هه‌رێم یان بانقه‌کان خۆیان به‌قه‌رزار ئه‌زانن ، به‌ڵام نييه يه‌عنى نييه .. قه‌رز بده‌ به‌شه‌رتى بێنه‌ و نييه ..
..
پرسيارێك خۆى قووت ئه‌كاته‌وه‌ : بۆ له‌بازاڕدا خه‌ڵكانێكى دياريكراو ملياره‌ها ديناريان هه‌يه‌ و چه‌كى خه‌ڵكى پێده‌کڕن ؟؟ ئه‌ى بۆ له‌ بانقه‌كاندا نييه ؟ وه‌ڵامه‌که‌ی لای خۆتانه..
له بانقى ناوه‌ندى به‌غداوه:
حكومه‌تى به‌غدا نه‌وت ئه‌فرۆشێت و دۆلار وه‌رده‌گرێت ، ناچاره‌ دۆلار بفرۆشێت و دينارى پێبكڕێت بۆ مووچه‌ و خه‌رجيى فه‌رمانگه‌كان ..جا ئه‌م بانقى ناوه‌ندى به‌غدايه رۆژى وا هه‌بووه‌ پێنج سەد مليۆن دۆلارى فرۆشتووه‌...
ئه‌م چۆن ئه‌يفرۆشێت ؟ ئه‌مه‌ش ده‌ریایه‌کی تره‌ له‌دزی وده‌غه‌ڵی و تێوه‌گلان..
بانقی ناوه‌ندی به‌ حيسابى خۆيان ئيشيان عيلميى و عه‌مه‌لى و شه‌ففافه‌ ، دێن بانق و كۆمپانياكان ده‌عوه‌ت ده‌كه‌ن و به‌ (موزايه‌ده‌) ئه‌يفرۆشن .. موزايه‌ده‌ (واته‌ زيادكردن) ؛ ئه‌ويش له‌به‌رخاترى چاوى ره‌شی شه‌عبى عێراقى عه‌زيم .. بانقى ناوه‌ند له‌به‌غداد : دۆلارێك ئه‌فرۆشێت به‌ (1160) دينار ..كه‌له‌بازاڕدا (1250) ديناره‌ ..
واته‌ گڵايه‌كى سه‌وزى سه‌رمۆر به(9000 دينار) كه‌متر ده‌فرۆشن .. !
به‌مجۆره‌ ئه‌گه‌ر بۆ نمونه‌ بڕى دۆلارى فرۆشراو (500 مليۆن دۆلار) بێت ، ئه‌وا بانقى ناوه‌نديى عێراق ، خوا گورچكيان بكاته خوێن ، 45 مليار دينارى زه‌ره‌ر كردووه‌ ..؟
جا به‌لاتانه‌وه‌ عه‌جايه‌ب نه‌بێ كه‌ كۆمه‌ڵ و ده‌سته‌ و مافياكان ، بووبن به‌ حووتى شين و هه‌رچى هه‌یه‌ حه‌په‌لووشى بكه‌ن ..
به‌لاشتانه‌وه‌ عه‌جایه‌ب نه‌بێت ؛ هه‌تا ئاوا رۆژانه ملياره‌ها دينار بزر بكرێت ، به‌ته‌ما نه‌بن ، بارودۆخی دارايى و بانقه‌كان و مووچه‌ چاك ببێت ..
ئێستا بۆ ئێمه‌ى هاوڵاتى بۆیه‌ خراپه ‌، چونکه‌ بۆ ئه‌وان باشه‌..كه‌ ئێمه‌ بمانه‌وێت بۆ ئێمه‌ باش بێت ، ئه‌بێت بۆ ئه‌وان خراپێت.
ئێ ئه‌وان چونکه‌ کوڕی باشن ، نايانه‌وێت تووشى خراپ‌ ببن ..
ناچار چه‌ند هه‌زار كه‌سێك قوڕ ئه‌گرنه‌وه‌ بۆ چه‌ند مليۆن كه‌سێك ..
من ئه‌ڵێم ياخوا عافيه‌تيان بێت ..به‌خوا لايه‌قيانه..ئه‌وان به‌ده‌نگى هاوڵاتيانى به‌شه‌ره‌ف ؛ شه‌ره‌فى دزى و حه‌په‌لووشكردنى سه‌روه‌ت و سامانى خه‌ڵكيان پێدراوه‌..
ئه‌وان (رێپێدراو) ن له‌لايه‌ن هێزى له‌بن نه‌هاتووى گه‌له‌وه‌..
ئه‌و نوێنه‌ره‌ شايستانه‌ى كه‌ به‌ده‌نگى هاوڵاتيان چوونه‌ته‌ ته‌نيشت حه‌جه‌كه‌وه‌ ، به‌باشترين شێوه‌ ئه‌ركى نيشتمانى خۆيان ئه‌نجام ئه‌ده‌ن ..
ولى يجيب نه‌قش عه‌وافى..
تــــاهـــــا ســــۆڵـــه‌يى
دارولمولكى بابان
1ى ئازارى2015

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە