تۆ بڵێى هێرۆ خان و خێزانى مەسعود چەند تەن ئاڵتونیان هەبێت
Tuesday, 18/01/2011, 12:00
ڕاپەڕینى گەلى تونس لە لایەكەوە هیواى هێنا بۆ هەموو ئەو گەلانەى دەچەوسێنەوە لە لایەكى دیكەوە نیگەرانى و ڕەشبینى دروستكرد لاى سەركردە دكتاتۆرەكان، ئەوەتا ژنى زین العابدین بە تەن و نیوێك ئاڵتونەوە وڵات بەجێ دێڵێت و لەولاشەوە خەڵكى بێكار خۆى دەسوتێنێت، بێگومان خۆكوشتن كارێكى ئاسان نییەو كەسێك ئەو كارە دەكات لەم دونیایەدا ڕۆشنایى بۆ نەمابێتەوە.
لەبەر ئەوەى ژنى مەسعود ئەوەندە دەرناكەوێت لەوەیە حیساب و كیتابى فرە ڕوون و ئاشكرا نەبێت، برادەرێك لە كادرێكى پارتى پرسى وتى ئەوە هەموو سەرۆكى دەوڵەتەكان ژنەكانیان دەبەن بۆ سەفەر ئەى كاك مەسعود بۆ لە گەڵ خۆیدا ژنەكەى نابات، كاردرەكە وتى كاكە لە ئەوروپاو ئەمریكا ژن ماج دەكەن، ئەگەر بۆش ژنەكەى كاك مەسعود ماج بكات ئەوە لە كوردستان دەبێتە هەراو ئابرومان دەچێت، بێ گومان هەر ژنى جەلال و مەسعود نییە كە گومانى ئەوە هەبێت بە تەن ئاڵتونیان هەبێت ئەوە هەزاران وردە فیرعەون هەیە تواناى كرینى ئاڵتونیان هەیە بە تەن. بەڵام هێرۆخان لەبەر ئەوەى ژنى تاڵەبانیەو تاڵەبانیش ناسراوە بە لیبرال بوونى لە ڕووى كۆمەڵایەتییەوە، ئەوە هێرۆ بووەتە نەعیمە نێرەو قوم لە جگەرە دەدات و هەر وەك پیاو تەسەروف دەكات، تەنكەرە نەوتەكانى چى جادەى كوردستان هەیە تێكیان داوەو كەسیش نازانێت ئەو پارەیە چەندەو بۆ كوێ دەچێت. ئەمە جگە لەوەى زۆربەى كاروبارى مقاوەلات لە ناوچەكانى خۆیاندا خۆیان دەیگرن، بەوەشەوە نەوەستاون ئەوتا پارەى فەرمانبەرى قوربەسەریانیش دزیوە. خۆ ئەگەر باسى مەسعودو كەس و كارى بكەى كەسێك نابینیت تێیدا وەك و هاوڵاتى ئاسایى كارێك بكات بەڵكو هەمووى موچەى خەیالى لەم حكومەتە وەردەگرێت جگە لە كارى بازرگانى، ئەمە هەر خۆیانیش نین بەهەزارەها دەست و پیوەندیان بەرەڵا كردووە بۆ ڕووتاندنەوەى ئەم ملەتە، با كۆتایى باسەكەمیش بە ژیانى هاوڵاتیەكى ئەم كوردستانە بێنم كە دراوسێمانەو خاوەنى ژنێك و شەش منداڵە، كابرا كرێچیە لاى حاجیەك، حاجى زۆر دەوڵەمەندە هەموو سەروەتەكەشى لە قاچاخچێتى نەوت و بەنزین و گاز پێكەوە ناوە، لەم دواییەشدا لە گەڵ بەرپرسێكدا شەریك بووبووەوە لە بەنزینخانەى چاڵەكە لە سلێمانى ئەو گازەى كە وەك و بەشى كوردستان لە عێراقەوە دەهات دەیاندزى و دیسانەوە دەیانبرد لە خواروى عێراق بە نرخى بازرگانى دەیانفرۆشتەوە، كابراى كرێچیش بە گۆرى ئەو شەهیدانەى خوێنیان بۆ ئەم وڵاتە ڕشاند بەم زستانە شەو تا بەیانى بەسەرما دەبەنە سەرو پارەیان نییە سوپاكەیان بسوتێنن، خەتى مولیدەیان نییە، لە سەرەتایترین جۆرەكانى ژیاندا دەژین، ئەمە لە كاتێكدا بە هەزاران قوڕم ساغ بە چوار ملیۆن دینارو پێنج ملیۆن دینار خانەنشین دەكرێن، ئەوە تەنها نموونەیەكەو هەزارانى تریش هەیە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست