میلله‌تێک رازیی بێت نیشتیمانی بفرۆشن، میلله‌تێکی زیندوو نییه
Thursday, 25/10/2012, 12:00
3768 بینراوە
هه‌ر میلله‌تێک واز له خاک و نیشتیمانی خۆی بهێنێت، مه‌رگی خۆی راده‌گه‌یه‌نێت. له مێژوودا هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌ک بستێک له خاکی خۆی به نه‌ته‌وه‌یه‌کی تر نه‌به‌خشیوه، هه‌موو شتێک ئه‌گه‌ر شایانی به‌خشین و وازلێهێنان بێت، یاساکانی سروشت، ئه‌مه‌ی بۆ نیشتیمان قه‌ده‌غه‌کردووه، نه‌ته‌وه‌ی زیندو ده‌ست له خاکی خۆی هه‌ڵناگرێت، ده‌ست هه‌ڵگرتن له نیشتیمان، ده‌ستهه‌ڵگرتنه له شه‌ره‌ف و که‌رامه‌تی نه‌ته‌وه‌یی. وازهێنان له که‌رکوک، موسڵ، خانه‌قین و ناوچه‌کانی تر، مه‌رگی نه‌ته‌وه‌یه‌که، نه‌ک بە ته‌نها نه‌مانی شه‌ره‌ف.
له به‌غداد و شاره‌کانی دیکه‌ی عێراقدا نزیکه‌ی دوو ملیۆن کورد ده‌ژی. له ئه‌نقه‌ره و ئه‌سته‌مبوڵ و شاره‌کانی تورکیا، زیاتر له 6 ملیۆن کورد نیشته‌جێی بووە، له تاران و ته‌برێز و ئه‌سفه‌هان و شاری دیکه‌ی ئێران زیاتر له دوو ملێۆن کورد بوونیان هه‌یه، نه کورد خۆی به خاوه‌نی ئه‌و شارانه ده‌زانێت، نه ئه‌و حکومه‌ته داگیرکهرهنهش رێگایان داوه کورد داخوازییه‌کی وای هه‌بێت، ئه‌ی چی وا له تورکمان و ئاشووریی و مه‌سحیی ده‌کات، له ناو خاکی کوردستاندا ئه‌و داوایه به سه‌ر سه‌رانی کورددا فه‌رز بکه‌ن!؟
له هه‌موو وڵاتێک‌دا که‌مه نه‌ته‌وایه‌تی هه‌یه، له‌گه‌ڵ خاوه‌نی ئه‌و نیشتیمانه‌دا هه‌موو پێکه‌وه ده‌ژین، بێ ئه‌وه‌ی رێگا بدرێت، ئه‌مانه‌ی هاتوونه‌ته لایان داوای جیانبوونهوه و سه‌ربه‌خۆیی بکه‌ن، به پێچه‌وانه‌وە کورد هیچ کام له‌و نه‌ته‌وانه‌ی، کە خاوه‌نی خاک و نیشتیمانی خۆیانن و مه‌ترسی تێداچوون و تواندنهوهشیان وه‌ک کورد له‌سه‌ر نییه، رازیی نیین ده‌ستبه‌رداری بستێک له خاکی خۆیان بن.
میلله‌تی زیندوو رێگا نادات نه‌ته‌وه‌یه‌کی تر له ناو خاک و زه‌ویی خۆیدا ده‌وڵه‌ت، یان هه‌رێمێکی سه‌ربه‌خۆ بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌کی میوان دروست بکات، وەکو جەلال تالەبانی بڵێت ئه‌م خاکه بۆ خۆتان، تا ببنه مه‌ترسی بۆ پاشه‌ڕۆژ و داهاتوو، ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ تورکمان و ئاشوریی و مه‌سیحی، له ناو خاکی کوردستاندا داوای ده‌که‌ن، له ئیستاوه هه‌ڕه‌شه‌یه بۆ سه‌ر پاشه‌ڕۆژی کورد. کورد نیشتیمانی نه‌ته‌وه‌یه‌کی دیکه‌ی داگیرنه‌کردووه، وڵاتێکی دیکه‌ی نه‌خستۆته سه‌ر نیشتیمانی خۆی.
له باشووری کوردستان، ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه‌یه‌ک وازی ده‌هێنا و ده‌بوو بە جاش، ده‌چووه پاڵ حکومه‌ت و سیخوڕیی و کاری خراپی ده‌کرد. له که‌رکوک، موسڵ، خانه‌قین و ئه‌و ناوچانه‌ی که‌مه نهتهواوییهتی تێدایه، له پاڵ جاشایه‌تیی بوونەکانیاندا زۆر کەس ناسنامه‌ی کوردبوونیان واز لێده‌هێنا، ده‌بوونه تورکمان و عه‌ره‌ب، زۆربه‌ی تورکمانه‌کانی که‌رکوک، هه‌ولێر، خانه‌قین و موسڵ، به ره‌چه‌ڵه‌ک کوردن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کوردستان وڵاتێکی داگیرکراوه، سروشت و پێکهاته‌ی ئه‌و شارانه وا دروست بوون، کورد تێیدا پێگه و که‌سایه‌تیی لاواز بێت، بۆیه کورد له چاو نه‌ته‌وه‌کانی تردا خۆی به که‌متر زانیوه، بۆ نمونه دوو برا له که‌رکوک ئه‌گه‌ر یه‌کێکیان ماڵی له ره‌حیمئاوا بووبێت، ئه‌ویتریان له گه‌ڕه‌کی موسه‌لی، ئه‌وه‌ی رهحیمائاوا به کوردیی ماوه‌ته‌وه، لێ ئه‌وه‌ی تریان پاش ماوه‌یه‌ک منداڵه‌کانی فیری تورکمانی بوون، له کورد دوورکه‌وتوونه‌ته‌وه و به کوردی قسه‌یان نه‌کردووه، دوایی له‌گه‌ڵ گه‌وره‌بوونیاندا، پێناسه‌ی تورکمانیان هه‌ڵگرتووه و وه‌ک تورکمان خۆیان ناونووسکردووه، حکومه‌تی تورکیا و میتی تورکی له مێژه کار له سه‌ر ئه‌مه ده‌که‌ن، ئه‌مه دیارده‌یه‌کی سامناکه، کورد له ناو خاکی خۆیدا به سووک و به بچوکتر خۆی بناسێنێت، حاشا له کوردبوونی خۆی بکات. دروشم و ئامانجی هه‌موو شۆڕش و خه‌باتێکی چه‌کداریی و مه‌ده‌نی پاراستنی که‌رامه‌ت و کڕینه‌وه‌ی که‌سایه‌تی تاکی کۆمه‌ڵگایه، که داگیرکه‌ر لێیان زه‌وت ده‌کات، به پێچه‌وانه‌وه پارتیی و یه‌کێتیی له شۆڕشه‌کانیاندا که‌سایه‌تیی و که‌رامه‌تی تاکی کوردیان بۆ خواستی دوژمان شکاندووه، ئه‌وانه‌ی بوونه‌ته رابه‌ڕ و سه‌رکرده، حیزب و شۆڕ‌شیان دروست کردووه، سه‌رکرده‌ی نه‌ته‌وه‌یی و وڵاتپاریزی راسته‌قینه نیین، بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، حیزبه ئیسلامیی و کۆمۆنیسته‌کانیش قوتابیی و په‌روه‌رده‌ی ئه‌و عه‌قڵه حیزبییه‌ی پارتیی و یه‌کێتیین، که داگیرکه‌ران بۆی کێشاون و له سه‌ری ده‌ڕۆن، بۆیه ناتوانرێت بڕوا به قسه و خیتاب و راگه‌یاندنه‌کانیان بکرێت، له‌گه‌ڵ ئه‌و په‌یامه‌ی پێیانه و بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌که‌ن دڵسۆز و راستگۆنین. ته‌نانه‌ت دژی به نه‌ته‌وه‌بوونی کوردیشن، گاڵته به مافی چاره‌نووس و ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ ده‌که‌ن.
هه‌ر میلله‌تێک خوێنده‌وه‌ی بۆ رابردوو نه‌بوو، پێشبینیشی بۆ داهاتوو نابێت، ئه‌وه‌ی له ئیستادا ده‌یکات، نزیکبوونه‌وه‌یه له ئاژه‌ڵ، پێداویستی ئاژه‌ڵ بۆ مانه‌وه‌ی خۆدە، چونکە ته‌نها پێویستی به خواردن و خواردنه‌وه و زاو و زێ و به‌جێهێنانی ئارهزووهکانێتی، ده‌سه‌ڵاتی کوردی خه‌ڵکی به‌ره‌و ئاژه‌ڵبوون بردووە، بیرکردنه‌وه‌ی لێسه‌ندوونه‌ته‌وه، ئه‌مڕۆ مرۆڤی کورد سنووری بیرکردنه‌وه‌ی له له‌شی خۆی دوور خستۆته‌وه، که‌سایه‌تییه‌کی خۆپه‌رستی لێ په‌یدابووه، که‌سی خۆپه‌رست ئیره‌یی به هه‌موو شتێک ده‌بات، خۆشیی ته‌نها بۆ خوودی خۆیه‌تی، ملی به‌رامبه‌ر ده‌شکێنێت، شه‌ڕیان له‌گه‌ڵدا ده‌کات و رکهبهرایەتییان ده‌کات، له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وه هیچی دیکه به مه‌ترسیی نازانێت، ده‌سه‌لاتی کوردیی هه‌رچییه‌کی لێده‌کات ئاساییه و بێده‌نگه، چی له خاک و نه‌ته‌وه، له شه‌ره‌ف و له ناموسی ده‌کات، ئه‌مانه به مه‌ترسی نازانێت، ئه‌گه‌ر دوژمن بێته نێو وڵاته‌که‌یه‌وه، ئاساییه، ده‌سه‌ڵات خاک و نیشتیمانی بفرۆشیت بێده‌نگ ده‌بێت، لێ دراوسێکه‌ی ئه‌گه‌ر بستێک ته‌جاوز بکات و پێیه‌ک بخاته ناو ماڵه‌که‌یه‌وه، خوێنی له‌سه‌ر ده‌ڕێژێت، نیشتیمانی ئه‌و ته‌نها ئه‌و ماڵه‌یه کە تێیدا ده‌ژی، نه‌ک گه‌ڕه‌ک و شار و وڵاته‌که‌ی.
رێزگرتی تورکمان و ئاسوری و مه‌سیحییه‌کانی ناو کوردستان، له هه‌ستی مرۆڤدۆستییه‌وه نییه، به‌ڵکو له ناوشیاریی و کهمزانینهوهیه، کورد زیادتر له خۆی رێزی له تورکمان گرتووه، گه‌یشتۆته ئاستێکی مه‌ترسییدار، خۆی به‌که‌متر زانیوه. تورکمانه‌کان له بری ئه‌وه‌ی له ناو خاکی کوردستاندان، خۆیان به هاوبه‌ش و هاوچاره‌نووسی کورد بزانن، که زیاتر له سێسه‌د ساڵه مێژوویه‌کیان له‌گه‌ڵدا دروست کردووه، هه‌میشه سیاسه‌تی که‌مالیستیان پیاده‌کردووه، وه‌ک دوژمن سه‌یری کوردیان کردووه، له هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ی ناسنامه‌ی کورددا بوون. له حه‌فتا ساڵه‌ی خه‌بات و ماڵویرانی کورددا، تورکمانێک نه‌هاتۆته پاڵ کورد، شانبه‌شان دژی داگیرکه‌ری ئینگلیز و حکومه‌تی عێراق، شەڕی نه‌کردووه، به پێچه‌وانه‌وه دژی کورد بوون. تا ئه‌مڕۆش هه‌موو بزووتنه‌وه و رێکخراوێکی سیاسی تورکمانی، وه‌ک ناسیۆنالیستێکی توندڕه‌وی فاشیی له کوردیان داوه، تۆرانییه‌کانی کوردستان پێیان وایه هه‌ر شوێنێک له کوردستاندا قه‌لایه‌کی تێدا بوو، ئه‌و شوێنه خاکی تورکمانه، ئه‌وان وا بیرده‌که‌نه‌وه.
خه‌ڵکی کوردستان ده‌بێت له ئاست ئه‌م بیرکردنه‌وه و بۆچوونه ره‌گه‌زپه‌رستانه‌ی تورک و تورکمانه‌کانی کوردستاندا هه‌ڵوێستی جدیی وه‌ربگرێت، به سه‌دان سایت و تۆڕی ئینته‌رنێتیی تورکمانی و ئاشوریی هه‌یه، هه‌موو دژی کورد قسه ده‌که‌ن، شیعه و سونه و حکومه‌تی عێراقیی به دۆستی خۆیان ده‌زانن، نه‌ک کورد، لای ئه‌وان حکوموتی عێراقی مه‌ترسیی نییه بۆ سه‌ریان، بەڵکو کورد مه‌ترسییه، به پێچه‌وانه‌وه هیچ سایت و ماڵپه‌ڕ و راگه‌یاندنێکی کوردی دژی تورکمان و ئاسوری و مه‌سیحی قسه ناکات، وه‌ک برا و هاونیشتیمانی خۆی ته‌ماشای کردوون، به باشی له‌گه‌ڵیاندا جوڵاونه‌ته‌وه، هه‌موو مافێکیان له‌لایه‌ن کورده‌وه پارێزراو بووه، تا سنوورێک من ره‌خنه و لارییم له‌سه‌ر ئه‌مه نییه، لێ کاتێک داگیرکه‌رانی کوردستان له رێگای بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و تاله‌بانیی نیشتمانی کورد هه‌ڕاج ده‌که‌ن و ده‌یده‌ن به‌و که‌مه نه‌ته‌وانه، ئه‌مه قابیلی قبووڵ نابێت، چونکه له مێژووی هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌کدا خیانه‌تی ئاوا روو نه‌داوه، بۆیه ده‌بێت قسه‌ی له‌سه‌ر بکرێت و به‌و تورکمان و که‌مه نه‌ته‌وه‌ییانه‌ی ناو کوردستان بگوترێت:
ویلایه‌تی موسڵ، که باشووری کوردستانه، نیشتیتمان و خاکی کورده، به‌شیکه له کوردستان، زۆربه‌ی دانیشتوانیی کوردن، نه‌ت تورکمان و که‌مه‌نه‌ته‌وه‌کانی تر، ئه‌مه راستییه‌کی مێژووییه، کورد ئه‌گه‌ر بوو به خاوه‌نی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ، هه‌موو مافێکتان پارێزراو ده‌بێت، کوردستان وڵات و خاکی هه‌موو لایه‌کمانه، که‌رکوک خاکی کوردستانه و موڵکی ئێوه نییه. له وڵاته دیموکراتیی و ئازدهکانی وه‌کو ئه‌وروپادا چۆن مامه‌له له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌کانی تردا ده‌کرێت، ئیوه‌ش له ناو کوردستاندا به‌هه‌مان شێوه مامه‌ڵه ده‌کرێن، چاره‌نووستان له‌گه‌ڵماندا یه‌که، نه‌ک له‌گه‌ڵ داگیرکه‌ر و دوژمن.
که‌رکوک شارێکی کوردییه، نه‌ک تورکمانی، ده‌سه‌ڵاتی کوردی به‌تایبه‌تی جه‌لال تاله‌بانی ده‌یه‌وێت واز له که‌رکوک و ده‌وروبه‌ری بهێنێت، خه‌ڵکی کوردستان نابێت بێ هه‌ڵویست ئه‌و کێشه‌یه بۆ منداڵ و نه‌وه‌کانی دوای خۆی جێ بهێڵێت.
ئه‌و نووسه‌ر و روناکبیره کوردانه‌ی ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدان، کۆمه‌ڵێک که‌سانی خۆپه‌رست و ده‌روون نه‌خۆش و به‌رژه‌وه‌ندپه‌رستن. تاوانبارترین، ناپاکترین چین و توێژی کۆمه‌ڵگای کوردیین، رێز له قه‌له‌م، له کتێب و قسه‌کانیان مه‌گرن، ئه‌و رووناک‌بیر و نووسه‌رانه‌ی ئه‌مڕۆ دۆستیی پارتیی و یه‌کێتیین و له ئاست خیانه‌تی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانیی ئه‌م حیزبانه‌دا بێده‌نگن، یارمه‌تی پرۆژه سامناکه‌کانی بنه‌ماڵه‌ی بارزانیی و تاله‌بانی ده‌ده‌ن، هیچیان که‌متر نییه له جاش و جاسوس و ناپاکێک، کاتێک یه‌کێتیی له به‌غدا پێشنیاری ئه‌وه ده‌کات دوو پاریزگا بۆ تورکمان و مه‌سیحییه‌کان له کوردستان دابمه‌زرێنرێت، ده‌وروبه‌ری موسل بکرێته پاریزگارێک بۆ مه‌سیحییه‌کان. ئه‌م پێشنیاره گه‌وره‌ترین خیانه‌تی نه‌ته‌وه‌ییه، به‌شێکی ئه‌م تاوانه نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانییه ته‌وێڵی نووسه‌ر و رووناکبیرانی کوردیش ده‌گرێته‌وه، جیاوازییان له‌گه‌ڵ موشیری هه‌مه‌وه‌ندیی، ته‌حسین شاوه‌یس و مه‌لای خهتێدا نییه، ئه‌وان به چه‌ک و به زمانیان، نووسه‌رانیش به قه‌له‌م و هه‌ڵویست و بێده‌نگییان، رووناکبیرانی کورد، هه‌رچه‌نده ده‌گووترێت وه‌ک بۆقی ناوبیرن، لێ گه‌وره‌ترین مه‌ترسیین بۆ سه‌ر نه‌مان و سڕینه‌وه‌ی ناسنامه‌ی کوردبوونمان.
به‌شێک له‌و رووناکبیرانه‌ی پێش ماوه‌یه‌ک به فیتی پارتیی و یه‌کێتیی داوایان ده‌کرد نووسین و خوێندنه‌وه به پیتی عه‌ره‌بی بمێنێته‌وه، پیتی لاتیینیان به مه‌ترسییه‌کی گه‌وره‌ی نه‌ته‌وه‌یی دانابوو، بۆ له ئاست ئه‌م خیانه‌ته گه‌وره‌یه‌ی ده‌سه‌ڵاتیی کوردییدا بێده‌نگن، ئه‌گه‌ر ئێوه دڵسۆزی کوردن و له خه‌می پاشهرۆژدان، بۆ هه‌ڵوێست وه‌رناگرن، بۆ کامپینێک ناکه‌ن و ناوی خۆتان نانووسنه‌وه!؟ ئه‌گه‌ر ناوی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و تاله‌بانی وه‌ک خائین و ناپاک له مێژوودا بنووسرێته‌وه، ئه‌م رووناک‌بیر و نووسه‌ر و شاعیرانه‌ش ده‌چنه پاڵ لیستیی خائین و ناپاکان، به‌ر ئه‌و نه‌فره‌ته مێژووییه ده‌که‌ون، ئێوه ناتوانن له رێگای کتێب و دیوان و رۆمان و شیعرهکانتانهوه، له رێگای ئه‌و په‌یکه‌ره دروستکراوانه‌وه که بۆتان قووت ده‌کرێته‌وه، له نیشتیمانێکی هه‌راجکراو و فرۆشراودا تا سه‌ر ده‌مێنن، ئێوه ئه‌و رووناکبیرانهن به پێچه‌وانه‌ی سروشتی مانه‌وه، کار بۆ نه‌مانی خۆتان ده‌که‌ن، بوونتان نامێنێت، ئێوه به‌پێچه‌وانه‌ی یاساکانی سروشت مامه‌له له‌گه‌ڵ کوردبوون و مرۆڤبوونی خۆتاندا ده‌که‌ن، به‌ر نه‌فره‌تێکی مه‌زن ده‌که‌ون، چونکه له به‌رامبه‌ر فرۆشتنی که‌رکوک، موسڵ، خانه‌قین و هه‌ر بستێکی دیکه‌ی کوردستاندا، به پاره و خانه‌نشینی ویژدانتانیان فرۆشتووه، ته‌نها من نا، نه‌وه‌کانی داهاتووش نه‌فره‌ت له خۆتان، له قه‌ڵه‌م و به‌رهه‌مه‌کانتان ده‌کات.
هه‌واڵه‌که:
یەکێتی لە بەغداد لە جیاتی جێبەجێکردنی مادەی 140 و بۆ ڕاکێشانی تورکمان و مەسیحیەکان پێشنیاری دامەزراندنی دوو پارێزگا دەکات یەکێکیان لە دەوربەری موسڵ بۆ مەسیحیەکان و یەکێکی تر لە دەوربەری کەرکوک ، ئاڵتون کۆپری تاوەکو نزیک کفری بۆ تورکمانەکان. ئەوەی شایەنی باسە حیزبی دەعوەی مالکی و بە قازانجی یەکێتی و بەدژی پارتی تاڕادەیەک ڕازیە هەرچەندە جێبەجێکردنی ئاستەمە. ڕازی بوونی حیزبی دەعوەش بە پێشنیاری دروست کردنی 2 پارێزگاکە بۆ کەم کردنوەی دەوری سونەیە لەو نێوانەدا، شایەنی باسە حیزب و کەسایەتیە سیاسیە تورکمانەکان دوای نائومێدیەکی زۆر لە حیزبە شیعیەکان ئەم پرۆژەیەی یەکێتیان پەسەندە.