کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


"سیرات المستقیم"ه‌که‌ی یه‌کێتیی نیشتمانی کوردستان وه‌ڵامێک بۆ به‌ڕێز نه‌وزاد ساڵح

Saturday, 14/11/2009, 12:00


به‌ڕێز نه‌وزاد ساڵح له‌ ڕۆژنامه‌ی کوردستانی نوێدا ڕۆژی 12.11.2009 وتارێکی به‌ ناوی (له‌ شته‌ سه‌رسوڕینه‌ره‌کانی گرده‌که‌) * بڵاوکردۆته‌وه‌ و زۆر ڕووی ڕاسته‌قینه‌ی باری یه‌کێتی و ئێستای کوردستانی له‌ نێوان دێڕه‌کاندا خستۆته‌ ڕوو. سه‌رتاپای نووسراوه‌که‌ سه‌رنجی بۆ هه‌ندێک خاڵ ڕاکێشام ،که‌ له‌م چه‌ند دێڕه‌دا ده‌یخه‌مه‌ به‌ر ده‌می کاک نه‌وزاد و خوێنه‌ر.
له‌ سه‌ره‌تادا کاک نه‌وزاد باس له‌وه‌ ده‌کات، که‌ یه‌کێتی "جومگه‌کانی له‌ کارنه‌که‌وتوون و به‌شی ئه‌وه‌ی تیادا ماوه‌، که‌ کار بکات و جێگای بیروڕای جیاوازی تیادا ده‌بێته‌وه"‌.
به‌ڕێز، وته‌کانت زۆر ڕاستن و جومگه‌کانی یه‌کێتی له‌ کار نه‌که‌وتوون، به‌ڵام له‌ ده‌ربڕینه‌که‌ی به‌ڕێزدا ئاشکرا و ڕوونه‌ که‌ ئه‌و جومگانه‌ ده‌ردێکیان هه‌یه‌ و زۆر نه‌خۆشن و لاوازییه‌ک به‌ خۆیه‌وه‌ ده‌بینن، به‌ڵام خۆت ووته‌نی هێشتا له‌ کار نه‌که‌وتوون، خۆ ئه‌گه‌ر تۆزێک چاوه‌ڕی بکه‌ین و گه‌ر ڕه‌وتی گۆڕانکارییه‌کانیش به‌م شێوه‌یه‌ بڕۆن، ئه‌وا بێگومان له‌ کار ده‌که‌ون.
هه‌رچی هه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌ (جێگای بیروڕای جیاوازی تێدا ده‌بێته‌وه‌) ئه‌وا له‌ میانی ئه‌م نووسراوه‌مدا هه‌ندێک خاڵت بۆ ڕوون ده‌بێته‌وه‌. به‌ڕێزت باسی ئه‌و (زه‌ره‌ره‌ مه‌عنه‌وی و ماددییه‌) ده‌که‌یت، که‌ براده‌رانی "گرده‌که‌" توشیان بووه‌، جا نازانم مه‌به‌ستت له‌ زه‌ره‌ری ماددی و مه‌عنه‌وی چییه‌ و بۆچی که‌سێک تووشی زه‌ره‌ری ماددی بێت، کاتێک ڕێبازێک یان بیروڕایه‌کی جیاوازی تر له‌ ژیاندا هه‌ڵده‌بژێرێت، یاخود مه‌به‌ستی به‌ڕێزتان بریتییه‌ له‌و نانبڕینه‌ی که‌ یه‌کێتی ده‌ستی پێ کردووه‌ به‌رامبه‌ر پشتگیرکه‌رانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ به‌رده‌م بێده‌نگبوونی حکومه‌ت و سه‌رۆکی هه‌رێم.
خۆشحاڵ ده‌بم گه‌ر به‌ڕێزتان بتوانن پێناسه‌یه‌کی (سه‌ربه‌ستی بیروڕای جیاواز)م بۆ بکه‌ن له‌ کاتێکدا به‌ڕێزتان باسی "ێراگ المستقیم"ه‌که‌ی یه‌کێتی ده‌که‌ن و باسی نه‌هامه‌تی ئه‌و که‌سانه‌ ده‌که‌ن، که‌ له‌ ڕێبازه‌ پیرۆزه‌که‌ی یه‌کێتی لایداوه‌ و چوونه‌ته‌ پاڵ "کافره‌کان". گه‌ر یه‌کێتی و ده‌سه‌ڵاتدارانی کورد ڕێبازه‌که‌ی خۆیان به‌ ڕاستییه‌کی په‌تی تێده‌گه‌ن ئه‌وا وا باشتره‌ له‌ بری "مه‌کته‌بی سیاسی ناوه‌ند" ناوی بنێن "وه‌زاره‌تی الامر بالمعروف و النهی عن المنکر" و ئه‌ندامانی مه‌کته‌بیش به‌ خه‌لیفه‌ ناو ببه‌ن. خودی ئه‌م بیر و بۆچونانه‌ و ده‌ربڕینانه‌ ڕاستی بیرکردنه‌وه‌ی دوو پارتی ده‌سه‌ڵات پێشان ده‌دات سه‌باره‌ت به‌ ڕه‌وش و گۆڕانه‌کانی باری سیاسی ناوچه‌ی هه‌رێمی کوردستان.
به‌ڕێزم، نازانم جه‌نابتان چۆن له‌ کاری حکومه‌ت و په‌رله‌مان گه‌شتوون و تێڕوانینتان بۆ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ چۆنه‌.ئایا به‌ ڕای به‌ڕێزتان نائاساییه‌ گه‌ر په‌رله‌مانتاره‌کانمان له‌ پله‌ی خوایه‌تی خۆیان بێنه‌ خواره‌وه‌ و بێنه‌وه‌ ئاست کۆمه‌ڵگا و بچنه‌ عه‌لوه‌که‌ و پرسیاری نرخی تور و شێلم بکه‌ن و "گۆڕانێک" له‌ ڕه‌وتی به‌سه‌رکردنه‌وه‌کان‌ بده‌ن. یاخود ئه‌م دیارده‌یه‌ بووه‌ به‌ سه‌رئێشه‌یه‌ک بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌ردوو حیزبه‌که‌، که‌ به‌ درێژایی هه‌ژده‌ ساڵ ته‌نها له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیاندا کاریان کردووه‌ و دوور له‌ کۆمه‌ڵگا و گرفته‌کانی، یاخود به‌ڕێزتان ده‌تانه‌وێت ده‌موچاوه‌کان و ڕێبازه‌کان و مامه‌ڵه‌کان هه‌روه‌ک چه‌نده‌ها ساڵه‌ وه‌ک خۆیان به‌به‌ردبویی بمێننه‌وه‌. به‌ شتێکی نائاسایی نابینم گه‌ر به‌ڕێزتان به‌م شێوه‌یه‌ بیر بکه‌نه‌وه‌ و بۆچوونه‌کانتان ده‌رببڕن چونکه‌ په‌روه‌رده‌ی ئه‌و‌ دوو پارته‌ و شێوازی کارکردن و به‌هادانانیان بۆ شته‌کان له‌وه‌ باشتر و ژیرتر ناخاته‌ به‌رده‌م کۆمه‌ڵگای کوردی. واته‌ هه‌موو ئه‌م دیاردانه‌ی، که‌ ڕۆژانه‌ له‌ کوردستان ده‌یانبینین جگه‌ له‌ به‌رهه‌می سیاسه‌ت و په‌روه‌رده‌ی هه‌ردوو حیزبه‌که‌ هیچی تر نییه‌، که‌ له‌ سنوورێکی زۆر ته‌سکدا خۆی حه‌شار داوه‌ و هه‌ر هه‌نگاوێک به‌ره‌و ڕوویه‌کی نوێی کۆمه‌ڵگا مۆته‌که‌یه‌که‌ بۆ ده‌سه‌ڵات.
به‌ڕای من باشتر وایه‌ باسی پاره‌دزین و پاره‌خواردن و به‌کارهێنانی پاره‌ی میری بۆ به‌رژه‌وه‌ندی که‌س و دانه‌خستنی بودجه‌ی 2007 و 2008 نه‌که‌ین و قه‌پاغێک له‌سه‌ر ئه‌و قابله‌مه‌یه‌ دابنێین، چونکه‌ ئه‌و برنجه‌ ئاو زۆر ده‌کێشێت و ئه‌وانه‌ی ئێستا و له‌ پێشیشدا له‌ ناو "وه‌زاره‌تی الامر بالمعروف و النهی عن المنکر"ی پارت و یه‌کێتیدا، که‌ ده‌یانه‌وێت ڕاستییه‌کان ده‌ربخه‌ن، ده‌نگیان ناگاته‌ هیچ گوێیه‌ک و زوو ده‌نگه‌کان کپ ده‌کرێن. ئه‌م دیارده‌یه‌ هه‌ر وا بووه‌ و هه‌ر وا ده‌بێت، له‌به‌رئه‌وه‌ ئاساییه‌ که‌سانێک ڕێگه‌ و ڕێبازێکی تر بگرنه‌ به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی ڕاستییه‌کان ده‌ربخه‌ن، چونکه‌ من بێگومانم ئێستاش چه‌نده‌ها ده‌نگی ناڕه‌زایی له‌ لوتکه‌ی هه‌ردوو حیزبه‌که‌دا هه‌یه‌، که‌ نه‌ گوێی لێ ده‌گیرێت و نه‌ بوواری ئه‌وه‌ی ده‌درێتێت، ڕا و بۆچوونه‌کانی خۆی ده‌رببڕێت و به‌ڵکو تاکه‌ شتێک که‌ کۆنترۆڵی سیاسه‌تی سه‌ره‌وه‌ی ئه‌و دوو پارته‌ ده‌کات بریتییه‌ له‌ ده‌نگی ئه‌و چه‌ند که‌سه‌ی که‌ له‌ ناو ساحه‌ی سیاسیی کوردیدا به‌ درێژایی چه‌نده‌ها ساڵه‌ ده‌یانبینین.
هه‌روه‌ک حه‌زره‌تی نالی ده‌ڵێت (بێ به‌رگییه‌ عیلله‌ت که‌ هه‌تیو مه‌یلی هه‌تاوه‌) و پلینۆمه‌که‌ی ئه‌م دوایه‌ی یه‌کێتی ئه‌و هه‌تاوه‌ بوو که‌ له‌ ناچاری بێچاریدا یه‌کێتی گرتییه‌ به‌ر بۆ پینه‌کردنی ئه‌و بار و دۆخه‌ی که‌ پێیدا تێده‌په‌ڕێت و هه‌رچه‌نده‌ جگه‌ له‌ کۆبوونه‌وه‌یه‌کی ئاسایی و هه‌ندێک بڕیار دژ به‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان هیچ شتێکی تری تێدا به‌دی ناکه‌م هه‌رچه‌نده‌ پلینۆمه‌که‌ کرا به‌ "که‌عبه‌ی بڕیاره‌کان" هه‌رچه‌نده‌ زۆر وتار و بڕیار و ڕاو بۆچوون کۆنن و تۆزی چه‌ند ساڵه‌یان له‌سه‌ر نیشتووه‌، که‌ په‌یمانی به‌تاڵ و بۆش به‌ کۆمه‌ڵگا و ئه‌ندامانی یه‌کێتی ده‌درێت له‌ لایه‌ن چه‌ند که‌سانێکه‌وه‌ که‌ به‌ درێژایی چه‌نده‌ها ساڵه‌ له‌ ڕادیۆ و که‌ناڵه‌کانی ته‌له‌فزیۆن و گۆڤار و ڕۆژنامه‌کان ئه‌م ناوانه‌ هه‌ر دووباره‌ ده‌کرێنه‌وه‌ و ده‌کرێنه‌وه‌. ئایا به‌ڕێزتان له‌ خۆتان پرسیوه‌ بۆچی یه‌کێتی بۆی نه‌ڕه‌خسا کۆنگره‌ی خۆی بگرێ هه‌رچه‌نده‌ هه‌موو بارێکی بۆ گونجابوو؟
گه‌ر باسی ڕاستییه‌کان بکه‌ین، ئه‌وا هه‌ر یه‌که‌ و له‌ ڕوانگه‌ی خۆیه‌وه‌ ده‌یناسێنێت و ئه‌و ڕاستییه‌ی، که‌ به‌ڕێزتان باسی ده‌که‌ن و باوه‌ڕتان پێی هه‌یه‌ مه‌رج نییه‌ که‌سێکی تر باوه‌ڕی پێی بێت، گه‌ر باوه‌ڕمان به‌ "ئازادی بیروڕاکان" بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی سه‌رنجی منی ڕاکێشاوه‌ بریتییه‌ له‌م ڕسته‌یه‌ی به‌ڕێزتان (هه‌موومان تێگه‌شتین که‌ به‌ یه‌کێتیی نێشتمانی کوردستانه‌وه‌ جوانین و هه‌ین) واتا به‌ بێ بوونی یه‌کێتی ئێمه‌ هه‌موومان ناشرینین و بوونمان نییه‌. جا نازانم زیاتر له‌ بیست سی ملیۆن کورد چی بکه‌ن ، که‌ باوه‌ڕیان به‌ ڕێبازه‌که‌ی یه‌کێتی نییه‌، گه‌رچی ڕێز بۆ خه‌باته‌که‌ی یه‌کێتیش دابنێن. جگه‌ له‌وه‌ چۆن و له‌کوێ بتوانن خۆیان بخه‌نه‌ ژێر نه‌شته‌رگه‌ری جوانکارییه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی جارێکی تر جوان ببنه‌وه‌ به‌ بێ توانه‌وه‌یان له‌ ناو یه‌کێتیدا و له‌ کوێ بتوانن جارێکی تر له‌م ژیانه‌دا "بوونێک" بۆ خۆیان ببیننه‌وه‌.
به‌ڕێزم، هه‌موو ئه‌م بیروبۆچوونانه له‌ سنوورێکی ته‌سکی فونه‌مێنتالیزم و فه‌نه‌تیزمی حیزبانه‌ ده‌رناچێت که‌ زۆر دووره‌ له‌ "ئازادی بیروبۆچوونه‌کان" و بۆ ئه‌وه‌ی به‌ڕێزت له‌ جیهانی سیاسه‌ت و ده‌سه‌ڵات زیاتر بگه‌یت ئه‌وا به‌نده‌ ئه‌م به‌یته‌ی حه‌زره‌تی مه‌حویت به‌ نموونه‌ ده‌هێنمه‌وه‌ به ‌ئاواتی تێگه‌شتن که‌ ده‌فه‌رموێت:
که‌ چه‌رخ ئه‌سکه‌نده‌ری دی ده‌رده‌ دارا
وتی ئه‌م هه‌مووه‌ هه‌م ده‌ردی دارا
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە