تاڵەبانی لەباوەشی مەرگدا بە دەسەڵاتەوە ئەبزڕكێنێت
Tuesday, 28/02/2012, 12:00
جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و سەرۆك كۆماری ئێستای عێراق مێژوویەكی دورو درێژی لە شۆڕشی گەلی كوردا تۆماركردووە جا ئەو مێژووە بە هەر جۆرێك بێت : سەركەوتن یا دۆڕاندن ، پاكی یا ناپاكی ،شۆڕش گێڕی بێت یان سیخوڕی.
تاڵەبانی بەدرێژایی ئەو ساڵانەی كە سەركردایەتی بەشێك لە شۆڕشی گەلی كوردی كردووە هەمیشە بەوەناسراوە كە خولیای باڵادەستی و پیاهەڵدان بووە ، زاڵبونی خولیاكانی بەسەر كەسایەتیدا وایكردووە كە تاڵەبانی سیاسەتێكی لەرزۆكانە واتە موتەزەبزیب پەیڕەوبكات ،ولەچركەساتێكدا بڕیارو لێدوانەكانی لە بارێكەوە بگۆڕێت بۆ بارێكی دیكە .
جەلال تاڵەبانی هەركاتێك خواستی لەسەر بابەتێك بێت ئەوا دوژمن ئەبێتە دۆستی هاوپشت و دۆستیش ئەبێتە دوژمنی باوك كوشتە.
هەرگیز ئەو پیرە پیاوە گوێی بە ئیرادەی میللەت نەداوە و لێدوان و بڕیاری وەها سەیرو سەمەرەی هەیە كە گومانت هەیە ڕۆژێك لەڕۆژان ئەو پیاوە بۆكورد خەباتی كردبێت .
جارێك لەسەر مەزاری خومەینی كڕنوش ئەبات و جارێك لەسەر گۆڕی ئەتا تورك حاشا لە دەوڵەتی كوردی ئەكات و جارێك بە باڵای ئەسەدی گۆڕبەگۆڕدا هەڵئەدات و پێشتریش فڵچ و هوڕ ئەملاولای گڵاوی سەدامی ماچ كردبوو.
تاڵەبانی لەدوای پڕۆسەی ئازادی عێراقەوە ساڵ لەدوای ساڵ توانای بڕیاردانی لاواز تربووە و هەڵەو كەم كورتیەكانی لەسیاسەتدا زیاتربووە.
بەتایبەت ئەو نەشتەرگەری وچارەسەرانەی لە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆی ئەنجامدراون و ئەو ڕاپۆرتە پزیشكیانەی سەبارەت بەتەندروستی تاڵەبانی بڵاوئەكرێنەوە هەمووی بەڵگەن لەسەر ئەوەی كە چیتر ناوبراو پەككەوتەیەلە سیاسەتدا .
پارساڵ لەیادی دامەزراندنی (ی.ن،ك) دا زۆر بەڕونی بەڕوخساریەوە دیار بوو كە چیتر تاڵەبانی توانای لێدوان و ڕوبەڕوبونەوەی جەماوەرەكەی نەماوە.
پێویستە لەمەودوا هەموو یەكێتییەك ئەو ڕاستییە قەبوڵ بكەن كە مام جەلالەكەیان سەری لەگوێی قەبرئەلەرزێت و چیتر بەكەڵكی سیاسەت و فەرمانڕەوایی نەماوە،ئەو چیتر ناتوانێت جەماوەر و یەكێتیەكەی پێكەوە گرێ بدات، ئەو پێویستی بە پشووە ،پشوویەك تائەو دەمەی گیانی ماڵئاوایی لە جەستەی ئەكات.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست