کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئه‌مه‌ریكا پێویستی به‌ سیاسه‌تی كوردیه‌

Tuesday, 27/03/2012, 12:00


 

 

له‌راپۆرتێكدا كه‌ هه‌فته‌ی پێشوو گۆڤاری فۆرٍِین پۆلیسی (سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی) ئه‌مه‌ریكی بڵاوی كردۆته‌وه‌ به‌ گرنگیه‌وه‌ باس له‌ رۆڵی كورد له‌ناوچه‌كه‌ ده‌كات و هانی حكومه‌تی ئه‌مه‌ریكی ده‌دات كه‌ سیاسه‌تێكی رۆشنی هه‌بێت به‌رانبه‌ر كورده‌كان ولیژنه‌یه‌كی هاوبه‌ش پێك بهێنێت بۆ سه‌رپه‌رشتی ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌, هه‌ر له‌ راپۆرته‌كه‌دا ئه‌و خاڵه‌ گرنگانه‌ ده‌ستنیشانكراوه‌ كه‌ پێویسته‌ ئه‌مه‌ریكا له‌ستراتیژیه‌تی خۆیدا ره‌چاوی بكات.
هه‌روه‌ك گۆڤاره‌كه‌ ئاماژه‌ی پێداوه‌ بۆ یه‌كه‌م جاره‌ له‌رابوردوی نزیكدا كورده‌كان به‌بێ پاراستنی راسته‌وخۆی ئه‌مه‌ریكا خۆیان ده‌بیننه‌وه‌, و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات بڕیاری پاشه‌كشه‌ی ئۆباما له‌ عێراق كورده‌كانی به‌ته‌نها هێشته‌وه‌,هه‌رچه‌ند كورده‌كان له‌ مه‌ترسی تۆقاندنی سه‌دام حوسه‌ین رزگاریان بوو به‌ڵام كێشه‌ مێژووییه‌كانیان هێشتا بێ چاره‌سه‌ره‌و مه‌ترسی سه‌رهه‌ڵدانی كێشه‌و ئاڵۆزیه‌كان ئه‌م جاره‌ ته‌نها له‌گه‌ڵ زۆرینه‌ی عه‌ره‌بی ناوخۆی عێراق نیه‌, به‌ڵكو له‌گه‌ڵ ئێران وتوركیاو سوریاشدایه‌ به‌هۆی بونی كه‌مینه‌ی كوردی له‌و ووڵاتانه‌. گۆڤاره‌كه‌ ئه‌مه‌ریكا له‌مه‌ترسی گه‌وره‌تربونی ئه‌و كێشانه‌ ئاگادار ده‌كاته‌وه‌و ده‌نوسێت: په‌ره‌سه‌ندنی ئه‌و ئاڵۆزیانه‌ ده‌بێته‌ هۆی دروست بونی كێشه‌ی گه‌وره‌ كه‌ نه‌ك هه‌ر مه‌ترسیه‌ بۆسه‌ر كورده‌كان به‌ڵكو ده‌ره‌نجامی نه‌خوازراوو تراژیدی ده‌بێت بۆسه‌ر شكۆی ئه‌مه‌ریكاو به‌رژه‌وه‌ندیه‌ درێژخایه‌نه‌كانی به‌هۆكاری تۆمه‌تباركردنی به‌ خیانه‌ت!
گۆڤاره‌كه‌ بارودۆخی ئارامی سوپای ئه‌مه‌ریكا له‌ كوردستان وه‌كو به‌ڵگه‌ی بۆچونه‌كانی ده‌هێنێته‌وه‌و ئاماژه‌ به‌ ئاسایشی بارودۆخی كوردستان وسه‌ربازانی ئه‌مه‌ریكی له‌و ناوچه‌یه‌دا ده‌كات له‌كاتی داگیركردنی عێراقدا,هه‌روه‌ها ئه‌و بوژانه‌وه‌ ئابوریه‌ی كه‌ كوردستان به‌خۆیه‌وه‌ ده‌یبینێت, هه‌روه‌ها ئاماده‌كاریه‌كانی كورد كه‌ ده‌یه‌وێت ببێته‌ یه‌كێك له‌ به‌رهه‌مێنه‌ره‌ گه‌وره‌كانی نه‌وت له‌ ناوچه‌كه‌دا له‌چه‌ند ساڵی داهاتودا.سه‌باره‌ت به‌ گه‌نده‌ڵی ونه‌بونی ده‌زگای چاودێری له‌كوردستاندا گۆڤاره‌كه‌ ئاماژه‌ به‌بارودۆخی كۆریای باشور ده‌كات له‌ سه‌ره‌تای حه‌فتاكاندا كاتێك ئه‌و ناوچه‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مه‌ریكادا بوه‌.
هه‌روه‌ها ته‌ئكید له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ كوردستان هه‌موو بنچینه‌كانی بونه‌ ناوچه‌ی به‌رهه‌مێنه‌ری ستراتیژی پڕسودی بۆ ئه‌مه‌ریكا تێدایه‌و له‌كاتێكدا عه‌ره‌به‌كانی عێراق دابه‌ش بون به‌سه‌ر دوو به‌ره‌دا سه‌باره‌ت به‌ بون وده‌سه‌ڵاتی ئه‌مه‌ریكی له‌ عێراقدا, به‌پێچه‌وانه‌وه‌ كورده‌كان به‌و شێوه‌ نین وسه‌ركرده‌كانیان به‌ده‌نگی به‌رز ئاره‌زوی خۆیان ده‌رده‌بڕی بۆ مانه‌وه‌ی هه‌میشه‌یی ئه‌مه‌ریكا و گه‌له‌كه‌ش زۆرینه‌ی له‌گه‌ڵ مانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكادا بوو. له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ سنوری به‌رفراوانی هه‌رێم له‌گه‌ڵ ئێران وسوریا ده‌بێته‌ فرسه‌تێكی ستراتیژی زیندوو بۆ سه‌ركوتكردنه‌وه‌ی مه‌ترسیی ووڵاته‌ دژه‌كانی له‌ناوچه‌كه‌دا.نوسه‌ری راپۆرته‌كه‌ جۆن هه‌ننا ناڕه‌حه‌تی خۆی ده‌رده‌بڕێت سه‌باره‌ت به‌و مه‌ترسیانه‌ی كه‌ به‌هۆی كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ناوچه‌كه‌دا دێته‌ ئاراوه‌و خوازیاره‌ ستراتیژیه‌تێكی سه‌ركه‌وتوو سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ كورددا داڕێژرێت بۆ ئه‌وه‌ی كورده‌كان بتوانن ئاسایشی هه‌رێمه‌كه‌یان بپارێزن و نه‌كه‌ونه‌ هه‌ڵه‌ی كوشنده‌وه‌ له‌كاتی به‌رخورد له‌گه‌ڵ ئه‌و كێشانه‌ی كه‌ به‌هۆی سیاسه‌تی به‌غداوه‌ دێته‌ كایه‌وه‌, راپۆرته‌كه‌ خوازیاره‌ لیژنه‌یه‌ی هاوبه‌شی ئه‌مه‌ریكی-كوردی دروست بكرێت بۆ سه‌رپه‌رشتی په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان كورد وئه‌مه‌ریكا و ئه‌فسه‌رێكی پله‌ به‌رزی خاوه‌ن ئه‌زمون دابنرێت بۆ سه‌رپه‌رشتی قونسڵیه‌تی ئه‌مه‌ریكا له‌هه‌ولێر, هه‌روه‌ها په‌ره‌ به‌ به‌رنامه‌ی ڕاهێنان وخزمه‌تگوزاری هه‌واڵگری بدرێت بۆ هێزه‌ هه‌واڵگریه‌ كوردیه‌كان وكه‌ناڵی په‌یوه‌ندیان له‌گه‌ڵدا بكرێته‌وه‌ بۆ گۆڕینه‌وه‌ی زانیاری.

سه‌رچاوه‌:Foreigenpolicy

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە