ئۆپۆزیسیۆن لەسیستەمی سیاسیدا (هەرێمی كوردستان بە نمونە)
Saturday, 07/07/2012, 12:00
ئۆپۆزیسیۆن چیە؟ ئۆپۆزیسیۆن دەكرێ حیزبێكی سیاسی بێت، یان رێكخراوێكی كۆمەلگای مەدەنی و گروپی فشار بێت، جەماوەرو شەقام و كۆمەلانی خەلك بێت. ئەو نارەزاییانەی ئۆپۆزیسیۆن دروست دەكات. بەلام جیاوازی نێوانیان ئەوەیە حیزب بەپێچەوانەی گروپی فشارو رێكخراوە مەدەنیەكان دەیەوێ وەك رێكخراوێكی سیاسی بگاتە دەسەلات و پیادەی دەسەلاتی سیاسی بكات و بەم رێگایەوە بەرنامەكانی خۆی پراكتیزە بكات. دەبێت هەمیشە جیاوازیەك هەبێت ئۆپۆزیسیۆن لە حیزبی دەسەلاتدار جودابكاتەوە، ئەویش دەبێت خۆی لە بەرنامەی سیاسی و ئابوری و كۆمەلایەتی و فكردا نیشانبدات. ئاسایی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی بەتایبەت ئۆپۆزیسیۆنی پۆزەتیف دەبێت چاودێری وكۆنترۆلی دەسەلات بكات بۆ هەر لادانێك كە زیان بە ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتمانی بگەیەنێت ئیتر ئەوە بواری سیاسی، ئابوری، كۆمەلایەتی یان زانست و پەروەردە و ژینگە بێت. ئۆپۆزیسیۆن سەنگەر لە دەسەلات دەگرێت و هەلەكانی دەقۆزێتەوە بۆ ئەوەی لەهەلبژاردنی داهاتودا زۆرترین دەنگ بەدەست بهێنێت و بگاتە دەسەلات بۆ ئەوەی بتوانێت بەرنامەكانی خۆی جێبەجێ بكات، بەلام تەنیا لەسیستەمی دیموكراسیدا ئۆپۆزیسیۆن دەتوانێت بە ئازادی كاربكات و گەشەبكات. ئۆپۆزیسیۆن دەكرێ ئەحزابی نێو، یان دەرەوەی پەرلەمان بێت بەلام ئەوەی نێو پەرلەمان كاریگەرترە.
گەیشتنی ئۆپۆزیسیۆن بە دەسەلات
هەندێكجار ئۆپۆزیسیۆن بە رێگای ئاشتیانە دەیەوێ دەسەلات دەستاودەست بكات، بۆ نمونە لە رۆژئاوای ئەوروپا، هەندێكی تر بەرێگای چەكو توندوتیژیەوە دەیەوێ بگاتە ئامانج، بۆ نمونە تالیبان لە ئەفغانستان، كورد دژ بە رژێمی بەعس، لیبیاو سوریا...تاد. هەندێكجار توندوتیژی لایەنێك ئەویتر رادەكێشێتە نێو پرۆسەكەوەو ناچاری كاردانەوەی توندی دەكات. هەندێ جاریش ئۆپۆزیسیۆن دەگاتە دەسەلات بەرێگای فشاری شەقام و راپەرین و بزوتنەوەی جەماوەریی وەك ئەوانەی لەم دواییە لە دەولەتەكانی رۆژهەلاتی ناوەراست و دەولەتە عەرەبیەكانی سەروی ئەفەریقا رویاندا. شێوازی گەیشتنی ئۆپۆزیسیۆن بەدەسەلات بەندە بەو شوێن و زەمەنەی ولات وسروشتی سیستەمە سیاسیەی تێدا دەژی، هەروەها پێكهاتە كۆمەلایەتیەكە.
ئۆپۆزیسیۆن و دەسەلات
مەرج نیە هەموو ئەوانەی كە لەئۆپۆزیسیۆندان بەرامبەر بەدەسەلات تەباو كۆك بن لەبۆچوونی سیاسیانداو لە فكرو ئایدیۆلۆژیای سیاسیدا. دەكرێ فكری چەپ، راست، ئاینی و كۆنزەرڤاتیڤ و تۆتالیتێر خۆیان لەنێو هێزە ئۆپۆزیسیۆنەكاندا ببیننەوە، بەلام بارودۆخیش هەیە كەبۆ قۆناغێك پێویستی بە یەكبوونی ئۆپۆزیسیۆن دەكات بۆ مەبەست و ستراتیژیەكی سیاسی دیاریكراوی هاوبەش. عێراق نمونەیەكی بەرچاوی باسەكەیە. لەكاتی گرتنەدەستی دەسەلات لەلایەن ئۆپۆزیسیۆنێكەوە ئەو كاتە ئەگەر دەسەلاتدار ببێتە ئۆپۆزیسیۆن ئەوا دەكرێ سەنگەر لە ئۆپۆزیسیۆنەكەی دوێنێ بگرێت و هەولی گەیشتنەوە بە دەسەلات بدات، ئەمەش پرۆسەیەكی دیموكراسی و تەندروستە ئەگەر هەردوولایەن بەشێك بن لە پرۆسەو كۆمەلگای دیموكراسی. ئۆپۆزیسیۆن دەكرێ بالانس رابگرێت و دەسەلاتیش لەترسی لە دەستنەدانی دەسەلاتەكەی كاری باش و زۆرتر ئەنجام بدات یان ئەوەیە پشت ئەستوور بە ئامرازەكانی هێز دەسەلات تەسلیم نەكات و بروای بە دەستاودەست كردنی ئاشتیانەی دەسەلات نیە بەلام دەبێت حیساب بۆ كاردانەوەی بەرامبەرەكەی بكات ئیتر زوو یان درەنگ. روو ئەدات لەكاتی قەیرانی گەورەدا ئەگەر ئاسایشی نەتەوەیی بكەوێتە مەترسیەوە وەك قەیرانی ئابوری گەورە یان هێرشی دەرەكی بۆ سەر ولات لەم كاتەداو لەپێناوی بەرژەوەندی گشتی و ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتیمانی دەكرێ هاوپەیمانیەكی بەرفراوان لەنێوان دەسەلات و ئۆپۆزیسیۆندا دروست ببێت بۆ رزگاركردنی ولات لەو قەیرانە نەتەوەیی و نیشتیمانیە. گرتنەوەی ئاوی ئەلوەن، تۆپبارانەكانی توركیاو ئێران بۆ ناو خاكی هەرێمی كوردستان و هاتنە ژورەوەی ئەو سوپا بێگانانە كە ئاسایی دەچێتە بواری ئاسایشی نەتەوەییەوە پێویستی بەهەماهەنگی دەسەلات و ئۆپۆزیسیۆن هەیە بەلام ئەوە لە بنەرەتدا ئەركی سەرەكی دەسەلات خۆیەتی. لەگەل ئەوەشدا دەببێت جیاوازی نێوان ئۆپۆزیسیۆن و دەسەلات دیار بێت. دەبوایە لەبری دروستكردنی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم كە دەزگایەكی هەوالگری و حیزبیە ئەنجومەنێكی ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتمانی دروستكرایەو لەسەر ئەم ئاستە مامەلە بكرایە.
ئۆپۆزیسیۆنی دوێنێ و ستەمكاری ئەمرۆ
حیزبە سیاسیەكانی باشوری كوردستان بەر لە 1991 خۆیان لەئۆپۆزیسیۆندا بوون بەرامبەر بە رژێمی بەعس. دەستەواژەی دیموكراسی و ئازادی گەلەكەیان كردبوە دروشم، كەچی بەردەوام لەشەری خوێناوی یەكتردا بوون، ئێستە كەخۆیان دەسەلاتدارن دەبێت سەردەمی درندایەتی بەعسیان لەبیربێت بەرامبەر بەئۆپۆزیسیۆنی ئەو كاتەی خۆیان. دەسەلاتی كوردی كە ئۆپۆزیسیۆنی دوێنێ بوو دەبوایە بەرامبەر بەداخوازیەكانی شەقام و تەنانەت بەرامبەر بە دەنگە نارازیەكانی نێو حیزبەكانی خۆشیان دادپەروەرانە رەفتاریان بكردایە، پێچەوانەی رەفتارەكانی بەعس كاریان بكردایەبۆ ئەوەی وەك ئێستە نەكەوتایەتە ژێرپرسیار. قبول نەكردنی ئۆپۆزیسیۆن بوون لەلایەن دەسەلاتدارانی ئەم هەرێمە هەر لە سەرەتاوە بەشێك بووە لە بەرنامەو ستراتیجیەتیان. دەبێت بزانن ئازادی نرخی چەندە گرانە. دیكتاتۆر تەنیا ئەوەندە رێگا بەرەخنەو نارەزایی ئەدات ئەوەندەی دەسەلاتەكەی نەكەوێتە بەر مەترسی، بەلام ئەو كاتەی بەرژەوەندیە راستەقینەكانی دەسەلات بكەوێتە مەترسیەوە ئەوا ئەو كاتە دەسەلات دەموچاوی راستەقینەی خۆی نیشان ئەدات.
حیزبە بچوكەكانی هەرێم / ئۆپۆزیسیۆن بوون / فرەحیزبی
سەبارەت بەحیزبە بچوكەكانی هەرێمی كوردستان جگە لەوانەی ئەمرۆ ئۆپۆزیسیۆنن لە پەرلەمان، هەروەها ئەوانەی وەك حیزبی چارەسەریی بەهیوای وەرگرتنی مۆلەتن بۆ حیزبەكەیان چیتر ئەوانەی تر نەیانتوانیوەو نەشیانویستوە ببنە ئۆپۆزیسیۆن بەلكو لەلایەن دوو حیزبەكەی دەسەلاتەوە ژمارەیەكیان "بەشدارپێكراون" لەدەسەلاتدا بەلام بێئەوەی كاریگەرییان لەسەر دەسەلات هەبوبێت وەك حیزبی سۆسیالیست دیموكرات و حیزبی زەحمەتكێشەكەی سەر بە پارتی، شیۆعی، بزوتنەوەی ئیسلامی...تاد. لەلایەن دوو حیزبە گەورەكەی دەسەلات بەكارهێنراون بۆ پرۆپاگاندە پێوەكردن. ئەو حیزبە بچوكانە ئەم واقیعەیان زانیوەو مانگانە چەند دەفتەرێكیش دۆلاریان قبول بووە لەگەل پۆستێكی حكومی بێكاریگەر، یان كورسیە شەلێكی نێو پەرلەمان، بەم هەلوێستەیان بەشدارن لە گەندەلیەكانی دەسەلاتیش و "كەسایەتی سیاسی" خۆیان و سەرۆكەكانیشیان فەرامۆش كردوە. ئەم شێوازی حیزبی دەسەلاتە لە هەرێمی كوردستان چەندین حیزبی سێبەری دروستكردوە بۆ بەرژەوەندی خۆی و بۆ سەرلێتێكدانی ڕای گشتی بەوەی كە گوایە سیستەمی فرە حیزبی پیادە دەكرێ. حیزبی سێبەریش لە رووی زانستی سیاسیەوە بۆی بروانین كاریگەریی خراپی هەیە لەسەر پرۆسەی دیموكراسی. هەروەك ئەحزابی سێبەر میدیای سێبەریش هەیە. لەم هەرێمە حیزب لە غیابی دەستوردا سیاسەت و دەسەلات پیادە دەكات هەربۆیە شتێكی گرانە لێرەدا باس لە شەرعی بوونی ئەحزاب بكرێت. سەبارەت بە حیزبە بچوكەكانی نیو "لیستی هاوپەیمانی كوردستان" بەپێی رێژەیەكی دیاریكراوی سەدی هەلبژاردن نەگەیشتوونەتە پەرلەمان، بەلكو بۆ مەبەستێكی سیاسی هێنراوون، یەك لایەنە لە لایەن دەسەلاتەوە گەرنا هیچ كام لەمانە بەپێی ئامارەكان هەرگیز ئەو رێژە سەدییە پێویستە بەدەست ناهێنن بتوانن بچنە نێو پەرلەمانەوە. كەواتە بە روالەت كۆمەلە ئەحزابێك لە هاوپەیمانیەكدا دەچنە هەلبژاردنەوە بەلام لەژێر چەتری حیزبی قائیددا كۆكراونەتەوە. وەك ئامرازی پرۆپاگەندە خزمەت بە سەقامگیریی سیاسی دەسەلات و حیزبی قائیدو سەرۆك دەكەن كە لێرەدا بریتین لە یەكێتی و پارتی. ئەم میتۆدە لەلایەن سەرجەم حیزبە دیكتاتۆرەكانەوە كاری پێكراوە.
حكومەتی بنكەفراوان لە هەرێمی كوردستان
دەسەلات لە هەریمی كوردستان بەناوی حكومەتی بنكەفراوان دەیەوێ پیادەی هەمان ستراتیجیەتی سیاسی بكات لەگەل ئۆپۆزیسیۆنەكانی نێو پەرلەماندا بەو مەبەستەی بەشدارتان دەكەم لە دەسەلاتدا بەلام لەژێر چەتری حیزبی قائیدداو من خۆم برا گەورەم و حیزبی قائید مونافەسەی ناكرێ، سەقەت دەكرێن و بەشداریان دەكەن لەگەندەلیەكانداو جەماوەرەكەشیان لێدور دەخرێتەوەو مسداقیەتی جەماوەریشیان كەم دەبێتەوە. هەندێك جاریش كە یەكێك لەم حیزبە بچوكانە لەبەر هەرهۆیەك بوبێت دووكەرت بوبێت هەر نیوەیەكیان داویەتە لای یەكێك لەو دوو حیزبەی دەسەلاتدار وەك ئەوەی لە حیزبی زەحمەت كێشاندا رویدا، یان ئەگەر هەلوێستێكی هەبوبێت ناتەبا لەگەل ئەوەی دوو حیزبەكەی دەسەلاتدا ئەوا هەرەشەی برینی بودجەیان لێكراوە. بەواتا پابەندبون و پابەندكردنی بچوكەكان لەلایەن گەورەكانەوە بۆ مەبەستێكی دیاریكراو. بەم پێیە ئەم حیزبە بچوكانەی ئاماژەم پێدان بەشدارن لەراگرتنی سەقامگیری دەسەلات و گەندەلیەكانی، هەربۆیە بەشێكی بەرپرسیارێتیەكانیش دەكەونە سەرشانی ئەمانیش ئیتر لەهەر زەمەنێكی سیاسیدا بوبێت. هەربۆیە بەباشی دەزانم ئەو حیزبە بچوكانەی كەسالانێكی زۆرە هەن و بێئەوەی كاراكتێری ئۆپۆزیسیۆن بوونیان تێدا بەدی كرابێت وناشیانەوی ببنە ئۆپۆزیسیۆنێكی ڕاستەقینەو هەروەها جیاوازی فكرییش زۆر نیە لەنێوانیاندا لێرەدا باشترە خۆیان لەنێو دوو حیزبە گەورەكەدا بتوێننەوە بەتایبەت كەهەر خۆشیان دروستیان كردوون، هەندێكیشیان كە جیاوازی نێوانیان بوونی نیە ببنە یەك حیزب وبچنە هەلبژاردنەوەو چیتر سەر لەڕای گشتی و پرۆسە سیاسیەكەش و لەخۆشیان نەشێوێنرێت. سەرنج راكێشە ئەگەر لایەنێك هەموو ئەم چەند ساڵە "بەشدارێكی" بێكاریگەر بوبێت لەدەوری حیزبی قائیدی دەسەڵاتداو لە گەندەلیەكانیش بێدەنگ بوبێت و لەسەر حیسابی گەل پاداشت بكرێن. هەر زیاتر ئەم بارودۆخەیە وایكرد گەشە نەكەن و جەماوەری ناڕازی وەك ئالتەرناتیڤ نەیانبینن، كەواتە لێرەدا حیزب ئامانج بووە نەك ئامراز.
حیزب لەسیستەمی دیموكراتیدا هەلبژاردنی حیزب لەسیستەمی دیموكراتیدا فاكتەرێكی گرنگە بۆ ئەوەی حیزب نەبێتە دیكتاتۆر (هەلبژاردنی بێغەش)، بەم هۆیەوە ناچار بێت چارەنوسە سیاسیەكەی بەندبێت بەو دەنگانەوە كە خەلكی ولاتەكە ئەیدەنێ. هەربۆیە ئەم شتە وادەكات كە حیزبەكان هەمیشە لەژێر ململانێی یەكتردابن بۆ پێشكەشكردنی بەرنامەی باشتر بەمەبەستی بردنەوەی جەماوەری دەنگدەر. ئەحزاب دەكرێ سیاسەت بۆكۆمەلانی خەلك پێشنیاز بكەن بەلام ناتوانن بریاریان بۆبدەن. حیزبێكی سیاسی ئەگەر نوێنەری سیاسەتێكی روون بێت دەبێتە هۆی گەشەكردنی دیموكراسیەت، بەلام حیزبێك كۆی سیاسەت بۆ سەرجەم هاولاتیان بریار بدات ئەوا بەتەواوی دژە دیموكراتە. جێگای رەخنەیەو بردنی كۆمەلگایە بە ئاراستەیەكی خراپ بەوەی حیزب ئەوەندە بەهێزبێت ببێتە بالادەست بەسەر پەرلەمان وحكومەتدا، هەروەها پەیوەندی بەگەلەوە ونبكات، لەرووی بەرنامەوە ببێتە حیزبی جەماوەریی بێدەموچاو. ببێتە "حیزبی پاس" كە مرۆڤ بۆ ماوەیەك پێی بروات و دواتر دوبارە دابەزێ ئەگەر كەسەكە پێویستی پێی نەما. هەندێك لەو كۆمەلەو حیزبە سیاسیانەی دروستدەبن لە سەرەتادا جۆرێك لە بەرنامەو هەڵسوكەوت دەنوێنن و ئیدعای دیموكراسیەت دەكەن لەناو كۆمەڵدا، بەلام كاتێك دەسەڵات دەگرنەدەست جۆرە گۆرانێك بە خۆیانەوە دەبینن كە ناتەبایە لەگەڵ ئیدعای پێشویاندا، ئەم دیاردەیە بەئاراستەی دەسەڵاتێك دەروات كە تەنیا رەچاوی بەرژەوەندیەكانی ئەو نوخبەیە خۆی دەكات كە دەسەڵاتی لەدەستدایە. "ئەگەر ویستت كەسێك یان لایەنێك تاقی بكەیتەوە دەسەلاتی بدەرێ". ئەگەر بروانینە سەركردایەتی ئەم جۆرە حیزبانە دەبینین بەگشتی نەوەی یەكەمی ئەو حیزبانە دەگەنە لوتكەی دەسەلات. نەوەی دووەم و سێیەم فەرامۆش دەكرێن. سروشتی دەسەلاتی سیاسی حیزبەكانی هەرێمی كوردستان كەجیگای باسەكەمانە نمونەیەكی بەرچاوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست