گۆڕانیش دەبێت لە حاسیبە بدرێت
Thursday, 26/09/2013, 12:00
1770 بینراوە
ئاماژە سەرەتاییەکان پێمان دەڵێن ژمارەیەکی دیاری پاڵێوراوەکانی بزوتنەوەی گۆڕان، ئەندامە چاوەڕوانکراوەکانی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستانن، لەنێو ئەوانەشدا حاسیبەکەی گۆڕان (عەلی حەمە ساڵح) متمانە پێکراوترینی دەنگدەرانە، ئەو کاڵایەش بێ ھۆ بەباڵایدا نەبڕاوە، خستنە ڕووی داتا زۆر و زەوەندەکان و وردکردنەوەی فلس بە فلسی بودجە و ئاشکراکردنی دزی و فزی و گزییەکانی دام و دەزگا و وەزارەتەکان و بەسەرکردنەوەی کون و قوژبنەکانی ژێرخانی ئابووری ئەم وڵاتە پڕ داھاتە، ئەو گەنجینە زەبەللاحە بوو کە ئەوی گەیاند بەو مەقامە، ئەو زیرەکی و لێزانیەی ئەو بە جۆرێک خەڵکی کوردستانی بە شەفافیەت و داھات و خەرجییەکان ئاشنا کرد، کە گومانی شەفاف بوونی داھات و خەرجییەکانی بزوتنەوەی گۆڕانی ڕەواندەوە، کە پێویستە لێرە بەدوا ئەو ئەندام پەرلەمانە ببێتە چاودێرێکی ورد و شەففافی بزوتنەوەکەی و لەوە زیاتر لە ئاست ئەو دۆخەدا دەستەوسان نەبێت، وەک چۆن لە سەرەتاکانی کۆمپانیای وشە و سەرھەڵدانی بزوتنەوەی گۆڕان دا چەند مانگ جارێک ئەو کارە دەکرا و داھات و خەرجییەکانیان چ وەک کۆمپانیا و چ وەک بزووتنەوەکە لە ڕۆژنامەی (ڕۆژنامە)دا بۆ خەڵکی ئاشکرا دەکرد، لەمەولاش دەبێت ئەو کارە درێژە پێ بدەن و دەبێت چۆن خۆتان بە پێشڕەوی دەرخستنی ڕاستی و شەفافیەت دەزانن، ھەر واش پەرەی پێ بدەن و پێش ھەموو لایەک لە بزوتنەوەی گۆڕانەوە دەستی پێ بکەن گەر وا نەکەن، کۆی بانگەشە و لێدوان و تەنانەت گوتاری ئایندەسازیشتان دەکەوێتە ژێر پرسیاری مێژووییەوە.