کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


مه‌سئول بازه‌کانی کورد

Thursday, 06/09/2012, 12:00


له‌کورده‌واریدا کۆمه‌ڵێک زاراوه‌هه‌ن بۆ ناساندنی که‌سیه‌تی خه‌ڵک هاتونه‌ته‌‌ئاراوه‌، وه‌کو مێباز و کۆترباز، ته‌قله‌باز ... هتد. ئه‌گه‌ر یه‌کێک سه‌ربه‌ده‌ره‌وه‌ بوایه‌، چ بۆ کوڕ، یان بۆ کچیش، پێیان ده‌گوت‌ (به‌ڕه‌ڵا) له‌مانیش بترازێت ئه‌گه‌ر که‌سێک رێزی زۆری بۆ خانمه‌که‌ی بنواندایه ‌پێیان ده‌گوت (مام هۆمه‌ر)، وه‌ک ته‌نز ئاسا که‌سێک ‌درۆی زۆربکرادیه ‌پێیان ده‌گوت (مام ساڵح) . پێده‌چێت له‌ ئه‌مرۆدا جۆریکی ترله‌که‌سیه‌تی له‌ناوکۆمه‌ڵگدا سه‌ری ده‌رکردبێت ، جۆرێکی جیاوازله‌وه‌ی که‌پێشتر کۆمه‌ڵگا پێی ئاشنابوه‌، که ‌ڕه‌نگه‌زیاتر ده‌سته‌گوڵی فه‌رمانره‌وای ده‌سه‌ڵاتداران و ده‌وڵه‌تداران وسیاسی هه‌رێم بێت ... ئه‌م جۆره ‌کاره‌کته‌ره ‌که ‌له‌کۆمه‌ڵگادا به‌قوڵی چۆته ‌ژیانی به‌رپرسه‌کانمان و به‌خشپه‌یی ڕۆلده‌گێڕیت، وه‌لێ هه‌تا ئه‌مڕۆمان زاراوه‌یه‌کی دروست بۆ ناساندنی ئه‌وجۆره ‌که‌سیه‌تییه ‌نه‌دۆزراوه‌ته‌وه‌، له‌م باسه‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌م ناونیشان و نازناو کاری ئه‌و جۆره‌که‌سیه‌تیه‌له‌ژێر ناویشانی (مه‌سئولباز) شی به‌که‌مه‌وه‌.
ـ (مه‌سئول بازی) دیارده‌یه ‌که ‌له‌ئیستادا به‌زه‌قی له‌کۆمه‌ڵگدا به‌دی ده‌کرێت . مه‌سئول و مه‌سئول باز .... په‌یوه‌ندیه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تیه‌ ، هه‌ڵگری که‌سیه‌تیه‌کی جیاوازه‌ له‌کۆمه‌ڵگا گرێبه‌ستی پابه‌ندبوون به‌یه‌کتری له‌جۆرێکی تر له‌هاوسه‌رگیری و خۆشه‌‌و‌یستی په‌یوه‌ندی له‌نیوان که‌سانێکی کۆمه‌ڵگاو به‌رپرس په‌یدا بووه‌که‌ناتوانین هیچ ناونیشانێکی بۆ بدۆزینه‌وه‌جگه ‌له‌ (مه‌سئول باز) ، لێره‌دا ده‌بێت ئه‌م جۆره‌پێناسه‌یه‌به‌ته‌واوی شیبکه‌ینه‌وه‌تاوه‌ک وخوێنه‌ری ئه‌م بابه‌ته‌ نه‌که‌وێته‌هه‌ڵه‌وه‌...... له‌مێبازیدا تێبینی ئه‌وه‌ده‌که‌ین که‌ڕاوچی نێر و نێچیر مێ ، له‌کۆتای زۆرینه‌ی په‌یوه‌ندییه‌ به‌یه‌کنه‌گه‌یشتوه‌کان وبێ ئه‌نجامه‌کاندا ‌ئه‌وه‌ی که‌ده‌بێته‌قوربانی ڕه‌گه‌زی مێ ده‌بێت ، له‌نێر بازیدا ڕاوچی و نێچیر ڕه‌گه‌زی نێرینه‌یه‌ئه‌وه‌ی ده‌بێته‌قوربانی ئه‌گه‌ر په‌یوه‌ندیه‌که‌نه‌خوازراوبێت نێری هاوره‌گه‌زه‌ ، له‌مه‌سئول بازیدا په‌یوه‌ندیه‌که‌ئاڵۆزه‌، چه‌مکی ڕاوچی ونیچیر براوه‌و دۆڕاو پابه‌ندیه‌کی ئاڵوگۆڕکراوی تێدا به‌دی ده‌که‌ین ئه‌توانم بڵێم له‌هه‌ردوکیانی تێدایه‌هه‌م ڕاوچی وهه‌م نێچیر . له‌مێ بازیدا نێر ده‌بێته‌پاڵه‌وان ، به‌ڕه‌گه‌زی نێر ده‌وترێت که‌سێکی مێبازیت ، له‌نیر بازیدا نیری ده‌ستڕۆیشتو ده‌بێته‌ پاڵه‌وان وپێی ده‌وترێت نێر باز ، ئه‌وه‌ی که‌مه‌سئول باز له‌نیر بازو مێ باز جو‌داده‌کاته‌وه‌ئه‌وه‌یه‌له‌مه‌سئول بازیدا پاڵه‌وانیه‌تی وده‌ستڕۆیشتوی له‌هه‌ردوو ڕه‌گه‌زی نێرو مێ ی تێدا به‌دی ده‌که‌یت .
ـ به‌هه‌ڵه‌داچونیکی گه‌وره‌یه‌ئه‌گه‌ر پێمان وابێت نه‌ریت و دیارده‌ی ماستاوچیه‌تی (ماستاو ساردکردنه‌وه‌) مانای مه‌سئول بازی ده‌گه‌ێنێت ، چمکێکم ئه‌و ڕۆڵه‌ی که‌مه‌سئول بازه‌کان ده‌یگێڕن جودایه‌له‌وه‌ی که‌ماستاوچییه‌کان ده‌یکه‌ن ...... مه‌سئول بازه‌کان نه‌فس درێژن ، ئه‌وان له‌وکه‌سانه‌نین که‌بۆ پارچه‌ئه‌رزێک یان ئۆتۆمبیلێک یان که‌مێک درۆ و دراوی به‌رپرسه‌کان له‌هه‌وڵی په‌یوه‌ندی دابن له‌گه‌ڵ به‌رپرسه‌کان ، هه‌ربۆیه‌ش ئه‌کرێت بڵێن ئه‌وه‌ی به‌چنگی ماستاوچییه‌کان ده‌که‌وێت پاشماوه‌ی به‌خشین و ده‌ستڕۆیشتوی مه‌سئول بازه‌کانه‌، ڕونتر ده‌کرێت بڵێن ئه‌و نوقڵانه‌و به‌خشیشه ‌یه‌که‌له‌ڕیگه‌ی مه‌سئول بازه‌کانه‌وه‌پێیان ده‌گات ، ماستاوچی به‌شدار نییه‌له‌بڕیاری سیاسی ، له‌مه‌زاجی رۆژانه‌، له‌شێوازی پۆشاکی ، له‌چون بۆپرسه‌کان ...هتد به‌رپرسه‌کانیان ، له‌کاتێکدا مه‌سئول باز هه‌موو ئه‌م به‌رپرسیاریه‌تیانه‌ی له‌ئه‌ستۆگرتوه‌ . ماستاوچی ته‌مه‌نی خزمه‌تی به‌نده‌به‌به‌جێهێنانی به‌رژه‌وه‌ندی هه‌نوکه‌ی به‌ده‌ستگه‌یشتنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کان له‌گه‌ڵ به‌رپرسه‌که‌دا په‌یوه‌ندیه‌که‌ش کاڵده‌بێته‌وه‌ ، به‌ڵام له‌مه‌سئول بازیدا په‌یوه‌ندیه‌که‌به‌رده‌وامی هه‌یه‌ ئاستی زیندوی و گه‌شه‌سه‌ندنی ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌به‌شێکی به‌نده‌به‌وه‌ی که‌تاچه‌ند مه‌سئول بازه‌کان له‌توانایاندایه‌له‌دیدی مه‌سئوله‌کان بنبنه‌‌ئه‌وکه‌ناڵه‌ی که‌مه‌سئوله‌کان به‌ژیانی گشتییه‌وه‌گرێ ده‌ده‌ن ،تاچه‌ند ئه‌وکه‌سایه‌تییه‌ده‌توانێت ئه‌وبۆشایانه‌پڕبکاته‌وه‌که‌به‌هۆی به‌رپرسیاریه‌تی مه‌سئوله‌کان ژیانیان تێیده‌که‌وێت . دواجار مه‌سئول بازه‌کان ده‌بنه‌هاورێی خه‌باتی به‌رپرسه‌کان ، له‌هه‌ورازو نشێویه‌کاندا هاوڕێیانن ، له‌سه‌رکه‌وتن ونشوستیه‌کاندا هاوخه‌م وخۆشبه‌ختیانن .... مه‌سئول بازه‌کان به‌جۆریک چونه‌ته‌ژیانی به‌رپرسه‌کان که‌بێ راوێژ و پرسپیکردنی پێشوه‌خت هیچ کارێکی چاره‌نوسساز ئه‌نجام ناده‌ن ....... له‌کۆتایشدا ده‌ستڕۆیشتوی مه‌سئول بازه‌کان له‌ناو کۆمه‌ڵگادا ده‌گاته‌ئاستێک که‌له‌به‌رپرسه‌کانیش باڵاتربێت ، زۆربه‌ی کات ئه‌مان له‌ ژوری چرپه‌چرپ ده‌بنرێرن ، بێ هیج بۆنه‌ و هۆکارێک له‌کۆبونه‌وه‌هه‌ستیاره‌کانی به‌رپرسه‌که‌بێده‌نگ له‌سوچێکی دانیشتنه‌کان ده‌بینرێن .... له‌بۆنه‌گشتیه‌کاندا که‌متر له‌هه‌وڵی ده‌رکه‌وتنن له‌گه‌ڵ به‌رپرسه‌کان ، ئه‌وان ئه‌و بونه‌وه‌ره‌ن که‌جڵه‌وی ژیانی به‌رپرسه‌کانیان به‌ده‌سته‌و له‌ئێستادا که‌متر کۆمه‌ڵگا هه‌ست به‌ ڕۆڵ وکاریگه‌ریان ده‌کات .
مه‌سئول بازه‌کان له‌سه‌رهه‌مان ریتمی کوڕان له‌خوازبێنی کچاندا ، ناچارن بۆ دۆزینه‌وه‌ی به‌رپرسی خه‌ونه‌کانیان له‌ده‌رگای چه‌ند دانه‌یه‌ک بده‌ن ، تاده‌گه‌ن به‌(مه‌سئولی خه‌ونه‌کانیان) . یه‌که‌م به‌خشینیش که‌ئاماده‌ن بیده‌ن به‌به‌رپرسه‌کان گه‌یاندنی هه‌موو جۆره‌هه‌واڵ و زانیاریه‌کی دڵخۆشکه‌ره‌بۆ به‌رپرسه‌کان ، هه‌ر زانیاریه‌ک یان هه‌ر هه‌واڵێکی خراپ که‌ڕوبه‌ڕوی به‌رپرسه‌کان ده‌بێته‌وه‌ئه‌مان له‌به‌ر ته‌ندروستی په‌یوه‌ندیه‌که‌یان به‌به‌رپرسه‌که‌پێی ناگه‌ێنن ، مه‌سئول بازه‌کان زۆر له‌خه‌می ئه‌وه‌دان له‌سه‌رئه‌وه‌ی که‌س ناوی ئه‌وبه‌رپرسانه‌به‌خراپ نه‌هێنێت ، ناوبانگی ئه‌وکه‌سه‌ی که‌ئه‌م گرێبه‌ستێکی یه‌کێتیگه‌رای له‌گه‌ڵ به‌ستوه‌به‌ناتۆره‌ ناوی نه‌زڕێنن خۆ هه‌رکه‌سێکیش زاتی ئه‌وه‌ی کرد به‌خراپ ناوی به‌رپرسه‌که‌ی هێنا ئه‌مان قه‌ڵه‌منوس عه‌ریزه‌نوسیان له‌به‌رده‌ستدایه‌بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی هێرشه‌ناڕه‌واکان که‌به‌رامبه‌ر به‌به‌رپرسه‌که‌یان ده‌کرێت .... مه‌سئول بازه‌کان زۆر به‌لایه‌نه‌وه‌گرنگه‌که‌ناوبانگی مه‌سئوله‌که‌له‌ناوخه‌ڵکدا هه‌میشه‌وه‌ک ئه‌ستێره‌یه‌کی دره‌وشاوه ‌بێت ، بۆیه‌کا ناچارن سه‌رپه‌رشتی ئه‌ولایه‌نه‌ش بکه‌ن که‌به‌رپرسه‌که‌پێویستیه‌تی وێنه‌یه‌ک ومێژویه‌کی ره‌نگین له‌ماوه‌ی به‌رپرسیاریه‌تیدا له‌هزری کۆمه‌ڵگاو مێژوو بۆ خۆی بنه‌خشێنێت، هه‌ربۆیه‌مه‌سئول بازه‌کان ده‌بنه‌رێکخه‌ری به‌سه‌رکردنه‌وه‌ی مه‌سئوله‌که‌بۆ پرسه‌و بۆنه‌تایبه‌ته‌کان، له‌هه‌مانکاتدا سه‌رپه‌رشتی کاری به‌ڕێوه‌بردنی تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی نێت و نوسینه‌وه‌ی یاداشت وخه‌بات و داستانی سه‌رکه‌وتنه‌کانی جه‌نگ ده‌که‌ن.ئه‌وان ته‌نانه‌ت ڕۆڵ ده‌گێڕن له‌ئاشتکردنه‌وه‌ی به‌رپرس وخێزانه‌که‌ی ، له‌خوێندن و گه‌شتپێکردنی منداڵی به‌رپرسه‌که‌، له‌ئاگابون له‌نه‌وجه‌وان هه‌رزه‌کاره‌کانیان . ته‌نانه‌ت له‌هه‌ندێک جێگا ده‌شێت ڕۆڵی به‌رپرسه‌که‌ش بگێڕن بۆ خانه‌واده‌که‌ی ، له‌بازاڕکردندا له‌هه‌ڵبژاردنی پۆشاکی ڕۆژانه‌و بۆنه‌کاندا ، له‌ڕه‌نگی بۆیناباغ وچۆنیه‌تی روخساری ده‌رکه‌وتنیان له‌که‌ناڵه‌کانی ڕاگه‌یاندن ، له‌هه‌ڵبژاردنی خواردنی چێشتخانه‌کان ، ته‌نانه‌ت ئه‌وان به‌رپرسن له‌وه‌ی که‌به‌رپرسه‌که‌هه‌میشه‌روخسار کفت و ماندوبون وهیلاکی سیاسه‌ت له‌هه‌ڵسوکه‌وتیدا ده‌رنه‌که‌وێت.
ـ له‌راستیدا به‌رپرسه‌کان هه‌میشه‌ده‌بنه‌هۆگری ئه‌وجۆره‌له‌که‌سایه‌تی (مه‌سئول باز) که‌پێشوه‌خت به‌هه‌موو جۆره‌فلته‌رێک و ئامرازی تاقیکردنه‌وه‌ی به‌رپرسه‌که‌براوه‌، به‌هه‌مان نه‌ریتی ژن وژن خوازی کاتێک که‌کورێک دێت بۆ داوای کچێک ئه‌رکی یه‌که‌می ماڵی کچه‌پرس وگه‌ڕانه‌به‌دوای ناو و نازناو ناوبانگی کوڕوخێزانه‌که‌ی ده‌بێت ..ئه‌وه‌ی که‌له‌به‌دواداگه‌رانی به‌رپرسه‌که‌بۆ مه‌سئول بازه‌که‌له‌وجۆره‌پرسیارکردنه‌له‌سه‌رکه‌سیه‌تی مه‌سئول بازه‌که‌ جیاده‌کاته‌وه‌ شیوازی به‌فلته‌ر بردن و تاقیکردنه‌وه‌کانه‌ بۆ گه‌یشتن به‌و هاوسه‌رگیرییه‌ سیاسییه‌.
ئه‌وه‌ی که‌هه‌تا ئێستا جێگه‌ی سه‌رنج بوه‌بۆ من ئه‌وه‌یه‌که‌به‌ده‌گمه‌ن ده‌بینرێت ئه‌و مه‌سئول بازانه‌مایه‌پوچ ده‌ربچن بگره‌هه‌ندێکیان لێهاتوانه‌به‌ره‌وئه‌وه‌ده‌چن ببنه‌‌سیاسی ببنه‌جێگه‌روه‌ی مه‌سئوله‌کان و بڕیاربه‌ده‌ست بۆ ده‌وڵه‌تداری دوای ئه‌مان . لێره‌دا پێویسته‌ئاماژه‌به‌وه‌بده‌م که‌پاسه‌وانه‌کانی به‌رپرس ناتوانن ڕۆڵی مه‌سئول بازه‌کان بگێڕن ، چونکه‌ئه‌رکی سه‌ره‌کی ئه‌وان پاراستنی ژیانی به‌رپرسه‌کانه‌و تونیه‌تی به‌رپرسه‌کان بۆ پڕکردنه‌وه‌ی ئه‌وبۆشاییانه‌ته‌نها به‌مه‌سئول بازه‌کان ده‌کرێت. ئه‌وه‌ی ڕاستی بێت له‌م په‌یوه‌ندییه‌سه‌یره‌دا که‌س نازانیت کێ له‌ کێی بردۆته‌وه‌مه‌سئوله‌که‌یان مه‌سئول بازه‌که‌، له‌م یاریه‌دا هێشتا به‌ته‌واوی ڕون نه‌بۆته‌وه‌که‌کامیان ئه‌وی تری کارامانه‌به‌کارهێناوه‌، هه‌میشه‌ئه‌وپرسیاره‌له‌ئارادایه‌که‌کێ ئه‌وی دی هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندوه‌!!؟
لێره‌دا ده‌بێت بپرسین مه‌سئوله‌کان بۆچی ئاماده‌ن که‌نهێنی وئه‌قڵی خۆیان بده‌نه‌ده‌ست ئه‌ومه‌سئول بازانه‌! ، ئه‌وگه‌ره‌نتایانه‌چین که‌ئه‌مان له‌وانی وه‌رده‌گرن که‌نهێنی پارێز بن به‌ئه‌مه‌ک بن بۆ په‌یوه‌ندییه‌که‌!؟ کۆمه‌ڵیک پرسیاره‌که‌هه‌میشه‌ده‌مانگه‌ێنێته‌به‌ر کۆمه‌ڵێک وه‌ڵامی نابه‌جێ .
گرنگترینی ئه‌و وه‌ڵامه‌نابه‌جێیانه‌ده‌کرێت خۆی له‌وه‌دا ببینێته‌وه‌که‌مه‌سئوله‌کانمان له‌پله‌ی یه‌که‌مدا هیچیان پابه‌ندی ئه‌و په‌یڕه‌وپرۆگرامه‌نین که‌گرێبه‌ستی نێوان ئه‌مان وه‌ک په‌یره‌وکاری ئه‌وپرۆگرامه‌ده‌به‌ستێته‌وه‌ به‌وحیزب وهێزه‌ی که‌ئه‌مان تێدا به‌رپرسن ‌.... خاوه‌نی ئایدۆلۆژیا ودیدێک نین بۆ ژیانی سیاسیان ، له‌ونبونی هزری سیاسی به‌رپرسه‌کاندا مه‌سئولباز پرکه‌ره‌وه‌ی ئه‌و بۆشایه‌ن که‌برپرس له‌کاتی به‌رپرسیاریه‌تی دا ژیانی داده‌پۆشێت . هه‌ربۆیه‌ش نهێنی سه‌رکه‌وتنی ئه‌وجۆره‌په‌یوه‌ندییه‌ی نێوان مه‌سئول ومه‌سئول باز به‌بڕوای من له‌ودایه‌که‌هه‌ریه‌که‌لای خۆی پێی وایه‌ئه‌میان به‌بی ئه‌ویان ، کاری پێناکرێت ، ئه‌میان بێ ئه‌ویان ناتوانێت به‌ئارامی ڕێبکات، ئه‌میان بێ ئه‌ویان ژیان و ئه‌زمونی سیاسی له‌مه‌ترسیدایه‌. دواجاریش خه‌ونی هه‌موو مه‌سئول بازێک جێگری به‌رپرسه‌که‌یه‌له‌داهاتوی فه‌رمانره‌وای وڵاتدا.

له‌هاوڵاتیدا له‌به‌رواری 2012.09.05 دا بڵاوبۆته‌وه‌

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە