کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


كوشتنی‌ رۆژنامه‌نوسێك، كورده‌كانی‌ عێراق ده‌وروژێنێت

Thursday, 13/05/2010, 12:00


هه‌ولێر، عێراق - رۆژی‌ دوشه‌ممه‌ له‌میانی‌ خۆپیشاندانێكی‌ ناڕه‌زایی‌ له‌دژی‌ دواین روداوی‌ رفاندن‌و كوشتنی‌ رۆژنامه‌نوسێكی‌ كورد، سه‌دان خوێندكاری‌ زانكۆ لێره‌ هه‌وڵیاندا بڕژێنه‌ ناو بینای‌ په‌رله‌مان له‌ پایته‌ختی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ عێراقی‌ خودموختاری‌.
رۆژنامه‌نوس سه‌رده‌شت عوسمان، 23 ساڵ‌ ره‌خنه‌ی‌ له‌ ده‌سه‌ڵات‌و سیستمی‌ ره‌گداكوتاوی‌ مه‌حسوبیه‌ت ده‌گرت‌و زۆرێك له‌خۆپیشانده‌ران هێزه‌ هه‌واڵگرییه‌كان‌و ئه‌منییه‌كانیان به‌تێوه‌گلان له‌كوشتنه‌كه‌ی‌ تۆمه‌تباركرد.
خوێندكاران له‌گه‌ڵ‌ پۆلیسی‌ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی‌ توندوتیژیدا به‌یه‌كدا هه‌ڵپژان. هه‌ندێكیان پێڵاوه‌كانیان به‌رزكرده‌وه‌‌و بوتڵه‌ ئاو ‌و پارچه‌ شوشه‌یان گرته‌ سه‌رباز‌و ئه‌فسه‌رانی‌ پۆلیس.
پرسیاریان ده‌كرد "كێ‌ ده‌سته‌كانی‌ به‌خوێنی‌ سه‌رده‌شت سور بوه‌؟".
به‌ڕێز سه‌رده‌شت عوسمان، رۆژنامه‌نوسێكی‌ فریلانس‌و خوێندكار، هه‌فته‌ی‌ رابوردو له‌به‌رده‌م ده‌رگای‌ كۆلیژه‌كه‌ی‌ له‌هه‌ولێر رفێنرا. دواتر به‌كوژراوی‌ كه‌ دو گوللـه‌ نرابو به‌سه‌ریه‌وه‌ له‌ سه‌ر رێگای‌ خێرای‌ موسڵ‌، نزیكه‌ی‌ 50 میل له‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ هه‌ولێر دۆزرایه‌وه‌.
كوشتنه‌كه‌ شه‌پۆلێكی‌ هه‌ستكردن به‌شۆكی‌ له‌سه‌رانسه‌ری‌ هه‌رێمی‌ كوردی‌ ته‌واو كۆنترۆڵكراو لێكه‌وته‌وه‌، كه‌ له‌ماوه‌ی‌ چه‌ند ساڵی‌ رابوردودا شانازی‌ به‌وه‌ده‌كرد به‌پێچه‌وانه‌ی‌ ناوچه‌كانی‌ تری‌ عێراقه‌وه‌، په‌ناگه‌یه‌كی‌ ئارامه‌ بۆ وه‌به‌رهێنه‌رانی‌ بیانی‌ له‌وانه‌ ده‌یان كۆمپانیای‌ نه‌وت‌و غاز.
رۆژی‌ دوشه‌ممه‌ له‌كاتێكدا خوێندكاران كه‌ زۆرینه‌یان جلی‌ ره‌شیان پۆشیبو، له‌و شوێنه‌ی‌ به‌ڕێز سه‌رده‌شت عوسمانیان رفاندبو بۆ به‌رده‌م په‌رله‌مان رێپێوانیان كرد، هاتوچۆ له‌ناو رێگاكان له‌به‌شێكی‌ شاری‌ هه‌ولێر راگیرا. گروپێك تابوتێكیان هه‌ڵگرتبو كه‌ په‌ڕۆیه‌كی‌ ره‌شی‌ پێدا درابو، وشه‌ی‌ ئازادی‌ له‌سه‌ر نوسرابو ‌و به‌ئاسانی‌ نه‌ده‌خوێندرایه‌وه‌. زۆرێكیشیان وێنه‌ی‌ به‌ڕێز سه‌رده‌شت عوسمانیان به‌رزكردبوه‌وه‌.
یه‌كێك له‌خۆپیشانده‌ران، كه‌ داوای‌ كرد ناوی‌ نه‌هێنرێت له‌ترسی‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌به‌رامبه‌ر قسه‌كانیدا تۆڵه‌ی‌ لێنه‌كرێته‌وه‌ وتی‌: "دیموكراسی‌ لێره‌ وه‌همه‌".
له‌گه‌ڵ‌ گه‌یشتنیان بۆ په‌رله‌مان، كه‌ به‌چه‌ندین دیواری‌ گه‌وره‌ ده‌وره‌دراوه‌، ژماره‌یه‌ك له‌خوێندكاران هه‌وڵیاندا بچنه‌ ناویه‌وه‌، به‌ڵام پۆلیسی‌ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی‌ ئاژاوه‌گێڕیی‌ به‌توندی‌ به‌رپه‌رچیان دانه‌وه‌.
دواتر سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان كه‌مال كه‌ركوكی‌ له‌ شوێنێكی‌ دور له‌خۆپیشانده‌ران‌و له‌ڕێی‌ بڵندگۆوه‌ قسه‌ی بۆ كردن، هه‌وڵی‌ ده‌دا هێوریان بكاته‌وه‌، به‌ڵام به‌ گاڵته‌پێكردن به‌ده‌نگی‌ به‌رز پێشوازی‌ له‌قسه‌كانی‌ كرا.
رۆژی‌ چوارشه‌ممه‌ ناڕه‌زاییه‌كی‌ هاوشێوه‌ له‌ سلێمانی‌، شاره‌ گه‌وره‌كه‌ی‌ تری‌ هه‌رێمه‌كه‌و پێگه‌ی‌ بزوتنه‌وه‌یه‌كی‌ ریفۆرم كه‌ ناوی‌ گۆڕانه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
رۆژی‌ دوشه‌ممه‌ چه‌ند ئاماژه‌یه‌ك هه‌بو به‌وه‌ی‌ كوشتنی‌ به‌ڕێز سه‌رده‌شت عوسمان هه‌رزو بوه‌ته‌ پشتیوانی‌ بۆ ریفۆرمیسته‌كان، به‌تایبه‌تی‌ له‌نێو لاوان.
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ هێزه‌كانی‌ ئاسایشی‌ هه‌ولێر، كه‌ له‌لایه‌ن حیزبه‌ حكومڕانه‌كانی‌ هه‌رێمه‌كه‌وه‌ كۆنترۆڵكراوه‌، دوشه‌ممه‌ به‌یاننامه‌یه‌كی‌ ده‌ركردو كوشتنی‌ به‌ڕێز سه‌رده‌شت عوسمانی‌ به‌"كارێكی‌ تیرۆریستی‌" له‌قه‌ڵه‌مداو داوای‌ له‌خه‌ڵك كرد به‌ر له‌ته‌واوبونی‌ لێكۆڵینه‌وه‌، لێكدانه‌وه‌ بۆ روداوه‌كه‌ نه‌كه‌ن.
رۆژی‌ شه‌ممه‌، نوسینگه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، مه‌سعود بارزانی‌ وتی‌: به‌كوشتنی‌ به‌ڕێز سه‌رده‌شت عوسمان "خه‌مباره‌" له‌كاتێكدا حكومه‌تی‌ هه‌رێم به‌ "تاوانێكی‌ قێزه‌ون به‌مه‌به‌ستی‌ تێكدانی‌ ئاسایشی‌ ناوچه‌كه‌" وه‌سفی كرد.
به‌گوێره‌ی‌ قسه‌ی‌ خزم‌و هاوڕێكانی‌، به‌ڕێز سه‌رده‌شت عوسمان لانیكه‌م له‌مانگی‌ كانونی‌ یه‌كه‌مه‌وه‌ دوجار به‌ته‌له‌فۆن هه‌ڕه‌شه‌ی‌ لێكراوه‌.
ئه‌و وتاری‌ له‌چه‌ندین بڵاوكراوه‌ی‌ ناو هه‌رێم‌و به‌ناوی‌ خواستراو بۆ كوردستان پۆست نوسیوه‌ كه‌ باره‌گای‌ له‌سویده‌‌و به‌وه‌ناسراوه‌ به‌زمانی‌ ئاگرین ره‌خنه‌ له‌ گه‌نده‌ڵی‌‌و سیستمی‌ مه‌حسوبیه‌تی‌ هه‌ردو حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كه‌ ده‌گرێت.
له‌وه‌ته‌ی‌ مانگی‌ كانونی‌ یه‌كه‌مه‌وه‌، چه‌ندین وتاری‌ گاڵته‌ئامێزی‌ له‌سه‌ر به‌ڕێز بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ كورد نوسیوه‌، یه‌كێكیان به‌ناونیشانی‌ "من عاشقی‌ كچه‌كه‌ی‌ بارزانیم"‌و پێده‌چێت شته‌ حه‌رامكراوه‌كانی‌ ناوخۆی‌ شكاندبێت.

سه‌رچاوه‌: نیویۆرك تایمز

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە