کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ناموس و شه‌ره‌فمان نه‌ماوه‌ با پیاوان بڕۆن پارێزگاری له‌شه‌ره‌فی خۆیان بکه‌ن

Wednesday, 23/12/2009, 12:00


سێر جودی ناوی خوازراوی ئه‌و کیژه‌ی ڕۆژئاوای کوردستانه،که‌ له‌ته‌مه‌نی 13 ساڵییه‌وه‌ ئاشنایه‌تی له‌گه‌ڵ ڕیزه‌کانی گه‌ریلادا په‌یدا ده‌کات و ده‌بێت به‌گه‌ریلایه‌کی قاره‌مان له‌ ناو پارتی کرێکارانی کوردستان.ئه‌و کیژه‌ له‌ ماوه‌ی خه‌باتکردنی له‌ چیادا قاچێکی له‌ده‌ست ده‌دات. ئه‌گه‌ر چی من پێم خۆش بوو چه‌ندین پرسیاری لێبکه‌م سه‌باره‌ت به‌ژیانی گه‌ریلایه‌تی به‌تایبه‌تی ژیانی ژنان له‌وێ،به‌ڵام به‌هۆی هه‌ندێک شتی گرنگه‌وه‌ که‌ بۆمی باسکرد داوایکرد له‌و جۆره‌ پرسیارانه‌ی لێ نه‌که‌م،بۆیه‌ به‌ناچاری هه‌ر له‌وێدا پرسیاره‌کانی خۆمم گۆڕی.

پ:ئایا بارودۆخی ژنانی ئێمه‌ چۆنه‌ له‌ شاخ؟هه‌روه‌ها جیاوازی چییه‌ له‌ نێوان ژنانی شاخ و ژنان له‌ ناوه‌وه‌ی ووڵات؟
وه‌ڵام:
ژن له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی کوردیدا له‌ هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستان‌ جیاوازییان نییه‌ و نزیکایه‌تییان هه‌یه‌ له‌یه‌که‌وه‌ .ژن به‌سیسته‌مێکه‌وه‌ گرێدراوه‌ که‌ له‌ ده‌وڵه‌تدا هه‌یه،ئه‌و سیستمه‌ی که‌ له‌و ده‌وڵه‌تانه‌دا هه‌یه که‌ کوردی تێدان مافی ژنی نه‌داوه.‌‌ ئه‌گه‌ر مافێکیش هه‌بێت بۆ ژن ئه‌وا یه‌که‌م پیاوان دێن پاشان ژنان دێن واتا هه‌میشه‌ ژنان له‌ دوای پیاوه‌وه‌ هاتوون.ژن له‌ کۆمه‌ڵگادا بێ چاره‌ ده‌مێنێت ناتوانێت بیروباوه‌ڕه‌کانی خۆی بهینێته‌ سه‌رزه‌مان ژن بێ ئیراده‌ کراون،ئه‌گه‌ر ژنێک بیه‌وێت دژی سیسته‌م ڕابوه‌ستێت بیه‌وێت سه‌ربه‌رزانه‌ بژی ئه‌وا کۆمه‌ڵگا ئه‌و ژنه‌ی ناوێت.به‌ڵام ژن له‌ ناو پارتدا خۆی پێشخستووه،خاوه‌نی ئیراده‌ی خۆیه‌تی، باوه‌ڕی به‌خۆیه‌تی ،خه‌بات ده‌کات وه‌کو پیاوان به‌بێ جیاوازی بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئازادی چه‌نده‌ها نمونه‌ی ژنی قاره‌مانمان هه‌یه‌ وه‌کو هه‌ڤاڵ زیلان و هه‌ڤاڵ شیلان که‌ ئه‌مانه‌ مینبه‌ری ئازادین،هه‌روه‌کو هه‌ڤاڵ بێریتان له‌ دژی سیسته‌می پیاو،له‌ دژی دووژمن ‌خۆی ته‌سلیم نه‌کرد به‌رخۆدانی کرد.ده‌توانین بڵێین سه‌رۆک ئاپۆ ڕۆحی دایه‌وه‌ به‌ژن ،ووتی بزانن ژنیش مرۆڤن ئه‌وانیش ده‌توانن قسه‌ بکه‌ن،ده‌توانن مافه‌کانی خۆیان بهێننه‌ سه‌رزمان،خاوه‌نی بیروباوه‌ڕی خۆیانن. ئه‌مه‌ش له‌ مه‌یدانی سیاسه‌ت و مه‌یدانی شه‌ڕو مه‌یدانی خه‌باتی ته‌نیزیمیشدا ئیسپات بوو که‌ ژن خاوه‌نی هێزێکی زۆره‌ خاوه‌نی ئیراده‌ی خۆیه‌تی.ژن له‌ شۆڕشی ئێمه‌دا هه‌رده‌م له‌ پێشه،به‌رخۆدانی ئه‌و له‌ پێش هه‌رشتێکه.ئه‌گه‌ر هه‌رسه‌رهه‌ڵدانیک ژن جێگه‌ی خۆی تێدا نه‌کرێت سه‌رهه‌ڵدانێکی سه‌رکه‌وتوونابێت. به‌ڵام له‌ شۆڕشی ئێمه‌دا به‌ ژن ده‌ستی پێکردووه‌ بۆیه‌ هه‌میشه‌ سه‌رکه‌وتووه به‌فکری سه‌رۆک ئاپۆ ژنان هه‌موویان سه‌ر بڵندن سه‌رۆک ئاپۆ ژنێکی زۆر جیاوازی دروستکرد‌ شتێکی زۆر گه‌وره‌یه‌ که‌ ژن له‌ شۆڕشی ئێمه‌دا‌ حه‌ز به‌ هه‌ڤاڵییه‌کی ڕاستگۆیی ده‌کات،خیانه‌ت له‌ هه‌ڤاڵانی خۆی ناکات.ژن له‌ شۆڕشی ئێمه‌دا ئیشی وا گه‌وره‌ ده‌که‌ن که‌ له‌ توانای هه‌ندێک له‌ پیاواندا نییه‌ بیکه‌ن.

پ:هه‌روه‌کو ووتت ژنانی ئێمه‌ بێ ئیراده‌ کراون به‌ڵام بۆ ده‌بێت ژنان له‌ کۆمه‌ڵگه‌دا خۆیان به‌که‌م بزانن؟بۆ هه‌میشه‌ پیاوان به‌گه‌وره‌تر ده‌زانن له‌ خۆیان؟ هه‌روه‌کو تۆ ئاماژه‌ت پێدا توانای ژن هیچی که‌متر نییه‌ له‌ توانای پیاو زۆر کات توانایان زیاتریشه‌ له‌ پیاوان؟

وه‌ڵام:
ئه‌مه‌ له‌ خێزانه‌وه‌ سه‌رهه‌ڵده‌دات.هه‌ر له‌ منداڵییه‌وه‌ کاراکته‌رێک شکڵێک بۆ منداڵ درووست ده‌که‌ن له‌ ناو خێزندا،ئه‌ویش کاراکته‌ری کچ و کوڕه،که‌ به‌منداڵه‌کانیان ده‌ڵێن تۆ کچی ئه‌و کوڕه‌ ئه‌و ده‌توانێت کار بکات تۆ ناتوانیت،کچ نابێت زۆر قسه‌ بکات،نابێت ده‌م درێژی بکات،هه‌رچی بکات پێی ده‌ڵێن عه‌یبه‌ تۆ ژنی،نابێت حه‌رامه،باش نییه.سیسته‌م ده‌ڵێت پیاو هه‌موو شتێکه‌ به‌ڵام ژن هیچ نییه،بابیش هه‌مان شت ده‌ڵێت.هێند پێی ده‌ڵێن تۆ ژنی تۆ ژنی تۆ هیچ نیت تۆ توانات نییه،سنور بۆ کرداره‌کانی داده‌نێن.هه‌موو ئه‌م شتانه‌ لای ژن کۆده‌بێته‌وه‌ له‌ ڕووی سایکۆلۆجییه‌وه‌ له‌گه‌ڵیدا گه‌وره‌ ده‌بێت،هه‌ستی خۆ به‌که‌م زانین له‌لای درووست ده‌بێت.له‌ شۆڕشی ئازادی ژن به‌ڕێبه‌رایه‌تی سه‌رۆک ئاپۆ هه‌موو ئه‌م شتانه‌ی له‌ ناوبرد.ژنی هه‌ر چوارپارچه‌ی کۆکرده‌وه،ووتی ده‌بێت ژن شه‌ڕی شه‌خسی خۆیان بکه‌ن،ژن ده‌بێت خۆیان زانا بکه‌ن،خۆیان ووشیار بکه‌نه‌وه.کۆمه‌ڵگا وای له‌ ئێمه‌ کردووه‌ سیسته‌می ده‌وڵه‌ت وای له‌ ئێمه‌ کردووه،ئێمه‌ نابێت قبوڵی بکه‌ین. ئێستاژن دوو ئیشی هه‌یه‌ هه‌م تێکۆشین بۆ ئازادی هه‌یه،هه‌م بگه‌ڕێن بۆ ئه‌وه‌ی چۆن خۆیان سه‌ربخه‌ن.نابێت ژنان خۆیان به‌ بچوک بزانن،خۆیان بێ ئیراده‌ ببینن.تێکۆشانی ژن ساڵێک نییه‌ دووساڵ نییه.ژن ده‌بێت شه‌ڕ بکه‌ن،ژن ده‌بێت سیاسه‌ت بکه‌ن،ژن ده‌بێت باوه‌ڕیان به‌خۆیان هه‌بێت.ده‌بێت ژن ئیش بکات له‌ناو کۆمه‌ڵدا بۆ ئه‌وه‌ی جێگه‌ی ئه‌و هه‌بێت.پیاو ده‌توانێت قسه‌ بکات ژنیش ده‌توانێت،ئه‌و چاوی هه‌یه‌ ژنیش هه‌یه‌تی،پیاو هه‌ر شتێکی هه‌بێت ژنیش هه‌یه‌تی.ده‌بێت حاڵی خۆمان قبوڵ نه‌که‌ین،ژن ده‌بێت یه‌کگرتوو بن پاشان سه‌رده‌که‌ون.

پ:ئه‌گه‌ر ئاگادار بیت له‌ باشور ژنه‌ پارله‌مانتاره‌کانمان له‌ پار‌له‌مانی ڕابردوودا، له‌ یاسای باری که‌سێتیدا ده‌نگیان به‌ فره‌ژنیدا،تۆ فره‌ ژنی چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنیت؟بێتوایه‌ ئه‌و ژنه‌ پارله‌مانتارانه‌ نوێنه‌ری خه‌ڵک به‌گشتی و ژنان به‌تایبه‌تی بن؟

وه‌ڵام:
به‌ڵێ ئێمه‌ ئه‌و کاته‌ چاودێریمان ده‌کرد بزانین چی ڕووده‌دات.فره‌ ژنی به‌شتێکی ڕاستی نازانم.
چۆن پیاوێک مافی سێ ژن ده‌دات؟پیاوێک یه‌کسانی سێ ژن چۆن ده‌پارێزێت؟ئه‌مه‌ نایه‌کسانییه،ژیانی که‌سیک ناخۆش ده‌که‌یت،که‌سێک ده‌گریت که‌سێکی تر به‌رده‌ده‌یت.هه‌ر پیاوێک دوو ژن بهێنێت سێ ژن بهێنێت ئه‌وه‌ که‌سێک ده‌کوژێت.ژنیش مرۆڤه‌ هه‌ستی هه‌یه،غه‌ریزه‌ی هه‌یه.بڕۆ پرسیار له‌و ژنانه‌ بکه‌ که‌ سه‌ر به‌ هه‌وێ شوو ده‌که‌ن هه‌موویان زوڵمیان لێکراوه‌ هه‌موویان ناڕازین.پیاوێک با ده‌ربکه‌وێت بڵێت مافی ژنێک ده‌ده‌م،پیاوێک نه‌توانێت مافی ژنێک بدات چۆن مافی سێ ژن ده‌دات.ده‌ڵێم ئه‌و ژنه‌ش خراپترینه‌ ئه‌گه‌ر به‌وه‌ ڕازی بێت چونکه‌ ئه‌مه‌ بازرگانی کردنه‌ به‌سه‌ر ژنه‌وه.که‌سێک ئه‌گه‌ر زانا بێت ئه‌گه‌ر تێگه‌یشتووبێت ده‌ڵێت ژنێک ببێت به‌هه‌ڤاڵی من به‌سه‌ سێ ژنم بۆ چییه؟سه‌باره‌ت به‌ پارله‌مانتاره‌کان ئه‌وان بۆیه‌ له‌ پارله‌مانن بۆ ئه‌وه‌ی مافی ژن بپارێزن،ئه‌گه‌ر ئه‌وان ئیراده‌ی ئه‌و خه‌ڵکه‌ ناپارێزن چی ده‌که‌ن له‌وێ؟ژن هه‌یه‌ باوکی پێی ده‌ڵێت یان مێرد ده‌که‌یت یان ده‌تکوژین،ژنیش ناچار ده‌بێت،ئه‌و پارله‌مانتارانه‌ له‌وێن بۆ ئه‌وه‌ی ته‌مسیلی ژنی بێ چاره‌ بکه‌ن.ژن بابیان، برایان ،مێردیان حکوم ده‌که‌ن به‌سه‌ریاندا،ئه‌ی ده‌بێت ئه‌و پارله‌مانتارانه‌ ته‌مسیلی ئه‌وان بکه‌ن نه‌ک ژیانیان خراپتر بکه‌ن.ئێستا سه‌رده‌می به‌رد نییه.ژنان زینده‌به‌چالده‌کران،کاتێک شۆڕشی ئیسلام هات،محمد ژنانی ڕزگارکرد،ووتی ژنیش مرۆڤه‌ بۆیه‌ ژنی زۆری هێنا بۆ ئه‌وه‌ی ژنان ڕزگار بکات.ئه‌م زه‌مانه‌ی ئێمه‌ی تێداین قه‌ڕنی 21 ده‌بێت پرسی ژن پێشبکه‌وێت.مافی ژنه‌ که‌ شوو بکات یاخود شوو نه‌کات.بۆیه‌ ده‌بێت ژنانی پارله‌مان ئه‌و مافانه‌ بۆ ژنانی باشور له‌ پارله‌مان به‌ده‌ستبهێنن.

پ: ئه‌م پرسیاره‌م دوو به‌شه‌ یه‌که‌میان چی ده‌ڵێیت له‌سه‌ر کوشتنی ژنان له‌ ژێر په‌رده‌ی شه‌ره‌ف؟ئایا ئه‌وه‌ی پیاوان ده‌یڵێن ڕاسته‌ جه‌سته‌ی ئێمه‌ شه‌ره‌فی ئه‌وانه؟شه‌ره‌ف چییه‌ له‌لای تۆ؟ دووه‌میان ئه‌ی هۆکار چییه‌ که‌ ژنان خۆیان ده‌کوژن؟

وه‌ڵام:
دیسان ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی که‌ له‌ کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا عه‌قڵییه‌تێکیان هه‌یه‌ که‌ ژن شه‌ره‌فه،ژن ناموسه.ئێمه‌ی کورد ده‌مێکه‌ شه‌ره‌ف و ناموسمان نه‌ماوه‌ چونکه‌ ده‌بینین دوژمن خوشکی ئێمه‌ دایکێ ئێمه‌ ئه‌شکه‌نجه‌ ده‌دات له‌ زیندانن ته‌جاوز ده‌کرێته‌ سه‌ریان.ناموس جه‌سته‌ نییه،ناموس ووڵاته‌ ناموس ئازادییه‌ که‌واته‌ با پیاوان بچن پارێزگاری له‌ شه‌ره‌ف و ناموسی خۆیان بکه‌ن.ژن ئه‌مڕۆ له‌ هه‌موو که‌س زیاتر پارێزگاری له‌ شه‌ره‌فی خۆی ده‌کات و له‌سه‌ر چیا شه‌ڕ بۆ ئازادی ده‌کات.ناموس و شه‌ره‌فی ئێمه‌ ووڵاتی ئێمه‌یه،ئه‌گه‌ر ووڵات ئازاد نه‌بێت ئێمه‌ شه‌ره‌فمان نییه.ئه‌گه‌ر شه‌ره‌ف و ناموس له‌ جه‌سته‌دا بێت ئێ نه‌مایه‌ دووژمن پێی لێده‌نێت.هه‌رکاتێک ئێمه‌ ووڵاتمان ئازاد بوو ئه‌وا ئێمه‌ شه‌ره‌فمان هه‌یه‌ چونکه‌ ئێمه‌ تێکۆشینمان کردووه‌ دایکی خۆمان پاراستووه،بۆیه‌ ئه‌مڕۆ پیاوان نه‌ڵێن ئێمه‌ شه‌رف ده‌پارێزین ژن خۆیان شه‌ره‌فی خۆیان ده‌پارێزن خۆیان له‌ دیلی ده‌رده‌که‌ن.کاتێک پۆلیس دێت ژن ده‌بات 100 پیاو ناتوانن پارێزگاری لێبکه‌ن .بۆ من شه‌ره‌فی مه‌زن ئه‌وه‌یه‌ که‌ شه‌ڕ بۆ ووڵات ده‌که‌م،تێکۆشین بۆ ئازادی ده‌که‌م،شه‌ره‌فی من جه‌سته‌م نییه‌ ئه‌گه‌ر ئازاد نه‌بێت جه‌سته‌ی من مه‌حکومه،جه‌سته‌ی من زیندانه.
ژن له‌ بێ چاره‌ییدا خۆی ده‌کوژێت،ژن ئه‌لته‌رناتیڤێک شک نابات بۆیه‌ خۆی ده‌کوژێت.حلێک نییه‌ کۆمڵ نه‌زانن ئه‌گه‌ر کۆمه‌ڵ پێشبکه‌ون ژن و پیاو یه‌کسان بن ژن خۆیان ناکوژن.پیاوێک ده‌رده‌که‌وێت ده‌ڵێت من ژنێک ده‌کوژم ناموسی خۆم ده‌پارێزم ئایا ناموس پاراستن به‌ کوشتنی ژنه؟ژن ناچار ده‌بێت پێش ئه‌وه‌ی بیکوژن خۆی خۆی ده‌کوژێت.‌ خۆ کوشتن هه‌روا ئاسان نییه‌ شتێکی زۆر قورسه‌ چونکه‌ به‌ده‌ستی خۆی خۆی ده‌کوژێت،ئه‌و بێچاره‌ییه‌ش ئه‌وه‌یه‌ کاتێک مرۆڤ هاریکاری نه‌بێت، مرۆڤ کاتێک به‌ته‌نیا ده‌مێنێت،که‌س گوێی لێنه‌گرێت ئه‌مه‌ بێ چاره‌ییه.ئه‌گه‌ر ژنان هه‌موویان یه‌ک بن،هێز به‌یه‌ک بده‌ن،ژنان خۆیان ناکوژن.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە