کۆنگرەى گۆڕان جیاوازى چیە و چى دەگۆڕێت ..؟
Wednesday, 25/12/2013, 12:00
1614 بینراوە
ئەگەر کۆنگرە لە ژیانى حیزبایەتیدا ئەو وێستگە گەورەیە بێت کە بەرنامە و کەسەکان لە لوتکەوە بگۆڕێت ، ئەوا ئەم کۆنگرەیەى بزوتنەوەى گۆڕان جیاوازییەکى گەورەى هەیە لەو شیوازە کۆنگرانەى کە لە ژیان و پاشخانى ئێمەدا بونى هەیە ، بە شێوەیەک لە زۆرینەى حیزبەکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا ئەو وێنانەمان وەرگرتوە ، کە بەشێوەیەکى ستونى و هەیکەلى سێگۆشەیى ، لوتکە دیارى دەکرێت ، واتا جگە لە بەرنامە و گۆڕینى هەیکەلى ڕێکخستن کەسەکانیش بە دەنگدان دەگۆڕێن بە پێ ى ئەنجامى نوێنەرانى دەرچوى کۆنفراسەکان ، کە دەکرێت ئەم وێنەیە بۆ زۆرینەى حیزبەکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست ڕاستییەکى حاشا هەڵنەگربن ، لەم جۆرە گۆنگرانەدا مەکتەب سیاسیەکان دیارى دەکرێن ، تا ئێرە ئەو وێنانە دەبینین کە دەرهاویشتەى کۆنگرەکان بن ...با بپرسین کۆنگرەى گۆڕان جیاوازى چیە و چى دەگۆڕێت ..؟
پێش ئەوەى بچینە ناو وردەکارى کۆنگرەوە دەبێت قۆناغەکە و ئەو زەمینەیەى کە هەیە بخوێنینەوە ، پاشان وردەکاریەکانى دیارى بکەین ...بزوتنەوەى گۆڕان وەک یەکەم هێزى دروست بونى ئۆپۆزسیۆن توانى ئەو مانایە ببخشێتە بنەماکانى دیموکراسى و لە حکومى دابەشکارى خێل و ناوچە و حیزبەوە کایەکان بگۆڕێت ، ئۆپۆزسیۆنى لە کارتۆنیەوە گۆڕى بۆ هەقیقى ، توانى هەموو هێزەکان بخاتە بەردەم پێوەرێک کە خۆیان هەڵگرى بوون ، بەو واتایەى هەموو دروشمەکان ڕێک پێچەوانەى کردارەکانیان بوون ، بۆیە حوکمى دروشمەکان بونە پێوەر بۆ حیزبى هەقیقى ، ئەمەش بووە هۆکارێک بۆ ئەوەى سەرەتاى قۆناغێکى نوێ دروست ببێت و بازنەى قۆناغێکى نوێ بکێشرێت ، لە چوارچێوەى ئامانجە سیاسیەکانى ئەم بزوتنەوەیەدا ، بە شێوەیەک کەهێڵێک کێشرا بۆ کۆتایى هێنان بە حوکمى حکومەتى حیزبى و باڵادەستى حیزب ، دروستکردنى مۆدێلێکى تر کە خۆى لە چوارچێوەى حوکمى هاوڵاتى و دەسەڵاتى هاونیشتمانیدا دەبینیەوە ، کە دەکرێت هەمومان بە وریایەوە چاودێرى ئەم کۆنگرەیەى بزوتنەوەى گۆڕان بکەین ، بە حوکمى ڕابەرایەتیکردنى ئەو بازنەیەى کە قۆناغى نوێ ى تیا بەرهەم هێنراوە ، ئەم کۆنگرەیە ناو نراوە کۆنگرەى نیشتمانى.. کە یەکسان دەبێت بە حکومەت و دەسەڵاتى نیشتمانى کە هەموو هێزەکان دەخاتە بەردەم ئەم حوکمەوە.. هاوڵاتى و هاونیشتمانى دەکاتە چاودێرى گشتى بەسەر کۆى هێزەکانەوە بە بزوتنەوەى گۆڕانیشەوە ، بەڵام کاتێک ئەم بزوتنەوەیە خۆى هەڵگر و دروستکەرى قوناغى نۆى و بازنەى نوێ و داهێنانى نۆیە.. لە هەیکەلى ڕێکخراوەیدا چونیەتى کۆنگرەکەى و ئالیەتى کۆنگرەکەى چۆن دەبێت ، دەکرێت ئەم کۆنگرەیە بە کۆنگرەیەکى زۆر گرنگ ناو بنرێت کە بتوانێت سەرکەوتنى ئەم مۆدێلە نوێیە دیارى بکات ... با بپرسین چۆن ..؟
ئەوە دەزانین کە بزوتنەوەى گۆڕان دابەش دەبێت بەسەر دوو تەوەرەى سەرەکیدا و دەکرێت لەم کۆنگرەیەدا چى بگۆڕدرێت ..؟:
1. هەیکەلى ریِکخستن .
2. ئامانجە سیاسیەکان .
هەیکەلى ڕێکخستن : بریتیە لە دروستکردنى ئۆرگانەکان و پۆلێن کردنى هەڵسوڕاوەکان ، ئەم تەوەرە لە کۆنگرەدا کەسەکان دیارى ناکرێت بەڵکو تەنها قسە لەسەر پێکهاتەکەى دەکرێت نەک کەسەکانى ناوى ، چونکە کەسەکان بە پێ ى ئالیەتێکى تر لە ڕێنماییەکاندا دیارى کراوە و ساڵانە بە پێ ى هەڵبژاردنەکان و ئەنجامەکانى دەگۆڕێن ، ئەم کۆنگرەیە ئەرێنماییانە دەگۆڕێت بۆ بڕیار ، ئەو کات دەبێتە بەرنامەى کار ، بۆیە گرنگە قسە لەسەر ریِکخستنى (هەڵسوڕاوە ناڕێکخراوەکان و لێهاتوان) بکرێت لە چوار چێوەیەکدا پۆلێن بکرێن ، بۆ ئەوەى ئالیەتى هەڵبژاردنەکان بە پێ ى ئامارى بونى ناوەکان لە چوارچێوەى بازنەو ڕایەڵەکاندا شۆێنى خوێ بگرێت ، چونکە ئەم هەڵسوڕاوانە دەور و کاریگەرى گەورەیان هەیە و دەکرێت زیاتر سود لە تواناکانیان وەربگیرێ ، ئەوەش دەزانین کە گۆڕان حیزبى دەنگدەرە و خەباتى پەرلەمانى دەکات و بون بە هەڵسوڕاو ئارەزومەندانەیە و کارى دووەمى هەر هەڵسوڕاوێکە ، بۆیە بونى ئامار و پێگەى هەر هەڵسوڕاوێک گرنگە دیارى بکرێت ، تا لە کاتى کۆنگرە و کۆنفرانسەکاندا ئالیەتێک هەبێت بۆ بەشدارى کردن .. دەکرێت لە چوارچێوەى قسەکردن لەسەر ئەگەرى گۆڕانەکان لە کۆنگرەدا ، ئالیەتێک دیارى بکرێت بۆ ئەو دەسەڵاتانەى کە کەسەکان لە ژورەکاندا دیارى دەکات و چۆنێتى دانانى چڤاتى گشتى و خانەى ڕاپەڕاندن ، دووبارە چێک کردنەوەى هەڵبژاردنەکان لە وێستگە و بنکە و بازنە و ڕایەڵە و نوێنەرایەتى ژناندا ، بە شێوەیەکى گشتى ئەگەر کۆنگرەى حیزبەکانى تر بۆ بردنە پێشەوەى کەسێکى نزیک لە ئەندامى کۆنگرە بو بێت و ئامانج و چۆنێتى هەیکەل وون بوبێت ، ئەوا ئەم کۆنگرەیە مۆدێلى تازەیە و تەنها چۆنیتى ئالیەتى دەسەڵاتەکان و هەڵبژاردن و ئالیەتى شیوازى کارکردن دیارى دەکات نەک پۆستى کەسەکان .
ئامانجى سیاسى : کە خۆى لە چوارچێوەى (ئامانجە نیشتمانیەکان و دیموکراتیەکان و کۆمەڵایەتیەکان و ڕۆشنبیرى و.. هتد) دا خوێ دەبینێتەوە(کە لە سایتە فەرمیەکەى بزوتنەوەى گۆڕاندا هەیە) کە دەکرێت هەڵسەنگاندنى چۆنێتى جێ بە جێ کردنى ئەم ئامانجانە بێت لە ماوەى ڕابوردودا ، وە ئەو پرسیارە جەوهەرییە بکرێت کە ئایا دەتوانرێت ئەو ئامانجانەى کە هەیە گۆڕانکارى بەسەردا بێت ، یان هەر بەردەوامى پێ بدرێت ، وە ئایا تا چەندێ گۆڕان توانیویەتى لەم چوارچێوەیانەدا کارەکانى بکات ، وە تاچەندى لەگەڵ ڕۆحى سەردەم و نوێبونەوەدا دەگونجێت ... کە دەکرێت ئەندامانى کۆنگرە قسەى زیاتر لەسەر ئامانجەکان بکەن ، تا چەندێ دەتوانرێت ببێتە مایەى ڕەزامەندى هاوڵاتیان .. یەکێکى تر لە جۆرى خەباتەکان جۆرى خەباتى پەرلەمانیە ، ئایا ئەمە تا چەندێ دەتوانێت وەک سستمى پەرلەمانى کارى لەسەر بکرێت و پێداگرى لە بونى ئەم سستمە بکات لە چوارچێوەى ئەو گۆڕانانەى کە دەکرێت لەم کۆنگرەیەدا بکرێت .
ئەگەر ئەم کۆنگرەیە هێڵى دیارى کردنى قۆناغێکى نوێ بێت ، ئەوا دەکرێت زۆرترین قسە و باس هەڵگرێ و ببێتە بنەمایەک بۆ ئەوەى هەڵگرى بەرپرسیاریەتى ئەو قۆناغە نوێیە بێت .. بە گشتى ئەم کَونگرەیە ئەگەر لایەنى سەرەکى و سەرتایى هەبێت ، ئەوا لایەنە سەرەتاییەکەى ناسین و ئاشنا بونە بە کۆنگرەى تازە ، لایەنى سەرەکیشى دەبێت لەسەر ئاستى لایەنى چونێتى هەیکەلى ڕێکخستن دەسەڵاتەکان و ئامانجە سیاسى و گشتیەکان گەورەترین گۆڕان بکرێت .. خەڵکى و قۆناغەکە بە گشتى چاویان لەسەر ئەم کۆنگرەیەیە ، کە تەنها چەپڵە لێدان نەبێت و کۆنگرەیەکى پڕ جوڵە و بزاوت بێت نەک کۆنگرەیەکى بێدەنگ و مردوو .. هیوایەکى زۆر هەیە کە ئەندامانى کۆنگرە بتوانن وێنەیەک بدەنە دەرەوەى خۆیان کە جیاوازیەکى زۆرى هەبێت لە گۆنگرەى حیزەبکانى ناو هەرێم و ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست .