کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


"كتوپڕ"دەسەڵات دەروخێت

Saturday, 01/12/2012, 12:00














زۆربەى روداوە مێژوییەكان، روداو گەلێكى لەناكاون كەلەحساباتى هەرە پیاوە گەورە سیاسیەكاندا نەبوون،بەڵام بێگومان ئەو روداوانە هەموو هۆكارو رەگو ریشەی قوڵیان هەبووە، كە دواتر بونەتە جێگەى باسى لێكۆڵەرو زاناكان و مێژوناسەكان و لەكاتى خۆشیدا لە دەستى سیاسیە بلیمەتەكان دەرچوون.
بەهارى عەرەبى رووداوێكى كتوپر بوو،قەڵاكانى "دیكتاتۆرییەت"ى وەك دۆمینۆك بەدواى یەكدا دارماند.بەڵام بێگومان ئەو روداوە "كتوپڕە" لە رگو ریشەییدا دنیایەك هۆو فاكتەرى جیاوازى پێوە بەستراوە،كە حكومەتەكانى دوچار بەم روداوە، نەیانتوانیوە بیبینن.
ئەمەش سەیر نیە، چونكە بینینى هۆكارى روداوە "كتوپرەكان" زۆركات شتێكى ئەستەمە و ئاسان نیە.
رووداوە كتوپرەكان پێمان دەڵێن رووداوى "كتوپرو"ى وا لەناكاو هەن، كە پێویستە پیاوى عاقڵ بەدواى هۆكارەكانیدا بگەڕێت و پێش ئەوەى روو بدەن چارەسەرى بكات و بەر بەرودانى بگرێت.
لەماوەى رابردودا روداو گەلێكى بچكۆلەى كتوپر بەسەر حكومەت و سیستمى سیاسى هەرێمداهاتن،كە حكومەت و دەسەڵاتى هەرێمەكە خۆیان بۆ ئامادە نەكردبوو.
دارمانى دیوارى قوتابخانەیەك لە شارەزوور شتێكى كتوپر بوو،بەڵام هۆكارەكەى هەر ئەو درزە بوو كە پێش چەند چركەیەك و پێش چەند ساڵێكیش بەبەر چاوى هەموانەوە بووەو كەسیش نرخى بۆ دانەناوە.
كتوپرو لەناكاو مەلەفى بێسەرو شوێنانى شەرى ناوخۆ سەریهەڵدایەوە، بێگومانم یەكێتىو پارتى بۆ ساتێكیش بیریان بەلاى ئەوەدا نەچوبو كە رۆژێك لە رۆژان دۆسیەى بێسەرو شوێنكراوەكان بەرویاندا بكرێتەوە و وەك كێشەیەكى سیاسى و یاسایی و كۆمەڵایەتى سەرهەڵبدات وبتەقێتەوە.
"كتوپر" دیكتاتۆرێك لە بەغدا جێى سەدامى گرتەوە و كەوتە كرینى فرۆكە، بە غدا لە پرێكدا لە پشتیوانەوە بوو بە هەڕەشەیەكى گەورە بۆسەر هەرێم، مالیكى لەدۆست و لەهاوپەیمانەوە بوو بەدوژمنێكى ترسناك..ئەمانە هەموو كتوپر رویاندا؟!
ئێستاش مەلەفى دیكە زۆرن كە دەسەڵاتى یەكێتى و پارتى هەرگیز پێشبینى سەرهەڵدان و تەقینەوەى ناكەن و هەرسات و رۆژێكیش بێت دەكرێنەوە و لەناكاو دەبنە كێشەیەكى گەورە.
رەشنوسى دەستور گوێى لێ خەوێنرا، لە پارلەمانیەوە بە بێدەنگى بۆ سەرۆكایەتى وەرچەرخێنرا، ئەم مەلەفە هەڵگیرابوو،بەڵام لە پرێكدا نەوشیروان مستەفا زیندوى كردەوەو بۆ گەراندنەوەو هەموار كردنەوەى ئیجماعێكى نیشتیمانیى لێ پێكهێنا.
تەحەددا ئەكەم ئەگەر سیاسیەكانى پارتى و یەكێتى و ئەو هەموو حەشاماتە لە راوێژكارى موچە خۆر پێشبینى ئەمەیان بۆ سەرۆك و حیزبەكانیان كردبێت .
لێرەو لەوێ نارەزایەتیەكان زۆرن ، وردە نارەزایەتى ،پرتە و بۆڵەو گلەیی، هەستكردن بە غوبن و بێ دادی كۆمەڵایەتیى، جیاوازى چینایەتى و نابەرابەریەكى گەورەى ئابورى، كەمتەرخەمى ئیدارى و نارونى داهات و بودجەو شاردنەوەى حساباتى بەرایی و خیتامى،بە فیرۆدانى سامانى گشتى و مەحسوبیەت و واسیتەو خزم خزمێنە و حیزبایەتى لەسەر حسابى یەكسانیی كۆمەڵایەتى.. كێشەكانى پەروەردەو كێشەكانى كەرتى تەندروستى.
هەموو ئەمانە كۆمەڵە دیوارێكى نارێك و پێكن، پارتى و یەكێتیش بەسەر ئەم دیوارانەوە دەژین، چى دەڵێن گەر كتوپڕ هەموو ئەم دیوارانە داڕمان؟








نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە