کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هەلەبجەو...بەرپرسانی پشت مایك

Sunday, 15/03/2015, 12:00





نەوسنی بەرپرسانی هەرێم بەحكومی وحزبیەوە كەهەردووكیان ڕووی دراوێكن چونكە حكومیەكانیش تاسەر ئێسقان حزبین بەو مانایەی چەندین شاری وەكو هەڵەبجە دەكەنە قوربانی حزبی خوداوەندیان،دوای 27ساڵ لەنەهامەتی و ڕابواردن بەخوێنی شەهیدانی ئەو شارەی سونبولی نەتەوەكەمانە ،تازە بەتازە بەرپرسە (ئالودەكانی پشت مایكەكان) موزایەدەی سیاسی بۆ حزبەكانیان دەكەن لەنێوان خۆیاندا لەڕێی خستنە هەڕاجی هەڵەبجەوە لەبارەگا حزبیەكانیاندا،نەعامە ئاسا كەوادەزانن كەس نایانبینێت ،بەجۆرێك من چەندین ساڵە ووتومە هەڵەبجە وەكو نێچیرو دەستكەوتوو غەنیمەی جەنگ مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت لەكۆتادا ڕاستی بۆچونەكەم بۆ هەمووان وەدەركەوت، باشە ئەی ئەوانەی لەمانای مرۆڤ بوون ناگەن بۆ هەموو شتێك لەلای ئێوە لەبری(بایەخ)..(نرخی)هەیە واتە چاوتان بەردەوام لەگیرفانی دڕاوی میلەتەكەتانە.. بۆ هەڵەبجە هەڕاج دەكەن؟؟؟
دوای زیاتر لەچارەكە سەدەیەك لەوتاوانەی دەستی خۆتانی تیابوو هێشتا جورئەتی ئەوەتان نەكردووە داوای لێبوردن لەهەڵەبجەو هەڵەبجەییەكان بكەن،بەڵام زۆر ئاساییە بەلاتانەوە هەڵەبجە هەرساڵەو مارەبڕاوی یەكێكتان بێت بۆ دەستكەوتی دارای و حزبی خۆتان.....
من وەكو شایەتحاڵێكی ئەوتاوانە دژەمرۆڤانەیە هیچ كات لێتان خۆش نابم، چونكە لەژێرزەمینی ماڵەوە هاتینە دەر بۆخۆڕزگاركردن لەكیمیابارانی ڕژێمی بەعس،بەڵام ئێوە گولەی ئاڕبیجیتان لەئێمەگرت و ووتتان نابێت دەرچن لەشار ،ئێمەی بێ دەستەڵاتیش گەڕاینەوە بێ ئاگالەوەی ئێوەی مشەخۆر بەدوای نێچیردا دەگەڕێن لەپێناو ئافەرینێكی دوژمناندا كەئەو نێچیرەش ئێمەی خاوەن ئەرزو خاكو ئاو بووین، ئێوە لەودیوو سنورەكانەوە لەگەڵ داگیركەراندا هاتن و ئێمەتان فرۆشت لەبازاڕی بێ شەرمانەی هەڕاجی خۆتاندا، چونكە خۆفرۆشی سیمای بەدەست هێنانی كەمپوتێك بوو كەلە قەرارگاوە بۆتان دەهات،،هەڵەبجە ساڵ بەساڵ ڕق ئەستورمان دەكات بەرامبەر بەتاوانباران، بۆیە نابێت خەوێكی خۆش ببینن،ئێوە ئاسانكاریتان كرد بۆ شەهیدكردنی شارێك و ئافەرینی خۆتان وەرگرت بۆیە ئەوە خەونە چاوەڕوانی ئافەرین و دەستخۆشی بن لەلایەن میللەتەوە، بە قیرتاوكردنی شەقامێك،یان میترۆیەك،یان فڕۆكەخانەیەك،یان مۆزەخانەیەك،یان نەخۆشخانەیەكی مۆدێرن لەسەر ئاستی ئاپارتمانەكانی خۆتان لەناوەوەو دەرەوەی هەرێم هەڵەبجەی من هەر خوێنی لێ دەچۆڕێت بۆیە زامی قوڵەو بەفرمێسكی تیمساحی ئێوە چارەسەرو دڵنەوایی ناكرێت،ئێوەی (پشت مایك) شەرم دەكەن تەنها خۆتان ڕوو لەم شارەبكەن، چونكە ترسی ئەوەتان هەیە تارمایی تاوانە قێزەونەكانتان لێتان ڕاپەڕێت و وەكو بەرمۆدا هەڵتان لوشێت،بۆیە بەردەوام ساڵی جارێك شاربێدەنگ دەكن و خۆتان نمایش دەكەن لەپشت مایكەكانەوە،دواتر هەمووتان وەكو ئەوەی لەدەست دادگاو یاساو لێپیچینەوە هەڵبێن پێ لەئۆتۆمبێلە خوێناویەكانتان دەدەن و بەرەو مۆڵگەكانی ڕابواردنی خۆتان ڕێ دەگرنەبەر وەكو ئەوەی بارستایێكی قورسیان لەسەر سنگتان لابردبێت وهەمووتان بەیەك دەنگ دەڵێن(خوا كەریمە تاساڵێكی تر)،ئێوەی پشتی مایك خۆتان بەخاوەنی هەڵەبجە مەزانن چونكە خاوەن دەبێت بزانێت لەناخی شاردا چی دەگوزەرێت، من بەرامبەر هەمووتان دەوەستمەوە كامتان ناوی چوارگەڕەكی شاری شەهیدان دەزانن یاخود كامتان ناوی دوو شەهید دەزانن ؟؟دڵنیام نازانن مەگەر لەشكری ماستاوچی بۆتانی ئەژماربكەن،هەرچەند ناهەقتان ناگرم ،چونكە ئێمەی نێچیری دەستی ئێوەش ژمارە بانكیەكانی ئێوەنازانین، هەربۆیە هەردووكمان بەیەكتر نامۆین ،چونكە لەسەرەتاوە ئامانجمان یەك نەبووە، یادی هەڵەبجە ئەومكیاژەیە كە ساڵانە لەلایەن دەستەڵاتەوە بۆ جوانگردنی تاوانێك دەكڕرێت،بۆیە هەڵەبجە لەبازنەی مشەخۆری حزبەكان دەرنەچووە چونكە خۆیان دەیڕازێننەوە بۆخۆیان وەكو ژووری نوستن،حزبە ئیسلامیەكانیش لەبەر پۆست و پێگەی حزبی فەرمانی خوداوەندیان لەبیر چووەتەوەو لەگەڵ گروپی مایكەكاندا تێكەڵ بەئاهەنگی گەوجاندن بوون،بۆیە ئەوانیش هەربارن بەسەر بڕیاری خەڵكیەوە چونكە تەنها لەسیماو ڕیش و سمێڵدا جیاوازیان هەیە نەك هەڵوێستی نەتەوەیی وئاینی بەرامبەر بەو شارە،هەرچەندە ئەوان ڕەخنەیان قبوڵ نیە چونكە خۆیان بەنوێنەری خوا دەزانن و چوارچێوەی شەرعیەتیان بەخۆیان بەخشیوە، ئێستا (من و هەڵەبجەو خەم) گروپێكین نوێنەرایەتی زۆرینەی كارەسات بارانی هەڵەبجە دەكەین،بەڵام بەبێ (مایك) چونكە بەرپرسانی(پشت مایك)هەموو مایكەكانیان كڕیوەو بۆخۆیانیان بردووە..... كامەران/گوڵپی

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە