دڵ
Friday, 08/04/2011, 12:00
پادشایەتی خاوەن دەسەڵاتی بێسنوور و، هەژمونی کڵێسا و، کاریگەرییەکانی تێڕوانینی ئەرەستۆ بۆ نەگۆڕیی ئێتەر، واتە دنیای سەرەوە و لەیەکنەچونی مادەو مەعدەنەکانی ئەوێ لەگەڵ توخمەکانی سەرزەوی و، بەهێزی باوەڕبوون بە چۆنایەتیەکەی ئەو، وایان کردبوو کە ئیتر لە ئەروپا و خۆرئاوا گەشەکردن و بەرەو پێشەوەچوون مەحاڵ بێت یان زۆر خاو ڕەوبکات.
سەیرکردنی ئاسمان بە تەلەسکۆپ و بینینی چاڵوچۆڵی لە مانگ دا، ئەو نەگۆڕی و جێگیرییەی خستە بەر پرسیار کە لە ئەرەستۆوە مابوەوە و، یەقینێکی دروست کرد کە بەڵێ گۆڕان لە وەشدا ڕویداوە کە بە ئێتەر ناونراوە.
شۆڕشی زانستی زۆر لە یەقین و بەڵگەنەویستە کۆنەکانی هەڵگێڕایەوەو، جێگیریەکانی خستە بزاوت.
لەوانەشدا کەسانی وەکو گالیلێ و نیوتن و کێپلەر ڕۆڵی سەرەکیان بینی.
لە لایەکی تریشەوە پەنا بردنی کۆمەڵەی نوسەرانی ئەنسایکلۆپیدیا و ڕۆشنگەریی بۆ ژیریی مرۆڤ و ئەقڵ بوو بە ڕێگە نیشاندەر.
دەوترێت گەر ئەوروپای خۆرئاوا لەبری پشتبەستن بە چۆنایەتی ئەرستۆ پەیڕەوی چەندایەتی ئەفلاتۆنی بکردایە، ئەوا گەشەکردن و بەرەوپێشچونەکان هەزارساڵ خێراتر دەڕۆیشتن.
بەڵام تازە وا نەکرا.
ئەو بەرەو پێشچونانەی شۆڕشی زانستی و ڕۆشنگەریی بە پشت بەستن بە ئەقڵ هێنایانە ئاراوە حاشا هەڵنەگرن و، بە پشت بەستن بوو بە چەندایەتی.
بەڵام ئەوەی کە ڕۆشنگەریی لەیادی کرد و کارەساتی لێکەوتەوە فەرامۆشکردنی دڵ بوو. کوشتارەکانی ڕۆبسپێر ئامادەنەبونی دڵ و بەزەیی نەهاتنەوە هێنایەدی.
بۆی هەیە ڕێگە بە خۆم بدەم بڵێم کە هەموو هۆشیاریی دنیا گەر دڵی نەبوو تاریکە!
هەر ئەو فەرامۆشکردنەی دڵیش بوو کە بزاوتی دژەڕۆشنگەریی یان ڕۆمانتیکی وەک دژە هەڵوێست بەرامبەر ڕۆشنگەریی لێکەوتەوە. بێگومان هۆکار و زەمینەی تریش یارمەتیدەر بوون.
ڕۆمانتیک پێش هەموو شتێک گەڕانەوە بوو بۆ دڵ، واتە بۆ هەست و سۆز و بۆ دیاردە لۆکاڵیەکان، و ئنجا گەڕانەوە بۆ نەتەوە و زێدی ژیان.
پێشتر لە نوسینێکدا وتبووم کە ئەم ڕاپەڕینەی کوردستان و مەیدانە ئازادەکان لە سلێمانی و شارەکانی دەوروپشتی و، هەروەها مەیدانە ئازادنەبووەکانیش لە هەولێر و دهۆک و شوێنەکانی تر سیماکانی ڕۆشنگەرییان هەیە. ئەقڵانین و لاوەکان هۆشیارن. هەروەها وتبووم کە سیمای ڕۆمانتیک و قۆناغەکانی تریشیان هەیە.
ئەوەی لە گەنجەکان و راپەڕیوەکان دەیبینم و دەیبیستم ئەوەیە کە جەختی زۆر لەسەر خۆشەویستی دەکەنەوە. هەرچەند ئەم هاتنە سەرشەقامەی ئەوان خۆڕسکە و بێ بەرنامەی پێشوەختە، هەرچەند توڕەن، بەڵام خۆشەویستی و رێزگرتنی مرۆڤ بووە بە چەق و خاڵی بڕیاردەری کۆی بزاوتەکە.
تیمار و ساڕێژی دەرد و زامی ناخی هەموشمان کە لە دوای کوشتارەکان خەوی لێبڕیبووین، لە لایەن پزیشکە رۆحیەکانی ئاینەوە، مامۆستایانی ئاینیی، گیرایە ئەستۆ. ئەمەش خۆی لە خۆیدا کۆڵەکەیەکی تری قۆناغی ڕۆمانتیکە لە گەڵ کۆڵەکەکەی تریدا کە دڵە تەواوکەری یەکن. گەڕانەوەش بۆ میللەت و نەتەوە و ئاشبونەوەی گەنجان و باقی میللەت بەوەی پێی دەوترێت کوردایەتی گەڕانەوەکەی تری دژەڕۆشنگەرییە بۆ لۆكاڵیەکان.
کەواتە دڵ و ئایین و نەتەوایەتی لەم سەردەمی جیهانگیریی و فەیسبوک و ئینتەرنێتەدا لایەنە گەشەکانی رۆمانتیکیی ئەم بزاوتەن.
ئەم ئامادەیی دڵ و کوردایەتی و سارێژبونە ڕوحییەش، کاردانەوەیە بەرامبەر ئەو خەمساردی و چاوچنۆکی و پارەپەرستی و وڵاتفرۆشییەی کە سەرکردە حیزبیەکانی بنەماڵە لەو بیست ساڵەی پێشودا پەیڕەویان کردووە.
کەواتە شۆڕشە نێرگزیەکەی گەنجان ئەقڵ و مێشکێکی بە دوارۆژ گەشبین و، خاوەن دڵ و سۆز و بەزەیی و خوداپەرست و کراوەی بەڕووی جیهانی دەرەوەدا لە جەستەی خۆیدا هەڵگرتووە.
ئەم شۆڕشە مژدەی دنیایەکی گەش و کراوە و پڕ تۆلێرانس و یەکترقبوڵکردنی پێیە. جیاوازیەکان قبوڵ دەکات!
ئەم شۆڕشە شۆڕشێکی ئایدیۆلۆجی یان ئاینیی نیە تا بیەوێت بەرەیەکی تری خۆرهەڵاتی یان جمهوریەکی ئیسلامی تر بنیات بنێت.
لە پاڵ هەموشیاندا ئەم شۆڕشە جوانیەکی تریشی هەیە، ئەویش بەشداریی گەنجان و مرۆڤانی چەپە لە کۆمۆنیست و لە سۆسیایستەکان.
ئەم شۆڕشە سەلماندی کە توخم و مەعدەنی لاوەکان و سەرکردە ئەفسانەییەکان یەک شتە، ئەویش گۆشت و خوێنە. خوێنی سوور نەک سور و شین. ئەم شۆڕشە ئەو جیاکاری و خۆ بەجیازانییەی سەرکردەکانی وەلا نا کە بەهۆی بەشدارییان لە شۆڕشە چەکداریەکان و بە قسەی خۆیان تەقە کردنیانەوە بانگەوازیان بۆ دەکرد.
ئەم شۆڕشە گەنجە بێچەکەکان و پیرەمێردە پڕ چەکەکانی شۆڕشی جارانی خستە یەک ئاست. ئەم شۆڕشە ئەو جۆرە لە باوەڕ بە ئێتەری نەگۆڕیی شۆڕشی ئەو سەرکردانەی گۆڕی و پیرۆزیەکانی لێ سەندنەوە! ئەو چۆنایەتیەی ئەوانی کرد بە چەندایەتی. لە کەسانی پیرۆزەوە کردنی بە تاکی کۆمەڵ وەکو تاکەکانی تر. ئەوانی شۆڕشگێڕی خاوەن ماڵ و، ئەمانی لە دایک بووی دوای شۆڕشی بێماڵی یەکسان کرد، ئەویش تاکەکانی کۆمەڵن. تاکەکان هەمویان یەک بەهایان هەیە، کەسیان خاوەن چۆنایەتیەکی جیا نیە لەوانی تر!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست