کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


31 ئاب وه‌رزیی بێتاقه‌تی

Sunday, 30/08/2009, 12:00


سۆرانی مامه‌حه‌مه‌ی هاوڕێم ئاوای ده‌وت:

(شه‌هیده‌کان هیچیان ناوێت
جگه‌ له‌عه‌شقی گه‌ڕانه‌وه‌
سه‌رم پڕ بووه‌ له‌ ڕۆیشتن
ڕۆیشتن شۆڕشێکه‌ مه‌عسوومێتمان
پێده‌به‌خشێت
زاکیره‌ی شه‌هید پڕه‌ له‌ کامه‌رانی....
پڕتره‌ له‌ به‌خته‌وه‌ری
(لیپا و لیپ)ه له‌ دۆڕانه‌کانی منداڵی شار به‌ئێستای به‌دبه‌ختی)**


هه‌ر ساڵێک مانگی ئاب دێت هه‌ست به‌شه‌رمه‌زاری ده‌که‌م، ئاره‌زوومه‌ ئه‌و مانگه‌ واز له‌ کورد بوونی خۆم بێنم. له‌شم داده‌هێزێرت، له‌ناخه‌وه‌ هه‌ست به ‌ئازار ده‌که‌م، ئازارێک کار له‌هه‌ست و هۆشم ده‌کات و ته‌واو بێزارم ده‌کات . له‌خۆشم ده‌پرسم داخۆ که‌سان و ڕابه‌ری سیاسیی و سه‌رکرده‌ی وڵاتانی تر هه‌بن له‌دنیادا، به ‌هه‌ر ناوێکه‌وه‌ بن ، پێش داگیرکه‌ر بکه‌ون؟ ئه‌وپرسیاره‌ له‌مه‌سعود ده‌که‌م ، ئه‌و مه‌سعوده‌ی بۆ خۆم له‌ ڕه‌حیمئاوا به‌ر هێلکه‌ی بۆگه‌ن و ته‌ماته‌و توێکڵه‌ شوتیمدا دایکیشم له‌گه‌ڵ ژنان و کچانی گه‌ڕه‌کداخڕکه‌ به‌ردی هه‌موو گه‌ڕه‌که‌که‌یان سره‌وانده‌ ئه‌و ڕه‌وه‌ ئۆتۆمۆبیلانه‌ی که‌ له‌ته‌ریقیدا به‌ناوماندا تیژتێپه‌ڕین هه‌موو سه‌روچاویان خۆڵاوی بوو به‌سه‌ر نشینه‌کانیشێوه‌، ئه‌گه‌ر چی چه‌کیشیان پێ بوو به‌س به‌قه‌ده‌ر تفه‌نگه‌ دارینه‌کانی ده‌ستی منداله‌کان غیره‌تیان تیا نه‌بوو.
دایکم ڕۆژی هه‌ینی هات بۆ لام بۆ‌گۆڕستان ئه‌و ڕۆژه‌ی بیر هێنامه‌وه‌ ڕاستی من بیرم چوبۆوه‌، من هه‌رزه بوم وه‌ک یه‌کێک له‌ یاریه خۆش و باوانه‌ له‌و هێلکه‌‌ هاویشتنه‌ تێگه‌شتبووم ، دایکم ووتی: کوڕم ئه‌و جامانه‌ سوره‌ له‌مله‌ی، که‌ ڕاومان نا له ‌ڕه‌حیمئاوا دیسانه‌وه‌ به‌ ساخته‌ کاری بوه‌وه‌ به‌سه‌رۆکی هه‌رێم. چاک بوو به‌ ساخته‌ خۆی کرده‌وه‌ به‌ سه‌رۆک، ئه‌گه‌ر نه‌بوایه‌، به‌خوا سوپای تورک وفارسی بۆ ده‌هێناین، هه‌ر ئه‌م ده‌عبایانه‌ بوونه‌وه‌ سه‌رداری خه‌ڵکی به‌شمه‌ینه‌ت بۆیه‌ تابێت خه‌ونی ئازادبوونی که‌رکوک و ڕزگاربوونی یه‌کجاری ده‌ڕه‌وێته‌وه‌ .
منیش ووتم دایه‌: داخۆ بکوژه‌کانم گیراون؟
دایکم ده‌ستی کرده‌ گریان ووتی: سۆران .... که‌سه‌که‌م.... ، بکوژه‌کانی تۆ ئه‌گه‌ر چی کوردستانپۆست ناوه‌کانی بڵاو کرده‌وه‌، که‌چی سه‌رۆکی خێڵه‌که‌ی بارزان داڵده‌ی داون، ئه‌وان ئاسودانه‌ دێن و ده‌چن، خه‌ڵکیش هیچ ناڵێن، خه‌ڵک له‌ خیانه‌تی 31ئاب و ئاشبه‌تاڵ و هێنانی تورک و فارس و عه‌ره‌ب بووردوون، تۆ چیت؟ جگه‌ له‌ هاوڕێکانی خۆت که ‌وه‌ک تۆ ته‌نها قه‌ڵه‌مێکی جه‌ربه‌زه‌یان هه‌یه‌ ، ئه‌وانی تر بێده‌نگن و خۆیان هه‌رزان فرۆش کردوه‌.
سۆران وتیی: به‌ڵام دایه‌ ئه‌م ساڵ 31ئابه‌ زۆر جودایه‌، بزانین لیستی گۆڕان چی ده‌ڵێن؟  من گومانم نی یه‌ نووسه‌ره‌کانی کوردستانپۆست وه‌ک پیشه‌ی هه‌موو ساڵێکیان قسه‌ی خۆیان هه‌یه‌، به‌ڕاست خۆ ئه‌وان نه‌بونایه‌ 31ئاب هه‌ر باس نه‌ده‌کرا، ئه‌رێ گۆڤاره‌که‌م لڤین، هاوڵاتی ، ئاوێنه‌ ، ئه‌ی ئه‌وان چۆن باسی 31ئاب ده‌که‌ن؟
ئه‌و وانانه‌ چین، که‌ له‌ 31 ئابدا فێر بووین؟ ئه‌رێ دایه‌ مه‌سعود بارزانی چۆن ڕووی دێت له‌ ڕۆژێکی 31 ئابدا خۆی هه‌ڵناواسێ ، بڵێی دایه‌ هه‌موو ساڵێک له‌ 31 ئابدا مه‌سعود له‌به‌ر ده‌م ئاوێنه‌یه‌کدا تف له‌ئابڕوی خۆی و حیزبه‌که‌ی و ئه‌ندامه‌کانی نه‌کات؟
دایه‌ 31 ئاب خیانه‌تێکی زۆر مه‌زن بوو، نازانم گه‌له‌که‌م چۆن قبوڵی کرد؟ به ڕاست چۆن ڕیسوای ناکه‌ن، ئه‌و پاڵه‌وانه‌ی 31 ئاب ده‌که‌نه‌وه‌ سه‌رۆکی خۆتان؟ خۆشبه‌ختانه‌ من به‌فه‌رمانی ئه‌و پاڵه‌وانه‌ ته‌په‌تۆره‌ی 31 ئاب شه‌هید بووم. نه‌ک هه‌ر په‌شیمان نیم له‌مردنه‌که‌م به‌ڵکو هه‌موو ڕۆژێک ده‌مردم، که‌ بیرم له‌خیانه‌تی 31 ئاب و هه‌راجی شاره‌که‌م ده‌کرده‌وه
‌‌
ئه‌زمه‌ڕ
* وه‌رزی بێ تاقه‌تی ناونیشانی دیوانه‌ شعره‌که‌ی شه‌هید سۆرانه
**
له‌هۆنراوه‌ی کۆمه‌ڵێل شه‌هید لێره‌وه‌ تێپه‌ڕینی هه‌مان دیوان وه‌رگیراوه‌

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە