کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


خه‌ونه‌ زه‌رده‌که‌، له‌گرێی بێچووه‌کانی نه‌هه‌نگێکدا

Monday, 07/11/2011, 12:00


گۆڕانکارییه‌کان، هه‌رچه‌نده‌ واده‌رده‌که‌وێت که‌ خێران، لێ له‌ڕاستیدا، زۆر هێواش هه‌نگاوده‌نێن. وێڕای ئه‌وه‌ی بۆ ئێمه‌ی کورد، کۆمه‌ڵێك گرێی له‌گه‌ڵ خۆیدا هێناوه‌ که‌ به‌ کۆمه‌ڵگا نابه‌ڵه‌ده‌ و تاپله‌یه‌کی باش، لێڵی پێوه‌ دیاره‌. له‌ناو ئه‌م گۆمه‌ شڵه‌قاوه‌ لێڵه‌شدا، تاکی کورد، بێجگه‌ له‌گێژبوون له‌ناو ئاپۆڕاکه‌ی خۆیدا، بۆ دۆزینه‌وه‌ی چمکه‌کانی، چاویشیان به‌ جاجمێکی ڕه‌ش به‌ستووه‌ و نایانه‌وێت بیبینێت و هه‌ستی پی بکات.

جم و جۆڵه‌کانی ئێران و تورکیا و ئه‌مریکا، به‌هاوکاری لا‌یه‌نگر و ده‌ستڕۆیشتوو و هێزه‌ ناوخۆیی و جیهانییه‌کان، به‌ده‌مبه‌ستنی کورد، له‌ڕێگای قوتکردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵێك کێشه‌ی لاوه‌کییه‌وه‌، له‌بێئاگاهیدا هێشتۆته‌وه‌. سه‌رکرده‌ و خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌کانیشی کردۆته‌ تۆپی بلیارد و هه‌رجاره‌ و به‌بارێکدا داره‌که‌ی بۆ ده‌سوڕێنێت.

مالیکی، سه‌رۆکی حکومه‌تی عێراق، له‌بۆته‌قه‌ی پشتبه‌ستن به‌ ئێران و گوێڕایه‌ڵی دوفاقه‌ی له‌بنده‌ستی ئه‌مریکادا، هه‌وڵه‌کانی بۆ لاوازکردنی نه‌یاره‌ ڕاسته‌قینه‌کانی کورد و سوننه‌ی چڕترکردۆته‌وه‌. وێڕای ئه‌وه‌ی له‌ " ئاڵا" وه‌ ده‌ستیپێکرد و کورد هه‌ڵای له‌مه‌ڕ نایه‌وه‌، لێ ده‌ره‌نجام ده‌رکه‌وت که‌ سه‌رقاڵکردنی کورد بوو له‌به‌رامبه‌ر هێرشی دووانه‌ی ئێران-تورکیا، بۆ ناو خاکی هه‌رێمی کوردستان، به‌بیانووی ڕاوه‌دونانی گه‌ریلاکانی پژاك و په‌که‌که‌وه‌.

هاندانی مالیکی، له‌دژی کورد، له‌لایه‌ن تورکیا و ئێرانه‌وه‌، بۆ په‌ستانخستنه‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم و که‌مکردنه‌وه‌ی کاریگه‌رییه‌کانیان بوو له‌مه‌ڕ پرسی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌. ئه‌مه‌ش له‌ناگهێشتکردنه‌کانی مه‌سعود بارزانی له‌لایه‌ن ئێران و تورکیاوه‌ ده‌رکه‌وت.

هه‌نوکه‌، حکومه‌تی تورکیا، بۆ نه‌هێشتنی سه‌رهه‌ڵدان و دوباره‌بوونه‌وه‌ی کیانی کوردی، له‌سوریادا، ئه‌نجومه‌نی کاتی سوریای به‌خۆیه‌وه‌ شه‌ته‌ك داوه‌. چونکه‌، ئه‌و، باش ده‌زانێت، له‌هه‌ر ئاڵوگۆڕێکی ده‌سه‌ڵات و سیسته‌مدا له‌سوریا، کورد، تێیدا به‌شی شێری به‌رده‌که‌وێت. ئه‌مه‌ش، کێشه‌ بۆ به‌رده‌وامبوونی سیاسه‌ته‌کانی تورکیا، له‌ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌دا دروست ده‌کات.

ترسی حکومه‌تی ئێران، له‌ هێزی کوردستانی له‌ناوخۆدا و فراوانبوونی هۆشیاری نه‌ته‌وه‌یی، له‌سه‌رووی هه‌موو ئه‌و ترسانه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌وان به‌بیریاندا دێت. بۆیه‌، بۆ ڕێگه‌نه‌دان و به‌رته‌سککردنه‌وه‌ی، له‌هێرش و تۆپبارانه‌کانیاندا، ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ بوو که‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم قایل بکه‌ن به‌ دوورخستنه‌وه‌ی ئه‌گه‌ره‌ چاوه‌ڕوانکراوه‌کان. له‌مه‌شه‌وه‌، مه‌سعودبارزانییان کرده‌ چاوگی ده‌ستکه‌وته‌کانیان و بۆشیان چووه‌ سه‌ر.

حکومه‌ته‌که‌ی ئۆباما و پێش ئه‌ویش و ئاینده‌شیان، یه‌ك میتۆد کۆیان ده‌کاته‌وه‌. ئه‌ویش، فراوانکردنی ده‌سه‌ڵات و بازرگانییه‌. چونکه‌، پێویستییه‌کانی ئه‌مریکا، گه‌ر به‌پڕکردنه‌وه‌ی خواسته‌کانیان بێت، ئه‌وا ناچار ده‌بن پشت له‌کورد بکه‌ن و مل بۆ تورکیا بده‌ن. تورکیاش، یه‌که‌م داواکاری له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م ملدانه‌دا، ڕێگه‌گرتنه‌ له‌ دروستبوونی کیانێکی کوردی سه‌ربه‌خۆ.

کێشه‌ و پرسی دژایه‌تیکردنی نێوان تورکیا و ئیسرائیل، بۆ ئه‌مریکا و سیاسه‌ته‌کانی، هیچ له‌ده‌سته‌واژه‌که‌ ناگۆڕێت، چونکه‌ به‌م هه‌ڵوێسانه‌ی تورکیا، ئه‌مریکا، له‌ڕێگایه‌وه‌، توانیویه‌تی مه‌یلی زۆربه‌ی نه‌یاره‌کانی بۆلای خۆی ڕابکێشێت. ئالێره‌وه‌، یارییه‌که‌ له‌قازانجی ئیسرائیل و ئه‌مریکادا، له‌هه‌ڵکشاندایه‌ و له‌ناوچه‌که‌شدا، کورد باجه‌که‌ی ده‌دات.

مه‌سعود بارزانی، یه‌که‌م ده‌سکه‌گوڵی پێشکه‌ش به‌تورکیاکرد، ئه‌ویش له‌ناوبردنی ده‌سته‌یه‌ك سه‌رکرده‌ی باڵا بوو له‌هێرشێکی فڕۆکه‌جه‌نگییه‌کانی تورکیادا بۆ سه‌ر باره‌گایه‌کی دیاریکراوی پێشوه‌ختی په‌که‌که‌وه‌ به‌هاوکاری و چاوساخی هێزه‌که‌ی مه‌سعود بارزانی. له‌م هاوکێشه‌یه‌وه‌، دڵسۆزی بارزانی بۆ سیاسه‌ته‌کانی تورکیا، له‌پێناوی مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتیدا له‌ هه‌رێمی کوردستاندا، هه‌رچه‌نده‌ به‌ڕواڵه‌ت نه‌رمی تورکیا ده‌رده‌خات، له‌به‌رامبه‌ر مه‌سعود بارزانیدا، به‌ڵام لابردنی به‌ربه‌سته‌کانه‌ له‌به‌رده‌م به‌رده‌وامبوونی سیاسه‌ته‌کانیدا و مه‌سعود بارزانی، باشترین گوێڕایه‌ڵ و هه‌ڵسوڕاوی ئه‌وبوواره‌یه‌. هه‌رچۆن، له‌نێوان پژاك و ئێراندا کردی و ده‌ستکه‌وتێکی باشی بۆ ئێران ده‌سته‌به‌ر کرد. وێڕای ئه‌وه‌ی، که‌شێکی له‌باری هێنایه‌ کایه‌وه‌ له‌ناوخۆدا، به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ ئۆپۆزسیۆندا و ڕازیکردن به‌وه‌ی که‌ کوردستان و پرۆسه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی له‌ژێر خه‌ته‌ردایه‌ و بێده‌نگی کردن. به‌مه‌ش، هه‌نگاوه‌کانی پێ خێراتر کرد. کوردیش ده‌ڵێت" له‌باو به‌بارنێ، هه‌ر له‌به‌فری که‌م ده‌بێ".

حکومه‌تی ئیسرائیل، به‌هاوکاری له‌گه‌ڵ هه‌ردوو حکومه‌تی ئه‌مریکا و به‌ریتانیادا، له‌ماوه‌ی ئاینده‌دا، پاش ئه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مریکا، عێراق به‌جێده‌هێڵن، گورزێکی کوشنده‌ و وێرانکه‌ر له‌ئێران ده‌سره‌وێنن. هه‌ڵبه‌ته‌، بۆیه‌ ده‌خرێته‌ پاش کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مریکا له‌عێراق، بۆئه‌وه‌ی نه‌بنه‌ جێێ ئامانجی ئێران و به‌که‌مترین زیانی گیانی ئه‌و گورزه‌ بوه‌شێنن. وێڕای ئه‌وه‌ی ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌، به‌نده‌ به‌ لاوازبوونی ده‌سه‌ڵاتی حکومه‌تی سوریاوه‌ له‌ناوچه‌که‌دا. چونکه‌، حکومه‌ته‌که‌ی به‌شار ئه‌سه‌د، هه‌میشه‌ قه‌لغانێکه‌، بۆ ئێران له‌به‌رامبه‌ر هه‌ڕه‌شه‌کانی ئیسرائیل و هاوپه‌یمانه‌کانیدا.

مه‌سعود بارزانی، بێئاگا له‌م هه‌موو جم و جوڵانه‌ی وڵاتان و دنیای سیاسییه‌کان و بازرگانان و سیسته‌می بانکه‌ ئیحتیکارییه‌کان. که‌بێجگه‌ له‌قازانجی خۆیان، هیچ مه‌رامێکی تریان نییه‌. بووه‌ته‌، ده‌ستکه‌لای یاری هه‌ڵماتێنی براوه‌کان و نیشانی دۆڕاوه‌کانی ئاینده‌. هه‌ڵبه‌ته‌، ته‌قه‌ڵاکانی مه‌سعود بارزانی، هۆکاری سڕبوونیه‌تی له‌ناو خه‌ونێکی زه‌ردا، که‌ گرێێ نێوان بێچووه‌نه‌هه‌نگه‌کانی تادێت ئاڵۆزتر ده‌بێت. ئه‌و، به‌خه‌ونی ده‌سه‌ڵاتی تائه‌به‌د و مانه‌وه‌ی وه‌کو سه‌رۆکێك، له‌ناوچه‌که‌دا و به‌میراتهێشتنه‌وه‌ی ئه‌م سه‌رۆکایه‌تییه‌ش بۆ نه‌وه‌کانی، به‌ناچاری ده‌یکاته‌ ئه‌و یاریکه‌ره‌ ڕه‌زاقورسه‌ سوکه‌ڵه‌یه‌ی له‌هه‌موو تاودانێکدا، تۆپه‌که‌ی بۆ فڕێده‌ده‌ن و پاشانیش، به‌ده‌ستخۆشییه‌کی بچوك، لاوازیه‌کانی ده‌شارنه‌وه‌ و وه‌بن پێی خۆیانی ده‌ده‌ن.

هه‌نوکه‌، ته‌گه‌ره‌کانی به‌رده‌م پرسی کورد، تادێت قورستر ده‌بێت. له‌هه‌موو لایه‌که‌وه‌ گۆڕانکاری به‌ڕێوه‌یه‌ و ده‌کرێت. که‌چی کورد، به‌ده‌ستی سه‌رکرده‌ و سیاسییه‌ خه‌واڵووه‌کانیه‌وه‌، له‌نێوان و که‌لێنی گابه‌ردی خه‌ونه‌ زه‌رده‌کاندا، گیری خواردووه‌ و ناتوانێت نوزه‌ بکات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە