کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


تائێرەو ئیتر لێرەوە ڕاوەستن.

Wednesday, 13/04/2011, 12:00


با دەسەڵاتدارێتی ئێستای حوكمڕانی كوردی بزانێت، ئەگەر تاكو ئەوان بەم چەشنە سیاسەت بكەن و وا خەیاڵ بكەن كە پەیوەندی ئەوان و میلەت وەك پەیوەندی شوان وایە بەمەڕەكانیەوە ئەوا ئەم بارودۆخە هەر وادەمێنێتەوەو ئەوان گرفتی بەردەم چارەسەر نەكردنی دەبن، چونكە ئەو بۆچونە دوای 17ی شوبات كۆتایی هات كەپێی وایە شەقام جوڵەی خۆی لەدەسەڵاتەوە وەردەگرێ، جوڵەی ئێستەی شەقام لەبەرامبەر سیستەمی حوكمدا بۆ ئەوەیە كە مادەم حكومەت باركراوە بەهەموو شت و هەموو شت لەئەستۆ دەگرێ و هەموو شتیش دەكا، بۆیە دەبێ چاوەڕوان بێت هەموو شتیشی بەرامبەر بكرێ، وەك چۆن ئەگەر خۆشگوزەران بین حكومەت دەڵێ ئەوە هی منە، دەبێ ڕازیش بێت ئەگەر بەدبەخت بووین بڵێن هەمووی بەهۆی تۆوەیە.
ئەگەر حكومەت پەیمان و بەڵێنی دابێت هەژاری نەیەڵێ، بێكاری چارەسەر بكات، ئابوری گەشە پێبدات، گەندەڵی بنبڕبكات، بازرگانی ببوژێنێتەوە، دەستێوەردان نەكات لەدادگاو یاساو ئابوری و بازاڕدا، ئەوا كاتێك كە بەڵێن و پەیمانەكەی نەبردە سەر خەتای كێیەو یەخەی كێ دەگیرێ جگە لەحكومەت؟ بۆیە بونی ناڕەزایەتی لەناو جەماوەردا هۆی ئەوە نییە كە حكومەت بەخۆبەخش خۆی كردووە بە بەرپرس و ئێمەش بۆمان نیە ڕەخنەی لێبگرین و دەنگی ناڕەزایەتی بەرامبەر بڵند بكەینەوە، بەڵكو ئەوە سەركوت كردنە كە دەسەڵات پێی وابێ ئەو بەشەرعیەتی دەنگدان چۆتە سەر حوكم لەبەر ئەوە كەس بۆی نیە خۆپیشاندانی بەرامبەر بكات، باشە ئەگەر حكومەت ئەركی بەڕێوەبردنی ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتی میلەتی لەئەستۆ گرتبێت بەڵام نەیتوانیبێت ئەو ئەركانە بەجێبگەیەنێت ئەو حكومەتە شایەنی ئەوە نییە هەڵبوەشێتەوە؟ كۆی ئەو سیستەمە شایەنی ئەوە نییە لەبەریەك هەڵوەشێتەوە؟
كەس ناتوانێ بڵێ حكومەت تاوانبارە لەبەرامبەر بەرزبونەوەی پلەی گەرمی بەڵام هەمووان دەزانن لەو بەرزبونەوەی پلەی گەرمیەدا كە كارەبا نیە حكومەت تاوانبارە، واتە ئەو نەهامەتیانەی كەلە مرۆڤایەتی نابێتەوە كەس حكومەتی تێدا تاوانبار ناكات، بەڵام ئەو بەدبەختیانەی بەهۆی كەمتەرخەمی حكومەتەوە بەرۆكمان دەگرێ بێگومان ئەم سیستەمی بەڕێوەبردنەی وڵات لێی بەرپرسە، كەلەئێستادا 3 سەرۆكایەتییە.
هەموو دەزانین یاسا دادپەروەرییە، ئەمە سادەو ڕونە ئاشكراو بەرچاوە، هەموو چاوێك دەتوانێ بیبینێ، هەمو عەقڵێك دەتوانێ لەمە تێبگات، چونكە دادپەروەری پێوانەی ئەم سیستەمی حوكمەیە، دادپەروەریش نەگۆڕەو لەگۆڕان نایەت، بەڵام ئێوە لەكوردستان ئەم سنورەتان تێپەڕاندووە، یاساتان كردووە بەئامرازێك بۆ ونكردنی دادپەروەری، بۆیە نغرۆی هەرێمێكی پڕ لە نادڵنیایی تەمومژاویتان كردوین.
ئێوە خۆشتان پێمان دەڵێن یاسا دادپەروەرییە، ئایا ئەگونجێ یاسا شتێكی تر بیت جگە لەدادپەروەریی؟ ئایا دادپەروەری ماف نییە؟ ئایا مافەكان یەكسان نین؟ بێگومان یەكسانن، بەڵام ئەگەر ئێمە هیچ دادپەروەری و مافێكمان لەیاساوە دەست نەكەوت ئیتر ناتوانین هیچمان دەستبكەوێ؟ ئایا دەكرێ خۆمان بدزینەوە لەو بێ مافییەی كەبەرامبەرمان دەكرێ؟ بێ مافی لەوەزیاتر كە بكوژی شەهیدەكانمان لەپێش چاومان دێن و دەڕۆن و دەیانپارێزن، مافی ئەوەمان نیە جیكاری بكەین لەنێوان دادپەروەری و ماف و ستەمكاریدا؟ ئەگەر ڕاستەكەن ئێمە ئازادین؟ ئایا بۆمان نیە دەسەڵات و میهرەبانی لێك جیا بكەینەوە؟ ئەكرێ ئێمە ئیتر تەسلیمی ئەم سیستەمە نادادگەرە گەندەڵە ببین و بیر لەپێشخستنی خۆمان و دەرباز بوون لەم قەیرانە گەورەی ئەمڕۆی كوردستان نەكەینەوە؟ بێگومان نەخێر، ئێستە ئەوكاتەیە كە بەئێوەمان وتووە بێهودە 20 ساڵی حوكمڕانیتان تێپەڕاند، سەرەنجام پێتان دەڵێین با لێرەدا كۆتایی پێبێت، ئیتر ئەم سیستەم و سەرۆكایەتیە هەڵوەشێننەوە، وەرن و باقی ژیانی سیاسیتان لەگەڵ ئازادیمانا تاقی بكەنەوە.
ئەم وتارەم لە 12/4/2011 لەمەیدانی ئازادی خوێندەوە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە