کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ورده‌کارى لەسەر کۆمه‌ڵکوژییەکەی هەولێر لە ساڵی ١٦ /٥/ ١٩٩٧ لەگەڵ ناوى که‌سه‌کان

Saturday, 17/05/2014, 12:00


بۆ بە دوکۆمێنتکردن و هێشتنەوەی ئەو بەڵگانە کوردستانپۆست ئەم بابەتەی لە سایتی چەترپرسێەوە گوستەوە بۆ کوردستانپۆست. ئەم بابەتە سپۆنسەری خوێنەرێکی بەڕێزە
*****************

کۆمه‌ڵکوژى 16ى ئایارى هه‌ولێر ئه‌و تاوانه‌یه‌ که‌ به‌رامبه‌ر به‌ ئه‌ندامان و کادیرانى پارتى کرێکارانى کوردستان، له‌لایه‌ن هێزێکى چه‌کدارى سه‌ر به‌ پارتى دیموکراتى کوردستانه‌وه‌ ئه‌نجامدرا. ئه‌و کۆمه‌ڵکوژیه‌ له‌ کاتژمێر 1ى دواى نیوه‌رۆى رۆژى 16/5/1997 له‌سه‌ر باره‌گاى سه‌ره‌کى یه‌کێتى نه‌ته‌وه‌یى دیموکراتى کوردستان و باره‌گاى یه‌کێتى ژنانى ئازاد و نوسینگه‌ى رۆژنامه‌ى وڵات و نه‌خۆشخانه‌ى مانگى سورى کوردستان و باره‌گاى چاند و هونه‌رى میزۆپۆتامیا ئه‌نجامدراوه‌، له‌م کۆمه‌ڵکوژیه‌دا زیاتر له‌ 83 که‌س بێ سه‌روشوێن و کۆمه‌ڵکوژ کران.
وا ئه‌مرۆ 17 ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و کۆمه‌ڵکوژیه‌ تێپه‌ر ده‌بێت و تائێستا سه‌رجه‌م قوربانیان چاره‌نوسیان نادیاره‌ و هه‌تاوه‌کو ئێستاش پارتى دیموکراتى کوردستان هیچ کاتێک باسى ئه‌و تاوانه‌ى خۆى نه‌کردووه‌ که‌ ده‌رهه‌ق به‌ هاونه‌ژاده‌کانى کردویه‌تى. نه‌ک ته‌نها ئه‌و کۆمه‌ڵکوژیه‌ى رۆژى 16/5 /1997 به‌ڵکو سه‌رجه‌م ئه‌و که‌سانه‌ى که‌ به‌رێى بێ سه‌روشوێنکردن و رفاندن که‌ زیاتر له‌ 100 که‌سن تائێستا ئاماده‌نیه‌ له‌سه‌ر ئه‌و که‌سانه‌ هیچ لێدوانێک هیچ زانیاریه‌ک بخاته‌روو. که‌چى له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌دا که‌سوکارى سه‌رجه‌م رفێنراوان و بێ سه‌روشوێنکراوان هه‌موو رۆژێک به‌ ئاهى هاتنه‌وه‌ى نه‌وه‌کانیان ژیان ده‌گوزه‌رێنن و داواى ئه‌وه‌ ده‌که‌ن ئه‌گه‌ر ته‌نها پارچه‌ ئێسکێکیش دیار بێت، بۆ ئه‌وان زۆره‌ و هه‌ر نه‌بێ دڵنه‌واییان ده‌بێت و ئیدى ئه‌وه‌نده‌ش چاوه‌رێ نابن. زۆر باس و خواسى ته‌مومژاوى و چه‌واشه‌کارى سه‌باره‌ت به‌ تاوانى کۆمه‌ڵکوژى هه‌ولێرى ساڵى 1997 ده‌خرێنه‌روو. وا ئێمه‌ له‌ زارى ئه‌و که‌سانه‌ى که‌ شایه‌تحاڵن و ئاگادارى رووداوه‌کانن و ئاماده‌بوونه‌ له‌ ساتى تاوانه‌که‌دا، زانیارى راست و ورد بۆ خوێنه‌ران ده‌خه‌ینه‌روو. ئه‌و زانیاریانه‌ى که‌ ره‌نگه‌ هێشتا به‌شێکى که‌مى تاوانه‌که‌ بن، چونکه‌ له‌وکاتانه‌دا پارتى ره‌وشێکى وه‌هاى دروست کردبوو ئه‌وه‌ى باسى ده‌که‌ن ئه‌م وڵاته‌ له‌ ژوورێکى تاریکى ته‌مومژاوى ده‌چوو، که‌ پڕی بوو له‌ مرۆڤى گوماناوى، له‌ کاتێکدا به‌ سه‌دان که‌س هێرشى چه‌ند که‌سێک ده‌که‌ن به‌وپه‌ڕى بێ ویژدانیه‌وه‌ کۆمه‌ڵکوژیان ده‌که‌ن، ده‌بێ ئه‌وه‌ چ زه‌مه‌نێک بووبێ؟!. ئاخۆ ئێستا ئێمه‌ له‌چ زه‌مه‌نێک ده‌ژین که‌ تاوه‌کو ئێستا چاره‌نوسى 83 که‌س له‌سایه‌ى نه‌بوونى دادگایه‌کى سه‌ربه‌خۆ و ده‌زگایه‌کى به‌ جورئه‌ت تاوه‌کو چاره‌نوسى ئه‌و که‌سانه‌ دیار بکرێ، 83 که‌س چاره‌نوسیان نادیاره‌ و نازانین چیان لێ به‌سه‌ر هاتوه‌ ئاخۆ ژیان ده‌که‌ن له‌ چ کوچێکى زیندانى نهێنى ئه‌م وڵاته‌ یان له‌ کام گۆرى به‌ کۆمه‌ڵ ئێسک و پروسکیان چاوه‌رێى رێزى بنه‌ماڵه‌کانیانن، ده‌ییان که‌سى بێ سه‌روشوێن هه‌ن تائێستا نه‌ناسنامه‌ و نه‌ چاره‌نوسیان دیار نه‌ماوه‌، وه‌کو ئه‌وانه‌ى که‌ پێش روودانى تاوانى کۆمه‌ڵکوژیه‌که‌ بێ سه‌روشوێن بوونه‌ و پارتى به‌ چه‌واشه‌کارانه‌ رایگه‌یاندووه‌ که‌ ئه‌و که‌سانه‌ خۆیان راده‌ستى تورکیا کردۆته‌وه‌، گومان ده‌کرێ بۆ سوککردنى بارى قورسایی تاوانه‌که‌ پارتى ئه‌م چه‌واشه‌کاریه‌شى کردبێت، کێ ئه‌زانێ وه‌کو سه‌رجه‌م بێ سه‌روشوێنه‌کانى تر ئه‌وانیش بێ چاره‌نوس ماونه‌ته‌وه‌.
(چه‌ترپرێس) زانیارى ورد له‌سه‌ر کۆمه‌ڵکوژى 16/5/1997 ى هه‌ولێر له‌ زارى چه‌ند که‌سێک که‌ شایه‌تحاڵن و ئاگادارى تاوانى کۆمه‌ڵکوژى هه‌ولێرن، ده‌خاته‌روو.
سه‌ره‌تا له‌رووى سیاسى و مێژوویی کاره‌ساتى کۆمه‌ڵکوژى هه‌ولێر، سه‌ردار ستار ئه‌ندامى به‌رێوه‌به‌رایه‌تى پارتى چاره‌سه‌رى له‌ هه‌ولێر، بۆ (چه‌ترپرێس) به‌ وردى تیشک ده‌خاته‌ سه‌ر تاوانى کۆمه‌ڵکوژى هه‌ولێر.
چه‌ترپرێس: کۆمه‌ڵکوژى هه‌ولێرى ساڵى 1997 چۆن و له‌لایه‌ن کێ و بۆچى ئه‌نجامدرا.ئایا نه‌ده‌بوو ئه‌وه‌ روونه‌دات؟
سه‌ردار ستار: بێگومان دواى 31ى ئابى 1996 که‌ سه‌دام حسینى دوژمنى سه‌رسه‌ختى گه‌لى کوردى هێنایه‌ کوردستان و شه‌رى کوردى پێ کرد، ره‌وشى هه‌رێمى کوردستان به‌ جۆرێک گۆرانکارى به‌سه‌رداهات که‌ لێره‌ پارتى شه‌رعیه‌ته‌ سیاسیه‌که‌ى له‌ده‌ست دابوو، یه‌کێتیش له‌به‌رئه‌وه‌ى نه‌یتوانیبوو ناوچه‌ى خۆى بپارێزێت له‌و هێزه‌ زۆر و بۆره‌ بێگانه‌یه‌ى که‌ پارتى هێنابوویه‌ سه‌رى، بۆیه‌ له‌و کاته‌دا رێکخستنى په‌که‌که‌ له‌وکاته‌دا له‌ ئاستێکى رێکخستنى باش دابوو، وه‌ زۆرینه‌ى خه‌ڵک رووى له‌ په‌که‌که‌ ده‌کرد و هیواى خه‌ڵک ته‌نیا په‌که‌که‌ بوو. له‌به‌رئه‌وه‌ له‌ کۆتایی 1996 تاوه‌کو ناوه‌نده‌کانى 1997 تا ئه‌و کۆمه‌ڵکوژیه‌ى هه‌ولێر، ژماره‌یه‌کى ئێجگار زۆرى گه‌نجانى کورد له‌باشورى کوردستان روویان له‌ ریزه‌کانى گه‌ریلاکانى په‌که‌که‌ ده‌کرد. له‌لایه‌کى تردا حه‌ز و هیواى خه‌ڵک بۆ په‌که‌که‌ رۆژ له‌دواى رۆژ زیاتر ده‌بوو. بۆیه‌ ئه‌مه‌ واى کرد که‌ ترس بچێته‌ دڵى پارتى یه‌وه‌، بۆیه‌ له‌وه‌ ده‌گه‌را تاوه‌کو شتێک بکات رێگرى بکات له‌هه‌مبه‌ر ئه‌و هێزه‌ جه‌ماوه‌ریه‌ى که‌ دروست ده‌بێ. بۆ ئه‌وه‌ش پارتى شاره‌زایی ئه‌وه‌ى هه‌بوو که‌ له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانى داگیرکه‌ر هێزى خۆى یه‌کبخات و به‌ پشتیوانى ئه‌وان شه‌ربکات، له‌ 1992 وه‌ هه‌روه‌ها له‌ 1995یشدا ئه‌وه‌ى کردبوو، واته‌ ئه‌وه‌ یه‌که‌مجارى نه‌بووه‌، بۆیه‌ شاره‌زایی و هه‌ماهه‌نگى له‌ بابه‌ته‌که‌دا هه‌بوه‌. خاڵێکى تریش که‌ په‌یوه‌ندى به‌ تورکیاوه‌ هه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌، که‌ تورکیا یارمه‌تى و هاوکارى هه‌ر هێزێک ده‌کات که‌ دژى په‌که‌که‌ بجه‌نگێ، بۆیه‌ له‌م چوارچێوه‌یه‌دا تورکیا پشتیوانى پارتى کرد له‌م تاوانه‌دا.
بۆیه‌ ئه‌و کۆمه‌ڵکوژیه‌ى له‌ هه‌ولێر روویدا، له‌گه‌ڵ ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌ى که‌ له‌ ناوچه‌ى زاپ و بادینان روویدا په‌یوه‌ندى به‌یه‌که‌وه‌ هه‌یه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ى له‌ داستانى زاپ تورکیا پێشه‌نگایه‌تى شه‌ڕى کرد و پارتى پشتیوانى کرد، وه‌ ئه‌و کۆمه‌ڵکوژیه‌ى هه‌ولێریش پارتى پێشه‌نگایه‌تى کرد و تورکیاش پشتیوانى کرد. وه‌ پارتى ده‌یتوانى نه‌یکات به‌ڵام ئه‌و ده‌یویست به‌م تاوانه‌ى هه‌ژمونى خۆى له‌ هه‌رێمى کوردستان دروست بکات، بۆیه‌ ئه‌وه‌ ئه‌و لایه‌نه‌یه‌ که‌ پێویسته‌ خه‌ڵکى کوردستان بیزانێت. بۆیه‌ هه‌ژمونى پارتى ناڕه‌وایه‌، چونکه‌ له‌ 31 ئاب کاتێ که‌ سه‌دامى هێنا شه‌ڕى کوردى پێ کرد، ره‌وایه‌تى سیاسى خۆی له‌ده‌ستدابوو، وه‌ ره‌وایه‌تى فکرى و فه‌لسه‌فى هه‌ر له‌ زووه‌وه‌ له‌ ده‌ستدابوو، بێگومان بۆئه‌وه‌ى جێگاى پێیه‌کانى خۆى قایم بکات تاوانى کۆمه‌ڵکوژى 16/5/1997ى ئه‌نجامدا، ویستى بزوتنه‌وه‌ى جه‌ماوه‌رى ئازادیخواز له‌ناو به‌رێت، که‌ په‌که‌که‌ پێشه‌نگایه‌تى ده‌کرد.
چه‌ترپرێس: پارتى چۆن توانى ئه‌ندام و کادیرانى په‌که‌که‌ له‌ کاتێکى بێ ئاماده‌کارى کتوپڕ بگرێت؟ ئایا ئه‌وان به‌و شته‌یان نه‌ده‌زانى؟
سه‌ردار ستار: خودى مه‌سعود بارزانى سه‌رۆکى پارتى ئه‌وکاته‌ به‌ به‌رێوه‌به‌رانى په‌که‌که‌ى گوتبوو (به‌ گۆڕى بارزانى شه‌ڕ له‌گه‌ڵ په‌که‌که‌دا ناکه‌ین)، بۆیه‌ ئه‌و قسه‌یه‌ ناراسته‌ى مه‌سعود بارزانى به‌رپرسیارانى ئه‌وکاته‌ى په‌که‌که‌ى خسته‌ غافله‌ته‌وه‌، بێگومان ئه‌وه‌ خاڵێکى نێگه‌تیڤ بوو، چونکه‌ کاتێ که‌ له‌ 14/5/1997 له‌ زاپ ئۆپه‌راسیۆن به‌ پشتیوانى پارتى کرا، ده‌بوو له‌وکاته‌وه‌ رێکخستنه‌کانى په‌که‌که‌ له‌ناو شار له‌ ئاماده‌باشیدابووایه‌، نه‌ده‌بوو باوه‌ڕ به‌ قسه‌کانى مه‌سعود بارزانى بکه‌ن، چونکه‌ پارتى نه‌ پێوانى شه‌ڕى لایه‌، نه‌ پێوانى مرۆڤایه‌تى لایه‌، وه‌ نه‌ پێوانى سیاسیشى لایه‌، ئه‌وه‌ هه‌موو که‌س ده‌زانێ، چونکه‌ له‌ مێژووى پارتیدا زۆرترین که‌سى بێ سه‌روشوێن و له‌ناوبردووه‌، چ له‌ ئه‌وانه‌ى رۆژهه‌ڵات (مه‌لا ئاواره‌، موعین) چ ئه‌وانه‌ى باکورى کوردستان (دکتۆر شوان، سعید قرمزى تۆپلاخ) وه‌ بێگومان شه‌ره‌کانى ناوه‌خۆ له‌لایه‌کى تره‌وه‌ داینێ، من باسى ته‌نها بێ سه‌روشوێنکردن و فراندن ده‌که‌م، بۆنمونه‌ پێش شه‌رى 1992 (جه‌نگى هیرانى ، هۆشه‌نگ دێرک) له‌ رێگاى دیانه‌ ـ هه‌ولێر لێیاندرا و شه‌هیدکران. یان (مامۆستا یاسا) له‌ رێگاى هیران شه‌قڵاوه‌ له‌ 1995 رفێنراوه‌و تائێستا چاره‌نوسى نادیاره‌ که‌ ئایا زیندووه‌ یان ژیان ده‌کات و له‌ کوێیه‌؟!، یان ئه‌و رووداوانه‌ى له‌ بادینان وه‌ک کوشتنى (رێناس)کوشتنى نوێنه‌رى ئاشوریه‌کان.
چه‌تر پرێس: ئایا خه‌ڵکى هه‌ولێر ئه‌وانه‌ى وا لایه‌نگر و ئه‌ندامى رێکخستنى په‌که‌که‌ بوون، هیچ هه‌ڵوێستێکیان نه‌بووه‌، به‌رامبه‌ر به‌ پارتى؟
سه‌ردار ستار: خه‌ڵکانێکى زۆر ویستویانه‌ خۆیان بکه‌ن به‌ قه‌ڵغانى زیندوو، له‌ ده‌وروبه‌ر و له‌ناو باره‌گاکانى په‌که‌که‌دا کۆبونه‌ته‌وه‌، بۆئه‌وه‌ى ئه‌و رووداوه‌ هه‌رى که‌م روونه‌دات، به‌ڵام جارێکى تر له‌وێ پارتى به‌ڵێنى به‌ خه‌ڵک دابوو که‌ ئه‌وان خه‌ڵک ناکوژن و هیچ شه‌رێکیش روونادات، بۆیه‌ دیسان خه‌ڵکیش به‌ به‌ڵێنى ئه‌وان باوه‌ڕى کردبوو، بۆیه‌ بڵاو ببونه‌وه‌. ئه‌وانه‌ى وا له‌وێش مابوونه‌وه‌و باوه‌ڕیان نه‌کردبوو ئه‌وان هه‌موویان کۆمه‌ڵکوژ و بێ سه‌روشوێنکران. بێگومان ئه‌وانه‌ى وا بوونه‌ قوربانى تاوانى کۆمه‌ڵکوژى هه‌ولێر خه‌ڵکى مه‌ده‌نى و رۆشنبیر و رۆژنامه‌وان و هونه‌رمه‌ند و نه‌خۆش و که‌مئه‌ندام و ژن بوونه‌، له‌ نه‌خۆشخانه‌ چه‌ندین که‌سیان کوشت که‌ ئه‌وان هه‌مویان که‌مئه‌ندام بوونه‌، واته‌ هه‌ندێکیان قاچیان نه‌بووه‌ هه‌بووه‌ ده‌ستى نه‌بووه‌. له‌لایه‌کى تره‌وه‌ چه‌ندین دیل به‌ده‌ستى پارتى یه‌وه‌ بووه‌، ئه‌وانیان هه‌موو کوشتوه‌، کوشتنى دیل له‌ پێوانه‌کانى مرۆڤایه‌تى له‌ پێوانه‌کانى ئه‌خلاق و شه‌ڕدا شتێکى ناپه‌سه‌نده‌، که‌چى پارتى ئه‌وه‌شى کردووه‌. له‌به‌رئه‌وه‌شه‌ پارتى شه‌رمه‌زاره‌ به‌رامبه‌ر گه‌لى کورد له‌ ره‌نگدانه‌وه‌ى ئه‌و تاوانه‌دا، بۆیه‌ تاوه‌کو ئێستا ده‌ترسێ ته‌نانه‌ت باسى ئه‌و که‌یسه‌ بکات. به‌ڵام پێویسته‌ پارتى چیتر له‌ناو ئه‌و بێ ویژدانیه‌یدا نه‌ژیت، با ویژدانى خۆى ئاسوده‌ بکات و چاره‌نوسى 83 که‌سه‌که‌ى کۆمه‌ڵکوژى هه‌ولێر دیاربکات. هه‌رچه‌ند پارتى گه‌لى کوردى مه‌حکوم کردووه‌ بۆ شه‌ڕى ناوه‌خۆ و داگیرکه‌رانیش کوردیان مه‌حکوم کردووه‌ به‌ کۆمه‌ڵکوژى و کوشتارى به‌رده‌وام. وه‌ ئه‌وانه‌ى که‌ به‌م کاره‌ هه‌ڵساون و به‌شدارییان له‌م تاوانه‌ کردووه‌ هه‌ر کێ بێت خاڵى بووه‌ له‌ له‌ ئینسانیه‌ت له‌ ئه‌خلاق له‌ ویژدان و نه‌ته‌وه‌یی و عه‌شیره‌ت و کوردایه‌تى، ئه‌وان خاڵى بوونه‌ له‌ هه‌موو ئه‌خلاقێک چونکه‌ وه‌کو گورگ به‌ربوونه‌ گیانى ئه‌و خه‌ڵکه‌ بێ تاوانانه‌. نابێت به‌ ئه‌وانه‌ى ئه‌و کاره‌یان کردووه‌ بڵێى مرۆڤ، یان سیاسه‌تمه‌دار یان که‌سى چه‌کدار و وێڵ بۆ پرسى نه‌ته‌وه‌یى، به‌ڵکو ئه‌وانه‌ دوورن له‌ مرۆڤ دوورن له‌ ویژدان و به‌ها نه‌ته‌وه‌ییه‌کان و مرۆڤایه‌تیه‌کان. بێگومان له‌لایه‌کى تر پارێزگارى ئه‌وکاته‌ى هه‌ولێر فه‌ره‌نسۆ هه‌ریرى بووه‌، ئه‌و له‌ مێژووى پارێزگارى خۆیدا مێژوویه‌کى شه‌رمه‌زارى دروست کردووه‌.
چه‌ترپرێس: ده‌وڵه‌تانى هه‌رێمى تاچه‌ند له‌سه‌ر ئه‌و کۆمه‌ڵکوژیه‌ پێگه‌یان هه‌بووه‌؟
سه‌ردار ستار: بێگومان پێگه‌یان هه‌بووه‌، وه‌ک له‌سه‌رتاشدا باسم کرد کۆمه‌ڵکوژیه‌که‌ به‌ فه‌رمان و پشتیوانى تورکیا کراوه‌. رێککه‌وتنى پارتى و تورکیا ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ ساڵى 1992، به‌ڵام وه‌ک په‌یوه‌ندى تورکیاو پارتى په‌یوه‌ندیه‌کانیان بۆ ساڵى هه‌شتاکان ده‌گه‌رێته‌وه‌. یه‌که‌مین کاریشیان ئه‌وه‌بووه‌ که‌ په‌که‌که‌ ته‌سفیه‌ بکه‌ن. له‌ درێژه‌ى پیلانه‌کان تورکیا یارمه‌تى پارتى دا تاوه‌کو هه‌ژمونى خۆى دروست بکات، له‌به‌رامبه‌ر به‌وه‌ش پارتى شه‌رى په‌که‌که‌ى کرد. وه‌ له‌ ئۆپه‌راسیۆنى (چه‌لیک)یشدا پارتى پشتیوانى تورکیاى کرد، تاوه‌کو له‌ په‌که‌که‌ بدات. وه‌ له‌ 1995 له‌ (دبلن) پارتى و هاوپه‌یمانه‌کانى کۆده‌بنه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى چۆن گورزێکى کوشنده‌ له‌ په‌که‌که‌ بده‌ن. بۆیه‌ پشتیوانى پارتى بۆ تورکیا و تورکیا بۆ پارتى ته‌نیا له‌ تاوانى کۆمه‌ڵکوژى 1997ى هه‌ولێر خۆی نابینێته‌وه‌، به‌ڵکو ئه‌وه‌ پێشینه‌یه‌کى هه‌یه‌، له‌ تاوانى هه‌ولێر ئه‌وه‌ چه‌ند باره‌ بووه‌ته‌وه‌. پارتى له‌هێنانى ده‌وڵه‌تانى ده‌ره‌وه‌ بۆ خۆ گه‌وره‌کردن و ده‌سه‌ڵات فراوانکردن وه‌ستایه‌، پێى وانیه‌ که‌ ئه‌وه‌ شه‌رمێکى نه‌ته‌وه‌ییه‌، به‌ڵکو پێى وایه‌ که‌ ئه‌وه‌ سیاسه‌ته‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ به‌گوێره‌ى ئه‌خلاقى نه‌ته‌وه‌یى، دژى ئه‌خلاقى نه‌ته‌وه‌ییه‌، چونکه‌ تۆ داگیرکه‌ر ده‌هێنى و لێره‌ ده‌یکه‌ى به‌ گه‌وره‌ به‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌که‌ت، بۆیه‌ پارتى پرسى نه‌ته‌وه‌یی نه‌کردۆته‌ کارى خۆى به‌ڵکو قایم کردنى پێگه‌ى ده‌سه‌ڵاتى خۆى کردۆته‌ کارى یه‌که‌مى خۆى، له‌پێناو ئه‌وه‌شدا ئه‌وه‌ى له‌ده‌ستى هاتبێت کردوویه‌تى. وه‌ هێنانى بنکه‌و باره‌گا سه‌ربازیه‌کانى تورکیا بۆ ناو کوردستان له‌ (کانى ماسى، شیلادزێ، ئامێدى، باتوفا) وه‌ هێنانى چه‌ندین باره‌گاى ئیستخباراتى له‌و چوارچێوه‌یه‌دایه‌، تاوه‌کو پارتى خۆى پێ بپارێزێ. هه‌موو ئه‌و خزمه‌تانه‌ى که‌ تورکیا بۆ پارتى ده‌یکات، پارتیش له‌ به‌رامبه‌ریدا ته‌نها شه‌رى په‌که‌که‌ بکات به‌سه‌.
چه‌تر پرێس: وه‌ک ئاماژه‌تان پێدا له‌ناو ئه‌و 83 که‌سه‌ هونه‌رمه‌ند و رۆشنبیر و رۆژنامه‌نوس هه‌ن، به‌ڵام بۆچى تاوه‌کو ئێستا سه‌ندیکاى هونه‌رمه‌ندان سه‌ندیکاى رۆژنامه‌نوسان رێکخراوه‌کانى به‌رگرى له‌ مافه‌کانى خه‌ڵک وه‌زاره‌تى شه‌هیدان و دادگا، بۆچى هه‌موویان بۆ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ بێده‌نگن؟
سه‌ردار ستار: بێگومان هێزى هه‌ژمونگه‌رایی سیاسى کوردستان ره‌وشێکى چه‌واشه‌کارى وه‌هاى دروست کردووه‌ و ده‌ڵێ پێویسته‌ ئێمه‌ شتى وه‌ها باس نه‌که‌ین، بۆئه‌وه‌ى، ئازاره‌کانى شه‌رى ناوه‌خۆمان بیرنه‌یه‌ته‌وه‌!. وه‌ ئه‌وانه‌ى که‌ ناوت هێنان هه‌مویان هى ده‌سه‌ڵاتن، ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ى که‌ به‌م کۆمه‌ڵکوژیه‌ هه‌ڵساوه‌. بۆ نمونه‌ وه‌زیرى شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوان ده‌چن له‌ ده‌شته‌کانى حه‌رحه‌ر و خوارووى عێراق گۆرى به‌ کۆمه‌ڵ ده‌رده‌ده‌ن و ده‌یهێننه‌وه‌ بۆ کوردستان، به‌ڵام له‌ناو شارى هه‌ولێر گۆرى به‌ کۆمه‌ڵ هه‌یه‌ که‌چى ئه‌وان ده‌ترسن هه‌ر باسیش بکه‌ن.
چه‌ترپرێس: مه‌ترسى ئه‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ پارتى تاوانى له‌م شێوه‌یه‌دا ئه‌نجام بداته‌وه‌؟
سه‌ردار ستار: پارتى له‌ مه‌سه‌له‌ى سیاسى فشار و سانسۆره‌کانى نه‌گۆراوه‌، به‌ڵام له‌ ره‌وشى بزوتنه‌وه‌ى دیموکراتى له‌ ئاستێکى فراوانتره‌ بۆیه‌ پارتى ناتوانێ شتێکى وا بکاته‌وه‌، وه‌ هه‌م له‌لایه‌نى ناوه‌خۆدا پارتى ناتوانێ ئیدى به‌وه‌ بخوڕێ و بڵێ له‌ %51 ده‌نگى کوردستان هى منه‌، ده‌توانم هه‌موو شتێک بکه‌م، له‌ ئێستادا به‌و هه‌موو ته‌زویرات و به‌و هه‌موو فرت و فێڵ و به‌و هه‌موو خه‌ڵکه‌ى که‌ مردووه‌ ده‌نگ به‌ پارتى ده‌ده‌ن له‌ %38 ده‌نگه‌کانى هه‌یه‌، هه‌رچه‌ند گومان هه‌یه‌ که‌ شتى وا دووباره‌ ناکاته‌وه‌، چونکه‌ گۆرانکارى له‌ناو خودى پارتیدا به‌ ملیمه‌. بۆیه‌ دونیا گۆراوه‌ به‌ڵام پارتى نه‌گۆراوه‌، بۆیه‌ پارتى ناتوانێ نه‌ک له‌به‌رئه‌وه‌ى خۆى نایه‌وێ به‌ڵکو ئه‌و ره‌وشه‌ نه‌ما که‌ پارتى به‌ ویستى خۆى چى بیه‌وێ بیکات. له‌به‌رئه‌وه‌ى له‌ناو مێژووى پارتى پریه‌تى له‌ فایلى ره‌ش دیارترینیان 31ى ئاب و 16/5/1997 ئه‌گه‌ر تاوه‌کو ئێستاش بکه‌رانى ئه‌و کۆمه‌ڵکوژیه‌ ناداته‌ دادگا و چاره‌نوسى 83 که‌سه‌ دیارناکات، که‌واته‌ هێشتا پارتى ئه‌و زهنیه‌ته‌ى خۆى نه‌گۆریوه‌، وه‌ ئه‌وه‌ى ئێستا ئه‌نجامى نادات له‌ ده‌ره‌وه‌ى ئیراده‌ى پارتیه‌. ئه‌و ترس و تۆقانه‌ى خه‌ڵک له‌ پارتى ئه‌نجامى ئه‌و هه‌موو فایله‌ ره‌شه‌ى پارتى یه‌ له‌ مێژووى خۆیدا، به‌ڵام ده‌بێ خه‌ڵکى هه‌ولێر به‌تایبه‌تى باش بزانن که‌ پارتى ته‌نیا وه‌همه‌ و پڵنگێکى سه‌ر کارتۆنه‌، ئه‌وه‌ى دوایین شت پێى کرا به‌رامبه‌ر به‌ ئه‌حمه‌د رێکانى کردیان، ئه‌وه‌ دوایین تۆپیان بوو ته‌قاندیان.
به‌ گوته‌ى شایه‌تحاڵێک که‌ ناوى (مام شوان)ه‌، یه‌کێک بووه‌ له‌ ئه‌ندامانى رێکخستنى ئه‌وکاته‌ى یه‌نه‌ده‌که‌، بۆ چه‌ترپرێس دوا: ئێمه‌ له‌ به‌ره‌به‌یانى 16/5 هاتینه‌ باره‌گا له‌وێ هه‌ندێ ژاوه‌ژاو هه‌بوو، هه‌ڤاڵان پێیان وتین که‌ پێویسته‌ به‌ زووترین کات لێره‌ برۆین، منیان له‌وێ ده‌رکرد، پاشان بیستم که‌ هێزێکى زۆر هێرشیان کرده‌ سه‌ر باره‌گاى یه‌نه‌ده‌که‌، هێزه‌که‌ به‌ چه‌کى قورس هێرشیان کرد، هه‌رچه‌ند ئه‌وانه‌ى له‌ناو باره‌گا دابوون هه‌ندێک به‌رگریان کرد به‌ڵام نه‌یانتوانى ژیانى خۆیان بپارێزن و هه‌موویان کوژران، دواتر هێرشیان کرده‌ سه‌ر نه‌خۆشخانه‌ و له‌وێ هه‌رچى ئه‌ندامى په‌که‌که‌ بوو کوشتیان و هه‌ر به‌ مردوویه‌تى له‌سه‌ر بانه‌وه‌ فه‌رێیاندانه‌ خوارێ، دواتر هێرشیان کرده‌ سه‌ر باره‌گاى میزۆپۆتامیا و نوسینگه‌ى رۆژنامه‌ى وڵات چه‌ند که‌سێکیان له‌وێ کوشت و هه‌ندێکیشیان گرتن، ئه‌وانه‌ى گیرابوون هه‌موویان بێ سه‌روشوێنکران، زۆربه‌یان به‌ بلۆک سه‌ریان پان کرابویه‌وه‌، ئه‌وه‌ى روویدا ناتوانم باسى بکه‌م، هیچ مرۆڤێک ئه‌و کارانه‌ ناکات جگه‌ له‌ پارتى. ئه‌و که‌سانه‌ شایه‌نى ئه‌وه‌نه‌بوون بمرن، ئه‌وان شایه‌نى ئه‌وه‌بوون خه‌ڵات بکرێن. دواتر هێرشى سه‌رتاسه‌رى بۆ هه‌موو باره‌گاکانى تر ده‌ستى پێکرد و به‌ لێشاو خه‌ڵکیان ده‌ستگیر ده‌کرد، به‌ سه‌دان که‌س له‌ زیندانه‌کانى پارتى بوون، ئه‌وانه‌ى وا ئه‌ندامى چالاک بوون یه‌کسه‌ر ده‌نێردران بۆ ئاکرێ و ئه‌گه‌ر واسته‌یه‌کى به‌هێزى هه‌بوایه‌ ئه‌گینا بێ سه‌روشوێن ده‌کرا.
مام شوان به‌ چاوى پڕ فرمێسکه‌وه‌ ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌کرد: خودا تۆڵه‌ى له‌و که‌سانه‌ کرده‌وه‌ که‌ ئه‌و تاوانه‌یان ئه‌نجامدا، وه‌جى بارزانى و جه‌مال مورتکه‌ و دینۆ زرارى و سه‌دانى تر، ئێٍستا وه‌جى سه‌قه‌ت بوو له‌گه‌ڵ جه‌مال مورتکه‌. ئه‌وان تاوانبارن به‌و کاره‌، هه‌موو خه‌ڵک ئه‌وه‌ باش ده‌زانن کێ ئه‌و کاره‌ى کردووه‌. سوپاى دووى پارتى و ئاسایشى پارتى له‌ هه‌ولێر ئه‌و تاوانه‌یان ئه‌نجامدا، وه‌ فه‌ره‌نسۆ هه‌ریریش که‌ ئه‌و کاته‌ پارێزگارى هه‌ولێر بووه‌ به‌شدارى له‌ تاوانه‌که‌دا کردووه‌. ئه‌وه‌ى جێگاى نیگه‌رانیه‌ هێزه‌ چه‌کداره‌کانى پارتى گه‌لێک زۆربوون هه‌مووشیان خاڵى بوون له‌ ویژدان، چونکه‌ ئه‌و هه‌ڤاڵانه‌ى که‌ ژن بوون ده‌یانکوشتن و پاش کوشتنیش زێده‌رۆییان به‌ جه‌سته‌ بێ رۆحه‌که‌ ده‌کرد، نازانم به‌ چ زمانێک بیڵێم ئه‌وه‌ى ئێمه‌ بینیمان و بیستمان له‌ دونیا نه‌کراوه‌و ناکرێ. هه‌رچه‌ند هه‌ڤاڵانمان به‌ مه‌ردانه‌ شه‌هیدبوون چونکه‌ تادوا هه‌ناسه‌ شه‌ریان کرد و به‌رگریان کرد، ده‌یانزانى هێرش ده‌کرێ، به‌ڵام وتیان چۆن ناوه‌ندى رێکخستن چۆڵ بکه‌ین. پێیان شه‌رم بوو را بکه‌ن له‌ده‌ستى ئه‌و پیاوانه‌ى که‌ ویژدانیان نه‌بوو.
مام شوان درێژه‌ى به‌ قسه‌کانیدا و وتى: ئه‌وه‌ى جێگاى خه‌م بوو له‌و کاتانه‌ ئه‌وه‌بوو خه‌ڵکیان له‌ ئێمه‌ هانده‌دا، بۆئه‌وه‌ى هێرش بکه‌نه‌ سه‌رمان، ئه‌و قسه‌ ناراسته‌ى که‌ په‌که‌که‌ منداڵ ده‌رفێنێ و خه‌ڵکى له‌وه‌ تۆقى بوون، له‌وکاتانه‌ ده‌رکه‌وت، ئه‌وه‌ش درێژه‌ پێده‌رى پیلانى تورکیا و پارتى بوو.
قادر نادر چاودێرى سیاسى که‌ ئه‌و کاته‌ ماڵیان له‌ هه‌ولێر بووه‌ و به‌پێى باس و خواسى خه‌ڵک له‌سه‌ر کۆمه‌ڵکوژیه‌که‌ بۆ (چه‌ترپرێس) دواو وتى: له‌کاتی ئه‌و تاوانه‌ من له‌ هه‌ولێر له‌ ماڵه‌وه‌ بووم نزیک به‌نیو کاتژمێرێک بووه‌ ته‌قه‌ دواتر وتیان له‌ هه‌ڤاڵانی په‌که‌که‌ درا به‌یانی چیرۆکه‌کان واباس ده‌کرا که‌ دیله‌کانیشیان شه‌هید کردوه‌، باس له‌نه‌خۆشخانه‌ ده‌کرا که‌ گه‌ریلای په‌که‌که‌ به‌برینداری له‌نه‌خۆشخانه‌ ده‌ریان هێناون و شه‌هیدیان کردوون، له‌ژن و پیاو، له‌زاری ئه‌و چه‌کدارانه‌ی په‌که‌که‌ ده‌گوترا که‌ یه‌کێکیان به‌ نارنجۆک خۆى ته‌قاندۆته‌وه‌، باس له‌ جه‌مال مورتکه‌ ده‌کرا که‌ سه‌رپه‌رشتی ئه‌و هێزه‌ی کردبوو که‌ به‌شێکی گرنگی ئه‌و تاوانه‌ دژه‌ مرۆڤایه‌تیه‌ی به‌رامبه‌ر هه‌ڤاڵانی په‌که‌که‌ ئه‌نجام دابوو، به‌تایبه‌تی که‌ له‌شه‌ڕێکدا له‌گه‌ڵ په‌که‌که‌ ئامۆزایه‌ک یان دووانی کوژرابوو، بۆیه‌ به‌گیانی قین و تۆڵه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ی کردبوو، هه‌روه‌ها فه‌ره‌نسۆ حه‌ریری سه‌رپه‌رشتی پله‌یه‌کی کردبوو وه‌ له‌رووی یاساییه‌وه‌ ئه‌و به‌رپرسه‌، چونکه‌ پارێزگار بوو له‌و کاته‌دا، وابزانم شه‌ویش هاته‌ سه‌ر که‌ناڵه‌کانى راگه‌یاندن و قسه‌ی دژی په‌که‌که‌ کرد.
باس له‌وه‌ ده‌کرا که‌ نازانم تاچه‌ند راسته‌ هه‌ڤاڵێک هه‌بوو له‌تیپی میزۆپۆتامیا وابزانم ناوی هه‌ڤاڵ سه‌رحه‌د بوو چوو بووه‌ لای حزبێکى کوردستانی به‌داخه‌وه‌ ته‌سلیم به‌ پارتیان کردبوو، ئه‌وه‌ی من بزانم ته‌رمه‌کانیان له‌ سه‌ربازگه‌ی هه‌ولێر شارده‌وه‌، به‌ڵام من له‌وه‌ دڵنیام جارێک بۆ ده‌زگاى ئیستخباراتى (میت)ى تورکى ده‌ریان هێنابوون.
هه‌روه‌ها (ته‌لعه‌ته‌ ره‌ش) وه‌ک شایه‌تحاڵ و ئاگادارى تاوانه‌که‌ى هه‌ولێر رووداوه‌که‌ى به‌مشێوه‌یه‌ گێرایه‌وه‌: دوو رۆژ پێش رووداوه‌که‌ هه‌ڤاڵان له‌ ماڵى ئێمه‌ نانمان خوارد. پاش سه‌ردان و هاتۆچوو راستى شتێکى وه‌هامان هه‌ست پێ نه‌کرد، هه‌ڤاڵان نه‌یانده‌ویست ئێمه‌ بزانین، تاوه‌کو خه‌ڵک نه‌ترسێت و ره‌وشه‌که‌ به‌ ئاسایی وه‌ربگرن، دواى رۆژێک خه‌ڵکێکى زۆرهاتن و کردیانه‌ هاوار به‌سه‌ر ئێمه‌ و وتیان ئێوه‌ منداڵى ئێمه‌تان دزیوه‌، بێگومان ئه‌وان نێردراوى پارتى بوون و به‌ قسه‌ى پارتى هه‌ڵخه‌ڵه‌تابوون، من به‌ خه‌ڵکه‌که‌م وت وه‌رنه‌ ژووره‌وه‌ با ئێمه‌ گفتوگۆ بکه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ له‌ یه‌کترى تێبگه‌ین، به‌ڵام ئه‌وان ئامانجێکى تریان هه‌بوو نه‌هاتن له‌گه‌ڵمان. پاشان ئێمه‌ گه‌راینه‌وه‌ و پاش چه‌ند خوله‌کێک ته‌قه‌یان له‌ باره‌گا کرد، واته‌ چه‌ند رۆژ پێش رووداوه‌که‌ هه‌ره‌شه‌ و به‌رد هاوێشتن و قسه‌ى ناشرینیان به‌ ئێمه‌ ده‌کرد، پاشان 16/5/1997 هاورێیه‌کم ئاگادارى کردمه‌وه‌ که‌ بچم بۆ لاى گۆرستانى شێخ ئه‌حمه‌د، پارتى له‌ باره‌گاى یه‌نه‌ده‌که‌ى داوه‌. که‌ چووم هێزێکى زۆرى چه‌کدار له‌ناو گۆڕستان ته‌قه‌یان له‌ باره‌گاى یه‌نه‌ده‌که‌ ده‌کرد به‌ چه‌کى قورس، وه‌ دواتر هه‌واڵم پێگه‌یشت که‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌ و له‌ رۆژنامه‌ى وڵات و باره‌گاى ژنان و میزۆپۆتامیاشیان داوه‌ و هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ى له‌وێ بوونه‌ کوژراون و رفێنراون. بێگومان به‌شێوه‌یه‌کى که‌ مرۆڤ به‌ هیچ زمانێک ناتوانێ وه‌سفى بکات و به‌ هیچ نوسراوێک ناتوانێ دڕنده‌یی ئه‌و چه‌کدارانه‌ بخاته‌روو، کاره‌ساته‌که‌ ئه‌نجامدرا.
له‌سه‌ر شێوازى کۆمه‌ڵکوژیه‌کان ته‌لعه‌ته‌ ره‌ش وتى: ئه‌وه‌ى من بیستومه‌ چوار هه‌ڤاڵى ژنیان به‌ دیل گرتوه‌ پاش ئه‌وه‌ى کوشتویانن جا نازانم به‌ چ شێوازێک، پاشان به‌ جه‌سته‌ى بێ رۆحیان شتى ناشرینیان به‌رامبه‌ر ئه‌و جه‌ستانه‌ کردووه‌ که‌ مرۆڤ ناتوانێ باسى بکات، به‌ڵام ئه‌و که‌سانه‌ ئه‌نجامیاندا و پاشان له‌ گۆرستانى شێخ ئه‌حمه‌د فه‌رێیان داون. وه‌ به‌پێى زانیاریه‌کان که‌ پاسه‌وانى ئه‌وکاته‌ى گۆرستانى مه‌عمه‌ل قیڕ پێى راگه‌یاندین که‌ له‌ناو ئه‌و گۆرستانه‌ گۆرێکى به‌ کۆمه‌ڵ لێدراوه‌و هه‌مویان خستونه‌ته‌ ناوى. وه‌ له‌ سه‌ربازگه‌ى ره‌شکین و چه‌ند شوێنێکى تر گۆرى به‌ کۆمه‌ڵ هه‌ن. دواى ئه‌وه‌ له‌ هه‌ولێر هه‌ڵاتم و چوومه‌ موسڵ چونکه‌ له‌ هه‌ولێر جێگاى من نه‌ده‌بویه‌وه‌، دواتر چووم بۆ رانیه‌ ماوه‌یه‌کى زۆر له‌وێ مامه‌وه‌، هه‌تاوه‌کو ئێستاش دوو خانویان داگیرکردم و له‌ ده‌ستم چوون.
هه‌روه‌ها عه‌بدولره‌حمان عه‌زیه‌ز که‌ یه‌کێک بووه‌ له‌و که‌سانه‌ى ئاگادارى رووداوه‌کانى 16/5/1997 بووه‌ وتى: من له‌وکاته‌دا چووم بۆ شه‌قڵاوه‌ و له‌وێ خه‌ریکى بڵاوکردنه‌وه‌ى بڵاوکراوه‌کانى رێکخستن بووین، پاشان هه‌واڵمان پێگه‌یشت که‌ له‌ هه‌ولێر هێرش کراوه‌ته‌ سه‌ر باره‌گاکانى په‌که‌که‌ و هه‌مویان کوشتوون و بێ سه‌روشوێنیان کردوون. بۆ به‌یانیه‌که‌ى من گه‌ڕامه‌وه‌ هه‌ولێر بینیم له‌ ماڵه‌که‌ى من هێزێکى سه‌ربازى زۆر کۆببونه‌وه‌ و ده‌ست به‌جێ منیان ده‌ستگیر کرد و منیان برده‌ ژووره‌وه‌ دوو هه‌زارى ئه‌وکاته‌مان هه‌بوو ئه‌ویان لێ بردین و له‌گه‌ڵ چه‌ند شتێکى تریشیان برد و منیشیان شه‌ش مانگ زیندانى کرد. له‌ زیندان خه‌ڵکێکى گه‌لێک زۆر گیرابوون. سزادان و شه‌ڕى ده‌روونى به‌ به‌رده‌وامى به‌رامبه‌ر ئێمه‌ ده‌کرا، هه‌میشه‌ خه‌ڵکیان ده‌نارد سوکایه‌تیان به‌ ئێمه‌ و به‌ رۆڵه‌کانمان ده‌کرد. ئه‌وکاته‌ ناخۆشترین کاتى ژیانم بووه‌، ئه‌وه‌ى ئه‌وان کردیان له‌گه‌ڵ ئێمه‌ هیچ دوژمنێک نه‌یکردووه‌.
پاش 17 ساڵ تیپه‌ربوون به‌سه‌ر کاره‌ساتى کۆمه‌ڵکوژى هه‌ولێر، ئه‌وه‌ى داخى سه‌رجه‌م که‌سوکارى قوربانیانه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و کۆمه‌ڵکوژیه‌ له‌لایه‌ن هێزێکى سیاسى کورد ئه‌نجامدراوه‌، به‌ گوێره‌ى قسه‌کانى که‌سوکارى قوربانیانى کۆمه‌ڵکوژى هه‌ولێر ئه‌گه‌ر دوژمنانى وه‌کو تورکیا و ئیران و عێراق و سوریا بوایه‌، ئێمه‌ هه‌ندێ دلنه‌واییمان ده‌بوو، چونکه‌ ده‌مانوت ئه‌وان دوژمنى ئێمه‌ن، ئه‌وکاته‌ى ئێمه‌ به‌رگرى له‌ خاکى خۆمان و مافى خۆمان ده‌که‌ین ئه‌وان ده‌مانکوژن و ده‌مانگرن، هێشتا پێى سه‌ربه‌رزین، به‌ڵام هێزێکى سیاسى کورد ئه‌وه‌ بکات ئێمه‌ ده‌بێ چى بکه‌ین و چى بڵێین؟!.
که‌سوکارى قوربانیانى کۆمه‌ڵکوژى 16/5/1997 له‌ دوایین هه‌وڵیاندا سه‌ردانى وه‌زاره‌تى شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوانیان کرد و یاداشتێکیان پێشکه‌ش به‌م وه‌زاره‌ته‌ کرد. هه‌روه‌ها یاداشتێکیان پێشکه‌شى په‌رله‌مانى و سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم و ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران کرد، له‌ یاداشتنامه‌که‌دا 9 خاڵ داواکرابوو که‌ ئه‌مانه‌ن:
1ـ داوا ده‌که‌ین با چاره‌نوسى بێ سه‌روشوێنه‌کانى 16/5/1997 تاوانى هه‌ولێر ئاشکرا بکرێ.
2ـ داوا ده‌که‌ین په‌رله‌مان لێژنه‌یه‌ک بۆ به‌دواداچوونى چاره‌نوسى بێ سه‌روشوێنانى شه‌رى ناوخۆ دروست بکات.
3ـ داوا ده‌که‌ین گۆره‌ به‌ کۆمه‌ڵه‌که‌ى مه‌عمه‌ل قیر و مه‌عه‌سکه‌ر ره‌شکینى هه‌ولێر هه‌ڵدرێته‌وه‌.
4ـ سه‌رۆکى هه‌رێم داواى لێبوردن له‌ بنه‌ماڵه‌کانیان بکات.
5ـ به‌ شه‌هیدى بزوتنه‌وه‌ى رزگاریخوازى گه‌لى کوردستان ناونوس بکرێن.
6ـ قه‌ره‌بووى بنه‌ماڵه‌کانیان بکرێته‌وه‌.
7ـ په‌یمان بدرێت چیتر شه‌رى کورد به‌ کورد دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌.
8ـ بارۆژى 16/5/1997 ببێته‌ رۆژى گۆره‌ به‌ کۆمه‌ڵه‌کانى کوردستان.
9ـ دروستکردنى مۆنۆمێنتێک بۆ قوربانیانى 16/5/1997 له‌ هه‌ولێر.
ئه‌مه‌ى خواره‌وه‌ ناو و ناسنامه‌ى 71 که‌سه‌ که‌ له‌ کۆمه‌ڵکوژى هه‌ولێر بێ سه‌روشوێن و کۆمه‌ڵکوژ کراون به‌ (PDF):
https://www.kurdistanpost.nu/biz/pdf_files/nawiShehidani16-5-1997 hewler.pdf

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە