کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پەلە قاژێی بەر لە دۆڕان

Sunday, 30/06/2013, 12:00


کاتێک هاواری ژنانی مێرد کوژراوو منداڵانی باوک کوژراوو گیراو دەبیستین موچوڕکەیەک بە لاشەی هەر تاکێکی کوردا دێت و هەموومان دەڵێن بە ڕاستی ئەوانە غەدرێکی گەورەن لە کۆمەڵگاکەمان کراوە .
کەچی لەلایەکی ترەوە لە ئێستادا بە دەستی پارتە سیاسیەکان ڕێ خۆشکەری دەکرێت بۆ دووبارە بونەوەی هەمان ئەو سیناریۆیانە لە سەر خاکی پیرۆزی کوردستان ، دەسەڵاتی پارتەکانی کوردستان بە نزیک بونەوەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستاندا لە جێگای ڕێخۆشکەری بۆ ئازادی ڕادەربڕین و ڕاکێشانی سەرنجی کۆمەڵگای کوردستان بۆ بەشداریەکی بەرچاوی کۆمەڵگا لەو هەڵبژاردنانەدا چاوترساندن و هەڕەشە کرد پێشدەخەن ، ڕەنگە هەر یەکێک بپرسێت کوا من هەڕەشەم لێنەکراوە بەڵام ئەو لێدوانانەی سەرۆکایەتی هەرێم و پارت و لایەنەکان سەبارەت بە گەڕانە وەو نە گەڕانەوەی دەستور و دواخستن و دوا نەخستنی هەڵبژاردنەکان کە سەرجەم کوردستانیان پێوە سەر قاڵکردووە ، گەورەترین هەڕەشەن بۆ سەر پاشەڕۆژی ئەم هەرێمە خێر لە خۆ نەدیوەی کوردستان ، ئەو لێدوانانەی سەرکردە سیاسیەکانی ئەم هەرێمە لەسەر پاشەڕۆژی کۆمەڵگاکەمانە و وابەستەیە بە سەرجەم کوردستانەوە بۆیە هەڕەشەیە بۆ سەر هەموومان ، سەرۆکایەتی هەرێم و پارتەکەی ڕۆژانە بە هێزی زیرەڤانی کە لە سەر قوتی خەڵکی کوردستان بودجەیان بۆ دابینکراوە هەڕەشە لە سەرجەم پارت و کۆمەڵگای کوردی دەکەن ، نەک تەنها لە هەرێمی کوردستان بگرە ماوەیەکی درێژە سیناریۆی یەک لە دوای یەک بۆ ڕۆژئاوای کوردستانیش دادەڕێژن لە داخستنی دەروازەی سنورەوە بگرە تا ناردنی هێز بۆ ناو خۆی ڕۆژئاوا بۆ دروست کردنی هێزێکی هاوشێوە لەو پارچەیەی ووڵات و ترس و تۆقاندنی خەڵکی ئەو پارچەیەی کوردستان تا هەرێمێکی بنەماڵەیی هاوشێوەی هەرێمەکەی ئێمە ئاوا بکەن . لە ڕۆژئاوای کوردستان گەلی کورد لە ماوەی دوو ساڵی شۆڕشدا توانیویانە نەک تەنها بەرخودان دژ بە هێزە ئیسلامیە ڕادیکاڵە چەتەکان بەڵکو دژ بە دەسەڵاتی سوریا و تەنانەت تورکیا و هێزە کلاسیکە کوردیەکانیش بەرخودانێکی بێ وێنەیان نیشانی جیهاندا ، ئەوەش خۆی لە خۆیدا ئاماژەیە بە کۆڵنەدان و تەسلیم نەبونی گەلی کورد لەو پارچەیەی ووڵاتدا .
لێرەدا ئاشکرا دەبێت دەسەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە باشوردا لە ماوەی 22 ساڵی دەسەڵاتداریدا نەک تەنها نەیتوانیوە گەلی کورد بگەیەنێتە ئامانجەکانی بگرە دەیان جار دژ بە بەرژەوەندیەکانی گەلی کورد تێکۆشاوە ، بەوەش هێزی جەماوەری لە دەستداوە و لە ئێستادا ئاشکرایە کە دەسەڵاتی سەرۆکایەتی هەرێمیشی پێ لەق کراوە و بۆ سەپاندنی ئەو دەسەڵاتەی و بۆ گێڕانەوەی ئەو پێگە جەماوەریەی بە بەکار هێنانی دەسەڵاتی هێز ڕاستەو خۆ دەخوازێت سەرجەم ڕێگاکان تاقی بکاتەوە ، بە دەستوەردان لە دەستکەوتەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لە پاش 2 ساڵ بەرخودانی گەلی ڕۆژئاواو شۆڕسێکی کۆمەڵایەتی بناغەیی زۆر جیاوازتر لە ڕاپەڕینەکەی باشوری کوردستان پارتی دیموکرات و سەرکردایەتی و ڕاگەیاندنە پاشکۆکەی ڕووداو ئەو کورد فرۆشانەی لە عەفرین و سەری کانی و ئەمڕۆش لە عامودا شەری براکانیان دەکەن بە شۆڕشگێڕ دەناسێنن و یەکینەکانی پاراستنی گەلیش بە لایەنگری دەسەڵات دەناسێنن ، دیارە لێرەدا ڕووی ڕاستەقینەی ئەو پارتە دەردەکەوێت بەوەی کەواتە لە هەرێمە خێر لە خۆ نە دیوەکەی ئێمەشدا هەمان سیاسەتی بەکار هێناوە و شۆرش گێڕ خائینە و خۆ فرۆش قارەمان بۆیە گەیشتوین بەم قەدەرەی ئەمڕۆمان .
ئەوەی دەبینرێت لە ئامادەکاریەکانی هەڵبژاردنەکانی باشوردا بەخشینەوەی ناسنامە بە سەر لایەنگرانی ئەلپارتی کوردی سوریا کە ئاوارەی باشوری کوردستان بوون و ئاوارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەخشینەوەی پارەیەکی زۆر لە ژێر ناوی هێزی زیرەڤانی و لە ئێستاشدا بەکار هێنانی لایەنە ئیسلامیەکان لە ڕێگای فەتحوڵا گولەنەوە کە تا ئێستا یەکگرتوی ئیسلامی کە خۆی وەک ئۆپۆزسیۆن نیشانداوە بەڵام لە ڕاستیدا دەسەڵاتپارێزی پەیڕەو دەکات بە گوشاری تورکیا لە ڕێگای فەتحوڵا گوولەنەوە ، ئەوش ئاشکرایە گەر چاوێک بە ڕاگەیاندنە پاشکۆکەی دەسەڵاتدا بگێڕین دەبینین لە پەلاقاژێدایە پێشتر نا ڕاستەوخۆ بە کردنەوەی خوێندنگاکانی فەتحوڵكاییەکان و بڵاو کردنەوەی کۆمپانیا تورکیەکان و تورک بوونیان گەیاندە ئاستێک لە ئێستادا گەر ڕۆژێک ئیبراهیم خەلیل دابخرێت گەلی کورد بێ نان و بگرە بێ ئاوی مەعدەنیش دەمێنێتەوە ، لە ئێستادا ڕاستەوخۆ خزمەت بە ئایدیای فەتحوڵا دەکەن چۆن لە تورکیادا فەتوڵا گولەنیەکان هێزی کاریگەرن بۆ مانەوەی دەسەڵاتی حکومەتەکەی ئەردۆگان بە هەمان شێوەش دەسەڵاتی پارتی دەیەوێت فەتحوڵایەکان بکاتە هێزی پشت مانەوەی دەسەڵاتەکەی .
ئەوەی ئێمەی کورد هەوڵمان بۆ دا دەسەڵاتێکی هاوشێوەی بنەماڵەی ئال سعود ی سعودیە و بنەماڵەی هاشمی ئەردەن نەبوو نیە ، بۆیە لەم هەڵبژاردنەدا پاشەڕۆژی دەسەڵاتی کوردی و گەلی کوردیش ئاشکرا دەبێت ، ئایا دەسەڵاتی بنەماڵەیی و بۆماوەیی بەردەوام دەبێت یاخود بە دیموکراتیانە دەسەڵات دەبەخشرێت کەسانی لێهاتوو ؟ ئایا گەلی هەرێمی کوردستان دەسەڵاتێکی چۆنی دەوێت و لەو ئاشوبەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خۆی بە دور دەگرێت ؟


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە