کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هێشتا په‌یام و سیاسته‌کانی ٣١ی ئابی پارتی له‌دژی ئیراده‌ی خه‌ڵکی کوردستان به‌رده‌وامه‌!

Thursday, 30/08/2012, 12:00


مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی لەسەر ٣١ئاب لەم ماوەیەدا ڕایگەیاند "شتێكی زۆر جێی داخ بوو ئێمە نەماندەویست ئەوە رووبدات" و "من نارەزاییم نییە كە خەڵكی كوردستان بیانەوێت لێكۆڵینەوەی تێدا بكەن، كە چۆن روویدا و بۆچی و چۆن سەری هەڵدا". بەڵێ خەڵکی کوردستان مافی خۆیانە کە بزانن ئه‌و سیاسه‌ت وپەیامه‌ی که‌٣١ئابی پارتی له‌دژی ئیراده‌ی خه‌ڵکی کوردستان ڕاوه‌ستاوه‌، چی دەگەیەنێ؟ 
هێزێک کەشه‌ڕێکی خوێناوی چه‌ندساڵه‌ی به‌سه‌ر خه‌ڵکی کوردستاندا داسه‌پاند وکوشتارو ماڵێویرانیه‌کی له‌بیرنه‌کراوی به‌رهه‌مهێناو کوردستانی تەسلیم به‌حکومەتی بەعس کرد، ئه‌مه‌ش ته‌نها بۆ ئه‌و ئامانجه‌ بوو که‌حزبەکەی بارزانی دەست بەسەر شاری هەولێردا بگرێ وکوردستان بخاته‌ ژێرده‌ستی فه‌رمانڕه‌وایی پارتیه‌وه‌، یانی ئامانجێک‌ که‌حزبه‌ بۆرژوا ناسیونالیسته‌کانی کورد ساڵه‌های ساڵه‌ به‌ڕاوه‌ستان له‌سه‌ر سیاسه‌تی خۆگرێدانه‌وه‌ به‌ئه‌مریکا و‌ده‌وڵه‌تانی کۆنه‌په‌رستی ناوچه‌که‌وه، بەرامبەر بەچاره‌نوس وژیان وبەرژەوەندیه‌کانی خەڵکی کریکار و زەحمەتکێشی کوردستان، به‌دور له‌هه‌ر پره‌نسیپێکی ئینسانی په‌یڕه‌ویان لێکردووه‌. به‌ڵام ئەم سیاسەتەی پارتی ئەمڕۆش درێژه‌ی هه‌یه‌ وخۆی لەپڕۆژه‌ وستراتیژی داسەپاندنی دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری و بنەماڵەیی حزبەکەیدا نیشان دەدا . ته‌نانه‌ت ئەم حزبە لە پێناو گۆڕینی کوردستان بە ئیمارەت و شێخ نشینی بارزانی دەزگای سەرکوتی ئەنجومەنی ئاسایشی بنەماڵەی داسەپاندوە و داهات و بودجە و نەوت و گازی کوردستانی بەتاڵان بردوە و خەریکی یاریکردنه‌‌ بەژیان و چاره‌نوسی خه‌ڵکی کوردستانەوە وبه‌ڕاوه‌ستانی به‌هێزی له‌به‌ره‌ی سیاسه‌ته‌کانی ئه‌مریکاو تورکیادا، به‌ده‌خاله‌تی میلیشیای له‌شەڕ و ململانێی سوریا و ناوچەکەدا، کاره‌ساتێکیتر به‌سه‌ر خه‌ڵکی کوردستاندا داسه‌پێنێته‌وه‌. 
ئەم سیاسەتانە درێژەی هەمان پەیڕەو و ئامانجێکن کە پارتی لە ٣١ ئابدا بەشوێنەوەی بوە ئەویش پەیڕەو و ئامانجی بونە تاکە حزبی فەرمانڕەوایە لە کوردستان. سەرکوت و تیرۆری سیاسی و سەپاندنی یاسای قەدەغەکردنی خۆپیشاندان و هەوڵدان بۆ سەپاندنی یاسای قەدەغەکردنی ئازادی ڕادەربڕین و سەپاندنی یاسای کاری دژی کرێکاران و تاڵانی بودجە و داهاتی کوردستان وسەپاندنی یاسای فرەژنی ئیسلامی و کوشتاری هەزاران ژن لەسایەی ئەم دەسەڵاتەدا، ئەمانە گۆشه‌کانی سیاسەت و ستراترتیژێکن کە لیکۆڵینەوە لەڕوداوی ٣١ ئاب ئاسان دەکەن. هاوکات ده‌یسه‌لمێنن کە پارتی چ پەیامێکی دوژمنکارانەی بەرامبەر بەسەرجەم خەڵکی کوردستان هەڵگرتوە، به‌بێ ئه‌وه‌ی لەهیچ کارێک سڵ بکاتەوە.
بیگومان خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان لەم پەیامەی ٣١ی ئابی پارتیدا، ئه‌و ڕاستیه‌یان که‌وتۆته‌ به‌رده‌ست، که‌ ڕێگەگرتن لەباڵادەست بوونی ئەم حزبە ودرێژەدان بەدەسەڵاتی سەرکوتگەرانەی، تەنیا ڕێگای هاتنه‌ مه‌یدانی خەڵکی کوردستان به‌ڕووی ئه‌م سیاسەت وستراتیژه‌ی پارتیدا ده‌خوازێ. هه‌ربۆیه‌ پێویستە خەڵکی کوردستان لەم ڕۆژەدا پارتی و گشت ده‌سه‌ڵاتی ئێستای بۆرژوازی کورد بخەنە بەردەم دادگایی خۆیانه‌وه‌ و داوای دادگایی کردنی مه‌سعود به‌رزانی، وه‌ک به‌رپرسیاری یه‌که‌م وهه‌موو ئه‌وانه‌ی ده‌ستیان له‌داسه‌پاندنی شه‌ڕی ناوخوو کاره‌ساتی 31 ئابدا هه‌بووه‌، له‌دادگایه‌کی تایبه‌تیدا، بکه‌نه‌ یه‌کێک له‌خواسته‌کانی جوڵانه‌وه‌ وناڕه‌زایه‌تیه‌کانی ئێستایان. هاوکات داوابکه‌ن کەپارتی وحکومەته‌که‌ی ده‌بێ ڕاشکاوانه‌ چاره‌نوسی ونبوانی شەڕی ناوخۆ دیاری بکا و قەرەبوی قوربانیانی شەڕی ناوخۆ بکەنەوە. وه‌له‌به‌رامبه‌ر مافو ئازادیه‌کانی هاوڵاتیانیشدا ده‌بێ پارتی ومه‌سعود به‌رزانی، پابەندبونی خۆیان بە ئازادیە سیاسیەکان ڕابگەیەنێ و یاساکانی قەدەغەکردنی خۆپیشاندان و یاسای فرەژنی و هەموو یاسایەکی هەڵاواردن دژ بەژنان هەڵوەشێنێتەوە و بودجەی تاڵانکراوی خەڵک بگەڕێنیتەوە. ئەمانە ئەتوانێ سه‌ره‌تای ڕیگایه‌کی خه‌باتکارانه‌ی جه‌ماوه‌ری بێت نه‌ک هه‌ر بۆ قه‌ره‌بۆکردنه‌وه‌ی ئاکامه‌ کاره‌سات باره‌کانی ٣١ ئاب وشه‌ڕی ناوخۆ، به‌ڵکو هه‌نگاوێکیش بێت له‌ڕاستای به‌رگرتن به‌هه‌ر ئه‌گه‌رێکی کاره‌ساتبار که‌له‌ ئه‌نجامی سیاسه‌ته‌کانی پارتیو ده‌سه‌ڵاته‌که‌یدا دێته‌ پێشه‌وه‌. 

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان
ڕیکخراوی ده‌ره‌وه‌
6‏2‏/08‏/2012

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە