مەرگ , وەك لەدایكبونەوەى سەردەشت
Saturday, 11/05/2013, 12:00
ئومێد حەمە عەلى
لەو گوتەیەى فەیلەسوفى گەورە میشێل فۆكۆ وە دەستپێدەكەم , ئەو ئێژێ : گەمژەیى ئامادەگى مردنە لە ئێستا و لێرەیا . ئەوەى ئەم بیریارە پێمان دەڵێت ئەوەیە , مردن هیچ نییە جگەلە گەوجێتى . مردن ئەو چركەساتە نییە , كە مرۆڤ فیزیكیانە و جەستەییانە و بایۆلۆژیانە دەمرێ , بەڵكە مەرگى مرۆڤ لەگەوجێتى و جەهلى مرۆڤدایە . هەڵبەت ئەم گەمژەییە گەمژەیى و نەزانى و ناهۆشمەندى مرۆڤە لەئاست جیهان و بون و , كێشەكانى بونى خۆى و , كێشەكانى مرۆڤایەتى بەگشتى .
مەرگ لەڕاستیدا ئەوەندەى لە فەرامۆشكردن و نابەرپرسیاریەتى ئێمەدایە لەئاست كێشە و ڕووداوەكانى دونیا بەگشتى و , دونیا تایبەتیەكانى خۆمان , هێندە گرێدراوى مەرگێكى فیزیكیانە نییە . مرۆڤ تەنها كاتێك ئەتوانرێ وەك مردوو هێماى پێبكرێت , كە پرسیارە سەرەكى و بنچینەییەكانى لەبارەى ماناى بونى خۆیەوە بە فەرامۆشى سپاردبێ.
پرسە هەرە بنچینەییەكانى ژیان و بونى مرۆیى لەبابەت پرسى - ئازادبون , دادپەروەربون , جوامێرى , بەرپرسیاربون تەنها ڕێگەیەكى مرۆڤن بۆ ئەوەى بتوانێت ژیانێكى ڕاستەقینە بژى . ڕاستەقینە ژیان ئەوانە ئەتوانن ئەزمونى بكەن , كە ڕووبەڕوى سەختیەكانى دونیا و , دژوارییەكانى مەرگ ڕادەوەستن .
ڕاوەستانى هۆشمەندانەى مرۆڤ لەئاست مردندا , لەلایەكەوە ئاگامەندبونى مرۆڤە بەبونى گەوجێتى و نەزانى, كە فۆرمێكى ڕاستەقینەى مردنن. هەم ڕاوەستانى جوامێرانەى مرۆڤە لەئاست مەرگ دا بەمانا هەرە سەرەتایى و بنچینەییەكەى , كە ڕووداوێكى حەتمى و خۆلێلانەدراوە . بەڵام ئەم مەرگە بەردەوام بەشێوەیەكى كامڵ و ڕاستەوخۆیى دەرناكەوێ , بەڵكە پێشهاتەكان و دیاردەكان و هێماكانى مەرگ پێش ئەوەى مەرگ خۆى بگات بەتەواوى , ئەوان دەگەن . ئەوەى زەمینەى تاقیكردنەوەى ڕەسەنیەت و ناڕەسەنیەتى مرۆڤ بەئەنجام ئەگەیەنێ , شوێن و پێگەى مرۆڤە لەبەردەم ئەو ڕەهەندانەى مردن دا .
سەردەشت وەك مرۆڤ خاوەن و هەڵگرى ئەو پێشمەرجانەیە , كە ناهێڵن مرۆڤ بمرێت . ئەگەر نەزانى و گەوجێتى فۆرمێكى ڕاستەقینەى مردن بن , ئەوا سەردەشت هەرگیز وەك مردویەك نەژیاوە , ئەو ژیانێكى ڕاستەقینەژیا .
ئەگەر ڕەسەنبون و ئازادبونى هەر مرۆڤێ گرێدراوى ئاگامەندى و ئاوەزمەندى ئەو بێت سەبارەت بە كێشەكانى و , سەبارەت بە كێشەكانى مرۆڤ بەگشتى , ئەوا سەردەشت لەم نێوەدا وەك مرۆڤێكى بەئاگا و هۆشمەند خاوەنى بونێكى ڕەسەن و سەربەستبوو .
سەردەشت سەربارى ئاگایى تەواوى بەو ترسناكى و تۆقاندنەى بەتوندى هێما و دیاردەكانى مەرگیان پیشاندەدا , بەڵام ئەو هێشتا هەر دەژیا و , دەینوسى و بیریدەكردەوە , خەیاڵى برەو پێدەدا و , خەونى بە ژیانێكى جوانەوە دەبینى , خەونى بە جیهانێكى دادپەروەرانەوە دەدیت .
ئەو دەیزانى هێزەكانى سیستەمى بەندایەتى و , پاسەوانانى ستەمگەرى و نادادپەروەرى لەڕەگى بناگوێى نێزیكترن لێیەوە , بەڵام سەردەشت هەرگیز نەیتوانى ژیانكردنى ڕاستەقینە فەرامۆشبكا , ئەو تائەبەد ویستى ئازادبونى ڕاستەقینەى لەناو گیان و بیرى خۆیا قوڵتر و مەزنتر دەكردەوە .
سەردەشت وەك ئەو مرۆڤانەیە كە تەنها نامرن و بەس , بەڵكە بە مردنیان ماناى نوێ و گەورە , هەم بە بون و ژیانى خۆیان دەبەخشن , هەم ماناى تازە بۆ ژیان بەگشتى و مرۆڤەكانى دیكە بەرهەم دەهێنن . ئەو بەمەرگى خۆى وزەى مەزنى بەهەڵپەكانى ئێمە بۆ سەربەستى بەخشى , ئەو بەگیانە یاخیگەرییەكەى ئەو ڕاستییەى بۆ دوپاتكردینەوە , كە یاخیبون تەنها پێشمەرجێكە بتوانێ ژیانمان مانادار و , مەرگیشمان مانا-بەخش بكات .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست