کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


مرۆڤایەتی وەک پرنسیپ نەک نمایش!

Tuesday, 17/05/2011, 12:00






مرۆڤایەتی و مافە یونیڤێرساڵەکانی مرۆڤ بوون بە پرنسیپ و بناغە بۆ یاسا، لەمڕۆدا زۆرن ئەوانەی داکۆکی لەو پرنسیپانە دەکەن، جا ئەو داکۆکیکارانە هەموو ژیانیان لە نازونیعمەتدا بووبێت یان قەسەبیان نەبووبێت چای پێبخۆنەوە.

سەرەتا ئەو یاسایانە بە "یاسای ڕاستەقینە" ناوبراون و، دواتر بوون بە بناغە بۆ ئەوەی ئەمڕۆ پێی دەوترێت جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ.

بەکارهێنانی ئەو خەزێنە گەورەیە لە کۆگای بیری مرۆڤایەتی بۆ ڕونکردنەوەو بۆ پاڵپشتی پەیداکردن بۆ ئەوەی مافەکانی مرۆڤی کورد پێشێل نەکرێت تاوان نییە، ئەوە ڕەنج و کۆششێکی بێسنور و دنیادیدەییەکی فراوانی دەوێت، هەردەبێت پەنای بۆبرێت ئەگینا بەڵگە هێنانەوەکە کەموکورت دەبێت. کێش لە دنیادا ئامادەیی تیادا بێت پاڵپشتی لەو مافانەی مرۆڤی کورد بکات ئەوا کەس ناتوانێت ڕێگەی لێبگرێت ئیتر بە هەر بیانوویەک بێت. کەس بۆی نییە بە کەسێکی بەڕەگەز ئەمەریکی وەکو مایکل ڕۆبن بڵێیت بۆی نییە داکۆکی لە مرۆڤی کورد بکات چونکە ئەو وەکو کورد کیمیایی پیانەکراوە. ئەوە بیانویەکی بێبناغەیە، مایکڵ ڕۆبن دەنگێگە و دەنگەکانی تریش دەنگن ناتوانرێت کپبکرێن. دەسەڵاتدارانیش حسابیان بۆ دەکەن.

لە مێژوودا هەندێک هەلومەرجی تایبەتی هەبووە کە ئەوە یەکەمجار لە ئەوروپا بووە باسەکانی مرۆڤ لە ناو باوەشی فەلسەفەدا گفتوگۆیان لەسەر کراوە و، دواتر لە دروشمەکانی شۆڕشی مەزنی فەڕەنسیدا ڕەنگیان داوەتەوە و، ئەمڕۆش لەناو پرنسیپەکان و جاڕنامەکانی مافی مرۆڤدا و، لە لایەن خودی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیشەوە کاریان پێدەکرێت.

لە کوردستان و ناوچەی خۆرەڵاتی نێوەڕاست هەلومەرج و ژێرخانی ئابوری جیاوازبووەو، فیکر بە ڕێڕەوێکی تردا ڕۆیشتووە بۆیە لەوێ ئەم جۆرە بیرانە نەبوونەتە دیاردەی دیاری نێو بەرهەمە فیکری و ئەدەبییەکان.

هەندێک هەوڵ دەدرێت بۆ ئەوەی نیشانبدرێت کە کورد لەبواری فەلسەفەدا دەستی هەبووە، بەڵام ئەمە گەر هەشبووبێت جێدەست و کاریگەریی لەسەر فیکری جیهانی نەبووە یان دیارنییە.

ئەو شاعیرانەی کە زۆر لەبارەیانەوە نوسراوە و پێیاندا هەڵدەدرێت، وەکو نالی و سالم و کوردی و مەحوی و حەمدی و حاجی قادر و جگەرخوێن و گۆران و دواتریش شاعیرە نوێکان فەیلەسوف نەبوون بەڵکو شاعیر بوون. بۆی هەیە هەندێک لە گووتەکانیان بچێتە قاڵبی گووتە و مەقولەی فەلسەفییەوە بەڵام قوتابخانەی فەلسەفییان لەسەر بنیاتنەنراوە. ئەمە لە کاتێکدا کە ژمارەیەک لە فەلەسوفە یۆنانیەکان بە شێوازی دێڕە شیعر فەلسەفەکەیان دەربڕیوە.

گەر باسی نالی و کوردی و مەحوی و حەمدی و سالم بکەین و، بمانەوێت بزانین کە ئایا ئەوان لە بواری مرۆڤایەتیدا وەکو فیکر هەوڵ و کۆششیان هەبووە ئەوا دەبێت لەو دیدەوە دیراسەی وردی شیعرەکانیان بکەین. لەڕووی نیشتمانپەروەری و دڵداری و عیرفانەوە بەواتاکەی تری سۆفیگەرێتیەوە جێپەنجەیان دیارە، بەڵام لەڕووی باوەڕبوون بە مرۆڤ و مرۆڤایەتی بەشێوەیەکی گشتی تا ئێستا باسیان نەکراوە و دەکرێت ببێتە پرۆژەی تێڕامان و دیراسەکردن.

ئەوەی گرنگە ئەوەیە ناتوانرێت حاشا لەوە بکرێت کە ئەوانە شاعیری بەتوانا بوون، بەڵام بۆ هەڵوێستەکردن لەسەر مافەکانی مرۆڤ و زەمینەی پتەوی داکۆکیردن لەو مافانە دەبێت بگەڕێینەوە بۆ ئەو خەزێنەیە لە فیکر کە ئێستا لەبەردەستدایە و ئەویش فیکری خۆرئاوایە، بشمانەوێت بۆ مێژووەکەی بگەڕێینەوە دەبێت لە سیسەرۆ وە دەستپێبکەین. گەر باسی یاسا دنیاییەکانیشمان کرد ناتوانین فەرامۆشی جوستنیانوسی پادشای بێزەنتییەکان بکەین کە قانونەکانی کۆکردۆتەوە و رێکیخستون و، بوون بە بناغە بۆ ئەو هەموو یاسا مەدەنییانەی ئەمڕۆ لە دنیادا پێڕەو دەکرێن..

ئەمڕۆ لە کوردستان کێشە هەیە، گەندەڵی هەیە، مافەکانی مرۆڤ پێشێلکراوە و دەکرێت، دەسەڵات شەرعیەتی نەماوە چونکە هاوڵاتیانی خۆی بە شێوەیەکی وەحشیانە کوشتووە و، بکوژەکان داڵدەدەدات و پلەی بەرزتریان دەداتێ، با لەلایەن زۆر وڵات و لایەنی ڕەسمی وڵاتانیشەوە باسی شەرعیەت لەدەستدانیان نەکرێت، بەڵام ڕۆژێک هەر دێت بدرێتەوە بەڕویانداو بکرێت بە بیانووی تڕۆکردنیان.
سەدام کە هەڵەبجەی کیمیاباران کرد چەند ساڵێکی پێچوو تا کرا بە بیانوو بۆ لێدانی.

ئێمەی کورد ئەو ئەزمونەمان لەناو دڵدا زیندووە.

هەرکەسێکیش هاتوو وتی نابێت کورد بکوژرێت و تاوانی بەرانبەر بکرێت، نابێت خێرا داوای ئەوەی لێبکرێت کە دەبێت لە سەرا ئامادەبێت یان ببێتە پێشمەرگە، کەواتە با بە دانێلە میترانیش بڵێین درۆ دەکات چونکە پێشمەرگە نەبووە، ئایا ئەمە مەنتیقییە؟

لەم کاتەدا هەزاران کورد لە هەندەران دەژین، ئەوانە لەلایەکەوە هاونیشتمانی وڵاتە ئەوروپیەکانن و لەلایەکی تریشەوە کورد و مرۆڤن. وەکو ئەرک و ماف لەو وڵاتەی لێی نیشتەجێن و بونەتە هاونیشتمانی ئیلتزاماتیان هەیە، وەکو کورد شانازی بە کورد بوونی خۆیانەوە دەکەن و هەست بە پەیوەستی بەکورد و کوردستانەوە دەکەن، وەکو مرۆڤیش مافی خۆیانە بۆ مافەکانی مرۆڤی کورد دڵسۆزبن و داکۆکی لێبکەن، ئیتر بەو شێوازەی خۆیان بە گونجاوی دەزانن نەک بە شێوازێک کە کوردانی وڵات فەرزی بکەن بە سەریاندا. وەکو پرنسیپیش ئەو کەسەی مافی مرۆڤ بەلایەوە گرنگ بێت ئەوا گوێ بە قسەی کەس نادات بەڵکو داکۆکی و پاڵپشتی خۆی هەر پراکتیزە دەکات، هەروەک چۆن مایکل ڕۆبن دەنگی خۆی بۆ داکۆکی لە کوردەکان بەرزدەکاتەوە.

لەو سێ مانگەی پێشوودا کە تێپەڕین و کوردستان، بە تایبەتی سلێمانی و شارۆچکەکانی دەوروپشتی دەکوڵان، داوا زۆر لە نوسەر و شاعیرەکان کرا دەنگیان هەبێت، دەبوو بە هەمان شێوە داوا لە هەموو تاکێکی کورد بکرێت. ئەمڕۆ بێدەنگی شارەکانی هەولێر و دهۆک و شوێنەکانی تر جێگەی ڕەخنەلێگرتن و لۆمەکردنە، وە بێهەڵوێستی ئەوان هۆکاری سەرەکی تێکشکانە کاتییەکەی ڕاپەڕینەکەی سلێمانی بوو.

کە شاعیرەکان بە میهنەچی ناوبران ئەوە زیاتر وەکو مەجاز بوو نەک وەک ئەوەی شیعری شاعیرە کۆنەکانی کورد بێبایەخبکرێت. ئەوە ئاڕاستەکردنی ڕەخنەبوو لە بێهەڵوێستیی شاعیرەکە وەک مرۆڤ و تاک نەک لە شیعرەکەی چونکە ئەو ساتەی بەرهەمە ئەدەبییەکان بڵاودەبنەوە ئیتر وەکو فیکر دەبن بە موڵکی گشتی.

بێگومان بۆی هەیە وەکو پۆسەیدۆن خوێندنەوەی تایبەتی هەبێت بۆ شیعری ئەو شاعیرانە بەڵام ئەوە بابەتی ئەم نوسینە نییە.

بۆ نوسینەکانیش هەندێک جار تا ڕێژەی سەدی نەوەدوهەشتیش سود لە فیکری مرۆڤایەتی وەرگیراوە و بۆی هەیە سەدی یەک بۆچوون و بیرکردنەوەی خۆی بن.
ئەوەش زۆر ئاساییە! کە باسی سەرچاوەش ناکرێت ئەوەیە ئەم نوسینانە وتارن نەک دیراسەی ئەکادیمی تا سەرچاوەکان دەستنیشانبکرێن!

دواجار گرنگە کە جەختی لێبکەمەوە ئەوەی بە مافە گەردونیەکانی مرۆڤ ناسراوە بووەتە پرنسیپی ژیان و بە هەموو جۆرێک داکۆکی لێدەکرێت! کەس بۆی نییە ڕێگە لەو داکۆکیکردنە بگرێت ئیتر بە هەر بیانویەک بێت!

 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە