کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سندوقە ڕەشەکەی "پارتی و پاراستن" بەتاڵ دەرچوو

Friday, 16/01/2015, 12:00


ڕووداو ئەو تەلەفیزۆنەی کە وەک مانگە چەماوەکەی نێو ئاڵای تورکیا ئارمێکیان بۆ کردووە بە رێنمایی میت، سیاسەتی تورکیا لە کوردستانی باشوور بەڕێوە دەبات، ئەم کەناڵە بە پارەی نەوتی دزراوی ئەم نیشتیمانە، گیرفانی فەرمانبەرەکانی پڕ لە دۆلار دەکات، کۆمەڵێک نووسەرو پرۆگرامسازەکانی کەناڵەکانی تر سەنگەری خۆیان دەگوێزنەوە و دەست بەکار دەکەن.
پارتیش چەند کەسێکی خەوتوی خۆی لێرەو لەوێ بەئاگاهێنایەوە تا لەو کەناڵەوە دەرکەون و هەندێک بابەت بورژێنن، بۆیە دەکرێت بۆ ئەمڕۆی بنەماڵەی مەلامستەفا وەک بازرگانی خۆێن لە سەر ئەو سیاسەتەی تورکیا تەنها خۆیان سودمەند بن، لێ ئەوانەی لەوێ کار دەکەن، هیچیان کەمتر نییە لە کارمەندێکی میت، یان جاشێکی سەر بە دوژمانی گەلەکەمان.
ڕوداو وەک کەناڵێکی تەلەفیزیۆنی کوردیی  بۆ بەرژەوەندی تورکیا پەخشی خۆی دەکات، نێچیرەڤان کە سەرۆکی حکومەتی هەرێمە لە تورکیاوە رێنمایی و ئاماژە بەکار و چالاکییەکانی دەکرێت. من تا سەر ئێسقان نەک چوون بۆ ئەو کەناڵە، بەڵکو دژی سەیرکردنی ئەو کەناڵەشم، هەرکەسێکیش بناسم و ڕووم لە هەر جێگەیەکیش کردبێت ئەگەر تێڤێکەیان لەسەر ئەم کەناڵە دانابێت داوام لێکردوون، لایبەرن و کەناڵەکە بگۆڕن.
بەیانیەکی زوو لەژێر پردەکەی سلێمانی، چەند کەسێکی ئەو کەناڵە بۆ وێنەگرتن بۆ سەروپێخانەکە هاتبوون، من ئەوێم بەجێ هێشت، ووتم نەکا لە گۆشەیەکی ئەو کەناڵەوە دەربکەوم، دادگایی خۆم دەکرد و وتم خۆ ئەگەر برادەران لێم نەپرسنەوە، دەبێت خۆم دادگایی خۆم بکەم، هەروەها ئەو ڕۆژەی بەردەم باخچەی گشتی لە سلێمانی بەرامبەر حەسیب ساڵح، کە بۆ پشتگیریی کۆبانی کۆبووبووینەوە، بەهەمان شێوە ئۆتۆمۆبێلە گرانبەهاکەیان هات من بەهاوڕێکانم ووت دەڕۆم نامەوێت لەو کەناڵەوە وێنەم دەرکەوێت. ئەو ئێوارەیەش ڕەنج سەنگاوی لە قاوەخانەی کەلتوری بوو، خۆمم لێدوورخستەوە، چونکە بۆنی رووداوی لێدەهات، بە پەرێزەوە مامەڵەم کرد. کاتێک ئەم خەڵکانە دەبینم ئاوا سوک و ئاسان سەنگەرەکانیان بۆ مشتێ پارە دەگوێزنەوە، قێز لە هونەرمەند، لە ئەدیب، لە سیاسی و لە ڕۆشنبیریی کورد دەکەمەوە، دەڵێم ئەگەر داعش بێت ئەمانە دەبنە کرێگرتە و شەرم ناکەن لەدانانی ڕیشێکی زبر، بە خێرایی چەند ئایەتێکی قورعانیش لەبەر دەکەن، خۆیان لای ئەوانیش هەراج دەکەن.
لە ووڵاتی سویدەوە پارتیی "کاوە ئەمین"ێکی بردەوە، کەس ئەم کابرایەی  نەدەناسی، لێ ئەو کاوەیە پێشتر خۆی بەکەسێکی نزیکی پارتی کرێکاران دەزانی، پاشان وەک پاسۆکێک پڕوپاگەندەی ناسیونالستی دەکرد. ئیستا دەڵێن بەرپرسی کەناڵی ڕووداوە لە سلێمانی، بەناوی "پەنجەمۆر"یشەوە فەرشی بەرنامەیەکیان بۆ راخستووە و پەنجەی میوانەکانی ئەو بەرنامەیە مۆر دەکات، لەو بەرنامەیەدا ڕووداو بەدوای ئەوەوەیە، کە کۆمەڵیک خەڵک بهێنێ، ئەوەی میتیی تورکی نەیزانیوە، بۆی بخاتە ئەرشیفی دەزگاکەیانەوە و زانیارییەکانی پێ تۆکمە بکەن، هەروەها بە ئارەزووی خۆیان بە شێوەیەکی تەکنیکی مۆنتاژ و دەستکاریی،  پاش و پێشی قسەکان بکەن، بێجگە لەوە هەندێک جار کەناڵی رووداو هونەری  بێژییانە بەکار دەهێنێت بۆ گۆڕینی قسەکان، ئەویش بە مەبەستێکی سیاسیی کاتێک دیاری دەکات بۆ پێشکەشکردنی بەرنامەکە و بۆ ئەو کاتەی هەڵدەگرن، بۆ نمونە لەسەروبەندی شەهیدبوونی کوڕەکەی حەمەی حاجی مەحموددا بەر لە چەند مانگێک گفتوگۆیان لەگەڵدا کردبوو، بەنیاز نەبوون هەر پیشانی بدەن، دوای شەهید بوونی کوڕەکەی ئەو چاوپێکەوتنەیان بە گونجاو زانی و پیشانیاندا، ئەمە کاریگەرییەکی سایکۆلۆژی هەیە بۆ کارکردنە سەر بینەر، ئەو هەستە دروست  دەکەن، کە حەمەی حاجی مەحمود وەک نوێنەری پارتیی لەبەرەی جەنگدایە، کوڕەکەشی شەهیدی رێبازی بارزانییە و ئەوەتا کاکە مەسعودیش دژی داعشە و  پیاوەکانی خۆی و حەمەی حاجی مەحمودی ناردووە بۆ بەرەی جەنگ. حەمەی حاجی مەحمود روونکردنەوەیەکی دا وتی دەستکاریی و پاشوپێشی قسەکانم کراوە.

ئەم باسەی ئیستاش پەیوەندە بە گفتوگۆیەک کە پەنجەمۆڕ لەگەڵ محەمەد عەزیزدا کردوویەتی، خاڵە حەمەیان ناوناوە (سندوقە ڕەشەکە). هاوڕێیەکی بەڕیزم لینکەکەی بۆ ناردبووم، داوای لێکردم هەرچۆنێک بێت سەیری بکەم، کلیکی ئێرە بکە (پەنجەمۆڕ) لەم چاوپێکەوتنەدا پەنجەمۆرەکەی رووداو بە ناڕاستەوخۆ دەیانەوێ وەڵامی ئەو نووسینەی کاک کەمال جەمال موختار بدەنەوە، کە بەناوی (تا شایەت حاڵەکان مابن ئێوە ناتوانن مێژوو بەدرۆ بنووسنەوە).

سندوقی رەش چییە؟
سندوقی رەش بریتییە لە سندوقێکی تۆکمە و ئامێرێکی تۆمارکردن (ریکۆرد)، هەر لە کاتی هەڵسانی فڕۆکەدا هەرچی رووبدات تۆماری دەکات، ئەمەش بۆ ئەوەی هەر کارەساتێک بەسەر فڕۆکەکەدا بێت، لە رێگای تۆمارکردنی ئەو ریکۆردەوە، لە کارەسات و هۆکارەکەی بکۆڵنەوە، هەرچیش تۆمارکرابێت لێی دەدەنەوە و بەدواداچوونی لەسەر دەکەن، سندوقی رەش بەڵگەی هۆکاری کەوتنەخوارەوەی ئەو فڕۆکەیە دەسەلمێنێت. سندوقی رەش لە زۆر بۆنەی تردا بەکار دەهێنرێت وەک کەسێک، فرە زانیاریی و نهێنی لا کۆبووبێتەوە، دوایی بەبێ ترس و سانسۆرکردن دەیگێڕێتەوە، لەو سێ بەشەی کە گفتوگۆیان لەگەڵ سندوقە رەشەکەی پاراستن دەکەن، ئەو سندوقە ناتوانێت هەرچییەک هەیە بیهێنێتە دەرێ، دەزانێت چارەنووسی لە جەوهەر نامیق باشتر نابێت، ئەگەر ئەوەی روویداوە لەسەردەمی ئەودا وەک خۆی بیگێڕایەتەوە، بڵاونەدەکرایەوە و سانسۆر دەکرا، بۆیە نابێت بگووترێت خاڵە حەمە سندوقی رەشە، بەڵکو سندوقێکی زەردی ژەنگاوییە، سندوقێکە  بەتاڵە لەهەموو زانیارییەک، چونکە پێش هاتنی بەتاڵیان کردۆتەوە و بۆی نییە لەگەڵ خۆیدا بۆ گفتوگۆ و چاوپێکەوتنی ئاوای بەرێت، هەر کەسێکی دیکەت بگرتایە دەیتوانی بە مەزەندەی عەقڵی خۆی ئەو زانیاریی و قسانەی بکردایە. سندوقە ڕەشەکەی پاراستن تاکە وشەیەک چییە لەسەر کارەکانی پاراستن نەیدرکاند، پەنجەمۆر، خۆی لە قەرەی پرسیاری وا نەدا، کە پاراستن و پارتیی و  برادەرانی روداو پێی قارس ببن.

ڕۆژێک پیاوێک لەبەردەم سۆکراتدا دەوەستێت و دەست دەکات خۆنواندن و خۆدەرخستن، سۆکرات بەتیلەی چاو سەیری دەکات و پێی دەڵێت " ئا قسە بکە تا بتبینم".
حەمەی عەزیز ئەگەر نەهاتایە و ئەو قسانەی نەکردایە، ئێمە کەسمان نەمان دەبینی چۆن پاراستن لەو سەردەمەدا بەڕێوە چووە؟ ئەو هەموو تاوانە چۆن کراون. بۆ نمونە کاتێک باس دێتە سەر کارەساتی "کانی ماسی" کە کارەساتێک بووە، کۆمەڵێک خەڵکی سلێمانی تێدا تیرۆرکرا، گوایە کاژیک ئەو کارەی کردووە، حەمەی عەزیز دەڵێ: ئەوان توانای ئەو کارەیان نەبووە، پێشکەشکاری بەرنامە دەیەوێت ئەمە لە کۆڵ پارتیی بکاتەوە و بە هەموو بینەران بڵێت، کە جەلالییەکان ئەم کارەیان کردووە. حەمەی عەزیز بێئاگایی خۆی رادەگەیەنێت و دەڵێت ئەو کاتە لە سەفەر بووە، دوایش بزەیەک دەیگرێتبەو مانایەی، ڕاستە ڕەنگە جەلالییەکان بووبێتن.
خاڵە حەمە بۆ خۆشی نازانێ چ بیروباوەڕێکی هەیە و  سەر بە کام ئایدۆلۆژیایەکە، بۆیە کاتێک کۆمۆنیستەکان ڕۆڵیان هەبووە، ئەم دەڵێت من لە کار و چالاکیدا بەشداربووم. دوایی زۆر ساکارانە قسە لەسەر ئایدۆلۆژیای مارکسیی دەکات و دەڵێ ئەگەر خواستی مارکسییەکان چیبەجێ بکرێت، ئەوە کەسمان خاوەنی ژنی خۆمان نابین. زیاتر بەلای پارتیدا دەیشکێنێتەوە، لای وایە پارتیبوون، واتە کوردایەتییەکی عەیارە بیست و چوار، بنەماڵەی بارزانیش بۆ کورد و رزگاریی کوردستان هەوڵ دەدەن. واتە لە ژێر سایەی بارزانییدا تۆ خاوەنی ژنی خۆتیت، بەڵام دوور لە نزیکترین رووداو کارەساتی شەنگال ئەوەی پێگوتین کە لە ژێر سایەی پارتییدا نەک تۆ خاوەنی ژنی خۆت نابیت، بەڵکو خاوەنی ماڵ و منداڵ خاکی خۆشت نییت، هەموویت لێدەسەندرێتەوە، چونکە ئەمانە ناتوانن پارێزگاری لە هیچ پیرۆزییەکی مرۆڤەکانی ئەم نیشتیمانە بکەن.
کاتێک دێتە سەر کاژیک، خاڵە حەمە دەڵێ من سیاسی نەبووم، بەڵکو کەسێکی سەربازیی بووم، چووم و بووم بە پێشمەرگە، ڕاستەوخۆش لە ژێر فەرمانی مەلا مستەفادا بووم. دەڵێ من بە چرکەش لەو پیاوە دوور نەدەکەوتمەوە، کاتێک پرسیاری ئەوەی ئاڕاستە دەکرێت داخۆ مەلامستەفا بەشداری شەڕی کردووە، لە وەڵامدا دەڵێت من بەردەوام لەوێ نەبووم، کە پرسیارەکە دووبارە دەکاتەوە، دەڵێ: ئا مەلا مستەفا لە پشتی شەڕەکانەوە بوو.
دوایی دێتە سەر ڕادیۆی دەنگی شۆڕش، کاوە پرسیارێکی زۆر بێ مانا دەکات و دەپرسێت داخۆ مەلامستەفا هیچی بۆ رادیۆ نووسیوە وەک ئەدەب و سیاسەت و داڕشتن و ووتار!؟ دەیانەوێت ئەو مەلا مستەفا نەخوێندەوارە کە ئیمزای خۆی وەکو مار و پەیژە کردووە، بیکەن بە زانا، وەک رێبوار سیوەیلی بیکەن بە فەیلەسوفی کۆمەڵایەتیی خاڵە حەمە وەڵام دەداتەوە و دەڵێت: ئا نووسیوێتی، دوایی دەشڵێت نازانم، بەڵام هەژار موکریانی دەوری هەبووە. ئەمە لەکاتێکدا دەیان کەس باسی ئەو ڕادیویە دەکەن و بیرەوەری خۆیان باس دەکەن بە دێڕێکیش ڕۆڵی مەلامستەفا و کوڕەکانیان نایەتە ناو ناوانەوە، نەک وەکو بێژەر، بەڵکو وەکو نووسین و هیچ شتێکی تر، ئەم پرسیارەی بۆ لێدەکرێت، رەنگە کاوە پێی وابووبێت مەلا مستەفا خوێندەوار بووە و توانای نووسینی هەبووە،  یان خاڵە حەمە لێرەدا ئەم درۆیە بۆ دەکات، هەڵبەت وەڵامی ئەم پرسیارە ئاسانە.
کەریمی حیسامی لە بیرەوەرییەکانیدا دەڵێت: من ئەو چەند ڕۆژەی لە چۆمان و گەڵاڵە بووم بۆ ئەوەی  مەلامستەفا، یان ئیدریس بارزانی ببینم، هیچ شتێک نەبوو خۆمی پێوە خەریک بکەم، تەنانەت ڕۆژنامە یان کتێبێکم دەست نەدەکەوت، بیخوێنمەوە. کەریمی حیسامی دەڵی هەموو ئەو پیاوانەی شۆڕش سەرگەرمی یارییکردن و دامەکردن بوون.

خاڵە حەمە زۆر قسە دەکات و ناوی زۆر کەس دەهێنێت، بەردەوام وەکو کەسێکی ئیسلامی ڕەحمەت بۆ مردووەکان دەنێرێت، کەچی دەڵێت: من بڕوام بەعەرەب نییە و کە چووشمە ئەڵمانیا لە کاتیی راپرسیی لەگەڵیدا، ووتوێتی من کەسێکی"زەردەشتیم". لەناو ناوەکاندا باسی " قادر تەگەرانی دەکات. کاوە ئەمین ئەو کەسەی نە رۆژنامەنووسە و نە کەسێکی بەئاگایە، بە زۆر سواری ملی ئەمانە بووە، وەکو لە چایخانە دانیشتبێت قسە و پرسیارەکان دەکات، ئاگاداری ئەو مێژووەش نییە، چونکە پێشکەشکاری بەرنامە و رۆژنامەنووسێکی زیرەک و وریا دەتوانی ئەو کەیسە لەم شوێنانەدا زیندووبکاتەوە، کوشتنی قادر تەگەرانی رووداوێکی گەورە بوو، کە تا ئێستا کەس باسی ناکات، ئەم کابرایە لەگەڵ ئەو ژمارە زۆرەدا بێسەر و شوێن کران و مەلامستەفا و پارتی هیچیان لەسەر نەگوت، بە دڵنیایەوە "محەمەد عەزیز" دەبێت ئاگاداری ئەو ڕووداوە بێت، بەڵام هیچ باس نەکرد.
ئەوەی جێگەی سەرنجە کاتێک دێتە سەر گفتوگۆی ڕژێمی بەعش و پارتی دووجار ڕۆڵێ مێژوویی دروست دەکات بۆ مەلامستەفا و دەڵێ مەلامستەفا دووجاران لە کۆبونەوەکان دێتە دەرەوە لەبەر خاتری کەرکوک و کەرکوکی ناوناوە دڵی کوردستان، بەڵام "شلۆمۆ نیکدیمۆن" کە ئیسرائیلیە لەبیرەوەرییەکانیدا بە ناوی"موساد لە عێراق و ووڵاتانی دراوسێ" دەڵێت: کاتێک بە بارزانیمان ووت دەبێت هێرش بکرێتە سەر کەرکوک و لە بۆریە نەوتەکان بدەین، مەلامستەفا دەڵێ من کاری واناکەم چونکە نابێ شەڕەکە وا گەرم بکەین کە بواری گفتوگۆ نەمێنێت.
بۆ بەرچاو ڕوونی بڕوانە ئەم ووتارانەی کوردستانپۆست
ئەفسانەی مێژوو بە زۆر دروست ناکرێت، ڕەنگە بەر لە چل ساڵ ئەم قسانە خەڵکی لەم پیاوانەی پاراستن و پارتیی بکڕیایە، ئێستا ئێمە لەسەردەمێکدا دەژین کاغەزی سپی دەخوێنرێتەوە و دنیایەکی دیگیتاڵە، شتەکان زۆر زوو خوێندنەوەی بۆ دەکرێت .
ئەو هەموو چالاکییەکەی خاڵە حەمە کە وا پیشان دەدات، وریا و زیرەک بووە تێیدا، گوایە کاتێک وەفدێکی بەعسییەکان دەچن سەردانی مەلامستەفا بکەن، خاڵەحەمە سەیری پێڵاوەکانیان دەکات، بەئیدریس بارزانی دەڵێت، پێی ئەو عەرەبە، پێی نەعل نییە. ئەویش گاڵتەی لێدێت بۆیە جاری دووهەمین دێن خۆیان بە مەلا مستەفادا دەتەقێنەوە و تیوریی سندوقە رەشەکەی پاراستن ڕاست دەردەچێت.

خاڵەحەمە دەڵی من ئەمانەم هەموو نووسیوەتەوە، بەڵام باس لە بڵاوکردنەوەی ناکات، هەڵبەت دەبێت بە فیلتەری ماڵی مەلامستەفا و مەسروریشدا بڕوات، ئەوسا رەنگە بڵاویش نەکرێتەوە. هەموو دەزانین هەموو ڕووداوێک لە دنیادا دوای ٢٠ساڵ دەبێت بڵاوبکرێتەوە، ئەو رووداوانە دەبنە بەشێک لە مێژوو، کەچێ سەدان ڕووداو هەیە لەنیشتمانی ئێمەدا جگە لەوەی میللەتێك قوربانی بۆ داوە تا ئێستا بەشاراوەیی ماوەتەوە، کەس ئازایەتی تێدا نییە باسی بکات، گەرچی ئەم کەسانە لە لێواری مردنیشدان، بەڵام خۆپەرستیی و ترسیان لە دەسەڵاتی پیسی کوردیی و بنەماڵەی بارزانی دەیشارنەوە و  قسە ناکەن.
ئێمە دەزانین کە دەزگای پاراستن دەزگایەکی پۆخڵ و تۆقێنەرە، لەڕێگەی ساواک و دەزگای موخابەراتی وڵاتانی تریشەوە دروست کراوە، ئەو دەزگایە دەزگایەکی نیشتیمانیی و نەتەوەیی نییە، تا بەرژەوەندیی باڵای کورد بپارێزێت، بە پێچەوانەوە هەموو چالاکییەکانی بۆ دەمکوتکردنی نەیار و خەڵکی ناڕازیی کوردستان چڕکردۆتەوە. لەو سەردەمەدا، کە حەمەی عەزیز کاری تێدا کردووە دەبوو کارەکانی زیاترین دژ بە بەعسییەکان ئەنجام بدایە. بەڵام هەرچییەکی باسکرد، بە شەرمیشەوە باسی لە چالاکییەکی وا نەکرد، کە بووبێتە جێگای شانازیی بۆ ئەو سەردەمەی شاخیان.

کاوەی پەنجەمۆر ئەگەر نەیگووتایە من سندوقێکی ڕەشم هێناوە، ئێمەش نەدەهاتین قسە لەسەر ئەم بەرنامە بێناوەڕۆکە بکەین، کە هیچی نەوت، چونکە کردنەوەی ئەم سندوقە ڕەشە هەڵدانەوەی سەدان تاوانە هەر لە فاخیر مێرگەسورییەوە، تا کوردەکانی باکور و ڕۆژهەڵات و ئەو هەموو کەسانەی لەشارەکەی خاڵە حەمەدا لەڕێگای دەزگا بەدناوەکەی پاراستنەوە بەتۆمەتی جیاجیا لەناو دەبران.

دەبوو لەو بەرنامەیەدا چەند پرسیار لەبارەی دەزگای پاراستنەوە لێبکردایە و سندوقەکەی واڵابکردایە بۆ ئاشکراکردنی هەموو نهێنییەکان، باسی ئەوەی بکردایە کە چەند جار چوونەتە ئیسرائیل ؟ لەوێ چییان کردووە؟ چیان فێرکردوون؟ بۆچی مەسعود بوو بە سەرۆکی ئەو ئاژانسە؟ داخۆ هیچ لەو ئەرشیفانەی سەردەمی ئەوان ماون؟ بۆچی لەگەڵ خۆیان بردیان بۆ ئێران و تەسلیم بە ساواکیان کرد؟ کێ بەرپرسیاربوو لەو هەموو تاوان و ڕووداوەی ئەم دەزگایە کردوێتی؟ بۆچی خاڵە حەمە لە ئێران نەمایەوە و رووی کردە ئەڵمانیا؟ ئەم پیاوەی پاراستن بۆچی چوو بووە لای د. جەمال نەبەز پێی وت، من کاژیکم و کڕوزابوویەوە و ئەویش پارەی پێدابوو!؟ ئەمانە و سەدان پرسیاری تر دەبوو ئاراستەی سندوقەڕەشەکە بکرایە، بەڵام نەکراو ناشبێت بکرێت، ئەی ئیتر بۆچی ئەم ناونیشانە گەورەیەتان لەم پیاوە ناوە، کە ئێستاش لە لێپرسینەوە لەسەر رابردووی خۆی هێندە ترسنۆکە و زیڕەی کردووە.
پەنجە مۆرەکەی ڕوداو هێشتا مامەڵەی نەخوێندەوار لەگەڵ گەلێکی ماندوودا دەکات، گەلێک ئاوا مەڕ بێت دەبێت پڕۆگرامی پەنجەمۆر بەباڵایا دەکرێت.

سوپاس بۆ هاوڕێکەم کە هانی دام ئەم ووتارە لە سەر پەنجە پۆخڵە مۆڕاوییەکەی پارتیی و پاراستن بنووسم.

کارل ماکس دەیووت: زۆربەی شتەکان دووجار ڕوودەدەن، جارێک بەتراژیدیا، جارێک بەگاڵتەجاڕیی، دوای تراژیدیا و ئاشبەتاڵەکەی مەلا مستەفا، ئەوەی ئەمڕۆش دەسەڵاتی کوردی بەسەر کوردییدا دەهێنێت لە تراژیدیا گەورەترە، هەموو رۆژێک گاڵتەشمان پێدەکەن، ئێمەش ناچارین پێبکەنین. کەناڵی رووداو و بەرنامەی پەنجەمۆریش بەرهەمی ئەو گاڵتەجاڕییەیە کە بە کورد دەکرێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە