رەهەندی نەتەوەیی لە راستی كوردا
Sunday, 10/03/2013, 12:00
سەرچاوە/ پەرتوکی كێشەی كورد و رێگاچاری نەتەوەی دیموكراتیك
دوا بەرگ لە شاکارە پینج بەرگیەکەی "عەبدوڵا ئۆجەلان کە وەك بەرگرینامەیەك ئامادەی کردووە
ئامادەکردنی/کارزان هەمەوەندی
لە چوارچێوەی كێشەی كورد هەوڵماندا راستی كورد وەك دەستەواژەیەك بخەینە روو. مەعریفەیەكی بەرفراوان لەو باریەوە پێشنەكەوتووە كە كاتێك باسی كێشەكە دەكرێت رووبەڕووبوونەوەی چ جۆرە راستییەك جێگای باس دەبێت. گرێدراو بە كێشەكەو بەر لە هەموو شتێك لە میانەی لایەنی فرە زمانیو فرەكلتوریەوە هەوڵی سەلماندنی راستی كورد دراوە. هەروەها لەبەر ئەوەی راستی كورد لەمیانەی كامپانیایەكی بەرفراوانو بەردەوامی نكۆڵیو قڕكردنی ئایدیۆلۆژیای فەرمی ئابلۆقەدرابوو، سەلماندنی بوونی كوردان بە شێوەی كێشەیەكی سەرەكیو لە پێشینە كرابوو بە رۆژەڤ. ئەمەش هەڵوێستێكی زۆر دواكەوتوانەو هەڵە بوو سەبارەت بەراستی. بێگومان هەوڵەكانی سەڵماندنی بوونێك كە هەیەو لە ئارادایە، لە گفتوگۆكردنی هەبوونو نەبوونی خۆر دەچوو. ئەمەش مانای چەنەبازیەكی بێ ماناو بە فیڕۆدانی كات بوو، كەمەندكێشكردن بوو بۆ رۆژەڤی رژێمی داگیركاریو كۆمەڵكوژ. لە بنەڕەتدا ئەو چۆن كوردانەی بە ئاسمیلاسیۆندا(تواندنەوەی كولتوری) دەرباز ببوون ئەو جۆرە گفتوگۆیەیان گەرم دەكرد. لە ژێر ناوی گفتوگۆكردنی كێشەی كورد لە راستیدا بوونو پێگەی خۆیان دەخستە ژێر گفتوگۆوە.
كاتێك دەستم بۆ ئەم كارانە برد هێندە نەبووم بە ئامرازی ئەوجۆرە گفتوگۆیانە. هەرچەندە لە قووڵاییدا هەنگاوی راست شیكاریش نەكەم، بەڵام چوكە لەو بڕوایەدابووم لە جیاتی ئەوەی بە شێوەی هەبوون ـ نەبوون كێشكە تاوتوێ بكەم راستترین رێباز ئەوەیە لەمیانەی دەستەواژەكانی رزگاریو ئازادی ئاماژەی پێبكرێت، لەو چوارچێوەیەدا هەنگاوم نا. بە بنەماگرتنی ئەو رێبازەی پێهەڵگرتن گرنگترین هۆكاری پێشكەوتنەوەی خێرامان بوو بۆ حەقیقەتە لەتو پەتەكەی گروپەكانی دیكە. كاتێك رێبازی راستمان هەڵبژارد، زوو یان درەنگ ئێمەی بەرەو خودی راستی دەبرد. بەڵام كەموكوڕیەكی ئەو رێبازە رێگای بۆ كردەوە، كرانەوەی بوو بۆ شرۆڤەی دۆگماتیكانەی راستی ورد. ئەو پێشداوەریانە بەهێزبوون كە دەشێت راستی كوردیش وەك راستی هەر نەتەوە یاخود گەلێكی دیكە تاوتوێ بكرێت. تاوتوێنەكردنی راستی وەك راستی چەندە رێبازێكی راست بێت، پێشبینی نەكردنی چۆنیەتیەكەیو بە گومانەوە تەماشانەكردنیشی بەو رادەیە رێبازێكی ناتەواو بوو.
راستی دەستەواژەی "كوردستان داگیركراوە" كە پێشكەشی یەكەمین كۆبوونەوەی گروپم كرد لە نەورۆزی 1973 بە بڕوای من لەو رۆژانە پێویست بوو وەك نهێنیەك بشاردرێتەوە. هەرچەندە دوو نوێنەرە لەپێشەكەی مەیلی ئاسمیلاسیۆنیستی بەكرێگیراوی ئەو قۆناخە كەمال بۆرقایو ممتاز كۆتان بانگەشەی بەكارهێنانی ئەو دەستەواژە بكەن، بەڵام لەو بڕوایەدام كە راست ناكەن. ئەگەر وابوایە پێویستی شاردنەوەی ئەو دەستەواژەم نەدەبینی. دواتر گفتوگۆكان دەرهەق بە كوردستان لەمیانەی دەستەواژەی "كوردستانی داگیركراو" بەڕێوەچوو. زۆرینەی چەپی تورك دەیانگوت "تەواوی توركیا كۆلۆنییە یاخود نیمچە كۆڵۆنییە" بەمجۆرەش هەوڵی تەمومژاویكردنی كێشەكەیان دەدا. كاتێك ماهیرچایان، دەنز گێزمیش، ئیبراهیم كایپاقایە مردنیشیان رەچاوكردو ئەو دەستەواژەیان هیچ نایە زمان ئیتر لای من بوونی كوردان بە شێوازی شۆڕگێڕانە سەلمێنرابوو. ئەوەی مابوویەوە كێشەی رزگاربوونی لەو ستاتۆیەوە ئازادی بوو. تیۆری كوردستانی داگیركراو سەرەتایەكی راستی ئەو رێگایەبوو.
راسیۆنالیزمو ئەزموونگەرایی وەك دوو رێبازی كۆلینەوەو توێژینەوە لە راستی كورد هاتنە مەیدانەوە. راسیۆنالیستەكان لەو بڕوایەدا بوون لەمیانەی سەلماندنی راستی كورد بە ئامانجەكانیان دەگەن. رۆشنبیرە بورژوازییە دوو دڵەكانیش باوەڕی رەهایان بەوەبوو كە لەمیانەی ئاواكردنی كۆمەڵەو دەرخستنی گۆڤارو ئاواكردنی ئەو پارتانەی دەست لە ئاوی ساردوگەرم نادەن ئەنجام بەدەست دێنن. چاوەڕوانیان دەكرد رۆژێك لە رۆژان لۆژیكی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری بە لایەی ئەواندا وەرچەرخێت. ئەوانەی لەناو هەوڵی ئەزموونگەرایی بەرتەسكیشدابوون، ئەو كەسانە بوون كە زیاتر لایەنگری تەقینەوەی هەستەكانی یاخیبوون بوون. وەك پێویستییەكی هەلومەرجی ئەو كاتە لاوانی شۆڕگێڕ ئەو دۆخەی بەخۆیەوە بینی. بێگومان كودەتای 12ی ئەیلول هەناسەی لەبەر هەردوو توێژ بڕی، لەمیانەی رادەستبوونو لەناوبردنیان هێزی حەقیقەتو ئیرادەكەیانی ئاشكرا كردبوو. لە كاتێكدا ئەوانەوانەی لەناوەرۆكدا لە سیستەم دانەبڕابوون لەرێگای تەسلیمیەتدا بەرەو پێشدەچوون، ئەوەی لە دەرەوەی سیستەم دەستبەرداری لێگەڕینەكانیان نەبوون بەدوای لێگەڕینێكی قووڵتری حەقیقەتو ئیرادەی بەهێزدا دەچوون.
بۆ یەكەمین جارە لە مێژووی راستی نەتەوەو گەلی كورد بە پێگەیشتوترین قۆناخی هۆشیاری خۆی گەیشتووە. ئەوەی لێرەدا جێگای باسە راستی چوارچێوەی مەعریفی گروپێكی نوخبە یاخود پارتی دەربازكردووە. باسی گەلێك یاخود نەتەوەیەك دەكەم كە بە هۆشیاریو مەعریفەی خۆی گەیشتووە. خودی نەتەوە وەك دەستەواژە گوزارشت لە دۆخی زهنیەتێك دەكات. سەبارەت بە كوردانیش ئەو دۆخەی زهنیەت بەدیهاتووە. بەڵام ناتوانین هەمان شت دەرهەق بە جەستەكەی بڵێین. بەگوێرەی ئەوەی ژیان تەنیا بە زهن نابێت، بەجەستەبوونیش پرۆسەیەكی گرنگە، لەو سۆنگەیەوە گوزارشت لە دۆخی حەقیقەت دەكات.
قۆناخی كلتووری نیۆلیتیكم وەك سەردەمە شكۆدارەكەی كوردەیكەمینەكان شرۆڤە كردبوو. لە سیستەمی شارستانی ناوەندی تا سەردەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری كوردە یەكەمینەكان هەنگاوێكی بەهێزی راستی قەومیان هاوێشتبوو. كۆمۆنیستەكانی ئاشنای بەڕێوەبەرایەتییە سیاسیەكانی فیدراسیۆنی قەبیلەوخێڵەكانی چاخی كۆنو ئەزموونەكانی ئیمپراتۆریەت ببوون، بە تایبەت لەمیانەی سیستەمی باوەڕی زەردەشتیەوە فۆرمی گەلبوونیان بەدەست هێنابوو. بەگوێرەی سەردەمی خۆی فۆرمە سەرەتاییەكانی كوردان پاشكۆنەبوون، هەرچەندە لەگەڵ دەركەوتنی ئیسلامی چاخی ناوین ئەو فۆرمانە تارادەیەك شێوێنرابن، بەڵام هەم لە بواری زهنیەتەوە هەم لە بواری جەستەییەوە كوردان فۆرمی قەومیان پتەوتركردووە. هەر قەبیلەو خێڵێك بەو رادەیەی موسڵمان بوو كوردیش بوو. هەروەها هەر جیابوونەوەیەكی مەزهەبیش لەگەڵ راستی چینێكی دیاردا رێكو گونجاو بوو. فۆرمی گەل یاخود قەوم یەكەم هەنگاوی جیابوونەوەی ئەتنیكو گۆڕانێتی بۆ كۆمەڵگای چینایەتی. خێڵو قەبیلەكان بوونی خۆیان دەپارێزن، بەڵام بە دۆخێك گەیشتوون بۆ لەدایكبوونی پێكهاتە چینایەتیەكان لە هەناویاندا، كراوەن. راستی ئەتنیكی لەگەڵ راستی چینایەتیدا تێكەڵەنو لەناویەكتردان. ئایینە تاكخوداییەكانیش تا رادەیەك فۆرمی ئایدیۆلۆژیو پەردەی ئەو راستییە تێكەڵە پێك دێنن. ئەگەر بە شێوەی میرنشینە سەربەخۆكان بن یاخود یەكینەیەكی گرێدراو بە سیستەمی ئیمپراتۆریەت پێكبێنن، چینی سەرووی قەبیلەكان راستی چینایەتین كە هەر یەكەیان بوونەتە ناوەندێكی دەسەڵات. خۆیان وەك خانەدانی نوخبەی دەسەڵاتدار ناودێر دەكەن.
لەچوارچێوەی دەسەڵاتدا كێشەی قەوم لە چاخی ناویندا بریتی بوو لە ئاواكردنی پاشایەتیەكی ناوەندیدا. ئەوەی لە داستانەكەی ئەحمەدی خانیدا ئاماژەی پێكراوە ئەو حەسرەتەیە. بە بەخیلیەوە تەماشای لەدایكبوونی پاشایەتی (سەڵتەنەت) ناوەندی عەرەب، عەجەمو توركەكان دەكەن. گریمان ئەوە دەكەن ئەگەر پادشایەتیەكی ناوەندی بەمشێوەی كوردانیش ئاوا بێت كەس ناتوانێت رێگەری بكات، لەو چوارچێوەیەشدا كێشەوگرفتەكانیان چارەسەر دەبێت. لە چاخی ناویندا كێشەیەكی بەمجۆرە راستی قەومی كورد جێگای باسە. دەربڕی دینامیزمێكە، كە هێزی هەڵمەتكردنی لە زیادبووندایە. پێشتر ئاماژەمان پێكردبوو كە توێژە هەژارەكانی گەل كە لە ناو خێلو قەبیلەكان جیادەبوونەوە بە كرمانج ناو دەبران. وەك چۆن لەناو عەرەبەكان بەدەوی، لای توركەكان توكمانو لە ئێران یش عەجەم جێگای باسن. كۆمەڵ یان پۆلێنی كرمانج ئەو توێژەی گەلە كە سەرەتا لە گوند، دواتریش لە شارەكان ژمارەیان زیاد دەبێتو لەمیانی فرۆشتن یان بەكرێدانی رەنجەكەیان بژێوی ژیان دابین دەكەن. چینی خوارووی مووچەدارو كرێداری جیابوونەوەی چینایەتی پێكدێنێت. بەجۆرێك لە جۆرەكان بە پرۆلیتاریابوونە. بەتایبەتیش كاتێك كەوتنە دۆخی كرێداریو كرێ نشینیەوە بەناوەكەی تر وەك زەحمەتكێشو كاركەریش ناو دەبرێن. لە هەلوومەرجەكانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریدا ئەو پرۆسەیە خێرا دەبێت. بەشێوەیەكی هاوتەریب لەگەڵ بەگەلبوون دا، لە كلتووری خێڵو قەبیلەوە وەرچەرخان بۆ كلتووری گەل روودەدات. لە هەلومەرجی ئەو كلتوورە مادیو مەعنەویەدا بە قۆناخی پێكهاتەی نەتەوەیی دەگات.
گوایە ئەوەی نەتەوەی ئافراندووە بازاڕە. بەڵام ئەمەیان تێڕوانینێكە گوزارشت لە شێوازی پێكهاتنی راستی نەتەوەی بۆرژوازی دەكات؛ یەكێك لە دەستەواژە هەڵەكانی ریال سۆسیالیزمە سەبارەت بە نەتەوە. لە هەلومەرجەكانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریدا دوو جۆرە رێبازی سەرەكی نەتەوە جێگای باسە. دەشێت پەیڕەوەكانی هەمەڕەنگ بێت. رێبازی یەكەم، لەسەر بنەمای زاڵبوون بەسەر بازاڕدا دەكەوێتە جووڵە، لەو پێناوەشدا پەرژینەكانی دەرەبەگایەتی (سیستەمی میرنشینی) لادەبات، بە ئامانجی زیادكردنی خستنەبازاڕو پشكی قازانج لە دروشمی بازاڕی نەتەوەیی دەئاڵێت. لەبەر ئەوەی میللیگەرایی بۆرژوازی لە یەكەم قۆناخی خۆیدا تارادەیەك گوزارشتی لە بەرژەوەندی هاوبەشی هەر كەسێك دەكرد، ئەو رێبازەی نەتەوەبوون وەك فاكتەرێكی بەرەوپێشبردنی كۆمەڵگا تاوتوێكراوە. چونكە رێكخستەبوونی دەسەڵاتو سەرمایە لە چوارچێوەی نەتەوەدا هەردوو توێژی بەهێزكردووە بە هەموو هێزو توانایەكەوە پشتیگیری لە دەوڵەت ـ نەتەوە كراوە. ئەمجۆرە نەتەوەگەراییە هەنگاو بەهەنگاو كۆمەكەكەی سەرەتای بۆ نەتەوەبوون لەدەستدەدات، لێی دوور دەكەوێتەوە. نەتەوەگەرایی دەبێتە ئامرازی ئایدیۆلۆژی چەوسانەوەو فشاری سەر بازاڕو كرێكاران، بازرگانو پیشەكاران. دووەمین رێبازی سەرەكی نەتەوەبوون" نەتەوەبوونی دیموكراییانەی چینە زەحمەتكێشەكانە" بەرامبەر بە هێزەكانی دەسەڵاتو سەرمایەی ناوخۆو دەرەوە. ئەمجۆرە نەتەوەبوونە هەم بە شێوەی رەوتی ئایدیۆلۆژی هەم لە بواری كرداریدا هەوڵیداوە بەكاریگەر بێت. ئەو كاریگەریە لە ژێر ئەو دیاردەدایە كە بە دیموكراسیەكانی ئەوروپا ناو دەبرێت. دەستەواژەی دیموكراتی بۆرژوازی هەڵەیە. هەروەها دیموكراسی بۆرژوازی جێگای باس نابێت، هەرچی دیموكراسییە بە سیفەتی شێوەی دەوڵەت هەرگیز جێگای باس نابێت. ئەو دۆخەی لە ئەوروپاش هاتۆتە ئاراوە، گوزارشت لەو سازشە دەكات كە تێكۆشانی مافداری چینە زەحمەتكێشەكان لەگەڵ قۆرخكاریەكانی دەسەڵاتو سەرمایە ئەنجامیان داوە.
هەروەكو تەواوی خۆرهەڵاتی ناوین پەرەسەندنە نەتەوەییەكانی دیاردەی كوردیش لەگەڵ تەشەنەكردنی هێزە هەژموونگەراییەكانی سەرمایەداری رۆژئاوا بۆ ناوچە سەرچاوەی خۆی لە دینامیزمی ناوخۆ وەرگرتووە. ئەو قۆناخەی لە كۆتاییەكانی سەدەی بیستەم خێرابووە پرۆسەكانی نەتەوەبوونی شێواندووە. نەتەوەبوونەكانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە یارمەتی هێزە هەژموونگەراكان(واتا زەلەهێزەكان) یاخود بەخۆوە گرێدانیان هەوڵی شێوە پێدانیان دراوە. پێوەری دیاریكەر بەرژەوەندیەكانی سیستەمە. وەك پێویستیەكی بەرژەوەندیەكانیان نەتەوە ئاوا دەكرێت. یاخود سەركوت، بگرە رێ بۆ لەناوچوونیان خۆش دەكەن. ماوەیەكی درێژ ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بەرخودانی بەرامبەر نەتەوە بوون كرد. لەمیانەی رێبازە دروستكراوەكانی نەتەوەگەرایی خۆی هەوڵی بەردەوامبوونی دا. عوسمانگەرایی، پان ئیسلامیزمو پان توركیزم ئەو رێبازانە بوون بەڕیزە یەك بەدوای یەكتر تاقیكرانەوە. لەگەڵ مایەپوچبوونی ئەو رێبازانەو لەدایكبوونی چەندین دەوڵەت ـ نەتەوەی تەبا لەگەڵ بەرژەوەندی هێزە هەژموونگەراكان، زەمینەیەكی گونجاو بۆ نەتەوەگەرایی ئەنادۆڵ مایەوە. ئەو پرۆسەی بەڕزگاری نیشتمانیو نەتەوەگەرایی كۆمار ناو دەبرێت تەعبیر لەو راستیە دەكات. باسی سەرگوزەشتەی ئەو مەیلەم كردبوو كەوەك كەمالیزم پێشكەش دەكرێت. لەجیاتی دووبارەكردنەوەی باسكردنی لە چوارچێوەی نەتەوەگەرایی كورد، تورك، یەهودیو عەرەب ئەزموونبەخشتر دەبێت.
نەتەوەگەرایی ئەنادۆڵ بە پێشەنگایەتی مستەفا كەماڵ وەك بزوتنەوەی رزگاری كەوتە بواری كرداریەوە. پشكی راستی لێرەدا جێگای باس بوو. لەسەرەتای یاخیبوونێكی دژی هێزە هەژموونگەراكان بە بنەما دەگرت. كوردانو یەهودیەكان رۆڵی دامەزرێنەریان لەو بزوتنەوەیەدا هەبوو. خاوەن زەویو ئەشرافە كوردەكانو سەرمایەدارو یەهودیەكان رێككەوتنیان لەگەڵ میللیگەرایی بیرۆكراتە توركەكان ئەنجامدا. كرستیانەكان لە دەرەوەی ئەو رێكەوتنە مانەوەو زیاتریش بوون بە ئامانجی پێكان. ئەو رێككەوتنەش بۆ قۆناخی دامەزراندنی جەمعیەتی ئیتحادوتەرەقی دەگەڕێتەوە؛ لەیەكەمین جەنگی جیهاندا جێبەجێدەكرێت. لە شەڕی رزگاری نیشتمانی (1919 ـ 1922)دا بەرتەسك دەكرێتەوەو دریژەی پێدەدرێت. هەرچەندە هەندێك گومانیشیان هەبێت، بەڵام زۆربەی زۆری ئەشرافو رۆشنبیرانی كورد پشتگیری لەو رێككەوتنە دەكەن. پرۆتۆكۆلی ئاماسیا، كۆنگرەكانی ئەرزرۆمو سیواسو یەكەمین پێكهاتەی ئەنجوومەنی نوێنەران ئەو رێككەوتنە پێشان دەدەن. لەمیانەی یاسای ریفۆرمی كوردان 10ی ئاداری 1922 ئەو رێككەوتنە پتەودەكرێت. لەگەڵ ئیمزاكردنی پەیماننامەی لۆزانو راگەیاندنی كۆمار قۆناخێكی نوێ دەست پێدەكات. هەوڵ دەدەن ناكۆكیەكانی موسڵ ـ كەركوك لەگەڵ ئینگلیزەكان بە پەیماننامەیەكی زۆر تراژیدی دژی كوردەكان ئەنجامگیری بكەن. هەرچەندە پەیماننامەی ئەنقەرە كە لەگەڵ فەرەنسیەكان مۆركراوە لەسەر بنەمای سازشكردن لەسەر میساقی میللی دژی كوردان (هەروەها توركمانەكانی سوریا) ئەنجامگیر بووبێت بەڵام لە ئاستی كارەسات نەبووە. بەشێكی بچووكی كوردستان بۆ فەرەنساییەكان ماوەتەوە. بەڵام بەهۆی كاریگەرییە خراپەكانی بۆ سەر راستی نەتەوەی كورد پێویستە بە بایەخەوە هەڵوەستەی لەسەر بكرێت.
دابەشكردنی كوردستان لەسەر بنەمای ئەو ئێراقەی خوازیاری دامەزراندنی بوون پێشێلكردنێكی ئاشكرای میساقی میللی بوو. ئەو گۆڕانكاریە لەناو ئەنجوومەنی نوێنەرانی توركیاو كوردان رێگای لەپێش تووڕەبوونێكی مەزن كردەوە. ئەو پەیمانەی لە 5ی حوزەیرانی 1926 لەگەڵ ئینگلیزەكان ئیمزا كراوە چەندین فاكتەر لەخۆوە دەگرێت كە تا ئێستاش بەشاراوەیی ماونەتەوە. مەرجە، كە وەك مێژووی دەستپێكردی جینۆسایدی(قڕكردنی قەومی) كوردان تاوتوێ بكرێت. وەك دەزانرێت مستەفا كەمال لەو بارەیەوە زەحمەتێكی زۆری بینیوەو نەیتوانیوە حساب بدات. هەروەها لە رێگەی ئەو پەیماننامەیەوە دینامێت خرایە ژێر رێكەوتنی مێژوویی نێوان كوردو تورك. لە بنەرەتدا سەرهەڵدانەكەی 1925 بەڕێبەرایەتی شێخ سەعید ئەنجامدرا بۆ پەردەپۆشكردنی ئەو خیانەتە مێژووییە هەم پرۆڤەكە(واتا ئاژاوەگێری یان ئاژاوەنانەوە) كراوە، هەم بە شێوەیەكی بێ ماناو نابەجێ زۆر بێ رەحمانەو بەشێوازێكی خوێناوی سەركوت كراوە. لەو چوارچێوەیەدا ساڵی 1925 تەنیا سەرەتای یاخی بوونو سەرهەڵدان نییە، بەڵكو لە راستیدا مێژووی دەستپێكردنی پیلانگێڕی، خیانەتو جینۆسایدە. دیبلۆماسی ئینگلیزو فاكتەرە یەهودیەكان رۆڵێكی دیاریكەریان لەو رەوشەدا بینیوە.ئەوە دەزانرێت چونكە لەو قۆناخەدا فەتحی ئۆقیار گوتوویەتی "دەستی خۆم بەخوێنی كوردان سوور ناكەم" لە ئەركی سەرۆك وەزیران دوورخراوەتەوەو عیسمەت ئینۆنۆ لە جێگای دانراوە. فەتحی ئۆقیار هاوڕێی منداڵی مستەفا كەمال بوو جێگای متمانەی بووە. كاتێك لە ئەزموونی فرقەی سەربەستیشدا سەركەوتووبوو دیسان لەلایەن عیسمەت ئینۆنۆوە لە ئەركەكەی دوورخرابوویەوە. ئاشكرایە لەو ساڵانە تەنیا فاكتەرو ئەندامە ئیسلامیو چەپڕەوەكان لەناونەدەبران، لەناوبردنی بنەڕەتی لەسەر نەتەوەی كورد بەڕێوە دەچوو. هەروەها مستەفا كەمالو گروپەكەشی تا بڵێی لاواز كرابوون. وەك چاوەڕوان دەكرا كۆمارێكی دیموكراتی نەهاتە ئاراوە، بەڵكو سیستەمێكی دیكتاتۆرێكی تەسفیەكار جێگای باس بوو.
بۆ دركپێكردنی راستی توركو كوردی هاوچەخو تێگەیشتنێكی راست سەبارەت بە پەیوەندی نێوانیان پێویستی بە شیكردنەوەیەكی بەرفراوانی قۆناخی پیلانگێڕی 1925 هەیە. خەیاڵی "ئەتاتورك" كە بۆچوونی فەرمی هەموو شتێكی پێیەوە گرێداوە، وەك هەژموونێك لەسەرجەم هەستو تێڕوانینەكانی زهنیەتی توركیا جێگیركراوە. بەبەراورد لەگەڵ زهنیەتی ئیسلامی بەهێز، ئەو هێمایە یاخود خەیاڵە زەقتر كراوەتەوەو زاڵ بووە. ئەو زهنیەتە كەخۆی وەك نەتەوەگەرایی تورك خستۆتە روو مسۆگەر دیاردەیەكی نوێی ئاینی یە. عەلمانیەتو نەتەوەگەرایی تورك وەك ئاینێكی پۆزەتیڤیست ئاواكراوە. نمونەیەكی نزیكی ئەمەش لە فەرەنسا ئاواكراوە(لە سێیەمین كۆماری فەرەنسای 1880) نەتەوەگەرای توركیشی وەك مۆدێلێك بۆخۆی بە بنەماگرتووە. ئەوەی لێرەدا زۆر گرنگە: تەنیا میللی گەرایی تورك جێگای خۆی لە ئاواكردنی ئەو نەتەوە عەلمانیەدا نەگرتووە، بەڵكو میللی گەرایی یەهودی زایۆنیست یش زۆر بەكاریگەرە. بگرە لە ئاواكردنی ئەو نەتەوە نوێیەدا میللیگەرایی یەهودی زایۆنی رۆڵی پێشەنگایەتی لە بابەتەكانی سیاسەتی دەرەوە، سیستەمی ئابووریو سەربازیدا دەبینێت ئەو خاڵەی تا رادەیەكی زۆر لە مێژووی توركدا شاردراوەتەوە ماهیەتی ئەو رۆڵەیە. بەر لە ئیسرائیل میللی گەرایی زایۆنیست لەژێر دەمامكی نەتەوەگەرایی تورك"توركی سپی" خۆی بونیاد ناوەوە باڵادەست كردووە. ئیسرائیلێكی بەرایی جێگای باسە.
نەتەوەگەرایی توركی سپی لەژێر رژێمی وشكی دیكتاتۆری هەردوو نەتەوەگەرایی درێژەی پێدەدرێت. لێرەدا لەناوبردنی كوردان، ئیسلامو چەپڕەوەكان لەمیانەی پیلانگێڕیەكان جێگای باسە كە لە شەڕی رزگاری نیشتمانیدا لە بواری سیاسەتەكانی ناوخۆییو دەرەكیو كلتوور لە رێككەوتندا بوون. پیلانگێڕی لە ناوەخۆشیدا بە شێوەیەكی بێ رەحمانە بەڕێوەچووە. كوردان كراون بە ئامانج، سەرهەڵدان پرۆڤەكە كراوە (كاتێك لەناوچەی دیجلە تیمێكی بچوكی جەندرمە دەنێرنە سەر شێخ سەعید پێكدادان روودەداتو دوو سەرباز دەكوژرێن)و لە ئاكامدا لەمیانەی ئەو رێگاو رێبازانەی بە كۆمەڵكوژی دەگەن كوردان لەناو سیستەم تەسفیە كراونو بەنەبوو دانراون. چوار لە جەنەرالەكانی گروپی مستەفا كەمال(ئەو گروپەی لەپێنج جەنەراڵی یاخی بوو پێك دەهات) لە رێگای تەلەزگەی هەمەجۆرەوە لە گروپی نوخبەی دەسەڵات بەدەر نراون، م. كەمال كە بەتەنیا ماوەتەوە رووبەڕووی كوردانی دەكەنەوە، بەشێكی هەمان تەلەزگەكە بۆ هەوڵەكەی تیرۆركردنی م.كەمال لە ئەزمیر هەڵگیراوە، بەمجۆرەش مستەفا كەمال رۆڵەكەی بۆ كەسایەتییەكی سیمبۆڵی بچووككراوەتەوە. هەمان تەلەزگە بۆ لەناوبردنی هێزە ئیسلامیو چەپڕەوەكانیش پەیڕەوكراوە. لێرە لە رووخساردا دوو هێزی دیاریكەر سەرۆك وەزیران عیسمەت ئینۆنۆو سوپا سالار فەوزی چەكماك ن. بەڵام ئەوەی لە پشتیانەوە بوو هێزی هەژموونگەرایی ئەو سەردەمە ئینگلیزەكانو گروپەكانی سەرمایەی ژێر بنیادەكەی بوو كە ئافرێنەر، پێكهێنەرو درێژەپێدەری راستەقینەی رژێمی نوێ بوو. سەرمایەی یەهودیش كە یەكێك لەو گروپانەی سەرمایە بوو بۆ یەهودیەكان بەدوای وڵاتێكدا دەگەڕا. بۆ ئاواكردنی وڵاتێكی یەهودی لە فەلەستین سەرەتا هەوڵی بەكارهێنانی سوڵتان عەبدولحەمید درا، چونكە وەك داوایان دەكرد رەفتاری نەكرد دژە كودەتا (پرۆڤەكاسیۆن) 9ی ئادار كرا بە بیانوو عەبدولحەمید بەلاوەنرا، كەوتنە یەكەمین جەنگی جیهانەوە، لەسەر بنەمای ئەو دەرفەتانەی هەلومەرجەكانی جەنگ رەخساندویەتی جینۆسایدی ئەرمەنیەكان ئەنجامدراوە، دەستوەردانیان لە شەڕی رزگاری نیشتمانی كردووە پێشەنگایەتی كرداریان بەدەست هێناوە، كرستیانە بەبنەچەرۆمەكان لەناوبراون، لەكاتی جەنگو دوای جەنگ شان بەشانی هاوپەیمانە چەپڕەوو ئیسلامیەكان هاوپەیمانە ستراتیژیەكە كوردانیش لەناو براونو بەمجۆرە لە ساڵی 1925 پیلانگێڕی سەركەوتووە.
بەپێچەوانەی مەزەندەكان مستەفا كەمال لە ساڵی 1925 لە لوتكەی هێزی خۆیدا نییە، بەڵكو كەسێكە كە كراوە بەهێزێكی سیمبۆڵی، بۆ پلەی خوداوەندێتی ئایینی نوێ بەرزكراوەتەوەو مەحكومی چانكایا كراوەو وەك "كۆتەڵ" ێك بۆ پەرستن دانراوە. قووڵترین پیلانگێڕی ئەوەیانە: سەرهەڵدانەكانی كوردانیان كرد بە بیانویەكو بەشێوەیەكی دژ بە ناوەرۆكی شۆڕشگێڕی شەڕی رزگاریو رێبەری راستەقینەی ئەو شەڕە یاخود یاخیبوونە(مستەفا كەمال) تامردنی وەك پرۆسەیەك درێژەی پێداو بەمجۆرە خولی یەكەم بەسەركەوتوویی تەواوبوو. لێرەدا كێشەكە گەورەكردن یاخود بچووككردنەوەی مستەفا كەمال نییە، بەڵكو جێگیركردنیەتی لەشوێنی مێژوویی خۆیو دیاریكردنی رۆڵی كەسایەتییە داماڵراوەكەیەتی لە میتۆلۆژیا.
كاتێك قۆناخی 1925 ـ 1940 هەڵدەسەنگێنین پێویستە باش بزانین كە ئینگلتەرا هێزی هەژموونگەرایی جیهانی بوو، لە شەڕی رزگاری نیشتمانیشدا تێك نەشكاوە، بەڵكو تەنیا بەرەی خۆی گۆڕیوەو ئەمەشی لە پێناو بەرژەوەندی سیستەمدا ئەنجامداوە. كۆمار دژی ئینگلتەرا ئاوا نەبوو، بەپێچەوانەوە بەیارمەتی دیاریكەری ئینگلتەرا دامەزرا. ئینگلتەرا دوو ئامانجی لەمەدا هەبوو: یەكەمیان" بەكارهێنانی توركیا وەك هاوسەنگیەكی ستراتیژی رێگای باشور بەرامبەر یەكێتی سۆڤیەت كە لەو قۆناخەدا بەدوای ئەنجامدانی شۆڕشی جیهان بوو" دووەمیان، بەرتەسك كردنەوەی دەوڵەت ـ نەتەوە نوێیەكەی تورك لە سنورێكی دیاریكراودا كە بۆی نەبێت بەهەڕەشەیەك. پەیماننامەی لۆزان ئەنجامی ئەو هەڵوێستەیە. ئەوەی تر پروپاگەندە هەرزانەكانی سەركەوتنن. كۆنترۆڵێكی توندوتۆڵی ئینگلتەرا لەسەر كۆمار جێگای باسە. ئەو كۆنترۆڵەشی لەمیانەی ئیسرائیلی بەراییەوە ئەنجام دەدات. لەدونیایەكی هەژموونگەرایی بەمجۆرەدا تەنیا رۆشنبیرە وردە بۆرژوازیە گەمژەكان دەتوانن باسی "كۆمارێكی تەواو سەربەخۆ" بكەن. لەو هەلومەرجانە نەك تەنیا لە ئەنادۆڵ، بەڵكو لە هیچ شوێنێكی دونیا سەربەخۆیی تەواو بیری لێ ناكرێتەوەو جێگای باس نییە. چونكە لەراستیدا سیستەمی شارستانی ناوەندی لەمیانەی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریەوە كارەكتەری هەژموونگەرایی خۆی گەیاندە بەرزترین ئاستەكانی كە نزیكەی پێنج هەزار ساڵە لە ئارادایە. لە هەلومەرجە تایبەتەكاندا تەنیا بە شێوەیەكی رێژەیی سەبەخۆیی جێگای باس دەبێت. مستەفا كەمالیش ئەو هەلومەرجانە (هاوسەنگی ئینگلتەرا ـ روسیا)ی هەڵسەنگاندووەو تابۆی كراوە هەوڵی پەیڕەوكردنی سیاسەتی سەربەخۆخوازی داوە.
ئەگەر ئیسرائیلی بەرایی نەبێت ناتوانین لە دامەزراندنو بەردەوامبوونی كۆماری توركیا تێبگەین. بەڵام بۆ ئافراندنو بەردەوامبوونی ئەو دوو دەوڵەت ـ نەتەوە تێكەڵبەیەكترەدا پێویستی بە /ئەویدیكە/ هەبوو. ئەوانیش كوردان بوون. بەئامانجگرتنی كوردان بەرژەوەندی ئینگلتەراشی تیدابوو. كۆمارێكی تورك ـ كورد كە موسڵ ـ كەركوكیش لەخۆوە بگرێت (وەك پێویستیەكی میساقی میللی) سەبارەت بە كۆنترۆڵكردن یان دەستبەسەرداگرتنی نەوتی ئێراق دەبوو بەزەبرێكی جددیو بەكاریگەر. دەبوایە مستەفا كەمال لەو دووریانە یەكێكیان هەڵبژێرێت. یان كۆمار یان موسڵ ـ كەركوك. هەردووكیان بەیەكەوە نەدەبوون. بەئامانجگرتنی هەردوكیان مانای رەچاوكردنی شەڕ بوو لەگەڵ هەژموونگەرایی جیهان. مستەفا كەمال هێندە واقیعی بوو كە ئەمەی رەچاو نەكرد. ئیتر لەو خاڵەدا مێژوو هەنگاو بۆ ئەو قۆناخە دەهاوێژێت كە بە تراژیدیە گەورەكەی كورد، پیلانگێڕیو جینۆساید كردنی دەگات كە تا رۆژی ئەمڕۆشمان بەردەوامە. مەبەست لە تراژیدیای كورد ئەوەیە: كۆمار بۆ ئەوەی بژیت ناچارە بۆ ئینگلتەرا دەستبەرداری موسڵ ـ كەركوك ببێت. هەرچی دەست بەردانە لە كەركوك، یەكسانە بە زەبرێكی كوشندە لە رۆحی كوردان. كۆماری توركیای ئیسرائیلی بەراییو هەژموونگەرایی ئینگلیز لە پێناو بەژەوەندییە پیرۆزەكانیان بەدوای قوربانیەكەدا گەڕاون، كوردان بوون بەو قوربانییە. ئەوەی گرنگتریشە ئەو تراژیدیا هاوچەرخەی كوردان كەلە 1925 دەستی پێكردووە بەردەوام سەختتر دەبێتو بێوچان تا رۆژی ئەمڕۆمان بەردەوامە.
لەسەردەمی سەرۆك كۆماری عیسمەت ئینۆنۆدا چیمەنتۆیەكی ئەستور بەسەر راستی كورددا رژێنراوە. دوای 1950كان ئەو راستییە بەجۆرێك بەسەر زهندا سەپێنراو زاڵ كراوە كە چیتر جێگای پرسیارو بەكێشەكردن نییە. وەك تابۆیەكی بەڕێوەبەرایەتیەكانی كۆماری تورك بەرگری لێ كراوە، كراوە بە هێڵی سووری سیاسەتەكانیان. بەرلەوەی رەهەندی نەتەوەیی راستی كورد ژیانی بەبەردابێت گەمارۆیان داوەو وشكیان كردووە. بەدابەشكردنیان بۆ چوار پارچە نەوەستاون، لەهەر بەشێكیشدا سیاسەتی هێندە مەترسیدار پەیڕەو كراون كە وەك بوونێك نەمێنێت. لەو سۆنگەیەوە هەڵسەنگاندنی راستی نەتەوەی كورد دوای 1925 وەك راستیەك كە خراوەتە ژێر پرۆسەی كۆمەڵكوژیو جینۆسایدەوە هەڵوێستێكی واقیعی دەبێت. تێزی داگیركاری لەو لایەنەوە كورت دێنێت. هەڵبەتە سەرجەم رەهەندەكانی داگیركاری جێبەجێ دەكرێت، بەڵام پەیڕەوێك جێگای باسە كە داگیركاری دەرباز دەكاتو ئامانجی سڕینەوەی بوونی كوردانە. بێگومان ناوەكەشی جینۆسایدە.
ئەگەر تاوتوێكردنی كێشەی كورد دوای 1970كان بەشێوەی كێشەی ئازادی لەلایەكەوە راستیش بێت، بەڵام لەلایەكی ترەوە كەموكۆڕێكی مەزن لەخۆوە دەگرێت. ئەویش كێشەی بوون (ئۆنتۆلۆژی)ی كوردانە. چونكە راستیەك كە بوونەكەی رووبەڕووی لەناوچوونە یەكەمین كێشەی ئازادی نییە، بەرلەهەموو شتێك پاراستنی بوونەو ئەگەر بكرێت لەگەڵ پاراستندا ئازاد بكرێت. چونكە ئەوەی بوونی نەبێت ئازادی نابێت. ئازادیش تەنیا لەرێگای بوونەوە بەدی دێت. خەسڵەتە تایبەتیەكەی راستی نەتەوەی كوردی هاوچەرخ لێرەدایە. هەروەها جیاوازتر لە كۆمەڵكوژی یەهودیو ئەرمەنیەكانی مێژووی نزیك (لەناوبردنی جەستەیی لەو كۆمەڵكوژیانە لەپێشە)، لە جینۆسایدی كوردان رەهەندی كوردی لەپێشە. گروپێكی كلتوری كە بێ ناوەرۆك كرابێتو بووبێت بە شتێكی دیكە، ئەگەر بەشێوەیەكی زهنی یاخود كلتوری ئەنجامدرابێت، مانای ئەوەیە كە دووچاری جینۆساید هاتووە. بەهۆی دابەشكردنی كوردان بۆ چوارپارچەو پەیڕەوكردنی كردەوە جیاوازەكانی لەناوبردنی لەسەر هەرپارچەیەكدا، جینۆساید بەشێوەیەكی جیاواز بەڕێوەچووە، هەر بەشێكی كوردستان لە ئاستی جیاوازدا پشكی خۆیان لە كۆمەڵكوژی وەرگرتووە. لەبەرهۆكاری كارەكتەری ئەو جینۆسایدەی لەسەری پەیڕەودەكرێت تا ئێستاش ئەو قۆناخە بەردەوامە. راستی كورد كە رووبەڕووی داگیركاری، چەوسانەوە، ئاسمیلاسیۆنو لەناوبردنی رەچەڵەك بۆتەوە، پێویستە لە چوارچێوەی پرۆسەیەكی بەمجۆرە هەڵسەنگێنرێت: راستیەكە هەوڵدەدرێت وەك ناسنامەیەكی نەتەوەیی نەمێنێتو لەناو ببرێت.
لە رۆژی ئەمڕۆماندا هەوڵدەدرێت راستی كورد بەشێوەی ناسنامەی كورد گوزارشتی لێ بكرێت. گوتەی ناسنامەی هاوتای بوونە. لەو دۆخەدا سەرەكیترین مەسەلەی پێویستە تاوتوێ بكرێت سەبارەت بە ماهیەتەكانی ناسنامەیە. راستی كورد، بەمانا هەنوكەییەكەی پێكهاتەی ناسنامەی كورد تەنیا ئەو كاتەی بەرادەی رابردووە مێژووییە درێژخایەنەكەی هەموو لایەنەكانی ئەو پەیڕەوە تایبەتانەی رۆژی ئەمڕۆمان هەڵسەنگێنرێت كە خوازیارن لە رێگایەوە بێناوەرۆكی بكەنو بەگوێرەی خۆیان بونیادی بنێن ئەو كاتە مایەی تێگەیشتن دەبێت. واتە دەبێتە خاوەن بەهای حەقیقەت. بەدواداچوونو لێگەڕینەكانی دەرهەق بە پەرەسەندنی كورد یاخود كوردە یەكەمینەكانی مێژوو چەندە گرنگ بێت، ئەوا چۆنیەتی ئەو كردەوەو رەفتارانەی راستی كورد لە رۆژی ئەمڕۆماندا رووبەڕووی بۆتەوە هێندە گرنگە. چونكە هەوڵی شیكاركردنی پەیوەندی نێوان دیرۆكو رۆژی ئەمڕۆمان داوە. دوبارەی ناكەمەوە. بەڵام پێویستە زۆر چاك ئاگادار بین كە بەبێ لێكۆڵینەوەی راستی مێژوویی هیچ دیاردەیەكی كۆمەڵایەتی لەمیانەی رێبازە ئەنالیكتیكیە هەنووكەییەكان پێناسە ناكرێت، كاتێك لە دەرەوەی راستییە مێژووییەكەی تاوتوێ بكرێت ئەوا بەشێوەیەكی هەڵەو ناتەواو درك بە راستییە كۆمەڵایەتیەكەی دەكرێت. هەربۆیەش هەر راستییەكی كۆمەڵایەتی تاوتوێی دەكەین لە چوارچێوە مێژووییەكەیدا لێی دەكۆڵینەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست