کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


ھێڵی سوورە و یاریكردنە بە ئاگر - وه‌ڵامێک بۆ گروپێك بەناوی (پێشدەستی بۆ پاراستنی زمانی كوردی)

Monday, 17/09/2012, 12:00


سابیر كەریم عەلی




لەم ڕۆژانەدا گروپێك بەناوی (پێشدەستی بۆ پاراستنی زمانی كوردی) كە لە باشووری كوردستان دروست بووە لە بەیاننامەیەكدا كە واژۆكرایە لەلایەن (471) كەسەوە ، تیایدا جەخت لەسەر بەكارھینانی ئەلف و بێی عەرەبی دەكات و بەپیرۆزییەكی نەتەوەیی دادەنێت ، وە ھۆشیاری لەم بارەیەوە دەدات كە ھەر بیركردنەوەیەك یا پلان دانان و نەخشە بۆ گۆڕینی بە ئەلف و بێی لاتینی بە ھێڵی سوور و یاریكردن بە ئاگر دادەنێت .
ئەلف و بێی لاتینی یا (ڕۆم) لە بنەڕەتدا بۆ ئەلف و بێی گریكی دەگەڕێتەوە و چەندین گۆڕانی بەسەر داھاتووە بوویتە سیستیمێكی نووسین بۆ چەندین زمانی گەلان لەم سەردەمەدا .
ئەلف و بێی لاتینی یەكەم جار كە لە نووسیندا بەكارھاتووە لە سەدەی حەفتەمی پێش زایین بووە . ئەلف و بێی لاتینی لە باكووری ئەوڕوپا بڵاوبۆوە ، جێی ئەو ئەلف و بێیەی گرتەوە كە خەڵكانێك بەزمانی ئەڵمانی قسەیان دەكرد . ھەروەھا ئەلف و بێی لاتینی بوو بە ئەلف و بێی ئەو كۆمەڵانەی بەزمانەكانی باڵتیك قسەیان دەكرد وەكو (لاتڤی ، لیتوانی) وە زۆرێك لەو زمانانەی كە لە دەرەوەی گروپی ھیندو ئەڕوپایین ، لەمانە (فنلەندی .ھەنگاری ، ئیستۆنی) . لە سەدەكانی ناوەڕاستیشدا لەلایەن سلاڤیكەكانی ڕۆژئاوا بەكارھات كە دەبنە باپیرانی ھاوچەرخی (چیكەكان ، كرواتییەكان ، سلۆڤینەكان ، سلۆڤاكەكان) . دوای ئەم كورتە باسە سەبارەت بە ئەلف و بێی لاتینی ، دێمە سەر ھەندێ بڕگەی بەیاننامەكە كە تێیدا ھاتییە : (لە بیستەكان و سییەكانی سەدەی بیستەمدا دوو ئەلفوبێ بەسەر بەشێك لە نەتەوەو زمانی كوردی سەپێنران . ئەلفوبێی لاتینی لەلایەن كەمالیستی توركیاوە بەسەر كوردی توركیادا سەپێنراو ئەلفوبێی گریلیكیش لەلایەن ڕژێمی ستالینەوە بەسەر كوردی سۆڤێتیدا .
كەمال ئەتاتورك كە باپیرانی زیاتر لە چوار سەدە فەرمانڕەوایی ئیمپڕاتۆریەتێكی زەبەلاحیان كرد لەژێر پەردەی ئیسلام و بەناوی خەلافەتی ئیسلامییەوە ، ئەتاتورك كە دەستەڵاتی گرتەدەست و خەلافەتی ھەڵوەشاندەوە ، یەكەم ھەنگاوی لە ھەگبەنان و باركردنی پیتەكانی عەرەبی بوو لە پشتی حوشتر و ناردنەوەوەی بەرەو عەرەبستان و گۆڕینی بە ئەلف و بێی لاتینی كە داھێنانی ئەو نییە و بەڵكو ئەویش وەكو خەڵكانی دی لە لاتینیەكە وەریگرتییە . بەڵام بۆ تا ئێستا نە لەناوەوەی توركیا و نە لە دەرەوەی كەسێك لە جیھانی عەرەبی و ئیسلامی ناڕەزایی دەرنەبڕییە و ئەمەی بە كوفر و لادان لە دین دانەناوە ؟ یا عەرەب گۆتەنی (یجوز للشاعر ما لا یجوز لغیرە) ، یانی ئەوەی بۆ ھۆزانڤان و ھەڵبەستوان دەلوێ و دەبی بۆ خەڵكانی دی نابی .
ئەردۆغان كە جێنشینی ئیسلامی میانڕەوە خۆی بە كۆتری ئاشتی دادەنێ و پشتگیری شۆرشی گەلانی عەرەبی دەكات ، لە ناوەوەش بەئاگر و ئاسن شەڕی گەلی كورد دەكات و سادەترین مافیان پێڕەوا نابینی . ئەتاتوركی باپیری كە ئەو سووكایەتییە و بێڕێزییەی بە پیتە پیرۆزەكانی عەرەب ئیسلام كرد و تووڕی ھەڵدان و وڵات بەدەریكردن ، كەچی ئەردۆغان دەیەوێ وەكو سەردەمی عوسمانی باپیری عەرەب و ئیسلام لە خشتەببا و كڵاویان لەسەرنێ .
ھەموومان دەزانین كە ئەتاتورك داگیركەرێكی سەرسەختی باكوری كوردستان بووە و درێغی نەكردییە لە وێرانكردن و كوشتن و قڕكردندا و ئەلف و بێی لاتینیشی سەپاند بەسەر گەلی كورد لە باكوردا . بەڵام ئایا گەلی كورد لە باشوور و ڕۆژھەڵاتی كوردستان بە بڕیار و ئارەزووی خۆی ئەلف و بێی عەرەبی ئیسلامی ھەڵبژاردوە و بەكاری دێنی ؟ یا ئەمەش بە زۆرەملی و كوتەك بەسەری فەرز نەكرایە و نەچەسپایە ؟
ھەروەھا لە بەیانناماكەدا ھاتووە : (گۆڕینی ئەلفوبێی كوردی بۆ لاتینی یا بیركردنەوە لە بەكارھێنانی دوو جۆر ئەلفوبێ لە بەشە كوردستانی ڕۆژھەڵات وباشووردا ، دەبێت وەك ھێڵی سوور ببینرێت . نابێت بە ھیج جۆرێك بخرێتە بەرباس یا نەخشەی بۆ دابنرێت . ئێمە گۆڕینێكی وەھا بە مەترسییەكی گەورە دەزانین بۆ سەر ئاسایشی زمان و نەتەوەی كورد . سەپاندنی ئەلفوبێی لاتینی یاریكردنە بە ئاگر) .
شتێكی سەیر و عاجباتییە كە ئەم گروپە ئەو مافەیان بەخۆیان داوە كە بەھیچ جۆر و شێوەیەك نابێ كەس تخوونی ئەو پرسە ببی ، یاخۆ بیری لێبكرێتەوەوە و بەرنامەی بۆ دابنرێ . پرسیار لێرە ئەوەیە كە چ لایەنێك ئێوەی دەست نیشان كردییە و ئەو دەستوورەی پێداون كە بەم ئەرك و بەرپرسیارێتییە ھەستن ؟ ئەگەر ئێوە لە ئەنجامی لێكۆڵینەوەو توێژینەوەیەكی زانستیانییەی زمانەوانیدا گەیشتوونە ئەو ئەنجامە كە گۆڕینی ئەلف و بێی عەرەبی كە لە ڕێنووسی زمانی كوردی بەكاردێ بۆ ئەلف و بێی لاتینی مەترسییەكی گەورەیە بۆ سەر ئاسایشی زمان و نەتەوەی كورد وە یاریكردنە بە ئاگر ، وا چاكە توێژینەوەكەتان بۆ گەلی كورد ئاشكرا بكەن و لە میدیاكاندا بڵاوی بكەنەوە و بە دۆكیمێنت بیسەلێنن كە ئەوەی دەیڵێن ڕاستە و مەسەلەیەكی زانستییە ، ئەو كات دەتوانن بڵێن و بڕیار بدەن كە بڤەیە و ھێڵی سوورە . ئەو گروپە و ئەوانەی واژۆیان بۆ كردوون ئەگەر ھەندە خەمخۆری ئاسایشی زمان و نەتەوەی كوردن ، با ھێڵی سوور دابنێن بۆ پرس و بابەتی گرنگی دی و بەیاننامەی بۆ دەربكەن و ھۆشداری بدەنە لایەنی بەرپرس . لەو پرسانە كە مەترسی لەسەر زمان و فەرھەنگ و نەوەكانی ئێستا و داھاتوودا ھەیە قوتابخانەكانی (فەتحوڵڵا گوڵەن) و دانیشگای عیشقی توركی لە باشووری كوردستان كە ڕۆڵەكانی كورد پەروردە دەكات بە زمان و كەلتووری تورك . گوڵەن خودی خۆی ھەر دوای كارەساتی عەرد لەرزینەكەی وان لە باكووری كوردستان ، چۆن دوعا و نزای لە كورد دەكرد و ئومێدی قڕكردنی دەكردن ، شانازی بەوە دەكرد كە چۆن كۆنترۆڵی باشووری كردییە بەڕێگای قوتابخانە و خوێندنگاكانیان و كۆمپانییەكانیان . ئەمانە بە ھێڵی سوور دابنێن كە كورد با مناڵەكانیان ڕەوانی ئەو خوێندنگایانە نەكەن .
ئەگەر ئەو گروپە خەوی لێزڕایە و شەو و ڕۆژ لە خەمی ئاسایشی نەتەوەی كوردە با بەیاننامەیەك و دەربكات و ھێڵی سوور دابنێ بۆ ناپاكی و خۆفرۆشی تاڵانكردنی كوردستان كە كەس نەتوانی ئەم ھێڵە سوورە ببەزێنی بەبێ سزا و باجدان .ئەوە بۆ دوو ساڵ زیاتر دەچی ڕژێمی ئێران و توركیا بە ھەوەسی خۆیان گوند و دێھاتەكانی كوردستان بە ھەموو چەكێك بەردوومان دەكەن ، ھاوڵاتی دەكوژرێ ، مەڕ و ماڵات تێدەچێ ، دارستان وڕەز و باخ دەسووتێ ، بۆ تا ئێستا بەیننامەیەكتان دەرنەكردییە و ھێڵێكی سوورتان دانەنا بۆ سەودا ومامەڵەكردن لەگەڵ كەل وپەل وكۆمپانییەكانیان لە باشووری كوردستان كە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە ئاسایشی خۆراك وئاسایشی نەتەوەیی ھەیە .
ھەوڵەكان و ڕاو بۆچوونی ئەو گروپە زیاتر كورد لێك دەترازێنێ مەترسی لەسەر یەكێتی نەتەوەیی زێدە دەكات ، چونكە ئەگەر نەتەوەیەك ئەلف و بێیەكی یەكگرتووی نەبوو كە زمانەكەی پێبنووسی یەك شێوەی ڕێنووسی نەبی چۆن دەتوانن لێك تێبگەن وە بەرھەمەكانی یەكدی بخوێننەوە .
مەسەلەی گۆڕێنی ئەلف و بێی عەرەبی كە ئێستا زمانی كوردی پێدەنووسرێ بە ئەلف و بێی لاتینی یا نەگۆڕینی ، ئەرك و ماف و بەرپرسیارێتی دەستەیەكی زانستی و ئەكادیمیە و پسپۆڕ لە بواری زمانی كوردی و زمانەوانیدا ، بە یاسا و لەلایەن دەسەڵاتەوە دامەزرابێت ، دوور لە مەسەلەی سیاسی ، بۆ لێكۆڵینەوە و توێژینەوەی زمانەوانی و زمانێكی یەكگرتووی ستاندارد و ئەو ئەلف و بێیەی شیاو وگونجاو ترە بۆ دەربڕینی دەنگی پیتەكانی زمان و دەرباز بوون لە گیروگرفتی ڕێنووسی زمانی كوردی .
دوا بە دوا سەیرو سەمەرە لەوە دایە كە ئەم ھەموو ڕەنگ و بیرو ڕاو بووچوونە جیاوازە لەیەكدی چۆن وا ھاوڕاو یەك ھەڵوێست سەبارەت بەم مەسەلەیە ، كە لەو باوەڕەم زۆریان ئاسمان و ڕێسمان لەیەكتر دوورن ، گەلی كورد ئەو دەستبژێرەی ھەبی لەچ پەكی ناكەوی و ئایندەی ڕۆشنە .


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە