کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


حوزنەكانی تۆ خۆیان لەمندا بەرجەستە دەكەن

Wednesday, 19/02/2014, 12:00




بۆهاوڕێم (بەختیار ئەحمەد) لاوێك لەڕەنگی ئاو


من و تۆ لەخاكێكدا دەژین پڕە لەمین
پڕە لەهەناسەی بەستوو
پڕە لەخستنەگۆڕى خەونە ئەرخەوانییەكان
تۆ كوڕى هەور و
منیش نەوەی دوای بەفر بارینم
خەونی من و تۆ
لەخەونی پاڵەوانێك دەچێ
كەهێشتا لەدایك نەبووە،
لەوانەشە هەرگیز لەدایك نەبێت،
بەس نابێت هەرگیز گوڵ تەنیا بكەین و
بیخەینە
دەستێكی سەڕابی و
قەدەرێكی لێڵەوە
دەزانم تۆ هەیت،
بەڵام من لەدوای تۆوە دێم
تاخەونەكان
لەخاكێكدا بچێنین
كەهێشتا باران تەڕی نەكردوە
كەهێشتا مینەكان
دەتەقن پێمانا
مەترسە
لەنێوان ڕەش و سپیدا
چەندان ڕەنگی جوانتر هەیە.
مەترسە دەستی گوڵ بگرە و
وەك باران تەڕ تەڕی بكە
بەئاهە سەڕابییەكانت
بەنۆتە ئەفسوناوییەكانت
خۆر بگێڕەوە بۆ بەر لەهاتنی مانگ و
لەپێدەشتی عەرعەردا
تەرمی گەرمیانییەكانم بۆ بهێنەوە
بۆ مەملەكەتێك، كەبەهای مرۆڤ بوون و
ژیان بزانێ.
هاوڕێم كەلێم دووریت،
مەملەكەتی من دەبێتە سەڕابستانێكی پەنهان
كەلێت نزیكم ئاوێتەم دەكەیت بەخەونە ئەبەدییەكان.


هاوڕێم ژیان لێرە ئاوایە
من ئێوارەكانی ژیان زۆر بەحوزنەوە بەڕێ دەكەم،
دەمەوێت تۆش
ماڵت لەدڵی كۆترێكدا چێكەی...!
لەم مەملەكەتەی مندا،
ئەوەی بەشی نەبێ من و تۆین
بڕۆ!
تۆ وەك من مەبە،
بڕۆ خۆت سەرگەردان مەكە
لێرە نووزەیەك نەماوە بۆ ژیان
بەسپی بڵێی: سپی،
خوێنت دەڕژێ
ژیان پڕە لەمین
پڕ لەگوللەی سارد
لەقسەی كاڵفام
ئێرە بەس خۆ گەوجاندنە
هاوڕێم!
دەزانی هیچ شتێ لەخۆگەوجاندن بێمانا تر نییە.
هاوڕێم ببورە
ببوورە زۆر،
كەناتوانم گریان بگۆڕم بۆ خەندەیەكی درۆینە
دڵنیام تۆش وایت
دڵنیام لەبری قاچێك
هەزار قاچ قەرز دەكەی و
ڕادەكەیت
دلنیام بەهەزاران دەست چەمۆڵە لەبێئومێدی دەنێی
دڵنیام دڵنیا
تاهاتنەوەی مەحەبەت
هەر دڵتەنگی
دەزانی
هاوڕێ
دوێنێ شەقام خوێنى ڕژا،
ئەمڕۆش دەستەكانى بڕانەوە
تانەتوانێ، هەنگاو بنێ.....!
چ دڵتەنگییەكە هاوڕێم
دڵنیام تۆش لەنیشتمان بێزار نیت
دڵنیام تۆ ژیان بەبتەكانی ئەوان ناگۆڕیتەوە،
دوێنێ چاوت دەیەشا
ئەمڕۆش دڵت.
ئای هاوڕێم
بڕۆ وەك من مەبە
شەق لەبێزاری و دڵتەنگی هەڵدە
بڕۆ ماڵك لەخەندە و
شەقامێك لەباران
دروست بكە
بڕۆ دەستی گوڵ بگرە باتەنیا نەبێت.


ڕانیە/ سەرەتای پاییزی 2013
هاوار تەیب


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە