کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئینگە و لەنگەی شۆڕشەکانی کورد و پلانگێڕیەکان لە سەدەی نۆزدە- بیستی نەتەوە دەوڵەت و شارستانیەتدا تا بە ئەمڕۆ (بەشی چوارەم)

Wednesday, 17/12/2014, 12:00


" سەرهەڵدانەوەو خەباتی بە ناوبانگی ٤٦-٤٧ ی هەتاوی"
- ڕۆژگار دێت و دەچێ و چەند کەسایەتییەکی بە جەرگ و جربزە ڕاپەڕین و خەباتێکی چەکداری، کە بە ناوبانگە بە ساڵەکانی ٤٦- ٤٧ هەتاوی، و دواتر تروسکەی مانەوە لەو بەشەی کوردستان دەگیرسێننەوە، بە نهێنی دەچنەوە ناوخۆی کوردستانی ڕۆژهەڵات و خەڵک دیسان وشیار ئەکەنەوە و پلان و بەرنامەی سیاسی بڵاو ئەکەنەوە، سەرکوت و زوڵم و زۆری پاشایەتی بۆ خەڵک ڕوونتر ئەکەنەوە و تروسکە و هیوایەک دەبەخشنەوە بە '' خۆڵە مێشی کوانوویی کۆنی کوردەواری''، و بە تەقەی لولەی تفەنگەکانیان لە چەندین شوین و دەڤەری ناوەند، ترس و تۆقان و دڵەراوکێ دەخەنەوە ناو دڵی لەشکر و دەوڵەتی شاهەنشاهی..
- بەڵام مخابن ئەویش زۆر ناخایەنێ و بە پیلان و هەڵەی سیاسی و خەیانەت و بێ ئیمکاناتی کپ دەکرێ!. لە ئەنجامدا چەندین ڕۆڵەی قارەمان دەگیرێن و دەبنە قوربانی سات و سەودای سیاسی و مامەڵەیان پێدەکرێ و لە ناو دەچن!..
-* هاوپەیمانەتی و شەراکەتی سیاسی، ڕادەو سنووری خۆی هەیە و لایەنی کوردی بە تایبەت لە کاتی ئەو هاوکێشە سیاسیانەدا دەبوا و دەبێ زۆر بە وریاییەوە هەڵس و کەوت بکا و بزانێ لە کوێ و لە چ ئاستێکدایە و تا چەندە ئەو پلان و ستراتژیە لە قانجاز و بەرژەوەندی گەلی و نیشتمانی و نەتەوەیدایە.
- کورد و هەردەم لایەنی ماف خوراو و لاواز، کاتێک لە تەک لایەن و هێزیکی گەورە و لە هەمانکات کۆنە ڕەقیب و پیلانگێر، هاوپەیمانی و شەریکایەتی ئەکات، دەبێ ستراتژیکی دووربینی هەبێت و بیریش لەوە بکاتەوە کە هۆکاری ئەو هاوپێوەندیە؛ '' بۆچییە، چۆنینە، و پێویستیەکەی چیە؛ تا کەیە؛ و نرخەکەی چەندەیە؛ و قازانج و زەرەری لە چ ئاست و پلەیەکدایە، و داهاتووی چۆن بەرجەستە ئەبێت؟...!
" شۆڕشی بارزانی و دامەزرانی پارتی دیمۆکراتی کوردستان- عێراق"
-* شایانی باسە، مەلا مستەفا بارزانی لە حکومەتی کۆماری کوردستان لە ساڵی ١٩٤٦ز. بەشدار دەبێ. ئەو کۆمارە دیمۆکراتیکە کە پاش ماوەیەکی کەم لە دامەزرانی حیزبی دیمۆکرات لە کوردستانی ئیران پێک دێت، و لە لایەن سەرۆک کۆماری کوردستان '' پێشەوا قازی موحەممەد'' و کابینەی وەزیرانی کوردەوە بەڕێوە دەچێ، لەو حکومەتەدا بارزانی پلەی جنڕاڵی وەر دەگرێت و لەو یانگزە مانگە تەمەنە کورتەی کۆماردا ئەرکی خۆی بەڕێوە دەبا. هەر لەو ساڵەدا لە ناو جەرگەی کۆمار و ناوچەی ئازاد و خۆ بەڕێوەبەری، مەستەفا بارزانی و هاوبیرانی لە بیرۆکە و هاوکاری ئەندامانی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران کەڵک وەردەگرن و حیزبێک بە ناوی '' پارتی دیمۆکراتی کوردستانی- عێراق'' دادەمەزرێنن، بەرنامەو پرۆگرامی بۆ دادەنێن، و لە کوردستانی خواروو خەباتی بۆ دەکەن...
هەر پاش ڕووخانی کۆمار کوردستان لە مهاباد، بارزانی و هەڤاڵانی و بنەماڵەکانیان جێگایان لێژ دەبێ و لە ئێران و عێراق جێیان نابێتە؛ لە لایەن ڕژیمەکانی ئەوکاتی هەردوو وڵاتەوە هەڕەشەیان لە سەر دەبێ و بە ناچاری ملی ئاوارەیی دەگرنە بەر و بەرەو سۆڤیەت بەڕێ دەکەون... لەشکری پاشایەتی لە ئێران کۆسپ ئەخاتە ڕێگایان و نایانەوێ دەربازبن؛، بەڵام ئەوانیش بەو پەڕی تواناوە بە هەموو هێزی بەردەستیان و چەکی سەر شانیان پارێزگاری لە خۆیان و ماڵ و مناڵیان ئەکەن، و بە خەبات و بەرگریەکی قارەمانانە، دژ بە سوپای ئێران، دەجەنگن...
- * ئەو گیانفیدایی و بەربەرەکانییە لە مێژوویی دۆست و دوژمندا تۆمار کراوە و کەس ناتوانێت حاشایان لێ بکات... - بە هەرحاڵ بە قوربانی دانێکی زۆری گیانی و ماڵیەوە، لە چەند قۆناخی سەخت و تاقەتبڕ، بەرەو سنوورەکانی سۆڤیەتی ئەو کات بەڕێ دەکەون، و ڕزگاریان دەبێ و دەچنە ڕووسیە. لەوێ دەمێننەوە و خەباتی خۆیان لە دەرەوە و ناوەوە بە نهێنی و ئاشکرا درێژە پێدەدەن تا کاتی شۆڕشی عێراق و هاتنە سەرکاری'' عبدولکریم قاسم''،... ساڵی ١٩٥٨ز. بە ڕەسمی بارزانیەکان لە سۆڤیەتەوە دەگەڕینەوە عێراق و لە گەڵ قاسم دەیانەوێ بگەنە ئەنجام، بەڵام پیلان و دوژمنکاری و کەم ئەزموونی کورد لە سیاسەت تەم و مژاوییەک دروست ئەکرێت و لێناگەڕێن کارەکان وەک پێویست بچنە پێش، بۆیە ئەو ئاشتەواییە زۆر ناخایەنێت، و دیسان خەباتی چەکداری دەستپێدەکاتەوە... پاش ماوەیەک عبدولکریم قاسم بە پیلانێک و لە لایەن ڕیکخراوی بەعس و سەدامەوە تەقەی لێدەکرێ و دەکوژرێ و ئالۆزیەکان زیاتر ئەبن... ئیتر.. و دواتر ، دواتر.. و لە کۆتاییدا چەند جارێک وتو ویژ و شەڕ لە گەڵ سەدام و دژی سەدام و ڕژیمی بەعس.... ئەنجامەکەی کە دواتر زیاتر باسی لێوەدەکەم، دەگاتەوە ئاشبەتاڵ و کورد بۆ ماوەیەک لە خەبات و شۆڕش نائومید ئەبێتەوە!!..
- * بە کورتی؛ شۆڕشە مەزنەکەی '' مەلا مستەفا بارزانی'' ساڵانێک بوو بە دژی دیکتاتۆری لە عێراق بۆ وەدەسهێنانی مافی کورد لەو بەشە دەستی پێکرد بوو. لێرەش ناچمە سەر وردەکاریەکانی خاڵە بەهێز و لاوازەکانی ئەو شۆڕشە قۆناخەکانی خەباتی بارزانی، چونکی باسێکی زۆر زیاتر هەڵدەگرێت، و لێرەدا ناگونجێ. تەنیا پێم باشە هەر ئەوەندە بڵێم: سەرەڕای کەم و کۆڕیەکان لە دەورانی خەبات و ساڵانی دەسەڵات جوڵانەوەکانی بارزانی نەمر، هەر بە بنەماڵە لە باوک و مامی بگرە تا کەسانی نزیکی، هەستی کوردایەتییان تێدا زۆرتر بووە، جوڵانەوە و خەباتیان کردووە و هەر جارە لە شوینێک و بە دژی دەسەڵاتێکی سەرەڕۆ چوونەتە مەیدان و شۆڕشیان هەڵگیرساندووە... مێژوو بۆمان باس دەکات، و بەشێکی بە چاوی خۆمان دیتوومانە کە شۆڕشەکەی مستەفا بارزانی چەندە لە کاتی خۆیدا هەستی کوردایەتی بزواند و زۆر لایەنی دەرەکی و ناوەکی لە مەسەلە و مافی کوردان ئاشنا کرد. لە لایەکیترەوە بە دەیان تێکۆشەرانی لە بەشەکانیتری کوردستان لە شۆڕشەکانی ٦٠ و ٧٠ ز. خەباتیان کرد و بوون بە پێشەنگ، و شۆڕش پەرەی سەند و گەرم و گوڕ بوو تا ساڵی ١٩٧٥ز.
- هەروەها دیسان ئەوەش بەو واتایە نیە کە ئیتر خەباتێکی بێ کەم و کۆڕی بووبێ؛! ئەویش هەر وەک شۆڕشەکانیتر، لە لاوازی فەرهەنگی و نەخوێندەواری، دووبەرەکی و دەستەوتاقم، بەرزی و نزمی لە پلەو پایەدا و ناوچەخوازی، نەدانی پۆستی شیاو بە کەسی شیاو، تاکڕەوی و بڕیاری فەردی، و هتد... بەشێک بوون لەو کەم و کۆڕییانەی کە بوونە هۆکاری نسکۆی شۆڕش و و چوونە ژێر پرسیار و کەم و کۆڕی لە سیاسەتی ناوەکی دەرەکی و پێوەندیە نێو دەوڵەتیەکان، کە دواتر باسیان لێوە دەکەین.. !.
درێژەی هەیە...

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە