کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


بە کێ دەڵێن پێشمەرگە ؟

Wednesday, 18/12/2013, 12:00






مەرج نییە کە هەموو داب ونەریتێکی کۆمەڵگای کوردەواری باش وئەرێنی بێ .کوردیش وێنەی زۆربەی گەلانی دیکەی سەرزەوی خاوەنی ژێرخان وسەرخانی کولتوری خۆیەتی . سەرزەویەک بەوە دەوڵەمەند نابێ کە خاوەنی نەوتو سامانی سروشتی و بەرو بومی دیکە بێ . زۆر وڵات هەن کە دیاردەی سەروەتو سامانی سروشتیان بە بارتەقای چەند وڵاتی ئورووپی ویانژی ئەفریقی دەبێ کە چی خەڵکەکەی لەو پەڕی هەژاری وبێ دەرەتانیدا دەژی !
سامانە سروشتیەکان بە دوو رێکار دەبنە هۆی پێش کەوتنی کۆمەڵگا، رێکاری یەکەم ، دەسەڵات و شێوەی بەڕێوەبردنی دامودەزگای دەسەڵاتەلە رێگای یاساو زیندوو ڕاگرتنی چاندو هونەری ئەو وڵاتە . رێکاری دووهەم ، لەبەر چاو گرتنی دوارۆژ بۆ بوژاندنەوەی ئابوری وسیاسەت لەمەڕ وەگەڕ خستنی چەرخی ژیان ئەو دوو رێکارە بەشێکی سەرەکین لە حاند رێبازە سەرەکیەکانی دیکە کە دەبنە ئەندام و پێناسە لە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی وئاستی بەرز راگرتنی جوغڕافیاو پەروەردە بۆ دانیشتوانی ئەو خاکە .
مێژووی سەدەی رابوردووی نەتەوەی کورد ئەو دەرسەی داوەتە من : ئەوەی کە دوژمن بە سەری هێناوین لە ئاست خەرمان خەرمان ئەو نەهامەتیانەی کە وەسەری خۆمان و بەدەستی قەستی خۆمان بەر سەرمانهاتووە زیاترە ئەو رێڕەوەش بۆتە هۆی ئاڵۆزی کۆمەڵگاو شێواندنی کەسایەتی تاکی کورد کە بە جورئەت دەتوانم بێژم ، لەسەرکردەی حیزب ڕا بگرە هەتا ریزی خوارووی دەسەڵات ،، لە مامۆستای زانکۆ ،، لە خوێندکار ،،لەبازاڕی و........ژن وپیاو بێ سەوادو باسەواد هەر کام بە شێوەیەک گرفتاری نەخۆشی دەرونین !؟ کە زۆر جار لەو دەردە بێ ئاگاین یان بەشێوەیەک خۆی لێدەدزینەوە .
لە پەیوەندی لە گەڵ ئەو کورتە باسەدا پێم خۆشە ئاماژە بە دوو بابەتی تایبەت بکەم .(ئەگەر بۆم بە گوناح نەنوسرێ لەسەری ڕجم نەکرێم) . لە کاتی خۆیدا کە گەنج وساویلکە بوم ، لە پڕ خەبەرمان بۆ هات کە دوکتور قاسملو (شە‌هید قاسملو) حیزبی دێمۆکڕاتی کردۆتە ئەندام لە،، ئەنتڕ ناسیونالیست ،، (فشە ئەنتڕ ناسیونالیست !) لە خۆ شیان خەریک بوو لە پێستی خۆمدا جێگام نەدەبووە ودەمگوت ئەو جار خودموختاریەکەمان لە گیرفاندایە خودای راستان گەردوون گەڕاو زەمان بەسەرچوو ، ئەوە سێ دەیە ئەو حیزبە لە کۆی سەنجەق لە باشور سەوزەڵەمان بۆ دەچڕن و رێکخراوەی ئەنتڕ ناسیو نالیستیش ، تاقە گوێزێکیشی بۆ نەشکاندوین !؟ و لەداهاتوشدا هیچی بۆ کورد لە هەمبانەی دا نییە . لەوەش بترازێ لەسەر گیرفانی بەتاڵی ئەو سازمانەش مام جەلال کرایە جێگری دووهەم وهەناسەیەکی چوکی ئابوری لەسەردەستی سەرککۆماری ئێڕاق هاتە گیرفانی .تا ئەڕۆ مامەش چارەنوسی روون نییەوە بنە ماڵەو دەوروبەری لیی ناگەڕێن بچێتە ئیستامبوڵ و ژیاننامەی خۆی تۆمار کا .
بابەتی دوو : لەو حەوتویەدا رۆژی سێشەممە (دوینێ) ٢٦ی سەرماوەز بوو کە وەک رۆژی پێشمەرگە بۆتە دابو نەریتی حیزبی و رێز لێ نان لە پێشمەرگەو ئەرکی پێشمەرگە . ئەو حیزبانەی کە لەئاستی هەرە بەرزدا پێشمەرگەیان راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بۆ بەرژەوەندی دەسەڵاتی خۆیان چوک کردەوە بەکاریان هێنا دەبێ جوابی ئەو هەمووە بێ هەڵوێستییەی خۆیان بەرانبەر بە کوردو بەرابەر بە خوێنی رۆڵەی کورد بدەنەوە . لەسەر قەبارەی قسەی زل وبێ بنەما ناکرێ رێز لە پێشمەرگە بگیرێ . لەسەر لاپەڕەی سایتەکان ئەو رۆژانە بۆ پێشمەرگە شین ورۆڕۆیە و هەر کەس بە شێوەیەک بازەرگانی بە رۆڵەی هەژاری کورد دەکا .
دەڵێن لەدەشتی کەربەلا ئیمام حوسێن مەزلومانە تێدا چوو ؟ لە مێژووی ئایینی شیعەکاندا هەموو چارێ لەو رۆژەدا قوڕپێوانە . لە مێژووی بەشێک لە وڵاتی ئێمەشدا ئەو رۆژە بۆتە پێدا هەڵکوتنی بە درۆ بە کەسایەتی پێشمەرگە . لە راستیدا دوژمن ناتوانێ پێشمەرگە بە چۆک دابێنێ بەڵام ئەگەر لە حیزبە کەمپ نشینەکانی کۆی و زڕەگوێز بپرسی ئەوان دەتوانن پێمان بڵێن . چۆن بەدەستی خۆمان پێشمەرگەمان بە چۆک داهێنا ؟ بەڵگەشم بۆ ئەو قسەیەی خۆم لەتو پەت بونی حیزبەکانی رۆژهەڵاتەو دەسەڵاتی باشور کە چۆن لەسەر ناوی پێشمەرگە منداڵی ئەنفال پێش لەوەی کە لەدایک ببێ لەبەر دەرگای خۆیان گەرمیانی لێ دەکەن باهۆزو تۆفان .
هەموو ئاگادارین کە ماوەیەکی دوورو درێژە برایانی / کوردپوور، / (دوو رۆژنامەوانی بە غیرەتی شاری بۆکان لە رۆژهەڵات) زیندا ن نەماوە پێیان نەکەن ،، ئازار نەماوە لەسە ریان تاقی نەکەنەوە ،،شکەنجە نەماوە لەسەریان بەڕێوە نەبن ،،هێشتا کۆڵ نادەن وقسەی دڵی نەتەوەکەیان بە هەموو دونیا رادەگەیەنن .لێتان دەپرسم ؟ ئەوانە پێشمەرگەن یان خۆش نشینەکانی هە ندەران کە جێگایان تەختەپەین کردووە ولە رۆژی پێشمەرگەدا هەڵبەز دابەزیانە . کوردپوورەکان ئەسیری دەستی کۆمارێکی دڕەندەن لە ئێران و دەسەڵاتێکی بیانی وبێ ئامان . کاوە گەرمیانی ئەو پێشمەرگەیە بوو کە دەسە ڵاتی کوردی کوشتیان . با دۆو دۆشاو پێکەوە تێکەڵ نەکین و راستیەکان وەک خۆی هەڵسەنگێنین . کێشەی کوردوستان بە سۆز و هەستو قوڕ پێوان چارەسەر ناکرێ ، زانستی گەرەکەو مرۆوی فیداکاروهوشیار .

جەعفەر کەریمی / ١٨/ ١٢/ ٢٠١٣


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە