کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، کە بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


بەیاننامەی ژمارە٢

Sunday, 12/02/2012, 12:00


بەیاننامەی ژمارە٢
هەڤاڵانی هێژا ... کادران وئەندامانی ئازاد لەدوای بەیاننامەی یەکەممان کەماوەی زیاتر لەمانگێکە چاوەروانی ئەوەبوین مەڵبەندی کەرکوک وتەکەتولە زاڵەکەی ل.مەڵبەند هەڵوێستەکانیان نەرمتر بکەنەوە بەرامبەر بەکادرانی بێلایەن ودەروەی تەکەتولەکەی خۆیان، کەچی ئەوان لەجاران خراپتر وتوندتر کەوتونەتە گیانی هەڤاڵان وبەچاوسورکردنەوەو هەرەشە لێکردن وتۆقاندن دەیانەوێ دەنگە نارازییەکان کپ بکەنەوەو کار گەیشتۆتە ئەوەی هەرکەس پەیجی هەبێت لەفەیسبووک بنێرن بەدوایداو چاوی لێسور بکەنەوەو هەرەشەی لێبکەن بۆئەوەی دەنگی ئێمە کپ بکرێت کەس نەوێرێت بێتە نزیکمان وکەس نەوێرێت سەردانی گروپەکەمان بکات ورای خۆی بەئازادی دەرببرێت، ئێمە چاوەروانی ئەوەمان دەکرد کەمەڵبەند پیاچونەوە بەهەڵوێستەکانیدا بکاتەوەو پیادەی براگەورەیی بکات بۆرازی کردنی خەڵکی نارازی لەمەڵبەندو لێپرسراوەکەی کەچی سەد دەرسەد پێچەوانەی چاوەروانیەکانی ئێمە ئەوان کەوتنە گێانی هەڤاڵان وهەرەشە کردن لەهەرکەس بزانن رەخنەدەگرێت کەئەمەش کلتورێکە بۆکەس ناچێتەسەر وبرواناکەین سەرکردایەتی ومەکتەبی سیاسی تاسەر لەو جۆرە رەفتارانە بێدەنگ بن ودرەنگ یان زوو هەڵوێستی خۆیان لەسەر ئەو کردارانە دەردەبڕن.
ئێمە لەوبروایەدا بوین کەیەکێتی لەدوای دەرباز بوونی لەو قەیرانەی کەجیابونەوەی گۆران لەیەکێتی دروستیکرد، سەرکردایەتی رێگە بەکەس نەدات دەنگی رەخنەو نارەزایی لەریزەکانی یەکێتیدا کپ بکات کەچی بێدەنگی لەمەڵبەندی کەرکوک پێچەوانەی ئەوەی دەرخست وهەڵویستی لیپرسراوی مەڵبەند لەبەرامبەر هەرکەس نەچێتە ژێر رکێفی تەکەتولەکەی ئەوەمان بۆ دردەخات کەهیچ عیبرەتێک لەو دەرسە وەرنەگیراوە یان سەرکردایەتی بەئەنقەست رێگە بەلێپرسراوی مەڵبەند دەدەن کەئەم جۆرە رەفتارانە ئەنجام بدات وزیان بەپێگەی یەکێتی بگەیەنێت لەکەرکوک.
هەڤاڵان ....ئێمە لەبەیانی پێشوماندا تەنها باسی دژایەتی تەکەتول وبەدەنگەوە نەچونیمان کردبوو لێپرسراوی مەڵبەند وتەکەتولەکەی تەنگەتاوبوون وکەوتنە هەرەشەکردن لەخەڵک، کەچی بەشێکی زۆری کادران بەنهێنی پەیوەندییان پێوەکردین دەنگی خۆیان خستەپاڵ دەنگی ئێمە دەستیان کرد بەبەرنامەی هوشیاری دژ بەتەکەتوول ودەستەگەری وناعەدالەتی لەناو کادرو رێکخستەکاندا ودوای بیرورا گۆرینەوە لەگەڵ هەڤاڵاندا بریارماندا ئەم بەیاننامەیە بۆ رای گشتی وهەڤاڵانمان دەربکەین بۆپێش چاوروونی هەڤاڵان بۆهەڵبژاردنەکانی ئایندەی پارێزگای کەرکوک ورای ئێمە لەو بارەیەوە:
هەڤاڵان .... لەبەر ئەوەی ئێمە بۆمان دەرکەوتوە کە دانانی کاندیداکانی یەکێتی لەلایەن تەکەتولەوەو بۆ بەرژەوەندی تەکەتول زیانی گەورەی بەپێگەی یەکێتی گەیاندوە لەم شارەداو وردەوردە بۆتەهۆی ئەوەی خەڵک لەیەکێتی دور بکەوێتەوەو رێژەی دەنگەکانمان کەم ببێتەوە وباشترین بەڵگەش بۆئەم بۆچونەمان دواهەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە کەئەگەر چەند کاندیدایەک نەبوایە کاندیداکانی تەکەتوول دەستی یەکێتییان لەبنی هەمانەکەوە دەرکردبوو، کەچی دەنگەکان بەفرتوفێڵ هەربەقازانجی کاندیدێک شکێنرایەوە کەتائێستا وشەیەکی بەقازانجی کوردو کەرکوک لێنەبیستراوە.
بۆیە ئێمە پێمان وایە کەدەبێ پرسورا بەتەواوی کادران بکرێت بۆ دانانی کاندیداکان بۆ هەڵبژاردنەکانی ئایندە وبەدەنگی هەڤاڵان نەک بەچاوبەستەکێ ولەپشتی پەردەوە ئەو کارانە ئەنجام بدرێت کاندیدێک بۆیەکێتی دابنرێت کەزیاتر لەیەکێتی وکەرکوک بۆبەرژەوەندی تەکەتول کاربکات، بۆیە ئێمە رامان وایە کەئەگەر مەڵبەند ئامادە نەبوو کاربەرای هەڤاڵان بکات کارەکانی بەبیروراگۆرینەوە ئەنجام نەدا ئەوەئێمە وەک گروپی رێکخستنە ئازادەکانی کەرکوک هەوڵ ئەدەین خەڵکی شایستەو بەتوانا وەک کەسی بێلایەن خۆیان کاندید بکەن وئێمەش هەوڵی جدییان بۆ ئەدەین تابیانکەین بەنوێنەری شاری کەرکوک وچیتر رێگە نادەین کەدەنگەکانی یەکێتی بۆدۆزینەنەوەی کاروپۆست وپلەو پایەی تەکەتولچییەکان بەکار بهێنرێت بەمەبەستی خۆ دەوڵەمەندکردن،لەبەر ئەوەی ئێمە هەستمان کردووە کەکاڵبونەوەیەک لەکاری رێکخراوەیدا لەرێکخستنەکانی یەکێتیدا دروست بووە کەدیمانەی خێرنین بۆباری رێکخراوەییمان ودەسەڵاتداران وتەکەتولەکەیان لێی بەرپرسیارن بەپلەی یەکەم، کەدەسەڵاتێکی پۆڵایینیان بەسەر ئەندامان وکادراندا سەپاندووە وبەوهۆیەشەوە درزێک دروست بووە لەریزەکانماندا کەپاشە رۆژ بەقازانجی هێزە ئیسلامیەکان وئسولیەکان دەشکێتەوە، هەربۆ نمونە رۆژی ٥/٢ کەرۆژی لەدایک بوونی پێغەمبەری ئیسلام موحەمەد بوو (د.خ)لێبێت وهەرکەسێک شاری کەرکوکی بینیبێت هەستی بەهەژموونی هێزە ئیسلامیەکان کردووە بەتایبەتی بەکەژاوەی ئۆتۆمبێلەکانیانەوە دیاربوو کەهەموو گەرەکەکانی گرتبۆوەو سەرتاسەری بازارەکانیش بەریکلامەکانیان داپۆشرابوو.
وەک چۆن فازڵ میرانی لەروونکردنەوەیەکدا سەبارەت بەروداوەکانی بادینان ووتی لە٦٠%ی بادینان پارتییە ئێمەش دەڵێین کەرکوک لەو رێژەیەش زیاتر یەکێتی بوو بەڵام تەکەتوول خەریکە بەشێکی بەرچاوی جەماوەرو ئەندامان وکادران لەدەستی یەکێتی دەردەکات.

 
گروپی رێکخستنە ئازادەکانی کەرکوک
10\2\2012

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە